كۆڕەوی كوردستانی رۆژئاواپەیامی نەتەوەیەك بۆسەدەی بیست و یەك
August 28, 2013
راپۆرتەکان
كێشەی كورد كێشەی نەتەوەییە
دوژمنانمان دژی كوردبوونمانن
بۆ ئێستا زۆر گرنگە كۆڕەوی كوردستانی رۆژئاوا، لەگەڵ هۆكاری ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی عەرەبی سوریا بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا تێكەڵ نەكرێت، لەبەر ئەوەی هۆكاری ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی عەرەبی سوریا هۆكارێكە و ئەنجامدانی كۆڕەوی چەند سەد هەزاری كوردی رۆژئاواش بۆ باشوری كوردستان هۆكارێكی دیكەیە، جیاكردنەوەی ئەم دوو هۆكارە لەیەكتری دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی كێشەی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا سەیری ئاییندەی بارودۆخی سیاسیی سوریا بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، ئەگەر ئێستا جیهان چارەسەری كێشەی سوریا بە شێوەیەكی گشتی لە رووخانی رژێمی ئەسەد كۆبكاتەوە، ئەوا راستە رووخانی رژێمی ئەسەد بۆ كوردیش وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكەی سوریا گرنگە، بەڵام پرسی سەرەكی لێرەدا ئەوەیە بە تەنیا بە رووخانی رژێمی ئەسەد، كێشەی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا چارەسەر ناكرێت و، هەروەك چۆن ئیستا كورد رووبەڕووی شاڵاوی دڕندانەی ئیسلامیە توندڕۆكان بۆتەوە، ئەوا هیچ دوور نییە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدیش ئەوەی لەسەردەمی رژێمی ئەسەد كورد بەسەری هاتووە، جارێكی دیكە دووبارە بێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر ئەزموونی كوردستانی باشور وەك نموونەیەك بۆ كوردستانی رۆژئاوا ئاماژە پێبكەین، ئەوا دەبێت چۆن لە باشوری كوردستان هەنگاوەكان بۆ ئەوەن كە جارێكی دیكە كورد دووچاری ئەو نەهامەتیە نەبێتەوە كە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی بەعس دووچاری ببووەوە، ئەوا بۆ كوردانی رۆژئاواش پێویستە هەمان سیاسەت پیادەبكرێت و هەوڵەكان لەو پێناوە بن ئەوەی كورد لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد لە رابردوو دووچاری بۆتەوە، نابێت رێگە بدرێت ئەو نەهامەتیە دووبارە بێتەوە، ئەمەش پێویستی بە داڕشتنی سیاسەتێكی نیشتمانی ئەوتۆ هەیە كە بتوانرێت لەم بارودۆخە ناسكەدا ئەم كۆڕەوە سەرنجی جیهانی بۆ چارەسەری كێشەی كوردی لە كوردستانی رۆژئاوا پێ بكرێت.
كۆڕەوی باشور وانەیەك بۆ رۆژئاوا
ئەو بارودۆخەی دوای راپەڕینی بەهاری 1991 بۆ باشوری كوردستان هاتە ئاراوە، ئاكامی ئەو كۆڕەوە ملیۆنییەبوو كە گەلی كوردستان لەباشور دژی رژێمی بەعسی عێراق ئەنجامیدا، خاڵی گرنگ لەو وەرچەرخانەی ئەم كۆڕەوە دروستی كرد، بوونی بەرەی كوردستانی بوو لەو كاتەدا كە توانی كێشەی كورد لە باشور لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبیەكانەوە سەیر بكات و توانی سەرنجی هەموو جیهان بەو ئاراستەیە رابكێشێت بەوەی كۆڕەوی كورد ئەو پەیامەیە كە چیدیكە رازی نابێت بەژێر دەستەیی و چەوساوەیی بژی، هەر ئەمەش بوو وایكرد كە دەنگی كورد بۆ پشتگیریكردنی كۆڕەو بە یەكگرتوویی دەربكەوێت و سەرنجی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی رابكێشیت و جیهان ناچار بوو بیر لە رێگەچارەیەك بكاتەوە بۆ ئەوەی نەتەوەیەك لە كارەساتێكی مرۆیی گەورە و پەناهەندەیی رزگار بكات.
