دروستكردنی گۆچانی پۆڵاین بۆ تێكشكانی تیرۆریسم

دروستكردنی گۆچانی پۆڵاین بۆ تێكشكانی تیرۆریسم
((هێرشە تیرۆریستیەكەی هەفتەی رابردوو كە كرایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، هێرشێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو بوو، راستە دوای زیاتر لەشەش ساڵ ئەمە یەكەمجار بوو هێرش و تەقینەوەی لەوجۆرە لە هەولێر رووبدات، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نەبوو تیرۆریستان دەتوانن خافڵگیرانە و نامەردانە دەستی خۆیان بوەشێنن و ئارامی كوردستان بشێوێنن، بە پێچەوانەوە گیانی بەرگریكردنی پیاوانی ئاسایشی كوردستان ورەیەكیان پێ بەخشینەوە كە دڵنیابین لەوەی تیرۆریستان ناتوانن لە كوردستان هیچ سەركەوتنێك بە دەست بهێنن، گیانی مقاوەمەتی پیاوانی ئاسایش پێیان وتین، كاتێك پیاوانی ئاسایش ئامادەبن باوەش بە خۆكوژەكاندا بكەن بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان پوچەڵ بكەنەوە، ئەوا ئەو ئیرادەیەش هەیە كە گۆچانی پۆڵا دروست بكات و بەئیرادەیەكی پۆڵایین لە تیرۆریستانی بسرەوێنێت)).



بەرهەمهێنانی رق و قین
چاو هەڵنەهاتن بە كوردستان
ئەگەر رق و قینی تیرۆریستان بەرهەمی ئەو گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستیانە بێت كە خۆیان دەرهاویشتەی كۆمەڵگەی فاشیل و سیاسەتی فاشیلن، ئەوا زۆر ئاساییە تیرۆریستان ئەم رق و قینە بەسەر هەرێمی كوردستاندا هەڵبڕێژن كە توانیوویەتی نموونەیەكی جوانی سەركەوتنی دیموكراتی پیشانی جیهان بدات، لەبەر ئەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیەی كە كرایە سەر ئاسایشی هەولێر لە هەفتەی رابردوو، تەنیا دوای یەك رۆژ بەسەر راگەیاندنی ئامانجە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، ئەمەش مانای ئەوەیە دەسنیشانكردنی هەولێر و بەتایبەتیش بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بۆ ئەم هێرشە تیرۆریستیە، كارێكی بە بەرنامە و تیرۆریستان لەبەر چەندین هۆكار هەولێر و ئاسایشی هەولێریان كردۆتە ئامانج:



1. لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوول زۆرینەی شاری هەولێر دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەلبژاردنەكان بوو، بۆیە هەولێر و پارتی لەو رۆژەدا سەرمەستی ئاهەنگ گێڕانی سەركەوتنی هەڵبژاردن بوون، تیرۆریستان ویستیان ئەم ئاهەنگ و خۆشیەی هەولێر و پارتی بشێوێنن.
2. ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەولێردا بوونی هەیە، بەرهەمی شەونخوونی و قوربانیدانی پیاوانی ئاسایش و تەواوی دەزگا پەیوەندارەكانی دیكەیە بە ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە، كەواتە ئامانجی تیرۆریستان بۆ هەڵكوتانە سەر دەزگاكانی ئاسایش بۆ ئەوە بووە، ئەو هێزە بشڵەژێنن كە توانیوویەتی ئەم ئاسایشە فەراهەم بكات، ئەم شڵەژانەش چەندین ئامانجی لە پشتەوە بوو، كە دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:
* هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان ئێستا زیاتر لە 25 كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانی تێدایە كە لەنێویاندا كونسوڵخانەی چوار دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە.
* هەولێر نووسینگەی سەدان كۆمپانیای گەورەی لێكراوەتەوە و هەمووشیان لە كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن و پرۆژەی گەورە جێبەجێ دەكەن.
* هەولێر دەستنیشانكراوە كە پایتەختی گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەبی بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كوردستان بۆتە شوێنێكی ئارام بۆ گەشت و گوزار و پیشەسازی گەشت و گوزاری.
* خاڵی هەرە گرنگ كە تیرۆریستان و دوژمنانی كوردستانی شێتگیر كردووە، ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی خۆیدا هەر لە هەولێرەوە بە هەموو گەلی كوردستانی راگەیاند، سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردن واتە هەنگاو هەڵگرتنی كوردستان بەرەو ئامانجی گەورەتر لە فیدرالی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش براوەی هەڵبژاردنەكەبوو، كەواتە ئامانجێكی دیكەی تیرۆریستان بۆ دروستكردنی ئاستەنگ بووە بۆ ئەوەی رێگە بگرن لەوەی پارتی هەنگاو بۆ ئامانجی گەورەتر لە فیدرالی هەڵبگرێت.
ئەگەر كۆی ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، هەموویان پێكەوە سەیر بكەین و هەڵوەستەیان لەسەر بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە تیرۆریستان هەموو ئەو خاڵانەیان لەبەرچاوگرتووە بۆیە هەولێر بەگشتی و ئاسایشی هەولێریان بە تایبەتی كردۆتە ئامانج، بەڵام ئەوەی لە ئاكامی ئەم هێرشە تیرۆریستیە بینیمان، پیشاندانی كۆمەڵێك ئیرادەی پیاوانی ئاسایش و خەڵكی شاری هەولێر بوو كە قەت مەزندەی بۆ نەكراوە، گرنگە ئەم لایەنە بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بكەین:



