دەوڵەت پێوەندی نێوان نەتەوە و مێژوو رێكدەخات:ئامانجی پارتی..دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە

دەوڵەت پێوەندی نێوان نەتەوە و مێژوو رێكدەخات:ئامانجی پارتی..دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە
((من بەو جۆرە سه‌یری مافی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد دەكەم كە ئێمە وەكو كورد نەتەوەیەكین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر وەكو نەتەوەی عەرەب، فارس، تورك، مافی چارەنووسمان هەیە، بەدرێژایی مێژوو غەدرێكی گەورە لە كورد كراوە، بەتایبەتی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهان، ئێمە بەزۆر دابەشكراین، بەبێ ئەوەی رای ئێمە وەربگرن، من ئیمانێكی تەواوم بە دیاریكردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی كورد هەیە، بەمافێكی رەوای میللەتی كوردیشی دەزانم، بەڵام ئەو واقیعەی ئێستاش ئێمە تیایدا دەژین، من دەزانم ئەو واقیعەش چۆنە، هیواو ئاواتم ئەوەیە ئەو دەرفەتە بۆ نەتەوەی كورد بێتە پێش، بۆئەوەی بڕیاری خۆی بدات و چارەنووسی خۆی دیاری بكات)).

سه‌رۆك بارزانی بۆ گوڵان
19/7/2010

میشیل میتاس لە كتێبی هیگڵ و دیموكراتی سەبارەت بە چەمكی دەوڵەت لای هیگڵ بەو جۆرە پێناسەی دەوڵەتی كردووە كە بنەمای دەوڵەت لای هیگل یاسایە و ئامانجیش لە دەوڵەت ئازادی مرۆڤایەتی-یە، بەڵام ئەم بنەما یاساییە بۆ گەیشتن بە ئازادی بە یەكڕیزی و یەكێتی نێوان ئەندامەكانی ئەو كۆمەڵگەیە دێتەدی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە دەوڵەتدا تاكە بەشێكە لەهەمووان و چارەنووسیشی گرێدراوەتەوە بە چارەنووسی هەمووانەوە، كەواتە لەم پێناسەیەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بە كۆدەنگی هەیە، ئەم كۆدەنگیە لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا بە رێگەی سندوقی دەنگدان دێتە ئاراوە، هەر بۆیە هەر حزبێكی سیاسیی كە لەنێو كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیدا خاوەنی پرۆژە و بڕیاری و بەرنامەیەكی ستراتیژی بێت، ئەوا ئەم پرۆژە و بڕیار و بەرنامەیە دەخاتە بەردەمی دەنگدەرانی بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن ئەو كۆدەنگیە دروست بێت كە بتوانێت بڕیار و پرۆژە و بەرنامەكانی جێبەجێ بكات.
بۆیە ئەگەر لەم ئاڕاستەیەوە هەڵوەستە لەسەر چەمكی پارتی خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێز لە كۆمەڵگەی دیموكراتی بكەینەوە، ئەوا بەڵێنەكانی ئەم جۆرە پارتانە بەڵێنی ئاسایی نین و ئەو پارتە گەورانە بەڵێنێك نادەن بۆیان جێبەجێ نەكرێت، راستە لەوانەیە لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئەم جۆرە بەڵێنانە لەلایەن زۆر حزبی سیاسییەوە بەرز بكرێنەوە، بەڵام حزبی خاوەن نفوز و پێگەی جەماوەری بەهێز هەتا زەمینەی بۆ ئامانجەكەی نەڕەخسێنێت خۆی ناخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی بەڵێنێك كە نەتوانێت بۆی جێبەجێ بكرێت، پارتی لە مێژووی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا بەپێی قۆناخ و هەلومەرجە مێژووییە جیاوازەكان دروشمی بەرزكردۆتەوە و دروشمەكانی خۆشی جێبەجێ كردووە و هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و موزایەداتی سیاسیی دروشم بەرز بكاتەوە، لێرەدا ئەگەر وەك نموونەیەك لەسەر هەستیاری پارتی بۆ بەرزكردنەوەی دروشمەكانی هەڵوەستە بكەین، ئەوا دەتوانین ئاماژە بە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 بكەین كە تیایدا پارتی دروشمی خۆی نەگۆڕی و بە دروشمی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنومی بۆ كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی خاوەنی پرۆژەی فیدرالی بوو بۆ هەرێمی كوردستان و ئەم پرۆژەیە لەساڵی 1974 لیژنەیەكی بۆ دامەزراوە و بەڕێز د.شەفیق قەزاز یەكێك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە بووە بۆ ئەوەی پرۆژەی فیدرالی بۆ قۆناخی دوای 1974 ئامادەبكەن، وێڕای ئەمەش لەگەڵ ئەوەی هەلومەرجەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی %100 پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئامانجە كۆنەكردبۆەوە، بۆیە راشكاوانە هاتە نێو یەكەم هەڵمەتی هەڵبژاردن لە كوردستان و راستگۆیانە بەرنامەی خۆی پێشكەشی دەنگدەرانی كوردستان كرد و یەكەم دەنگ و زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشی بەدەست هێنا، هەر چەند مانگێكی كەمیش دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دامەزرا و، دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی لەوە دڵنیابوو كە دەتوانرێت هەنگاو بۆ فیدرالیەت هەڵبگیرێت، ئەوەبوو پەرلەمانی كوردستان بڕیاری فیدرالی لە 4/10/1992 پەسەند كرد. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ماوەی نێوان 19/5/1992 – 4/10/1992، كەمتر لە 5 مانگە، ئایا بۆچی پارتی لە مانگی 10ی 1992 ئیقراری فیدرالیەتی كرد، بەڵام بۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئایاری 1992 ئەمەی نەكرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە دەنگدەران لە 21ی ئەیلوول بیدەنەوە، لەبەر ئەوەی پارتی ئامادەیە لە پێناوی بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا قوربانی بە بەرژەوەندی حزبی خۆی بدات، راستە پارتی لە هەڵبژاردنەكانی 1992 بەرێژەی 51% هەڵبژاردنی بردەوە، بەڵام ئەگەر تەنها ئامانجی پارتی بردنەوەی هەڵبژاردنەكان بوایە، ئەوا دروشمی ئۆتۆنۆمی دەگۆڕی بۆ سەربەخۆیی نەك فیدرالی، بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتی ئەمەی نەكرد، چونكە دەیزانی ئەو دروشمەی پارتی بەرزیدەكاتەوە پاشان لەبەردەم گەلی كوردستان لێی بەرپرسیار دەبێت.

بۆچی ئێستا پارتی
باسی دەوڵەت و مافی چارەنووس دەكات؟
هەندێك جار ئەوەی دوژمنەكانت لەسەرت دەیڵێن، خۆی لە خۆیدا دەبێتە شاهیدێك بۆ مێژوو، بۆیە لێرەدا گرنگە بگەڕێینەوە بۆ چۆنیەتی تێڕوانینی دوژمنەكانی كورد و كوردستان لە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەم تێڕوانین و هەڵوێستەش لەو كاتەوە بە جددی حسابی لەسەر دەكرێت، كاتێك لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەرۆك بارزانی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان بە فەرمی لە كوردستان هەڵبدرێت، بارزانی بە جیهانی راگەیاند لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایە لە دایك بووم و هەر لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵایەش دەمرم، ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی هەژانێكی ئیقلیمی و جیهانی دروستكرد، تەنانەت هەندێك لەو حزبە سیاسییە ئیسلامیانەی ئێستا بە ناچاری ئاڵای كوردستان بەرزدەكەنەوە دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە و هەندێكی دیكەشیان دژی سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب وەستانەوە و لەناو تەلاری پەرلەماندا بۆ ئەم سرودە هەڵنەستانەوە، لەمەش گرنگتر كاتێك دەنگۆی رووخانی رژێمی عێراق گەرم بوو، ئەوكات دەوڵەتی توركیا بەنیاز بوو بۆ رێگرتن لەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو كوردستانی باشوور داگیر بكات، هەموو كوردستانیەكان شاهیدی پەیامە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانین كە راشكاوانە بە هەموو جیهانی راگەیاند دەبێت هێزەكانی توركیا بەسەر لاشەی مندا ئەم بەشەی كوردستان داگیر بكەن، كوردستانیەكان شاهیدن ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی چ هەژانێكی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستكرد، بەڵام سەرەنجام ئەوەبوو لەبری ئەوەی كوردستان داگیر بكرێت، كوردستان خۆی بووە بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرۆسە سەربازیە نێودەوڵەتیەی كە ناوی لێنرا (ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق)، سەركەوتنی سەرۆك بارزانی لەم هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییانە و داڕشتنی دەستووری عێراق بەوجۆرەی كە دەستوور زامنی یەكپارچەیی عێراق بێت و بەبێ كورد نەتوانرێت دەسكاری مافەكانی كوردستان لەدەستووری عێراقدا بكرێت، بووە هۆكاری ئەوەی كە لەسەر ئاستی ناوەندەكانی توێژینەوە و لەلایەن هەندێك تۆژەری دژ بە كورد و كوردستانەوە، توێژینەوە لەسەر ئەوە بكرێت، تاچەند هەڵوێستەكانی مسعود بارزانی و هەنگاوەكانی بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، گۆڕانكاری لە جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە دروست دەكات، دوژمنان و ناحەزانی كورد چەند ساڵێك لەمەوپێش ئەم خاڵەیان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی دەخستە روو، ئەم هەنگاوانەی بارزانییان بە مەترسی لەقەڵەمدەدا:
1. ئێستا لە هەرێمەكەی بارزانیدا نەخشەی كوردستانی گەورە چاپ دەكرێت، ئەمەش واتە بەشێك لە ئێران و توركیا و سوریاش دەگرێتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە خەونی بارزانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی گەورەیە.
2. لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئاشكرا هەرێمی كوردستان بە باشوری كوردستان ناودەبرێت، ئەمەش مانای وایە كوردەكانی توركیا كوردستانی باكورن و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ گۆڕانكاری جیپۆلیتیكی گەورە لە ناوچەكە.
3. مسعود بارزانی بڕیاریداوە ئەو ئاڵایە لە هەرێمەكەی هەڵبكرێت كە ئاڵای كۆماری كوردستانە لە مهاباد، ئەو ئاڵایە هێمایە بۆ كوردستانی گەورە، ئەمەش مەترسی دروست دەكات.
4. مسعود بارزانی جێگەی پارتی كرێكارانی كوردستانی كردۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە مسعود بارزانی داڵدەی تیرۆریستان دەدات.
سەبارەت بەم خاڵە بەڕێز مسعود بارزانی چەند كەوتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆرست ناوبەرێت، ئەمەی نەكرد و مەرجی ئەوەی دانا، هەتا پەكەكە ئامادەباشی بۆ ئاشتی تێدا بێت ئەو رێكخراوە بە تیرۆریست ناو نابەم، هەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی بوو، ئێستا دەبینین پەكەكە خەریكە دەبێتە بەشێك لە پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوەی ئاشتیانە لە توركیا، توركیا راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی پەكەكە لە زیندانەوە وتووێژ دەكات.
ئەم قسانەی دوژمنانی كورد بۆ هەڵوێستەكانی بارزانی شاهیدن بۆ مێژوو، لەبەر ئەوەی دوژمنانی كوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بە تاوان دەزانن.
لەبەرامبەر ئەم قسانەی دوژمناندا، دۆستانی كوردستان بەشێوەیەكی دیكە بارزانی پێناسە دەكەن و دەڵێن:
1. بۆ كەسێك كە لەنزیكەوە مسعود بارزانی نەناسێت، دەكرێت ئەوەندە بڵێین مسعود بارزانی پێشمەرگەیە، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پاریس وایە بۆ فەرەنسا، هەموو رێگەكان دەچنەوە لای بارزانی.
