لەدوای پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حزب و لایەنە سیاسییەكان بەڵێنی ئەوەیان داوە كە پۆستەری بانگەشەكان و وێنە ریكلامیەكانی خۆیان لێبكەنەوە كە بۆ ناساندنی كاندید و لایەنە سیاسییەكان و كۆكردنەوەی دەنگ لە سەنتەرو دەوروبەری شارو شوێنە گشتییەكان هەڵیانواسیوە؛ كە بەتێپەڕبوونی كات زۆربەی لافیتەو پۆستەرەكان تێك دەچن و دووچاری دڕان دەبنەوە و دیمەنێكی ناشرین و شێواو پیشان دەدەن و دەبنە هۆی پیسبوونی شار، هەربۆیە پاككردنەوەی سەنتەری شارو دەوروبەری لەم لافیتەو پۆستەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن نەریتێكی باوی سەرجەم هەڵبژاردنەكانە بەوەی حزب و قەوارە سیاسیەكانی بەشداربووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان ئەركی لێكردنەوەی ئەو ماددە ریكلامیانەیان لە ئەستۆیە تاوەكو لەبودجەی گشتی حكومەت پارەیەكی زۆر نەڕوات بۆ پاككردنەوەی. لەلایەكی ترەوە زۆر لەو پۆستەرو لافیتەو وێنانەی بانگەشەكارانی لایەنە سیاسیەكان لەشوێنی قەدەغەكراوو بەردەم هێماكانی هاتوچۆو تەنانەت لەبەردەم شوێن و دوكانی تایبەتی كاسبكاران دانراون و بوونەتە هۆی بێزاری خەڵكی و زۆربوونی زبڵ و خاشاكیش. بۆ هەڵگرتنی پۆستەرەكان و لافیتەی بانگەشەكارانی هەڵبژاردنەكان، كۆمسیۆن ماوەی 30 رۆژی داناوە تاوەكو لەو ماوەیەدا سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان ریكلامەكانیان لێبكەنەوەو شوێنە گشتیەكان خاوێن بكرێنەوە. پابەندبوون بەم داواكارییە تەنیا بۆ مەبەستی پاككردنەوەی شارو گەڕانەوەی سیما شێوێندراوەكەی نییە، بەڵكو ئیلتزامبوونێكی ئەخلاقیشە هەروەها پابەندبوونی حزب و لایەنە سیاسییەكانیشە بەوەی لە رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەرنەچن بەوەی لە شوێنە قەدەغەكراوەكان لافیتەو پۆستەر بڵاونەكەنەوە یا سەمغ و لەزگە بەكار نەهێنن كە دواتر لێكردنەوەی پۆستەرو لافیتەكان زەحمەت دەبێت. لەم رووەوە ئەندازیار كاروان جەبار بەڕێوەبەری شارەوانی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی لە لێدوانێكی تایبەت بەگوڵان پێی وابوو لەسەرجەم شەقام و گۆڕەپانەكان پۆستەرو لافیتەو وێنەی كاندیدەكانی حزبە سیاسیەكان دانراون، تەنانەت لەشوێنە قەدەغەكراوەكانیش ئەمجۆرە پۆستەرانە بوونیان هەیە، زۆربەی جاریش بە لەزگەو سەمغ هەڵواسراون، ئەمە جگە لەوەی لەو كاتەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە رۆژانە زبڵ و خاشاك بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە بەتایبەتی لەشوێنی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی حزبەكان و بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكان. بەڕێوەبەری شارەوانی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی سەبارەت بە لێكردنەوەی پۆستەرەكانیش وتی: ئێمە وەكو شارەوانی بەهاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای خاوێن كردنەوەی سنووری شاری هەولێر بە بەرنامەیەكی رێكوپێك هەڵدەستین بەلێكردنەوەو پاككردنەوەی گشت شوێنەكان تاوەكو سیمای شار بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، هەروەها داوامان لە كۆمسیۆن كردووە بەوەی ئەو لایەنانەی سەرپێچی دەكەن سزای دارایی بە بڕە پارەیەك بدرێن و غەرامەكەش بدرێتە شارەوانی بۆ پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان. ئەندازیار ئەسعەد عەلی بەڕێوەبەری شارەوانی 6ی هەولێریش داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد هاوكاریان بن لە گەڕانەوەی سیمای جوانی پایتەختی گەشتیاری، لەم رووەوە لە لێدوانێكی تایبەت بەگوڵان وتی: ئەركی سەرشانی حزب و لایەنە سیاسیەكانە بەزووترین كات پۆستەرو لافیتەكانیان لێبكەنەوەو شوێنە گشتیەكان پاك و خاوێن بكەنەوە، چونكە شاری هەولێر بەپۆستەرو لافیتەی بانگەشەكاران داپۆشراوەو بەتێپەڕبوونی كات دەدڕێن و بڵاودەبنەوەو دیمەنێكی ناشرینی لێدەكەوێتەوە. هەربۆیە ئێمە بەئەركی خۆمانی دەزانین راستەوخۆ لەدوای راوەستانی بانگەشەكارانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دەست بكەین بەپاككردنەوەی شوێنە گشتیەكان و چاوەڕوانی ئەوە ناكەین 30 رۆژ بخایەنێت. بەمشێوەیە لایەنی شارەوانی گومانی هەیە كە بەتەواوەتی حزب و لایەنە سیاسیەكان پابەندی بەڵێنەكەی خۆیان بن و پۆستەرو لافیتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیان لێبكەنەوە. هەر سەبارەت بەلایەنە یاساییەكانی سزادانی سەرپێچیكاران هەمزە حامید بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بەگوڵانی راگەیاند: پێویستە دوای تێپەڕبوونی 24 كاتژمێر حزب و لایەنە سیاسییەكان دروشم و پۆستەرو ماددە ریكلامیەكانی خۆیان لێبكەنەوە، ئەگەربێتوو پابەندی ئەم كارە نەبن شارەوانی و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگا، كۆمسیۆن ئاگادار دەكاتەوە كە ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی كە پۆستەرو لافیتەكانیان لێناكەنەوە غەرامەی دارایی بكرێن و غەرامەكەش بدرێتە شارەوانی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان.