هەنگاو هەڵگرتن بۆ كوردستانێكی گەشتر لەمتمانەدان بە پارتیيەوە دەست پێدەكات

هەنگاو هەڵگرتن بۆ كوردستانێكی گەشتر لەمتمانەدان بە پارتیيەوە دەست پێدەكات
ئەمڕۆ لە پایتەختی كوردستانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەكات
بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی بڕیارە ئەمڕۆ 2ی ئەیلوول لە هەولێری پایتەختی كوردستانەوە، كەرنەڤاڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێبكات، بۆیە ئەمڕۆ هەموو جیهان چاوی لە هەولێرە بۆ ئەوەی ئەو كەشی بێدەنگيیە بشكێنێ كە چەند رۆژێكە بەهۆی دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دروست بووە، ئەمڕۆ هەولێر سیمایەكی جوانتر بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دروست دەكات و بەجیهان رادەگەیەنێت، متمانە دەدەین بە پارتی لەبەر ئەوەی مەبەستمانە و گەلی كوردستان شایستەی ئەوەیە هەنگاو بۆ كوردستانێكی گەشتر و جوانتر و ئاوەدانتر هەڵبگرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرنامەیەكی فراوان و گشتیگیرەوە دێتە بەردەم جەماوەری كوردستان و بەڵێنی كوردستانێكی گەشتریان پێدەدات.

پەیامی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا و بە هاوپەیمانێتی لایەنە دڵسۆزەكانی كوردستان و بە پشتیوانی هاووڵاتیانی هەرێم چەندین سەروەری لە بواری سیاسی و حوكمڕانی و كۆمەڵایەتی و كولتووریدا تۆمار كردووە و شێلگیرانە كاری بۆ هەرچی زیاتر چەسپاندن و پەرەپێدانی دەستكەوتەكان كردووە و تێكۆشاوە بۆ لابردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی هاتوونەتە رێی كاروانی گەشەكردنی كۆمەڵگا و دۆزی رەوای كورد. بۆ ئایندەیش بەرنامەی نوێتری پێیە و لە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەدات.
پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پەڕی رێز و نەوازشەوە دەڕوانێتە ئەرك و ماندووبوونی هەموو ئەو كەسانەی مەینەتییان بۆ بەدیهێنانی ئازادی كێشاوە و لە دانانی بەردی بناغەی ئەمڕۆمان پشك و رۆڵیان هەبووە و بەتایبەتیش ئەو پێشمەرگە نەبەرد و رۆڵە بە ئەمەكانەی قوربانی بێشوماریان داوە و گیانی خۆیان فیدا كردووە.
ئێمە خەباتمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و مافەكانی خەڵك و بەدیهێنانی دیموكراسی و ئاشتەوایی كردووە، ئێستا و داهاتووش هەر ئەوە رێبازی خەباتمان دەبێ و تا گەڕانەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و چەسپاندنی سنووری راستەقینەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو رێبازە دەمێنین.
پارتی دیموكراتی كوردستان رابردوویەكی تۆماركراوی پڕ شانازییە لە سەرمەشقی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، هاوكات شارەزاییەكی سەلمێنراوی حاشاهەڵنەگرە لە بەڕێوەبردنی وڵات و بونیاتنانی كوردستانێكی مۆدێرن و پێشكەوتوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا سەربەرز و شەڕەفمەندە كە درێغی نەكردووە لە جێبەجێكردنی ئەو پەیمان و بەڵێنانەی كە لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا بە خەڵكی داون.
هاوكات بە دیدێكی واقیعیشەوە لەو كەموكورتییانە دەڕوانێ كە لە كۆی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانێتی و پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا هەن و لە رێی چارەسەركردنی هۆكارە بابەتی و خودییەكانەوە، كاری بەردەوام دەكات بۆ نەهێشتنیان. ئەمەیش لەپێناوی پێشكەشكردنی نموونەیەكی بەرچاو و زیندووی دیموكراسی و پێشكەوتن.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هۆی ئەم بەرنامەیەوە كۆششی بێ وچان دەكات بۆ پێشكەوتنی توانا ئابوورییەكانی كوردستان تا ببێتە پاڵپشتێكی بەهێزی برەودان بە پرۆسەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەكان و پتەوتركردنی ژێرخانی كوردستان و سوود بە دیهێنانی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و دابین كردنی پێویستییەكانی سیستمی پێشكەوتووتری پەروەردە و تەندروستی و رەخساندنی هەلی كار بۆ هەمووان و سنووردانان بۆ رێژەی بێكاری بە ئاراستەی ئەوپەڕی كەمكردنەوەیدا لە رێی هاندانی پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانەوە لەلایەن حكومەتی هەرێم و كەرتی تایبەتەوە. لەم سۆنگەیەشەوە بە مافی خەڵكی كوردستانی دەزانێ كە داهاتی نەوت و گاز و سامانە ئابوورییەكانی هەرێم بگەڕێنەوە قەڵەمڕەوی هەرێمی كوردستان، ئەوەیش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی راستەقینەی سیستمی فیدراڵی كە عێراقی نوێی لەسەر بونیاتنراوە.
لیستی پارتی لە خولی داهاتووی پەرلەماندا كار دەكات بۆ دابین كردنی مافە هاوتاكانی ئافرەتان و رەخساندنی كەشی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری بۆ گەشەكردنی تواناكانی لاوان.
لیستی پارتی شێلگیرانە رووبەڕووی گەندەڵی و قۆرخكاری و نادادپەروەری دەبێتەوە. زەمانەتی ئەوە دەكات كە ئەو هەڤاڵانەی لە جومگە جۆراوجۆرەكانی ئیدارەی وڵاتدا دەبنە كاربەدەست، راستگۆ و دڵسۆز و كراوە بن بە رووی داخوازییەكانی خەڵكدا و شەفافانە كار بكەن بۆ خزمەتكردنیان.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێی ئەم بەرنامەیەوە كار دەكات بۆ هەرچی زیاتر چەسپاندنی كۆڵەگەكانی مەدەنییەت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوه‌ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و پاراستنی ئەو سەقامگیری و ئارامییە كە باڵی بەسەر هەرێمدا كێشاوە.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دژی تیرۆر و توندوتیژییە و هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە لە عێراق و ناوچەكەدا و پشتیوانی چارەسەركردنی دیموكراتی و ئاشتییانەی دۆزی رەوای كورد دەكات لە هەر چوار پارچەكەی كوردستاندا.
لەپێناوی هەموو ئەوانەدا و لە ژێر دروشمی ( پێكەوە بەرەو كوردستانێكی گەشتر) لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كاردەكات بۆ بەدیهێنانی ئەم بەرنامە گشتگیرە:


لەبواری سیاسیدا

لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ئەوەی ئەو دەسكەوتانەی لەبواری سیاسیی بەدیهاتوون بە بەشێك لە ستراتیژيیەتی پارتی لە قەڵەم دەدات، لە هەمان كاتدا بۆ چوارساڵی داهاتووش لە بەرنامەیدایە كە جگە لە پەرەپێدانی ئەو دەستكەوتانەی هەتا ئێستا بەدیهاتوون كاربكات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە:
1. پەسەندكردنی دەستووری هەرێم لەسەر بنەمای كۆدەنگی نیشتمانی و رێكارە یاساییە ئسوڵییەكان و لەبەر رۆشنایی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی لەو نامەیەدا كە لەگەڵ تێبینی هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرۆژەی دەستوور، لە 12/6/2013دا ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە.
2. جێگیركردنی وادەی هەڵبژاردنەكان (پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم، ئەنجوومەنی پارێزگاكان) لە رۆژ و مانگی دیاریكراوی هەر چوارساڵ جارێكدا.
3. پەسەند كردنی یاسای دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی ئەم دەستە سەربەخۆیە.
4. هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەو جۆرەی كە لەگەڵ پەرەسەندنی كاركردنی پەرلەماندا بگونجێ.
5. پەسەندكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
6. پەسەندكردنی یاسای رێزلێنان لە پێشمەرگە تا ببێتە هەنگاوێكی دیكە لە پاڵ یاسای بەرپرسیارنەبوونی بەشداربووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لە رووی سزایی و شارستانییەوە.
7. فراوانتركردنی بازنەی ئازادییەكان لە كاری سیاسی و رێكخراوەیی و مەدەنی و ساندیكایی بە ئاراستەی هەرچی زیاتر فرەیی و چالاكتركردنی رای گشتی لە بەشداری و بڕیاری سیاسیدا. ئەمەیش هەمواركردنی یاسای حزب و كۆمەڵەكان و دابینكردنی بودجەی سەلمێنراو بە یاسا، دەخوازێ.
8. پاراستن و گەشەپێدانی ئازاديی رادەربڕین و كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا لەرێی گرێدانی چەمكی ئازادی بە چەمكی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتییەوە.
9. كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بە ئاراستەی رێگەگرتن لە دەستی دەستی پێكردنی ئەم مادەیە و دواخستنی پرۆسەی گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
10. پاراستنی ئەو دەستكەوتە دەستوورییانەی گەلی كوردستان لە عێراقدا بەدەستی هێناون و كاركردن بۆ جێبەجێ كردنی هەموو ئەو پرسە یاساییانەی لە نێوانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە.
11. كاركردنی بەردەوام بۆ سەركەوتنی ئامانج و بەرنامەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی و گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر بنەمای گوتاری ئاشتیخوازانەی كورد.
12. پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، لەسەر بنەمای دۆستایەتی و رێزگرتن لە سەروەريی یەكتر و دابینكردن و پاراستی بەرژەوەنديی هاوبەش.
13. برەودان بەو هەڵمەتانەی لە وڵاتان دەكرێن بۆ ناساندنی تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن كە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە دەرهەقی گەلی كوردستان كراون، وەكو تاوانی جینۆساید و زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانانەیش لەلایەن حكومەتی عێراق و ئەو كۆمپانیانەوە قەرەبوو بكرێنەوە كە چەكی كیمیایی و كۆمەڵكوژیان بە عێراق فرۆشتووە.



ئابووری و دارایی

لەبواری ئابووری و دارایی لەماوەی حكومڕانی پارتی و هاوپەیمانەكانی دەسكەوتی زۆر گەورە و گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە ژیانی خەلك هاتوونە ئاراوە، بەڵام بواری ئابوری و دارایی بوارێكی هەمیشە كراوەیە بەسەر گۆڕانكاری و پەرەسەندندا بۆیە چاوەڕوانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو دەستكەوتانەدا ناوەستێ و لیستەكەی لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا تێدەكۆشێ:
1. دەركردن یان هەمواركردنی هەموو ئەو یاسا و رێنمایی و بڕیارانەی سیاسەتێكی شەفافتر لە بواری ئابووری و دارایی مسۆگەر دەكەن و ئازادی چالاكيی ئابووری فەراهەم و پشتگیری بەرهەمی نیشتمانی و پیشەسازی خۆماڵی دەكەن و دەیانپارێزن.
2. دەركردنی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی زەوینەی رەخساندنی زۆرترین هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم مسۆگەر دەكەن و هاوكات چارەسەری بێكاری دەمامككراو دەكەن.
3. رووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەكانی گەندەڵی و پاراستنی گەشەی ئابووری لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
4. بۆئەوەی رابوونێكی ئابووری لەوەی ئێستا گەورەتر بەرپا بێ و گەشەكردن هەنگاوی باشتر بۆ پێشەوە بنێ و سەرمایەی نیشتمانی و بیانی راكێشرێن و ئاراستە بكرێن بەرەو بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، پێویستە یاسای وەبەرهێنان و ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بەم كایەوە هەیە هەموار بكرێنەوە.
5. كۆمپانیای پشكداریی لەم قۆناغەدا پێویستە و دەبێ كەشێكی یاسایی لەبار بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێ تا پاشەكەوتە بچووك و مامناوەندییەكان بە كار بهێنرێن و دەرفەتی كار و ئیشپێكردنی هێزی كاری ناوخۆ دروست ببێ و بازاڕی نەختینە لە هەرێمدا كارا ببێ.
6. دەركردنی ئەو یاسا و رێنمایی و بڕیارانەی پێویستن بۆ كارا كردن و سەر لە نوێ دامەزراندنەوەی پەیكەری كەرتی دارایی و بانكایەتی و متمانە پێ كردنەوەیان. زەوینە ساز بكرێ بۆ دانانی سیستمێكی بانكی هاوچەرخ بۆ بانكە پسپۆرییەكان لە هەرێمدا و بەستنەوەیان بە بانكە جیهانییەكانەوە.
7. دەركردنی ئەو یاسا و رێنمایی و بڕیارانەی پێویستن بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دامەزراوەكانی تەئمین بە هەموو جۆرەكانییەوە.
8. وەرگرتنەوەی مافی خەڵكی كوردستان لە قەڵەمڕەوی سامانی سروشتی و نەوت و گاز لە سیاسەت و كار و داهاتیدا بەو جۆرە كە بتوانرێ رێژەیەك لە داهاتەكەی مانگانە بدرێ بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.