2. لە كۆڕێكدا لەواشنتۆن گەورە دیپلۆماتكاری ئەمریكا مارتن ئەندیك بەمجۆرە پرسیاری لە بارزانی كرد: بەڕێز جەنابی سەرۆك پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی و هاوسەنگن، ئایا چۆن دەتوانین سوود لەو دیپلۆماتیەی بەڕێزت وەربگرین بۆ ئەمریكا؟
3. میدیاكانی فەرەنسا لەریپۆرتاژێكدا لەسەر كوردستان بەمجۆرە سەیری سەرۆكایەتی بارزانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن و نووسیوویانە: ئەو هەرێمەی بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەبواری پەرەپێداندا بەچكە پڵنگێكە خەریكە لە چیاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەشە دەكات و دەبێتە پڵنگێكی گەورەی ئابووری، ئەم دەستەواژەیە، دەستەواژەیەكی وەرگیراوە لە گەشەی ئابووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، كە پێیان دەگوتن پڵنگەكانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمەش مانای ئەوەیە ئاستی بەرەوپێشەوەچوونی پەرەپێدان لەهەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەو گەشە خێرایەیە كە لە وڵاتانی كۆریای باشور و تایوان و سەنگافورا بەدیهاتووە.
4. ئەوەی ئێستا هەموو كوردستانیەكیش دەیبینێت هەوڵەكانن بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كە بڕیارە مانگی دادێ لە هەولێر گرێبدرێت و نوێنەرانی هەموو ئەو دەوڵەتانەشی بەشێكی كوردستانیان پێوە لكێنراوە ئامادە دەبن، ئەمە بێجگە لە نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی كونسوڵخانەیان لەكوردستان هەیە و نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانیش.
ئاماژە كردن بەم چەند خاڵە بەراوردكارییە، ئەوجا چ ئەوانەی ناحەزانە دژی كورد و كوردستانن و چ ئەوانەی كە خۆیان بەدۆستی كورد دەزانن، هەموویان لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبنەوە كە مسعود بارزانی هەموو ژیان و پێشمەرگایەتی بۆ ئەوە بووە كە كورد بگاتە مافی چارەنووس و لەگەڵ هیچ نەتەوەیەكی خاوەن دەوڵەت جیاوازی نەبێت.

دەوڵەتیش هەر لەدەستی پارتی دێتەدی
لای بەڕێز مسعود بارزانی دەوڵەت یاسا و دامەزراوەیە، بۆیە ئەو هەنگاوانەی كە چەند ساڵە هەڵیگرتوون بونیادنانی دەوڵەت بووە لەڕووی یاسایی و لە چۆنیەتی بەدامەزراوەیی كردنی كوردستان، بۆیە لەم روانگەیەوە دەوڵەت دەبێت بناخەیەكی ئابووری بەهێزی هەبێت، خاوەنی هێزێك بێت جیهانی سەردەم رێزی لێبگرێت نەك وەك مەترسی سەیری بكات، هەر بۆیە ئاڕاستەی هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم ئامانجە گەورەیە وەك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەدیمانەیەكی تایبەتی گوڵان كە لە 11/10/2010 بڵاوبۆتەوە، پارتی بۆ ئەم ئامانجە گەورەیەی بارزانی یەك ریز و یەك ئیرادەیە، ئەمەش واتە پارتی ئێستا ئامڕازێكە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گەورەیە كە ئەویش بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی كوردستانە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا لە ژینگەیەكی دیموكراتی و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی بەهێز هەنگاوەكان چۆن ئاڕاستە دەكرێن؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە پێمان دەڵێت پێویستە دەنگ بە پارتی بدەین بۆ ئەوەی متمانەی گەل وەك هێزێكی لەبن نەهاتوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكەی بارزانی و پارتیش ببێتە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی ئەو دەسكەوتە مەزنە، پارتی كە خاوەن و بەشداری سەرەكی هەموو ئەو دەسكەوتانەیە كە لەماوەی 60 ساڵی رابردوو بۆ كوردستان بەدیهاتوون، ئێستا شایستەی ئەوەیە متمانەی پێبدەین بۆ ئەوەی دەوڵەتێك دابمەزرێنێت كە شایستەی خەڵكی كوردستان بێت، پارتی دەزانێت كێشەی دەوڵەتانی تازە پێگەیشتوو و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوونی دەوڵەتی باشە، واتە دەوڵەتی خاوەن دامەزراوەیی