ڤیتۆی روسیا و چین رێگری كرۆزی لە ئاسمانی سوریا پێ ناكرێت

ڤیتۆی روسیا و چین رێگری كرۆزی لە ئاسمانی سوریا پێ ناكرێت
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی بۆ ئەوە نەدا كە وڵاتەكەی بەشداری هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریا بكات، بەڵام جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند بەڵگەكان لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئاشكران، پێشتریش چاك هاگلی وەزیری بەرگری ئەمریكا فەرمانی كردبوو كەشتیە جەنگیەكان بەرەو سوریا نزیك ببنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەڵوێستی بەریتانیا كاریگەری نابێت و پێدەچێت ئێستا قسە لەسەر ئەوە نەبێت ئەم هێرشە دەكرێت یان نە، بەڵكو ئێستا باس لەوە دەكرێت شێوازی ئەم هێرشە چۆن دەبێت و ئەو ئامانجانە چین كە لەم هێرشە سەربازییە دەكرێتە سەریان، بۆیە لەم بارودۆخەدا كە پێش 48 كاتژمێر پشكنەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سوریایان بەجێهێشتوو گەڕانەوە، لەوانەیە هەر 48 كاتژمێری دیكەی پێویست بێت بۆ ئەوەی ئەو هێرشە دەست پێ بكات، ئەمەش لەو روانگەیەوە لانی كەم ئەم هێرشە پێویستی بەوەیە كە پشكنەرانی نێودەوڵەتی راپۆرتی خۆیان پێشكەش بكەن، ناوەڕۆكی ئەم راپۆرتەش هەر چیەك بێت، هێندە پاكانەی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی هێرشێكی سنوردار بكرێتە سەر رژێمەكەی ئەسەد و هەندێك لەتوانا سەربازییە ستراتیژییەكانی بە تایبەتی هێزی ئاسمانی رژێمی ئەسەد تێكبشكێنرێت.
ئەم هێرشە ئەگەر لە روویەكەوە سزادانی رژێمی ئەسەد بێت كە چەكی كیمیایی دژی گەلەكەی بەكار هێناوە، ئەوا لەڕوویەكی دیكەوە، باشترین رێگەیە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا كە مەترسیان هەیە چەكی زیاتر بدەن بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لەبری ئەوە توانا سەربازییەكانی رژێمی ئەسەد كەمبكەنەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگیەكی هێز لەنێوان رژێمی ئەسەد و چەكدارانی موعارزەی سوری دروست بێت، لەلایەكی دیكەش ئەم هێرشە سەربازییە لەبری ئەوەی بە پێدانی چەك بە موعارەزەی سوری زیاتر بارودۆخەكە بخاتە مەترسییەوە، ئەوا بە لێدانی توانا سەربازییەكانی ئەسەد، ئاستی شەڕەكە خاوتر دەكاتەوە و ژمارەی قوربانیەكانیش كەمدەبێتەوە، هەروەها ئەگەر یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم هێرشە سەربازییە تێكشكانی توانای هێزی ئاسمانی رژێمی ئەسەد و تێكدانی فڕۆكەخانەكان بێت، ئەوا لەم لایەنەشەوە سوریا لە یارمەتی دۆستەكانی كە هاوكاریی رژێمی ئەسەدیان دەكرد بەرێگەی ئاسمانی، ئەوا لەم لایەنەشەوە رژێمی ئەسەد لەوان دادەبڕێت و تواناكانی سنوردار دەكرێت.
لایەنێكی دیكە لەم هێرشە سەربازییە كە مەزندە دەكرێت كاردانەوەی جۆراوجۆی لەلایەن رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی بەدوای خۆیدا بێنێت، بە تایبەتی حزبوڵڵای لوبنانی، ئەگەر ئەوەی هێناوەتە ئاراوە، ئیسرائیلیش لەم شەڕەوە تێوە بگلێت و هەندێك وڵاتی دیكەش بە تایبەتی توركیا كە ئەندامی ناتۆیە، بۆیە لەم حاڵەتەدا لەوانەیە رای گشتی رۆژئاواش بۆ بەرپەرچدانەوەی كاردانەوەكانی رژێمی ئەسەد، هێرشی سەربازی دیكە بەدوای خۆیدا بێنێت، راستە هەندێك چاودێر و شرۆڤەوان رەچاوی ئەو مەترسیە دەكەن كە شەڕێكی ئیقلیمی لێبكەوێتەوە، بەڵام چەند بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بێت رووخانی رژێمی ئەسەد نزیكتر دەبێتەوە.
Top