وەبەرهێنان

پرۆسەی وەبەرهێنان، وەكو پرۆسەیەك بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوە و گەشەكردن خۆشگوزەرانی و درووستكردنی هەلی كار و جوڵاندنی بازاڕ و جموجوڵی بازرگانیدا بایەخی زۆری هەیە.
بەپێی ئامارەكانی وەبەرهێنان لە 1/8/2008 تا كۆتایی ساڵی 2012 مۆڵەت بە (508) پرۆژە دراوە بە گوژمەی (24 ملیار و 465 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی).
یەكێك لە دەركەوتە هەرە گرنگەكانی ئەم سێكتەرە گەشەكردن و زۆربوونی ژمارەی كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان بووە. ئێستا (12هەزار و 384 كۆمپانیای خۆماڵی) و (2 هەزار و 28 كۆمپانیای بیانی) لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، لە هەرێمدا كاردەكەن.
لەبەر رۆشنایی دەستكەوتەكان و بۆ هەرچی زیاتر سەلماندنی ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندە بەو بەڵێنانەوە كە لە بەرنامەكانیدا بە خەڵكی كوردستانیان دەدات، لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بەردەوام دەبین لە ستراتیجی هاندانی ئەو كەرتە. كار دەكەین كە بازنەی وەبەرهێنان هەموو كایە و بوار و سیكتەرەكان بگرێتەوە و زۆرترین دەستی خۆماڵی تێدا بكەوێتە كار و رۆڵێكی سەرەكی ببینێت لە كەمكردنەوەی بێكاری و پەیدابوونی هەلی كار. ئەو بوارە دەپارێزین لە قۆرغكاری و سوودی نابەجێ و كوالێتی خراپ، چی دیكە پێویست بێت لە ئاسانكاری بۆ هاندانی وەبەرهێنان دەیكەین.


كشتوكاڵ

لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكات لە پێناوی بە پیشەسازیی كردنی كشتوكاڵ بە گرتنەبەری ئەم رێكارانە:
1 - ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاو كە رەگی ژیانی كشتوكاڵە لە رێی دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ پاراستنی ئاو و رێگرتن لە بە فیڕۆچوونی، هەروەها درێژەدان بە درووستكردنی بەنداوی بچووك و مامناوەندی لە هەموو ئەو جێیانەی پێویستن بۆ گلدانەوەی ئاو و ئاودێری، جگە لە بایەخدانی زیاتر بە تۆڕەكانی ئاودێری و جۆگە و بیری ئیرتیوازی.
2 - بایەخی زیاتر دەدەین بە بانكی كشتوكاڵی و قەرزی بچووك و گەورەی بێ قازانج و درێژخایه‌ن و هەموو جۆرە ئاسانكارییەك دەخەینە خزمەتی جوتیاران و وەبەرهێنەرانی بواری كشتوكاڵی جگە لە دابینكردنی كەرەستەكانی زیادكردنی بەرهەم وەك ئامێری نوێ و خانووی پلاستیكی و سیستمی ئاودێری دەستكرد.
3 - بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵی خۆماڵی لە كێبڕكێی بەرهەمی بیانی و لە هەمان كاتیشدا بۆ سەرخستنی ئەو سیاسەتە هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ فراوانكردنی یەكەكانی بەرهەمهێنان بە دامەزراندنی كێڵگە و كۆمپانیای گەورەی كشتوكاڵی و دەربازبوون لە رووبەری بچووك و كەم بەرهەم، هاوكاتیش بەردەوام دەبین لە پشتگیری هەموو جۆرە پرۆژەو كێڵگەكانی پەلەوەر و ئاژەڵداری و هەنگ و ماسی و هەر جۆرە وەبەرهێنانێك لەو بوارانەدا.
4 - درێژەدەدەین بە جێبەجێكردنی یاسا و رێكارەكانی تەملیككردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی موڵكداری زەوییە كشتوكاڵییەكان و رێگرتن لە بەكارهێنانی ناپێویستی ئەو زەوییانە بۆ مەبەستی ناكشتوكاڵ.
5 - دوای هەڵمەتە فراوانەكانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدانی گوندەكان و پاش ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی وەك رێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانە بۆ زۆربەی هەرە زۆری گوندەكانی كوردستان دابینكران، لەمەودواش بەردەوام دەبین لەو هەڵمەتەدا و ئەوەی ماوە جێبەجێی دەكەین بەرەو گەیشتن بە ئامانجی نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان شار و لادێ كە هەم دەبێتە باشترین هاندەر بۆ پیشكەوتنی كشتوكاڵ، هەم ئەجردانەوەی گوندنشینانی كوردستانە كە هەمیشە پشت و پەنای شۆڕش و پێشمەرگە بوون لە رۆژە سەختەكانی خەباتدا.


پیشەسازی

ژمارەی پرۆژەكانی پیشەسازی(105) پرۆژەن لەهەر سێ پارێزگاكەدا بە سەرمایەی نزیكەی (4 ملیار دۆلار). پێشڤەچوونی كەرتی پیشەسازی ئەگەرچی هەنگاوی كەمتری ناوە لەچاو بوارەكانی دیكە، بەڵام بەشێوەیەكی رێژەیی ئەم پێشڤەچوونە بەرچاوە و ئومێدی زیاتری لێ دەكرێ. یەكێك لە دەرهاوێشتە گرنگەكانی پێشڤەچوونی كەرتی پیشەسازی درووستبوونی دەرفەتی كارە بۆ هێزی كاری هەرێمی كوردستان و لە نێوانی ساڵی 2004 تا 2012 رێژەی زیادبوونی كرێكار كە لەسەر كارن 180% بووە كە ئەمە رێژەیەكی زۆرە و رۆڵی لە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری هەیە.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كار لەسەر هەرچی زیادبوونی ژمارەی كارگەكانی پیشەسازی دەكات بە تایبەتیش ئەو سێكتەرانەی كە لەگەڵ خواستی بازاڕی كوردستاندا دەگونجێن و كەرەستەی خاویان لە هەرێمدا دەستەبەردەبن و توانای كێبڕكێیان لەگەڵ بەرهەمی دەرەوەدا دەبێ.


بازرگانی

بازرگانی سەرچاوەیەكی ئابووری گرنگە و لەبوژاندنەوەی كۆمەڵگادا بەشێوەیەكی كارا بەشداری دەكات. بۆیە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بایەخی زۆر بەم كەرتە زیندووە دەدات و دەیەوێت لە رێی دانانی یاسا و بڕیارەكانەوە جووڵەی زیاتر و دروستتر بدات بەم بوارە. لەم پێناوەدا كار دەكات بۆ:
1. دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە مەرزە سەرەكییەكان و دەڤەری دیكە لە هەرێمی كوردستاندا.
2. دەركردنی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرە بە فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دەزگای پێوانەكردن و كۆنترۆڵی جۆریی دەدەن و كارایان دەكەن.
3. هەمواركردنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە بازرگانی ناوخۆ و دەرەوە، لەوانە: یاساكانی بازرگانی، كۆمپانیاكان، یەكێتيی گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، هاوردەكردن و هەناردە و هی دیكە.
4. دەركردنی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی هاوسەنگی لەتەرازووی بازرگانی و تەرازووی پێدراوەكاندا دەكات و بەرهەمە نیشتمانییەكان لە كێبڕكێ دەپارێزن بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.



