هەلێك بۆ رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە پێش سوودی لێوەرنەگیرێت جارێكی دیكە دووبارە نابێتەوە
October 2, 2013
راپۆرتەکان
تاچەند بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان
لە دوای راپەڕینی باشور دەچێت
كاتێك لە ئەزموونی خەباتی شۆڕشگێڕی و ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی باشوری كوردستانەوە خوێندنەوە بۆ بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان دەكەین، مەبەستمان ئەوەنییە بڵێین كە هەرگیز لەنێو لایەنە سیاسییەكانی باشوری كوردستاندا شەڕی ناوخۆیی كورد و كورد نەبووە، یان مەبەستمان ئەوەنییە بڵێین لە باشوری كوردستان هەرگیز شەڕی دەسەڵات بوونی نەبووە، بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین:
1. هێز و لایەنە سیاسییەكانی باشوری كوردستان ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی كورد و كورد فێری كردن، تەنیا رێگە بۆ ئەوەی لە ئامانجەكانمان نزیكبینەوە ئەوەیە دەبێت هەموو پێكەوە یەكدەست و یەكگرتوو و یەكڕیز بین لەسەر رەهەندە گشتیەكانی ستراتیژی نەتەوەیمان و جیاوازی نێوان لایەنە سیاسییەكان با وەك خۆیان بونیان هەبێت، بەڵام بۆ پەرەپێدان و پێشكەشكردنی بەرنامەی باش و باشتر بۆ ئاییندەی كوردستان.
2. هێز و لایەنە سیاسییەكان لە باشوری كوردستان بە پراكتیكی ئەوەیان سەلماند، ئەگەر یەكڕیز و یەكگرتوو بن، ئەوا بارودۆخ چەند قورس و چەند تاریك بێت، ئەوا ئیرادەی یەكگرتوو دەروازەیەكی رووناكی دەكاتەوە، هەر بۆ نموونە چونكە لە باشوری كوردستان بەرەی كوردستانی بوونی هەبوو و وەك چەترێك هەموو لایەنەكانی كۆكردبۆوە، راستە كۆڕەوی ملیۆنی روویدا، راستە ئەوكات كورد بێجگە لە چیاكان كەس دۆستی نەبوو، راستە هەموو كوردستان كاولكرابوو، بەڵام سەرەنجام كۆڕەوی باشور بووە وێستگەی وەرچەرخان بۆ كێشەی كورد لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3. یەكتری قبوڵنەكردن و بێ ئاكامی شەڕی دەسەڵات، هەردوو هێزە سەرەكیەكەی باشور (پارتی و یەكێتی) هاندا كە رێككەوتنی واشنتۆن ئیمزا بكەن و پاشانیش بەرەو رێككەوتنی ستراتیژی هەنگاو هەڵبگرن، ئەو رێككەوتنە ستراتیژەش ئەو كەرنەڤاڵی هەڵبژاردنەی بەرهەمهێنا كە لە رۆژی 21ی ئەیلوول بینیمان و هەموو لایەنەكانی باشور دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان، پابەندبوونی خۆیان بە ئاكامی دەنگدان و بڕیاری گەلی كوردستان دووپاتكردەوە.
كەواتە ئاماژەدانمان بەو خاڵانەی سەرەوە بۆ ئەوەیە ئەوە رۆشن بكەینەوە، كە ئامانجمان لەم راپۆرتە ئەوە نییە رووبكەینە هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا و پێیان بڵێین لە باشور چی كراوە هەمان شت دووبارە بكەنەوە، بەڵكو ئامانج ئەوەیە كە پێیان بڵێین ئەو هەڵانەی كە پێشتر لەباشور روویانداوە ئێوە دووبارەی مەكەنەوە، ئەو قەناعەتەی لای هێز و لایەنەكانی باشور دوای شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەسەڵات دروستبوو، ئێوە پێش دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و یەكتری رەتكردنەوە لاتان دروست بێت و رێگە مەدەن ئەو هەلەی بۆ رۆژئاوا هەڵكەوتووە بە دەستی كورد لەناو بچێت.
