رژێمی سودان روو لە رووخانە و راپەڕینیش لەبەردەم چەندین سيناریۆ و ئەگەردایە
October 10, 2013
راپۆرتەکان
دەریای رق و تووڕەیی سەرتاپای سودانی گرتۆتەوە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان رژاونەتە سەر شەقامەكان و سنگیان داوەتە بەر گولەی رژێم و لە ئاكامدا خوێنێكی زۆری خۆپیشاندەران رژا و شەقام و كوچەو گۆڕەپانەكانی پێ سووركرا ، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێك دژی رژێمی عومەر بەشیر كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ گوێ بەم شۆڕشە نادات و مەترسیی ئەم هەڵوێستە لەبەر چاو ناگرێت،تا گەیشتە ئەو رادەیەی بە زەبری گولەو توندوتیژی رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببێتەوە،دیارە ژمارەی ئەوانەی تا نووسینی ئەم بابەتە كوژراون گەیشتۆتە 210 كەس بەپێی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكانی خەرتووم،كە رەنگە لەوەش زیاتر بێت، ئەمە وێرای سەدان بریندارو بەندكراو.
نووسەرو رۆژنامەنووس خاتوو رەباح سدیق لەم بارەیەوە دەڵێت:گەورەترین فاكتەر كە هانی سودانییەكانی دا خۆپیشاندان سازبكەن بریتییە لە هەستكردن بە پێشێل كردنی كەڕامەت و ئاخاوتنە وروژێنەرو بێ سەروبەرەكەی سەرۆكی سودان كە گوتبووی: گەلی سودان لە سایەی فەرمانڕەوایی مندا فێری خواردنی پیتزاو سەندەویچ بوونە!! ئەو نووسەرە زیاتر دەڵێت:بەشیرو سەركردایەتیی حزبەكەی گوێ بە مەینەتییەكانی خەڵك نادەن و بەڵگەش بۆ ئەمە بە هانانەچوونی سەدان كەس بوو كەلە ئەنجامی لافاو و بە كارەبا لێدان گیانیان لەدەست دا و هیچ یارمەتی و هاوكارییەكیان بۆ رزگاركردنیان لە مردن پێشكەش نەكردن.
دیارە رژێمی سودان كە چارەكە سەدەیەكە بە ئاگرو ئاسن حوكمی ئەو وڵاتە دەكات لەژێر دروشمی ئیسلام، سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە ناڕازییەی میللەت،ئەویش بە سەركوتكردنی ئەمنی و دەمكوتكردنی میدیاكان،بەڵام دەبینین رۆژنامەنووسێكی گەنجی وەك بەهرام عەبدولمنعم توانی ئەو بەربەستە بێدەنگییە بشكێنێ و رووی لە وەزیری راگەیاندنی رژێم كردو لێی پرسی:بۆچی ئەوەندە پێداگریی دەكەن لەسەر درۆكردن لە كاتێكدا قەناسهاوێژانی حزبەكەی بەشیر(كۆنگرەی نیشتمانی)خۆپیشاندەرانیان كوشتووە،بۆچی دەبێ لەسەر لاشەی ئەم خەڵكە درێژە بە حوكمڕانیتان بدەن،بەڵام دوای تەواوبوونی قسەكانی، بەهرام دەستگیركراو دواتر ئازاد كرا، لە هەمان كاتیشدا چاودێرییەكی توند خرایە سەر رۆژنامەو میدیاكانی سودان،كە ئەمە كاریگەریی زۆری هەبوو و لە ئەنجامدا هەندێ لە رۆژنامەكان داخران و خودی رژێمیش نووسینگەی ئەلعەرەبیەو سكای نیوزی داخست و هێڵی ئەنتەرنێتی پچڕاند و بەردەوامیش راوەدووی میدیاكارانی دەنا و رێگەی پێ دەگرتن.
هەست و تووڕەیی سنووری ترس و كۆنترۆڵی بەزاند كە دەزگاكانی رژێم سەپاندبووی كاتێ لە ساڵی 1989 جڵەوی دەسەڵاتیان كەوتە دەست و كودەتایەكی سەربازیان بەسەر دیموكراتییەتدا بەرپاكرد،لەو كاتەوە تاكو ئێستاش رژێم بەردەوامە لە راوەدوونانی نیشتمانپەروەر و چالاكوانان لە رێگەی دەزگا داپلۆسێنەرەكانی هەواڵگری و مێلیشا ئەمنییەكانی خۆی،چەندین دەزگای دیكەیشی دروستكرد بۆ تەنگ هەڵچنین بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەكانی لاوان و زانكۆو سەندیكاو بزووتنەوە چەكدارییەكان،لەمەشدا رژێم سامان و پارەیەكی زۆری لە بوودجەی وڵات لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكان و شەڕو كوشتارەكانی لەگەڵ هاووڵاتیان لە سەرتاپای سودان و لە باشووریش بەهەدەر دا. لە دوا وتاریشیدا، عومەر بەشیری سەرۆكی سودان رووی لە سودانییەكان كرد و پێی گوتن:جیابوونەوەی باشوور كاریگەریی بۆ سەر رەوشی ئابووریی وڵات هەبوو،ئەمەش پێچەوانەی وتارەكانی پێشووی بوو، كاتێ دەیگوت باشوور بارگرانییە بەسەر وڵاتەوە و ئەگەر جیابێتەوە ئەوا ئێوە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین! بەڵام سێ چارەگی بەرهەمهێنانی پترۆلی لەگەڵ خۆیدا برد.