گەشتوگوزار

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە حكومەتی هەرێم بایەخێكی زۆری بەم كەرتە گرنگە داوە. كۆی ژمارەی پرۆژە گەشتیارییەكانی وەبەرهێنان 79 پرۆژەیە جێبەجێكراون بە گوژمەی 1ملیار و 952 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە 8% ی كۆی سەرمایەی وەبەرهێنان و لەم پرۆژانەدا براندی ناسراوی ناوچەكە و جیهان بەشدارن.
ئەركی سەرشانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە قۆناغی داهاتوودا بە وردی چاودێريی جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەم پرۆژانە بكات و سیاسەتگەلێك پێشنیار بكات كە پەرەی زیاتر بەم كەرتە بدات لە رێی:
1. دەركردنی بڕیار و رێنمایی تایبەت بە كێوماڵ كردنی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردن و پۆلین كردنی ناوچە گەشتیارییەكان لە هەرێمدا و سازكردنیان وەك سەرەتا بۆ بەكارهێنانیان.
2. دەركردن و هەمواركردنی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی پەیوەندیدارن بە پشتگیری كردن و هاندانی سەرمایەگوزاریی لە كەرتی تایبەتی گەشتیاریی بە جۆرەكانی گەشتیاری هاوینە و زستانە و ئایینی و شوێنەواریی.

نیشتەجێبوون

سێكتەری نیشتەجێبوون(166) پرۆژەی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەركەوتووە بە گوژمەی نزیكەی (13 ملیار و 657 ملیۆن دۆلار) كە (150هەزار و 205) یەكە دەگرێتە خۆ. لەم پرۆژانەدا (81 هەزار و 452) دانەیان خانوون. (54 هەزار و 251) شوقە و (14 هەزار و 502) ڤێلان. بەپێی زانیارییەكانی دەستەی وەبەرهێنان لە كۆی گشتی ئەم پرۆژانە نزیكەی (31) پرۆژەیان تەواو بووەكە كۆی گشتی یەكەكانی نیشتەجێبوونی تەواو بوو (27 هەزار و 570) دانەیە.
بەپێی یاسای ژمارە (7) ی ساڵی 2008 و یاسای هەمواركراوی ژمارە (16)ی ساڵی 2011 كە تایبەتن بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی كەم دەرامەت و دەرامەت سنووردار تا ئێستا كۆی ئەو یەكە نیشتەجێیانەی درووستكراون ژمارەیان (20 هەزار و 884) دانەیە.
هەموو ئەمانە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تا ئاستێك گرفتی نیشتەجێبوونی چارەسەركردووە، بەڵام تەواوكردنی پرۆژەكان دەبێتە یەكێك لە ئەركەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە پەرلەمانی داهاتوودا بە وردی بەدواداچوونیان بۆ دەكات،هەروەها لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرنامەیدایە لە چوار ساڵی داهاتوودا درێژە بەم هەڵمەتە بدات تا گرفتی نیشتەجێبوون بە یەكجاری بنەبڕ دەبێت، لەو سیاسەتەشدا زیاتر بایەخ بە دابەشكردنی عادیلانەی پرۆژە و یەكەكانی نیشتەجێبوون دەدات بەسەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێم و دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ لاوان كە ژیانی نوێ پێكدێنن و ماڵی نوێ دادەمەزرێنن.
لە پرۆژەكانی نیشتەجێبووندا، جگە لە خانووبەرە، هەروەها داینگە و باخچەی ساوایان و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و مزگەوت و یاریگا و باخچە و سەنتەری رۆشنبیری و بنكەی پۆلیس و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی شەقام و ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و سەوزایی و ماركێت هەن،بەڵام لە هەندێك لەو پرۆژانەدا هەموو ئەم خزمەتگوزارییە گشتی و كۆمەڵایەتییانە دەستەبەر نەكراون و سەرپێچی كراوە لە نەخشەی بنەڕەتيی پرۆژەكان كە پێویستە حكومەتی هەرێم لێپێچینەوە لەو سەرپێچییانە بكات و ئێمەیش لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواداچوونی تەواو بۆ ئەم كەیسانە دەكەین.


خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان
ا - كارەبا
كێشەی كارەبا یەكێك بووە لە كێشە قورسەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژ لە دوای رۆژیش لەگەڵ زیادبوونی حەشیمەت و كار و جموجۆڵی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە و فراوانبوونی شارەكان و پرۆژە جۆراوجۆرەكان، پێویستی هەرێم بۆ كارەبا چەند ئەوەندە زیاد بووە و كێشەكەیان قورستر كردووە. لەكاتێكدا بەرزترین رادەی پێداویستيی كارەبا لە ساڵی 2006دا تەنیا 1457 میگاوات بوو، لە ساڵی 2012دا گەیشتە 3488 مێگاوات و حكومەتی هەرێم توانیویەتی لەم پێداویستییە 2700 مێگاوات بەرهەمبهێنێ و لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، حكومەتی هەرێم توانی پلان بۆ چارەسەركردن و بەستنەوەی تۆڕی كارەبای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ بكات، بەمەیش كێشەی بەشێكی بەرچاوی ئەو ناوچانە چارەسەر كرا. لەوەیش زیاتر لە مانگی 6ی ساڵی 2012 دا بڕی 50 مێگاوات كارەبا درا بە پارێزگای موسڵیش، لەبەر رۆشنایی ئەو زانیارییانە دروستە كە بگوترێ لە ماوەی ساڵانی حوكمڕانێتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانیدا، هەنگاوی شایانی باس نراون بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا. ئەركی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە:
1. بە وردی چاودێريی جێبەجێكردنی ئەم پلان و قۆناغانە بكات.
2. دەركردنی یاسا و تەرخانی بودجەی پێویست بۆ پەرەپێدان و فراوانكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا.
3. تەواوكردنی پرۆژەی دانانی پێوەری زیرەك.
4. كەمكرنەوەی نرخی یەكەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان.
ب - سێكتەری رێگاوبان
ئەم سێكتەرە كە شادەماری پێكەوە گرێدانی شارو شارۆچكە و گوند و هەموو چالاكییە ئابووری و ژیارییەكانە لەناوخۆدا و ناوخۆیش بە دەرەوە، جێی بایەخی زۆری دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
داتاكان بۆمانی دەسەلمێنن كە چەندەها پرۆژەی ستراتیژی لەم بوارەدا جێبەجێ كراون و چەندی تریش بەڕێوەن. كۆی ئەم پرۆژانە لە ماستەرپلانی تۆڕی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە كە بارودۆخی رێ و بان و پرد و تونێلەكانی ئێستای هەرێم دیاری دەكات و دەستنیشانی پێداویستییەكانی هەرێم لە رووی درووستكردنیانەوە تاكو ساڵی 2030 لە چوار قۆناغدا كە هەر قۆناغێكی 4 ساڵ دەخایەنێ و درووستكردنی رێگای دوو ساید و یەك ساید و پرد و تونێل دەگرێتەوە.
ئەركی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە:
1. لە نزیكەوە چاودێری جێبەجێكردنی ئەم ماستەر پلانە بكات.
2. هانی حكومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان بدات كە لە كاتی دیاریكراودا، پرۆژە دیاریكراوەكان تەواو بكەن.
3. ئەنجامدانی پرۆژەی های وەی لەنێوانی هەموو شارەكانی هەرێم و خاڵە سنوورییەكان.
4. درووستكردنی هێڵی شەمەندەفەر بۆ پێكەوە بەستنی شارەكانی هەرێم بە بەغداد و كەركووك لەلایەك و گرێدانەوەیان بە تۆڕی توركیا لە لایەكی ترەوە.
ج - گواستنەوە و گەیاندن
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەرێمی كوردستان پەرەسەندنی گەورەی لە سێكتەری گواستنەوە و گەیاندندا كردووە و ئێستا هەرێم لە رێی دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بە جیهانەوە بەستراوەتەوە و فڕۆكەخانەی دهۆكیش لە تەواو بووندایە. ئەمەیش هۆكارێكی گرنگە لە گەشەكردن و پێشكەوتنی هەرێم بەگشتی لە رێی جموجۆڵی گەرم و خێرای بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتیارییەوە.
د. سێكتەری سووتەمەنی
لە بواری سووتەمەنیدا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانەدا كە هەندێك جار دەبنە هۆی بەرزو نزمی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكاندا ئەویش لە رێی:
1. كاركردن بۆ باشتركردنی كوالیتی بەرهەمە پاڵاوتووەكانی خۆماڵی و زیاتركردنی توانای بەرهەمهێنانیان.
2. دابەشكردنی نەوت وەكو پێویستییەكی ژیاری بە شێوەیەكی شارستانی و بە بڕێكی زیاتر بەسەر هاووڵاتیاندا.
3. گەیاندنی گاز بە ماڵان لە رێی تۆڕی دابەشكردنەوە.
4. كۆنترۆڵكردنی نرخ و كوالیتی سووتەمەنی.
هـ. سێكتەری شارەوانی
ئەم سێكتەرە رووبەڕووە لەگەڵ ئەو كێشانەدا كە هەر ئێستا بوونەتە كێشەی جیهانی بەتایبەتی لەوانەدا كە پەیوەندیدارن بە دابینكردنی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی مرۆیی و دروستكردنی ئاوەڕۆ و پاككردنەوەی شاروشارۆچكە و گوندەكان و دەڤەرەكان لە خۆڵ و خاشاك و پاشەڕۆ لە پێناوی پاراستنی ژینگە بە گشتی و ژینگەی ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی. بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بایەخێكی زۆرەوە كار بۆ پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئەم سێكتەرە و فراوانكردنیان دەكات.
ئەركەكانی درووستكردنی شەقام و پرد و تونێل و قیرتاوكردن و كۆنكرێت كردنی كۆڵانەكان و رێكخستنی چوارڕییانەكان. درووستكردنی باخچە و پارك و ناوچەكانی سەوزایی و چاندنی دارو درەخت و گوڵ و گوڵزار لە شوێنە جۆراوجۆرەكان و ناوەندی شەقامەكان. دابین كردنی زەوی و زار بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و كارگەكان و پیشەوەران و دابەشكردنیان بە سەر هاووڵاتیاندا. ئامادەكردنی ماستەرپلان بۆ فراوانكردنی شار و شارۆچكەكان و دابەشكردنی رووبەرەكانیان بەسەر خانوبەرە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا و گرنگیدان بە شوێنەوارە دێرینەكان و پاراستن و نۆژەنكردنەوەیان، دەكەونە ناو ئەم سێكتەرەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەشێكی گرنگی ئەركی خۆی دەزانێ و كار دەكات بۆ پەرەپێدان و دەستكەوتی زیاتر تێیدا، هەروەها لیستی پارتی كار دەكات لەپێناوی:
1 - فراوانكردنی شارەكان بەپێی پلانی زانستی و پێداویستی هەنووكەیی و درێژخایەن لەگەڵ دابینكردنی هەموو خزمەتگوزارییەكانی شەقام و كۆڵانی قیرتاوكراو و كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و ناوچەی سەوزایی.
2 - بایەخدان بە شاری ستوونی و هاندانی هاووڵاتیان بۆ ژیان بەسەر بردن لە ئاپارتماندا.
3 - كاراكردنی هەموو ئەو یاسا و بڕیار و رێنماییانەی ئاوی پاكژ لە زیادە سەرفكردن و بە هەدەردانی دەپارێزن و وەرگرتنی كرێی ئاوی سەرفكراو رێكدەخات و سزای سەرپێچی كارانی دەدات.
4 - تەواوكردنی پرۆسەی گەڕانەوە بۆ گوندەكان لە رێی ئاوەدانكردنەوە و دابین كردنی پێویستییەكانی ژیانی هاوچەرخانە و كاركردن لە كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمهێنان بەشێوازی زانستی و هاوچەرخ.
5 - دانانی یاسای تایبەت بە سەپاندنی درووستكردنی رووبەری سەوزایی لەناو خانووبەرە و ئاپارتمان و كۆڵان و شەقام و بەردەمی دوكان و ماركێتەكان و سزادانی هەموو ئەوانەی سەرپێچی دەكەن.
6 - دانانی سیستمی ریسایكلین بۆ رزگاربوون لە خۆڵ و خاشاك و سوود وەرگرتن لێیان.