* ئەم هێرشە تیرۆریستیەی كرایە سەر ئاسایشی هەولێر تەنها كردەوەیەكی خۆكوژی یان تەقینەوەیەكی تیرۆریستی نەبووە لە شوێنێكدا رووبدات و بەس، بەڵكو پیلانی ئەم هێرشە چەند قۆناخێك بوو، لە بەشێكیدا تیرۆریستانی خۆكۆژ دەستەو یەخە رووبەڕووی پیاوانی ئاسایش بوونەوە.
* لەبەر ئەوەی جێبەجێكردنی هێرشە تیرۆریستیەكە چەند ساتێكی خایاند، بۆیە بێجگە لە چەند خولەكێك دوای ئەنجامدانی تەقینەوەی یەكەم، رووبەڕووبوونەوە و تەقینەوەكانی دیكە راستەوخۆ لە رێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەگوازرانەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم تەقینەوەیە لەنێو ماڵی هەر تاكێكی كوردستانی بووە، ئەوجا چ لە هەرێمی كوردستان بوون یان لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئامانجی تیرۆریستانیش لە بەشكردنی پیلانەكەیان بۆ سوود وەرگرتن بووە لەو ئازادییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە پێناوی ئەوە بووە ترس و تۆقاندن بخەنە دڵی هەر تاكێكی كوردستانەوە.
لەبەرامبەر ئەم پیلانە نامرۆڤانەیەی تیرۆریستان بۆ شێواندنی ئارامی و سەقامگیری هەولێر و تەواوی هەرێمی كوردستان دایانڕشتبوو، ئەم كاردانەوە كتوپڕانەمان بینی:
1. شەڕی دەستەویەخەی نێوان تیرۆریستان و پیاوانی ئاسایش، دوای تەقینەوەی یەكەم بووە، ئەمە مانای ئەوەبووە، پیاوانی ئاسایش دوای تەقینەوەی یەكەم نەك هەر نەشڵەژاون، بەڵكو شێلگیرانەتر رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە و هەتا گەیشتۆتە ئەوەی قارەمانێكی ئاسایش باوەشی بە تیرۆریستێكی خۆكوژدا كردووە بۆ ئەوەی خۆی شەهید بێت، بەڵام رێگە نەدات ئاسایشی هەولێر بشڵەژێت، ئەم گیانی مقاوەمەت و قارەمانیە گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولمان بیردێنێتەوە كە بەخەنجەرەوە پەلاماری دەبابەیان داوە بۆ ئەوەی رێگە نەدەن پۆستاڵی داگیركاران خاكی كوردستان پیس بكات، قارەمانیەتی ئەمجارەی پیاوانی ئاسایشی هەولێر هەمان راستی سەلماندەوە، كە دروشمی(كوردستان یان نەمان)ی شۆڕشی ئەیلوول، هێشتا بەرنامەی پیاوانی ئاسایش و پارێزەرانی ئەم وڵاتەن.
2. وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد ئەم هێرشە تیرۆریستیە راستەوخۆ لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە پەخش دەكرا، ئەم پەخشكردنە نەك نەبووە هۆكاری ئەوەی خەڵك بترسێت و ئاڵۆزی دروست بێت، بەڵكو بووە هۆكاری ئەوەی خەڵك لەم كردەوە قێزەوەنە توڕە بێت و بچن بە هانای براكانیانەوە لە ئاسایش، بۆیە قارەمانیەتی پیاوانی ئاسایش و ورەی بەرزی خەڵكی كوردستان بۆ تەحەداكردنی تیرۆریستان، بوونە هۆكاری ئەوەی نەك هێرشی تیرۆریستان سەركەوتوو نەبێت، بەڵكو لەماوەی یەكدوو كاتژمێردا ژیانی ئاسایی لە هەولێر دەستی پێكردەوە، لەمەش گرنگتر ئەم یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیەی نێوان خەڵكی هەولێر بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی لەگەڵ پیاوانی ئاسایش و پارێزەرانی ئەم وڵاتە، وایكرد كونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان هاوخەمی خۆیان پیشانبدەن و ستایشی رۆڵی ئاسایش و خەڵكی كوردستان بكەن و، ئەم دیمەنە هەموو لایەكی گەیاندە ئەو قەناعەتەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و پیاوانی قارەمانی ئاسایش بوار نادات تیرۆریستان پیلانەكانیان سەركەتوو بێت و كوردستان هەر بە سەقامگیری و ئارامی دەمێنێتەوە.