ئەو هەلەی ئێستا بۆ رۆژئاوای كوردستان هەڵكەوتووە، زۆر لەو هەلە گەورەتر و گرنگترە كە دوای ساڵی 1991 بۆ باشوری كوردستان هاتە پێشەوە، لێرەدا ئەو جیاوازییە بە چەند خاڵێك دەخەینەڕوو:
* لەباشوری كوردستان لەدوای رێككەوتنی ئاداری 1970، حكومەتی عێراق بەفەرمی دانی بە مافی ئۆتۆنومی بۆ هەرێمی كوردستانی باشور نابوو، كێشەی باشور لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنی ئاداری 1970 بوو، هەر بۆیە دوای ساڵی 1991یش كاتێك شاندی بەرەی كوردستانی چووەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە بوو كە ساڵی 1970 سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزای كردبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە لە عێراقدا، دانپێدانانێكی فەرمی بە بوونی كورد و جوگرافیای كوردستان هەبووە، بەڵام لەسەر مافەكانی كورد و جوگرافیای كوردستان كێشە هەبووە.
* لە رۆژئاوای كوردستان بە درێژایی حكومڕانی كۆماری سوریا، نەك هەر دانان بەبوونی كورد نەنراوە، بەڵكو كورد وەك هاووڵاتیەكی عەرەبی سوریش حسابی بۆ نەكراوە و رەگەزنامەی وڵاتی خۆیان لێ قەدەغەكراوە، بۆیە كە ئێستا هەلێك هاتۆتە پێشەوە، بێجگە لەوەی زەمینەی ئەوە هاتۆتە پێش كە بوونی كورد لەو وڵاتە بسەلمێنرێت، ئێستا هەلێك هاتۆتە پێشەوە كورد خۆی ناوچەكانی خۆی بەڕێوە دەبات.
* لەگەڵ ئەوەی ئەم دیفاكتۆیە لەسەر ئەرز بوونی هەیە، بەڵام هێشتا نە رژێمی سوریا نە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە فەرمی دان بە مافەكانی كوردی رۆژئاوا نانێن، نایەنەوێت كۆماری داهاتووی سوریا، كۆمارێكی فیدرالی و دیموكراتی بێت.
ئەگەر لەم خاڵە واقیعیانەوە بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان بخوێنینەوە، سەیر دەكەین، كێشەی سەرەكی كورد لە رۆژئاوا، ئەو كێشەیە نییە كە چ لایەنێكی سیاسی ئیدارەی رۆژئاوا بەڕێوە دەبات، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئەوەیە ئایا لە ئێستاوە بۆ ئاییندە چ ئەقلیەتێك سوریا بەڕێوە دەبات كە هەم دان بەبوونی كورد بنێت و هەمیش رێز لە جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان بگرێت، ئەوجا ئەم بوونەی كورد و جوگرافیای كوردستان لە چوارچێوەی ئۆتۆنومی یان فیدرالی بە شێوەیەكی یاسایی و دەستوری چۆن رێكدەخرێت، نەك لە ئێستاوە لایەنێكی سیاسیی خەیاڵی ئەوە بكاتەوە كە دەبێت خۆی كوێخای رۆژئاوای كوردستان بێت و لایەنەكانی دیكە رەعیەت و چاو لەدەستی ئەو بن، بەداخەوە وەك ئەو سیاسەتەی كە ئێستا لایەنێكی سیاسیی وەك پەیەدە لە كوردستانی رۆژئاوا پیادەی دەكات.
ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان، هیچ لایەنێك دۆستی كورد نییە، كورد هێندە دوژمنی زۆرە هیچ كەسێك بەخیلی پێ نابات، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەوە چ بیركردنەوەیەكی سیاسیە كە لەناوخۆی كوردستانی رۆژئاوا كورد خۆی ببێتە دوژمنی خۆی، كورد لەترسی كورد نەتوانێت لەوڵاتی خۆی بژی و ئاوارەو سەرگەردان بێت.