پەروەردە و خوێندنی باڵا
لە ماوەی ساڵانی (1992-2013) لە بواری باخچەی ساوایانەوە تا پەیمانگا و زانكۆكان بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەیان كردووە پایەكانی پەروەردە و خوێندن لە پرۆگرامی خوێندن، سیستمی خوێندن، مامۆستا، ئیدارە و باڵاخانەوە گۆڕانكاری ئەرێنی زۆریان تێدا روویداوە.
تەنیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم پێشكەوتن و پەرەسەندنانە لە بواری پەروەردە و خوێندندا روویانداوە:
- 329 هەزار و 656 قوتابی زیادی كردووە. ئەم زیادبوونە پێویستی بە دروستكردنی بینایەی زیاتری قوتابخانە و زیادبوونی مامۆستا و كارمەند و كتێبەكانی پرۆگرام و كەلوپەل و پێویستییەكانی دیكەی خوێندن هەبووە.
- لەماوەی 4 ساڵی رابردوودا 439 بینایەی خوێندن لە ئاستە جیاجیاكانیدا زیاد بوون. واتە ساڵانە بە تێكڕایی 109 بینایەی نوێ بۆ خوێندن درووستكراوە.
- لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 15هەزار و 931 مامۆستا دامەزرێنراوە كە ساڵانە دەكاتە نزیكەی 4 هەزار مامۆستا بۆ قۆناغە جیاجیاكانی خوێندن. واتە ساڵانە بە تێكڕایی 4 هەزار دەرفەتی كاركردن لە بواری پەروەردەدا بۆ لاوانی هەرێم و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان رەخسێنراوە.
- پرۆسەی قەڵاچۆكردنی نەخوێندەواری و فێركردنی گەوران بەردەوام بووەو هەر لە هەڵكشانیشدابووە. بەو هۆیەوە توانراوە رێژەی نەخوێندەواری كە لە ساڵی 2004دا 34% دا بووە، لە ساڵی 2012 دا دابەزێنرێ بۆ 16% . بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردەیش تا ساڵی 2015 ئەم رێژەیە دادەبەزێنرێ بۆ 7%.
- لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 92 ملیۆن و 284 هەزار و 767 كتێبی پرۆگرامەكانی خوێندن چاپكراوە.
سەبارەت بە خوێندی باڵاش خوێندنی باڵا لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستا گەشەكردن و پەرەسەندنی زۆری بەخۆیه‌وە بینیووە. بەجۆرێك كە ئێستا جگە لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس، هەزاران قوتابی پلەی ماستەر و دكتۆرایان وەرگرتووە، یان لە قۆناغی تەواوكردندان. لە ساڵی (1991)دا تەنیا یەك زانكۆ (زانكۆی سەڵاحەدین) و سێ پەیمانگای تەكنیكی هەبوون و لەو كاتەوە تا ئێستا ئەم بوارە بەردەوام گەشەی كردووە. لە نێوانی ساڵانی 2003 تا 2012 زانكۆكانی هەولێری پزیشكی، زانكۆی كۆیە، زانكۆی سۆران، زانكۆی زاخۆ، زانكۆی هەڵەبجە، زانكۆی گەرمیان و زانكۆی راپەڕین لە نوێ كراونەتەوە و ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا (11) زانكۆی حكومی كە (58) كۆلێژیان هەیە (64432) قوتابی تێیاندا دەخوێنن، (5198) مامۆستا بە پلەكانی ماجستێر و دكتۆرا و پرۆفیسۆر وانەیان تێدا دەڵێنەوە. (24) پەیمانگای حكومی هەیە، (30060) قوتابی تێیاندا دەخوێنن، (622) مامۆستا وانەیان تێدا دەڵێنەوە.(3) كۆلێژی تەكنیكییش هەیە. لەپاڵ ئەمانەدا (11) زانكۆی ئەهلی بە كۆلێژ و پسپۆریی جیاجیاوە لە هەرێمدا كراوەیە. (14500) قوتابی تێیاندا دەخوێنن. (409) مامۆستا وانەیان تێدا دەڵێنەوە.
بەرنامەی تواناسازی بەرنامەیەكی پەرەسەندووی خوێندنی باڵایە و ساڵانە 120 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە. ئەوەیش بۆتە دەرفەتێكی زێڕینی كراوە لەبەردەم هەزاران لاوی هەرێمدا بۆ ئەوەی بڕوانامەی ئەكادیمی باڵا لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهاندا وەرگرن. تاكو ئێستا بۆ وەرگرتنی بڕوانامەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا، لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم (2231) قوتابی چوونەتە بەر خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات، هەروەها لە ساڵی ئایندەیشدا 3 زانكۆی پۆلی تەكنیكی لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم دەكرێنەوە لە جێگای هەردوو دەستەی خوێندنی تەكنیكی هەولێر و دهۆك.
سەرباری ئەم دەستكەوتانه‌ش، بەڵام بواری پەروەردە و خوێندن بوارێكی هەمیشە كراوە دەمێنێ بەسەر گۆڕانكاری و پێشكەوتن و هەڵكشانی زیاتردا، بۆیە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناوی درووستكردنی ژینگەی لەبار بۆ پێشكەوتن و پەرەسەندنی زیاتری ئەم بوارە ئەم بەرنامەیە دەكاتە ئەركی سەرشانی خۆی:
1 - هەڵمەتی نیشتیمانی بەرفراوان دەستپێدەكەین بۆ درووستكردنی زیاتری قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەی ئەوانەی كە هەن.
2 - كار دەكەین بۆ بەرزكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی مامۆستایان لە هەموو ئاستەكانی خوێندن.
3 - كار دەكەین بۆ بەكارهێنان و پەرەپێدانی تەكنەلۆژیای زانیاری لە هەموو بوار و قۆناغەكانی خوێندن لە كوردستان، لە قۆناغە سەرەتاكانی خوێندنەوە تا خوێندنی باڵا، بە جۆرێك لەگەڵ رەوتی تیژڕەوی پێشكەوتنەكانی سەردەم بگونجێت.
4 - كار دەكەین بۆ سەربەخۆیی زانكۆكان لە رووی ئەكادیمی و پیشەییەوە.
5 – كار دەكەین بۆ رێزگرتن لە حەرەمی زانكۆ و دەستوەرنەدان لە كاروباری زانكۆ.
6 - كار دەكەین بۆ تەرخانكردنی بودجەی تایبەت و بەرزتر بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و سوود وەرگرتن لە ئەنجامی توێژینەوەكان لە بوارە پسپۆرییەكاندا.
7 - بە سیستەمی قبوڵی مەركەزیدا دەچینەوە، بەجۆرێك كە لەگەڵ ئاستی قوتابیان و پەرەپێداندا بگونجێت و قوتابیان لەو بەش و زانكۆیانە وەربگیرێن كە لەگەڵ ئارەزوویاندا دەگونجێت.
8 - قوتابیان هان دەدەین بۆ فێربوونی زمانانی دیكە، بەتایبەتی زمانە زیندووەكانی جیهان، بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە سەرچاوە و شارەزاییە گرنگەكانی جیهان.
9 - پەرە بە سیستەمی تواناسازی دەدەین بۆ ناردنە دەرەوەی قوتابیان و هەوڵ دەدەین بە شێوازێكی باشتر رێكی بخەینەوە.
10 - ئەكادیمیستەكان هان دەدەین بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین.
11 - هاوكاری دەزگاكانی خوێندنی باڵا دەكەین و پەرە بە كوالێتی خوێندن لە زانكۆ ئەهلییەكان دەدەین.
12 - پەرە بە شێوازی بەزركردنەوەی پلەی زانستی لە زانكۆكان دەدەین بە جۆرێك كە لەگەڵ پێوەرە زانستییە جیهانییەكاندا بگونجێت.
13 - پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان درووست دەكەین و هەوڵ دەدەین سوود لە شارەزاییەكانیان وەربگرین.