ستراتیژیەتی گۆچانی پۆڵا
پێویستی بە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی هەیە
رووداوە تیرۆریستیەكەی 11ی سێپتەمبەر كە لەساڵی 2001 كرایە سەرهەردوو باڵاخانەی سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك دوو پرسیاری زۆر گرنگی دروستكرد، كە یەكەمیان فەرەید زەكەریا لە نیوزویك وروژاندنی (بۆچی تیرۆریستان رقیان لێمانە؟) پرسیاری دووەمیش سامۆئیل هنتگتۆن بە كتێبێك وروژاندی (ئێمە كێین؟)، ئەگەر پرسیاری یەكەمی زەكەریا لەو روانگەیەوە دروست بووبێت بۆچی خەڵكانی فاشیل چاویان بەسەركەوتنی خەڵكان و كۆمەڵگەی دیكە هەڵنایەت؟ چۆن ئەوانیش چاك بكرێن بۆ ئەوەی ببنە كۆمەڵگەی سەركەتوو و واز لە دوژمنایەتی كۆمەڵگەی سەركەوتوو بێنن؟ ئەوا ئەو پرسیارەی هنتگتۆن وروژاندویەتی تەواو پێچەوانەی پرسیارەكەی زەكەریایە، هنتگتۆن لەسەر توڕەیی و دوژمنایەتی تیرۆریستان هەڵوەستە ناكات، بەڵكو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێویستە ئەمریكیەكان چۆن بن بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە، ئەمەش واتە پێویستە ئەمریكیەكان جارێكی دیكە هەموو بگەڕێنەوە ژێر ئاڵای ئەمریكا و ئەمریكایبوون بخەنە سەروو هەموو شتێكەوە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، هنتگتۆن یەكێك لە هۆكارەكانی دزەكردن و گورز وەشاندنی تیرۆریستان لە ئەمریكا، دەگێڕێتەوە بۆ كاڵبوونەوەی هەستی ئەمریكاییبوون لای هاووڵاتیانی ئەمریكی و چوونە دەرەوە لەژێر ئاڵای ئەمریكا، بۆیە هنتگتۆن وای دەبینێت كە كارەساتی 11ی سێپتەمبەر جارێكی دیكە ئەم هەستەی وروژاندەوە، بۆیە ئەمریكیەكان بۆ تەحەداكردنی تیررۆریستان جارێكی دیكە و هەموو پێكەوە ئاڵای ئەمریكایان بەرز كردەوە، ئەم خوێندنەوە وردەی هنتگتۆن ئەوەمان فێر دەكات بەوەی پێویستە رووداوە تیرۆریستیەكان ئێمەش لەدەوری ئاڵای كوردستان كۆبكاتەوە و لە چوارچێوەی بیری تەسكی حزبایەتی بمانهێنێتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی تیرۆر و تیرۆریستان رق و قینەیان بەرامبەر ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنانەیە كە هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە،



هەر بۆیە كاتێك ئەندامێك یان هەڵسوڕاوێكی سیاسیی لە رق و قینەی حزبایەتیەوە خۆشحاڵی بۆ كاری تیرۆریستی دەردەبڕێت، وەك ئەوەی بەداخەوە هەندێك قسەمان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەسەر زاری هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە سەبارەت بە تەقینەوەكانی هەولێر گوێ لێ بوو، ئەمە وەك هنتگتن لە كتێبی (ئێمە كێین؟) ئاماژەی پێكردووە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ پابەندبوون بە خاك و بە نەتەوەوە لاواز دەكات، كەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت ستراتیژیەتی گۆچانی پۆڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان دابڕێژین و رێگە نەدەین تیرۆریستان كاری دڕندانە بگرین، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئێمە هەموومان خەڵك و ئەندامانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان كێین؟ كە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دایەوە هەموو پێش ئەوەی هەرشتێك بین كوردستانین، ئەوا بێگومان تیرۆر و تیرۆریستان ئامانجیان كوردستانە، ئەوەی كوردستانیش بێت ئەوا دەبێتە ئامانجی تیرۆریستان، بۆیە ناكرێت كەسێك خۆی جیابكاتەوە و لەبەر ئەوەی سەر بەلایەنێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە خۆشحاڵی خۆی دەربڕێت بەوەی ئەم كارە دژی دەسەڵات كراوە، وەڵامی سادە بۆ ئەم بیركردنەوە كاڵفامانە ئەوەیە، كە ئەو ئەندام و هەڵسوڕاوانەی گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایە بیریان كردۆتەوە كە(دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە)، بەڵام باشترە بزانن كاتێك تەنها لەپێناوی ئەوەی رق و قینەی خۆیان بەرامبەر لایەنێكی سیاسیی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پیشانبدەن، دەستخۆشی لە تیرۆریستان دەكەن، ئەوا دەبێت باش بزانن كە بوون بەدۆستی تیرۆریستان دەیانخاتە خانەی دوژمنی كوردستانەوە.




Top