ئەو هەواڵانەی رۆژانە لە رۆژئاوای كوردستانەوە سەبارەت بە سیاسەتە نالۆژیكەكانی پەیدە گوێبیستی دەبین، هەموویان هەواڵی خراپن(Bad News)، هەوڵێكن ئیرادەی كورد نائومێد دەكەن بۆ ئەوەی ئاییندەی رۆژئاوا بە گەشی ببینێت، ئەوەشی لەهەمووی جێگەی نیگەرانی و مایەی ناڕەحەتی و سەغڵەتی تەواوی گەلی كوردستانە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەوە نییە كێ ناهەقەو كێ لەسەر هەقە، بەڵكو نیگەرانیەكە لەسەر ئەوەیە چۆن لایەنێكی سیاسی كوردستانی رێگە بەخۆی دەدا لە بارودۆخێكی وەك ئێستای رۆژئاوای كوردستاندا، ئەندام و لایەنگرانی لایەنە سیاسییەكانی دیكە سەركوت بكات و رێگەیان نەدا ئازادانە كاری سیاسیی خۆیان ئەنجامبدەن، نیگەرانیەكە ئەوەیە كە ئێستا هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان لەناو ماڵی كوردا دوژمنیان بۆ دروستبووە و هێندەی سەرقاڵن بە پەیەدەوە هێندە سەرقاڵی ئەوەنین كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان جۆش و هانبدەن بۆ ئاییندەیەكی دیموكراتی، بۆ گەڕانەوە بۆ رای خەڵك و زەمینە رەخساندن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداری و یاساییەی لە رۆژئاوا دروست بووە بەرێگەی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و زەمینە رەخساندن بۆ دروستكردنی ئەمری واقیعێك كە كورد لەو بەشەش نموونەیەكی دیكەی دیموكراتی و خۆبەڕێوەبەردنی سەركەوتوو پیشانی جیهان بدات.
بەرەی كوردستانی باشوور
رێككەوتنی هەولێر بۆ رۆژئاوا
لەوانەیە جوانترین دەسكەوت كە لەدوای بارزانی نەمر بۆ كورد بەدەست هاتبێت، ئەو هەنگاوەی شەهید ئیدرس بارزانی بێت كە بناخەی بۆ بەرەی كوردستانی داڕشت و لەسەر ئەو بناخەیە بەرەیەكی كوردستانی پێكهات كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی باشوری كوردستانی لەخۆی گرت، گرنگی ئەم بەرەیە، گرنگی فیكر و بیركردنەوەی ئیدریس بارزانیمان پیشاندەداتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو كاتی نەخشەی بۆ بەرەی كوردستانی داڕشت، كوردستان بەرەو نائومێدیەكی دیكە هەنگاوی هەڵدەگرت، ئەوكات هێشتا ئەنفالی گەرمیان و بادینان رووینەدابوو، ئەوكات هێشتا هەڵەبجە و چەندین شوێنی دیكەی كوردستان كیمیاباران نەكرابوو، بەڵام ئیدریس بارزانی هەستی بەوەكردبوو بەرەو رۆژگارێكی سەخت و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنێكی دڕندەی ئەوتۆ دەبینەوە كە هێشتا مرۆڤایەتی دوژمنی دڕندەی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوكاتی كە ئیدریس بارزانی بیری لە داڕشتنی بناخەیەك بۆ بونیادنانی بەرەی كوردستانی دەكردەوە، ئەو هەستی كردبوو كە تەرازووی هێز لە شەڕی ئێران عێراقدا، بۆ بەرژەوەندی رژێمی سەدام حوسێن تەواو دەبێت، دەشیزانی شكانەوەی پارسەنگی هێزیش بۆ بەرژەوەندی رژێمی سەدام حوسێن كارەساتێكی هێجگار گەورە دەبێت بۆ باشوری كوردستان، لەبەر ئەوەی سەدام حوسێن هۆكاری شەڕی ئێران عێراقی بۆ كێشەی كورد و شۆڕشی ئەیلوول دەگێڕایەوە، سەدام لە شۆڕشی ئەیلوول چەكی پێدەدا بۆ ئەوەی رێككەوتنی جەزائیر ئیمزا بكات و دەست لە بەشێك لە شەتولعەرەب هەڵبگرێت بۆ ئێران، بۆیە ئیدریس بارزانی زۆر باش دەیزانی دوای ئەوەی شەڕی عێراق لەگەڵ ئێران كۆتایی پێبێت، سەدام حوسێن ئەم سوپا ئامادەیەی دژی كورد بەكار دەهێنێت و ئەو فرسەتە لەدەست نادات، بۆیە راستە هەموو مەزندەكانی ئیدریس بارزانی هاتنەدی، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەرەی كوردستانیش هاتنە دامەزراندن، بۆیە لەم روانگەیەوە هەتا نەگەڕێینەوە بۆ ئەو باكگراوەندە تراژیدیە، ناتوانین لە ئاستی بەرەی كوردستانی هەڵوەستەیەكی واقیعیانە بكەین:
1. لەگەڵ دروستبوونی بەرەی كوردستانی، شەڕی عێراق – ئێران كۆتایی هات، بەتەواوبوونی ئەم شەڕە رژێمی سەدام حوسێن بڕیاریدا كۆتایی بە شۆڕشی كوردستان بهێنێت و بێجگە لەناوەندی هەرسێ شارە گەورەكەی هەولێر و سلیمانی و دهۆك و ناوەندی شاری كەركوك كە تەعریبی كردبوو، بڕیاریدا، هەموو شاروشارۆچكە و گوندەكانی كوردستان كاولبكات و لەگەڵ زەوی تەختی بكات و ناوچەكەش بكاتە ناوچەی قەدەغەكراو (موحەرەمە) .
2. لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال بە 10 قۆناخ دەستی پێكرد و لە گەرمیانەوە تا بادینانی گرتەوە.
3. لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و بالیسان و بادینان و چەندین شوێنی كوردستان دەستی پێكرد.
4. لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، رژێم بڕیاریدا شۆڕشی كوردستان یەك بست خاكی كوردستانی لەبەردەست نەمێنێت و ئاودیوی سنوور بكرێت.
باسەیر بكەین لەبەردەم ئەم هەموو تەحددیانەی لەو چەند ساڵە رووبەڕووی كورد بوونەوە، بەرەی كوردستانی چ ئومێدێكی دروستكردەوە و چۆن كۆی هاوكێشە سیاسییەكانی سەرلەبەر گۆڕی:
* یەكڕیزی و یەك گوتاری كورد لە باشور، ئەو ئیرادەیەی دروستكرد كە لەشەڕی خواكوڕك بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان بینمان، ئەو ئیرادەیەمان بینی كە هێزێكی كەمی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن لەبەرامبەر پێنجەمین هێزی جیهان راوەستا و شكستی بەسەر هێنا، ئەم ئیرادەیە ئەو پەیامە گەورەیەی سەرۆك بارزانی بەرهەمێنا كە لە خواكوڕك سەرۆك بارزانی بە هەموو گەلی كوردستانی راگەیاند، ئەگەر ئەمجۆرە مقاوەتە بەردەوام بێت، دوژمن ناچار دەبێت پاشەكشە بكات و گۆڕانكاری گەورەش لە ناوچەكە بەڕێوەیە.
* یەكڕیزی و یەك گوتاری كورد لەباشور، جارێكی دیكە ئومێدی لەناو ئۆردوگا زۆرە ملێكان و راگوێزراوەكاندا دروستكردەوە، ئەم ئومێدە ئەو رقە پەنگخواردووەی بەرهەمهێنا كە لەرۆژی 5 ئادار لە دەروازەی راپەڕین بینیمان و سەرانسەری كوردستانی بە كەركویشەوە گرتەوە.