شەهیدان و ئەنفالكراوان

لە بواری خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیداندا، وێڕای كاركردنی بەردەوام بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و هێنانەوەی روفاتەكانیان و سەرلەنوێ بە خاكسپاردنەوەیان لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها مووچەیەكی شایستە و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابینكراوە و هەلی خوێندن بۆ كوڕ و كچانی شەهیدان فەراهەم كراوەو 100% تێچووی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنیان لە زانكۆ ئەهلییەكانیش لە ئەستۆ گیراوە. ئەركی چارەسەركردن و رەوانەكردن بۆ نه‌خۆشخانەی ئەهلی یان بۆ دەرەوەی وڵات و خەرجی دەرمانی كەسوكاری شەهیدان و جینۆساید و بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و زیندانیانی سیاسی لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە.
زیندانیانی سیاسی وەكو توێژێك لە قوربانیانی سیاسەتی نەگریسی بەعس ماف و ئیمتیازی تایبەت بە خۆیان و منداڵەكانیان دابینكراوە.
بۆ بەرز و بەڕێز راگرتنی شوێنی شایستەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و قوربانیانی سیاسەتەكانی بەعس، هەنگاوی باش نراوە، بەڵام هێشتا كاری زۆرتریش ماوە كە لیستی پارتی بە ئەركی خۆی دەزانێ تەواویان بكات:
1. بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی راگواستن و ئەنفال و كیمیاباران لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
2. فشار خستنە سەر حكومەتی عێراق و هەموو ئەو كۆمپانیانەی چەكی كۆمەڵكوژیان بە حكومەتی بەعس فرۆشتووە كە قوربانیانی ئەو تاوانانە قەرەبوو بكەنەوە.
3. تەواوكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەرزتر كردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانیان.


ئاسایش

یەك لە شانازییە هەرە مەزنەكانی هەرێمی كوردستان پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیانی كوردستان و دابینكردنی ئەو ئاسایش و سەقامگیری و ئارامیەیە كە خەڵكی كوردستان لە سایەیدا بە ئاسودەیی دەژین، ئەمەش لە هەرێمێكدا هاتۆتەدی كە وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دراوسێمان و ناوچەكە بە گشتی لە ژێر هەڕەشەی تیرۆردایە.
پەسەندكردنی یاسا و دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی دەزگا ئەمنییەكان و یەكخستنی یەكەكانی پێشمەرگەی كوردستان كە لە ساڵانی رابردوودا بەئەنجام گەیشت هۆكارێكی گرنگی ئەو سەقامگیرییە بووە و بۆیەش بەردەوام دەبین لەسەر هەرچی زیاتر پتەوكردنی ریزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و تێكڕای ئاسایش پارێزانی وڵات.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكات بۆ:
1. پتەوتر كردن و كاراتركردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
2. بەرزكردنەوەی مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتی هەموو هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە و هاوتا كردنەوەی ئیمتیازات و خانەنشینیان لەگەڵ هاوپۆلەكانیان لە عێراق.
3. دابینكردنی بەشە بودجە و كەلوپەل و چەك و تەقەمەنی و هەموو پێداویستییەكانی دیكەی هێزی پێشمەرگە لە حكومەتی فیدراڵەوە.
4. بەرزكردنەوەی ئاستی كارامەیی و پسپۆری هەموو ئەم هێزانە لە رێی كردنەوەی خولی تایبەت و ناردنی كادیرە لێهاتووەكانیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەشداریكردن لە خول و خوێندن لە پەیمانگا و زانكۆ پسپۆرییەكاندا.


كار و كاروباری كۆمەڵایەتی

أ - سێكتەری كار
یەكێك لە گرنگترین سێكتەرەكانی ئەم بواره‌، كاره‌. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە چالاكانە كار دەكات بۆ:
1. هەمواركردنی هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە كار و مووچە و كرێ و گوزەران و سەلامەتی پیشەیی كرێكارانەوە.
2. دەركردنی یاسا و بڕیاری پێشكەوتنخوازانە لە هەر بوارێكدا كە هێشتا یاسای بۆ دەرنەكراوە.
3. پەرەسەندن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان و جووڵەی بازاڕی كار، ئەركی ئەوە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم كە ستراتیژێكی گونجاوی بۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و بوارە جیاجیاكانی چالاكی ئابووری لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاریی و گەشتیاری هەبێ، بۆ ئەوەی سوودی تەواو لە هێزی كار و سامانی مرۆیی كوردستان وەرگیرێ.
4. دۆزینەوە و فەراهەمكردنی دەرفەتی راستەقینەی كار كە بتوانێ هێزی كاری هەرێمی كوردستان بخاتە مەیدانی كاركردنەوە و رێژەی بێكاری و بێكاری دەمامك كراوی ناو دامەزراوەكانی حكومەتیش كەم بكاتەوە.
ب - سێكتەری بێكاری
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستاندا لە نێوانی ساڵی 2007 كە (14%) دا بووە لە ساڵی 2012دا دابەزیوە بۆ (7%). ئەگەرچی ئەم رێژەیە وەها دیارە كە رێژەیەكی كەمە، بەڵام بۆ كۆمەڵگایەكی وەكو كۆمەڵگای كوردستان كە بە قۆناغی ئینتیقالیدا تێدەپەڕێ و سەرقاڵی بونیاتنانی ژێرخان و دانانی كۆڵەگەكانی گەشەپێدانە و پێویستی بەوەیە كە هەموو هێزی كار بخاتە مەیدانەكەوە، رێژەیەكی زۆرە. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێ شێلگیرانە لەم سێكتەرەدا كار بكات.
بێگومان سیاسەتی پاڵپشتیكردنی پرۆژە بچووكەكان بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و بێكاران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و ئەو لاوانەی بڕوانامەیان نییە، لە رێی پێدانی قەرزەوە، رۆڵی لەم دابەزینەدا هەبوو. لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان قەرز بە (3821) كەس دراوە بە گوژمەی 41ملیار و 297 ملیۆن و 100 هەزار دینار. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێ كە:
1. ئیش لەپێناوی فراوانكردن و پەرەپێدانی ئەم سیاسەتەدا بكات و بنكەی مەشق و راهێنانی زۆرتر و لەبواری جیاجیادا بكاتەوە و لە خوێندنیشدا بایەخی زۆرتر بە خوێندنی پیشەیی بدات كە كادیری كردەنی بۆ بازاڕی كار ئامادە دەكات.
2. دەركردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی هێنانی كرێكاری بیانی و مەرجدار دەكات بە پسپۆری و شارەزایی زۆر تایبەتدا.
3. دەركردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی كۆمپانیا بیانیاكان پابەند دەكات بە بەگەڕخستنی هێزی كاری ناوخۆ.
4. هاندان و پشتیوانی كردنی كەرتی تایبەت لە رێگەی هەمواركردن و كاراكردن و پەسەندكردنی هەردوو یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و یاسای راژەی شارستانی و خانەنشین ژمارە 39.
ج - سێكتەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی بەشەكانی ئەم سێكتەرە گرنگانەی بواری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، كار دەكات لەپێناوی:
1. پەسەندكردنی یاسای بەساڵاچووان كە پرۆژەكەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.
2. زیادكردنی خانەكانی بێ سەرپەرشتان و بەساڵاچوان و دامەزراندنەوەیان بەپێی ستاندارە جیهانییەكان لەبواری چاودێری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا.
3. بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و راهێنان و شیاندن لە پەیمانگاكانی كەمئەندامان لە رێی بەرزكردنەوەی ئاستی پرۆگرام و ئامرازەكانی خوێندن و راهێنان بۆ ئاستی ستاندەری جیهانی، هەروەها لە رێی زیادكردنی بودجە و ژمارەی دامەزراندنی مامۆستا و راهێنەران و كارمەندان بۆیان.
4. سیستمی بیمەی بێكاری بكرێتە سیستمێكی چەندجارە كە پەیوەندیداربێ بە جارانی بێكار بوونی كەسەكەوە بەو مەرجانەی بۆ دیاریكردنی بێكار دانراون.
5. هەمواركردنەوەی یاسای كەمئەندامان بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان و ئەو هەڵكەوتە كۆمەڵایەتییەی كۆمەڵگاكەمان هەیەتی و لەگەڵ داخوازییەكانی ئەم توێژە كۆمەڵایەتیەدا زیاتر بگونجێ.
6. هەموار كردنەوەی یاسای سزادان و گرتنەبەری رێكاری توندوتۆڵتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانی و هێنان و بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان.
7. دامەزراندنی بنكەكانی چارەسەركردنی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەكان كە بە هەماهەنگی لەنێوانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەپێناوی شیاندنەوەی كۆمەڵایەتیاندا.