بەهێز، بۆیە نەتەوەكانی رۆژهەڵات ناتوانن پێكەوە بژین و ناتوانن بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان پێكەوە كۆبكەنەوە و پێكەوە پەرەی پێبدەن، لەم روانگەیەوە ئامانجی پارتی بۆ دامەزراندی دەوڵەتی كوردستان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری رق و كینە و پێكەوە هەڵنەكردنی نێوان كورد و تورك و فارس و عەرەبە، پارتی دەمێكە هەوڵی ئەوەی داوە دیالۆگی راستەوخۆ لەنێوان كورد نەتەوەكانی دیكە دروست بێت بۆ ئەوەی زەمینەی لێكتێگەیشتن و پێكەوە ژیان و هاوكاری و بازرگانی لەنێوان نەتەوەكان دروست بكات، بۆ ئەمەش ئێستای هەرێمی كوردستان باشترین نموونەیە كە هێشتا بەشێكە لە عێراقیش، بەڵام توانیوویەتی بەهۆی ئەو ئاڵووێرە بازرگانی و ئابوورییەی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دروست بووە، ئاڕاستەی تێڕوانینی كورد بۆ نەتەوەی تورك و، ئاڕاستەی تێڕوانینی نەتەوەی تورك بۆ كورد بگۆڕێت، تەنانەت حكومەتی توركیا كە هەتا ئێستاش دەستوورەكەی نەگۆڕیوە و هەر بەدەستوورە كۆنەكە وڵات بەڕێوە دەبات، ئێستا نەك گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە هەرێمی كوردستان و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا هۆكاری ئارامی و سەقامگیرین بۆ توركیا نەك هەڕەشە بۆسەر خاكەكەی، ئەمەش مانای ئەوەیە وەرچەرخانێكی گەورە لە قەناعەتی نەتەوەی تورك روویداوە بۆیە حكومەتی ئێستای توركیا دەتوانێت هەنگاو بۆ داڕشتنی دەستوورێكی نوێ هەڵبگرێت و ئاڕاستەكانیش بەوجۆرەن كە ئەو دەستوورە لەراپرسی دەردەچێت.
ئەم نموونەیە نیشانەی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان توانای بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكانی هەیە و دەشزانێت چۆن هەنگاوی جددی بۆ هەڵدەگرێت، بە تایبەتی كە ئێستا بارودۆخی ناوچەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەچێت و هەموو لایەك چاوەڕێی گۆڕانكاری گەورە دەكات، هەموو وڵاتان بەو وڵاتانەشی كە بەشێكی هەرێمی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بەبێ چارەسەركردنی كێشەی كورد ناوچەكە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
لایەنێكی دیكە ئەم ئامانجە گەورەیەی كە پارتی هەنگاوی گەورەی بۆ هەڵگرتووە دامەزراندنی ژێرخانێكی ئابووری گەورەیە بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە بتوانێت خۆی پێ بەڕێوەبەرێت، هاووڵاتیانی كوردستان باش لە بیریانە كە دەیانگوت ئەگەر مانگێك لە بەغداوە بودجە نەیەت، ئەوا هەرێمی كوردستان ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، بەڵام لەسایەی سیاسەتی حەكیمانەی پارتی و تەرجەمەكردنی ئەم سیاسەتە بۆ حكومڕانی باش لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی كێڵگە نەوتی و گازییەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەر خۆشی دەتوانێت نەوتەكە هەناردەی دەرەوە بكات و بیفرۆشێت و بەشە داهاتی خۆی لێ گلباتەوە و ئەوەی دیكەشی بنێرێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی، بوونی ئەم ئابوورییە سەربەخۆیە پارتی پشت راستكردۆتەوە كە دەتوانێت هەنگاو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت هەڵبگرێت ئەگەر لە كاتێكدا دەوڵەتی عێراق بە تەواوەتی پابەند نەبێت بەدەستووری عێراقەوە.
كەواتە ئەم راستیانە پێمان دەڵێن دروشمەكانی پارتی تەنها قسەی باق و بریق نین بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و فریودانی خەڵك، بەڵكو متمانەدان بە پارتی، لای پارتی بەرپرسیاریەتێكی مێژووییە و كاتێك دروشمێك بەرز دەكاتەوە ئەگەر نەزانێت ئەتوانێت جێ بەجێی بكات ئەوا لەخۆڕا بەرزی ناكاتەوە، بۆیە گرنگە لەم هەلە مێژووییەدا كە دەچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگ بە پارتی بدەین بۆ ئەوەی لە خەونی نەتەوەییمان نزیك بینەوە كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.
Top