* یەكڕیزی و یەك گوتاری كورد لە باشور، دووبارە هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو ئەو چەكدارە كوردانە دروستكرد كە بەهۆكاری جیاواز و ناچاری چەكیان بۆ رژێم هەڵگرتبوو، وەك بینیمان هەموو چەكدارانی فەوجەكانی خەفیفە لەگەڵ دەسپێكی راپەڕین بوونە هێزێكی كاریگەر بۆ سەركەوتنی راپەڕین و چوونە پاڵ جەماوەر.
* یەكڕیزی و یەك گوتاری كورد لە باشور، لێبوردنە مەزنەكەی بەرەی كوردستانی بەرهەم هێنا، كە دەبێت كورد هەمووی پێكەوە ئاشت بێـتەوە و لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدرێتەوە، لەمەش گرنگتر هێشتا راپەڕین بەتەواوەتی سەركەوتنی بەدەست نەهێنابوو، بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی، رایگەیاند گەلی كوردستان لەباشور بڕیار دەدات چۆن ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبرێت و نابێت هیچ لایەنێكی سیاسیی خۆی بكاتە كوێخا بەسەر ئیرادەی گەلی كوردستانەوە.
* راستە تەمەنی سەركەوتنەكانی راپەڕین درێژ نەبوو، كارەساتی كۆڕەوی بەسەردا هات، بەڵام ئەو مقاوەمەتەی سەرۆك بارزانی لە خواكوڕك چەند ساڵێك پێشتر ئاماژەی پێكردبوو، جارێكی دیكە لە دەربەندی كۆڕێ دووبارە كرایەوە و پێش بەدوژمن گیرا، ئەوەش دووبارە سەلماندیەوە كە ئەگەر كورد یەكڕیز و یەك ئیرادە بێت، ئەوا دەتوانێت هەموو ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت.
ئەگەر لێرەوە هەڵوەستە لەسەر هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بكەین بەرامبەر كوردستانی رۆژئاوا، ئەوا لەبەر رۆشنایی ئەم ئەزموونە و بۆ ئەوەی كوردستانی رۆژئاوا بتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، ئەوا پێش ئەوەی ئەو گۆڕانكارییانە لە رۆژئاوا بێنە ئاراوە سەرۆك بارزانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا كۆبۆتەوەو پێی راگەیاندوون، ئێوە خۆتان بڕیار لە ئاییندەی خۆتان دەدەن و تەنیا مەرج بۆ هەموو هاوكارییەك كە پێشكەشی ئێوەی دەكەن ئەوەیە كە ئێوە یەكڕیز و یەك گوتاربن و ئێمەش بەهەموو شێوەیەك هاوكاریتان دەكەین هەر لەم چوارچێوەیەشدا رێككەوتنی هەولێر لەنێو هەموو لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان ئیمزا كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا لایەنێكی وەك پەیەدە بەم رێككەوتنەوە پابەند نابێت، ئەوا وەك دەبینین خەریكە بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان بەجۆرێك تێكدەچێت كە نەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت و مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كە زەمینەیەكی نالەباری ئەوتۆ دروست بێت كە شەڕی كورد و كورد دروست بێت و ئەم هەلە مێژووییە لەدەست كورد دەربچێت، بۆیە بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە نالەبارە نەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو كارەساتە بێتە پێشەوە، ئەوا تەواوی گەلی كوردستان و هێز و لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان خوازیاری ئەوەن پەیەدە واز لە رەفتارە نەخوازراوەكانی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ لۆژیكی یەكڕیز و یەك گوتاری كە لەم قۆناخەدا كورد لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی پێیەتی، لەمەش گرنگتر كە ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرقاڵی ئەوەن یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێر گرێبدەن، ئەوا بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان لە ئەولەویەتی بەرنامەی كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێت و گرنگە ئەو بارگرژیەی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان دروستی كردووە كۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی لە كۆنگرەی نەتەوەیی گوتارێكی یەكگرتوو بێتە ئاراوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەیەدە بەردەوام بێت لەسەر تاكڕەوی و رەتكردنەوەی لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، ئەوا بێجگە لەوەی هەلێكی زێڕین لەدەست كورد دەدات، چارەنووسی خۆشی باش نابێت.