تەندروستی و ژینگەپارێزی

لە بواری خزمەتگوزاریی تەندروستیدا لە ساڵانی رابردوودا توانراوە پێشڤەچوونێكی رێژەیی بەرچاو دابین بكرێ. ئەم خزمەتگوزارییە چەند بوارێك لە خۆ دەگرێ وەكو:
- بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی خزمەتگوزاری تەندروستی لە بواری چارەسەركردنی نەخۆشییەكان لەلایەن پزیشك و پەرستیاران و كارمەندانی تەندروستی و دەرمانسازان و هەموو ئەو هێزە مرۆییەوە كە لەم بوارەدا كار دەكەن.
- دابینكردنی تەندروستيی گشتی و هوشیاريی تەندروستی و پاراستنی.
- درووستكردنی پرۆژەكانی تەندروستی لە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بەم كەرتەوە.
بواری ژینگەپارێزی بوارێكی یەكجار گرنگی سەردەمیانەیە كە نەك تەنیا پەیوەندی بە ژیانی نەوەكانی ئەمڕۆوە هەیە بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ ئایندەی نزیك و دوور و ژیانی نەوەكانی داهاتوو دیاری دەكات، هێزی تایبەتی زێرەڤانی هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و دارستانەكان و بە یاسا كارەكانی رێكخراوە و راوكردن و كوشتنی ئاژەڵ و باڵندە و بڕین و سووتانی دراستانەكان پیسكردنی سەرچاوەكانی ئاوی رووبار و جۆگەكان قەدەغە كراوە و بەردەوام رووبەری سەوزایی لەناو شارو شارۆچكەكان و دەوروبەریاندا زیاد دەكرێ و رێنمایی تایبەت بە كارگەكان دەدرێ و دەخرێنە ژێرچاودێرییەوە، بەڵام هەم لە بواری تەندروستیدا و هەم لە بواری ژینگەپارێزیدا هەنگاوی زۆرتر ماون بهاوێژرێن، بۆیە بەڵێن دەدەین چاو بە سەرتاپای سیستمی تەندروستی و ژینگەپارێزیدا بگێڕینەوەو كەم و كورتییەكانی چارەسەر بكەین. بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی هەیە بە:
1. ژمارەی نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی و پزیشك و كارمەندان و پەرستیارانەوە.
2. دەرفەتی زیاتر بۆ كردنەوەی نه‌خۆشخانەی ئەهلی دەڕەخسێنین بەپێی ژمارەیەك رێنمایی لە بابەتی كوالیتی و ئاستی خزمەتگوزارییەكان و نرخەوە.
3. پێویستە سیستمی هاوردەكردن و كوالیتی دەرمان و كەرەستە و ئامێرەكانی تەندروستی و شێوازی بەكارهێنانیان بخرێنە ژێر كۆنترۆڵێكی توند و سەردەمیانە كە لەگەڵ ستانداردی جیهانی یەكبگرنەوە.
4. بە ستاندارد كردنی یاسا و رێنمایی و رێكارەكانی ژینگەپارێزی لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییەكان.
5. بەرزتر كردنەوەی سزا و رێكارە یاساییەكان دەرهەق بە سەرپێچیكاران لە هەموو سێكتەرەكانی راوكردنی ئاژەڵان و بڕینی دار و دارستانەكان و پیسكارانی ئاو.
6. دەركردنی یاسا یان بڕیارێك كە هەموو خاوەن ماڵێك و خاوەن دوكانێك یان ماركێتێك یان هەر بەرژەوەندییەكی دیكەی لەو جۆرانە ناچار بكرێ دار و دەرخت و سەوزایی و گوڵ و گوڵزار لە بەرژەوەندییەكەیدا بڕوێنێ و سەرپەرشتی بكات.
7. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پرۆژەكانی كەمەرەی سەوزایی شار و شارۆچكەكان دەكەین و دووپاتی درووستكردن و سەرپەرشیكردنیان دەكەینەوە.


ئافرهتان و منداڵان

بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانی ئافره‌تان و منداڵان لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكات بۆ ئەم ئامانجانەی خوارەوە:
1. هەموار كردنەوەی هەموو ئەو ماددە و بڕگانەی لە یاسا كارپێكراوەكاندا جیاكاری لە نێوانی نێر و مێدا دەكەن.
2. كارا كردنی هەموو ئەو ماددە یاساییانەی سزای بكوژانی ئافره‌ت دەدەن بە بیانووی نامووس پەرستی.
3. دابینكردنی بیمەی تەن?
Top