لە ئێستادا راپەڕینەكەی سودان رووبەڕووی چەندین سیناریۆ و ئەگەر دەبێتەوە دوای ئەوەی رژێمی بەشیر نەیتوانی بگاتە سازانێكی ناوخۆ لە وڵاتدا،ئەگەری یەكەم بریتییە لە دەستگرتن بەسەر راپەڕین و كپكردنەوەی، كە ئەمەش ئومێدێكی تەواوی رژێمی بەشیرە لە رێگەی هێزو مێلیشیاكانییەوە و بە نانەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە دڵ و دەروونی هاووڵاتیانی سڤیل و بێ دەسەڵات بەمەش لە هەوڵی نانەوەی شەڕ و دووبەرەكی و ئاژاوەدایە،دیارە لەمەشدا مەبەستی ئەوەیە كە سیاسەتی بێدەنگی بەسەر رووداوەكانی سوداندا بپۆشێت و نەهێڵێت هەواڵی راپەڕین و ستەمەكانی خۆی بەدەرەوە بگات،بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نابێت چونكە خۆپیشاندانەكان بە هەستێكی پاك و ئامانجدار رێك دەخرێن و میللەت پشتگیریی لێ دەكات،ئەمە وێرای پشتیوانیی بەردەوامی حزبە سودانییەكان بۆ خۆپیشاندەران و خودی هاووڵاتیانی سودانیش چی دیكە بڕوایان بە براكوژی و دووبەرەكی لەسەر بنەمای ئیتنی و عەشیرەتگەریی و ناوچەگەری نەماوە و سوورن لەسەر ئەوەی كە خوێنی خۆیان بە دەستی خۆیان نەڕژێنن و لە ئەنجامیشدا رژێم لێی سوودمەند بێت،هاوكات شۆڕش گەیشتۆتە چین و توێژە بەرزەكان لە كۆمەڵگەی سودانیدا، بەڵگەش بۆ ئەوە كاتێ پزیشكێكی گەورە كە كوڕی بنەماڵەیەكی خانەدان و دەستڕۆیشتوو بوو كوژرا لە كاتی ناشتنی تەرمەكەیدا هاووڵاتیان پڕ بەدەم هوتافیان بە ڕووخانی رژێم دەكێشا،لە هەمووی گرنگتر بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی تەنانەت لە نێو خودی سەركردایەتییە ئیسلامییەكانیشە كە لە یاداشتێكدا داوایان لە سەرۆكی رژێم دەكرد لە بڕیارە ئابوورییە چەوتەكانی پاشگەز ببێتێەوەو واز لە سەركوتكردنی ئەمنی بهێنێت و پەنا بۆ سازانی نیشتمانی بەرێت.
ئەگەری دووەم ئەوەیە كە راپەڕینە میللییەكە سەركەوێت و ببێتە شۆڕشێكی سەرتاسەری كە بتوانێت رەگ و ریشەی رژێم لە بنەچەدا هەڵكێشێت،بەڵام ئەم كارە پێویستی بە كاتە،رەنگە رژێم زیاتر هێز بۆ دامركاندنەوەی ئەو شۆڕشە بخاتەگەڕ، ئەگەری سێیەم ئەوەیە كە هەر چوار بزووتنەوە سەربازییەكە كە بەیەكەوە(بەرەی شۆڕشگێڕیی) یان پێكهێناوە بێنە پاڵ راپەڕینە میللییەكەوەو هاووڵاتیان لە ستەم و راوەدوونانی رژێم بپارێزن،بەڵام رەنگە ئەمە سەخت بێت و بگاتە رادەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و دواتر دەستێوەردانی دەرەكی و سیناریۆیەكی وەك ئەوەی سوریا،كە ئەو كاتە رژێم و مێلیشیاكان بە ئاسانی دەستبەرداری حوكم نەبن،ئەگەری چوارەم ئەوەیە كە گۆڕانكاریی لە نێو رژێمدا بێتەئاراوە یان لەلایەن هێزە ئیسلامییەكان لە دەرەوەی رژێم،جا بە كودەتای نێو كۆشك بێت یان بە كودەتای سەربازی،بەر لە چەند مانگێكیش هەوڵدانی كودەتایەكی سەرنەكەوتوو بۆ لە ناوبردنی رژێم بەرپابوو بە سەرۆكایەتیی سەلاح قوش سەرۆكی پێشووی هەواڵگری و بە بەشداریی ژمارەیەك لە سەركردایەتیی سەربازیی ئیسلامی لە نێو سوپادا،ئەگەری یپێنجەمیش ئەوەیە كە بەشیر دەستبەرداری حوكم بێت یان هەندێ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكان بۆ خەڵك رابگەیەنێت،بەڵام سووربوونی ئەم رژێمە لە دەست گرتنی بە كورسیی دەسەڵاتەوە بەم هەموو ستەم و هێزەوە ئەستەمە ئەم ئامانجە بێنێتە دی.