كەواتە ئەگەر كۆڕەوی باشوری كوردستان لە كۆتایی سەدەی رابردوو پەیامی گەلی كورد بووبێت لە باشور بۆ ئەوەی چیتر نەتەوەیەك ناتوانیت بەژێر دەستەیی بژی، ئەوا ئەو كۆڕەوەی كە ئێستا كوردانی رۆژئاوا بۆ باشوری كوردستان ئەنجامیانداوە، لەچەند روویەكەوە ئاكامی باشتر لە كۆڕەوی باشوری كوردستانی لێدەكەوێتەوە، ئەگەر بێتوو هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا ئەم پرسە وەك پرسێكی نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبی و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست لەسەر مەسەلەی كۆڕەو مامەڵەبكەن و هەوڵبدەن ئەم رووداوە بكەنە وەرچەرخانێك بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە رۆژئاوا، بە تایبەتی لەم بارودۆخەدا كە هەلومەرجی ئێستای كورد بە بەراورد بە هەلومەرجی سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لەبارترەو، ئەم بارودۆخە لەبارەش دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:
1. كۆڕەوی رۆژئاوا لە كاتێكدایە كە لە باشوری كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتووی حكومڕانی بوونی هەیە و ئەم ئەزموونە سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوە، كورد وتەنی سەركەوتنی ئەزموونی باشوری كوردستان ئەو زەمینەیەی دروستكردووە بەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە پەشێمان نەبێت كە نەوای ئارامی بۆ بەشێكی كوردستانی باشور دروستكرد.
2. پێگە و شكۆی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بوونی سەرۆك بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك سەركردەیەكی ئاشتیخواز، روویەكی گەشی دیكەی بە خەباتی رزگاریخوازیانەی گەلی كوردستان لەهەر چوارپارچەی كوردستان بەخشیوە، باشترین نموونە لەمبارەوە دەنگدانەوەی داواكاری بەڕێز سەرۆك بارزانی لە میدیاكانی جیهان سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵكوژی كوردانی رۆژئاوا بەدەستی رێكخراوی جەبهەی نەسرەی سەر بە قاعیدە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر لەسەرەتای نەوەدەكان تەنیا بەدەنگەوە هاتن لەسەر پرسی كورد بەتەنگەوە هاتنێكی مرۆیی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ كە سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی جیهان وەك سەرۆكی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، دیسان ئەمەش پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ ئەوەی ئەم پرسە هەم لەڕووی مرۆیی و هەم لەڕووی سیاسییەوە كاری جددی لەسەر بكرێت.
3. خاڵی گرنگ بۆ سوود وەرگرتن لە كۆڕەوی كوردانی رۆژئاوا، یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانە لە كوردستانی رۆژئاوا، لەم بارودۆخەدا پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا ئەو راستیە لەبەرچاو بگرن، كە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو ئاكامە باشەی كۆڕەوی باشور بەدەستی هێنا، ئەوەبوو لەو كاتەدا هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانی باشور لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی بەیەك دەنگ و بەیەك ریزی كاریان دەكرد و داكۆكیان لەم پرسە نەتەوەییە دەكرد، بۆیە لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا تێكڕا بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی هەولێر و هەموویان لەچوارچێوەی یەك ئەنجوومەندا یەك دەنگ و یەكڕیز لەسەر ئەم پرسە هەڵوێست وەربگرن، بەپێچەوانەوە بوونی ناكۆكی یان دووبەرەكی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا، لەبایەخی پرسە نەتەوەییەكە كەمدەكاتەوە.
4. بوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ پەناهەندەكانی رۆژئاوا، لەبەر ئەوەی ئەوان هاتوون بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام هاتنی ئەوان بۆ بەشێكی دیكەی وڵاتی خۆیان بەو مانایە نییە بۆ ئەوەی كوردستانی رۆژئاوا چۆڵبكرێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە باشوری كوردستان وەك نەوایەكی ئارامی كاتی سوودی لێوەربگیرێت بۆ ئەوەی جیهان هەمان ئەزموون لە رۆژئاوا دووبارە بكاتەوە.
5. لایەنێكی دیكەی ئەرێنی بۆ بەرژەوەندی كوردانی رۆژئاوا، ئەو زەمینەیە كە ئێستا بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، ئەم كۆنگرەیە كە بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیك گرێبدرێت، گومانی تێدانییە پرسی گرنگ و سەرەكی ئەم كۆنگرەیە كێشەی كوردستانی رۆژئاوا دەبێت و ئەم كۆنگرەیەش كە نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان تیایدا ئامادە دەبێت، پەیامی خۆی سەبارەت بەم پرسە بە جیهان رادەگەیەنێت و ئەم پەیامەش كاریگەریەكی گەورەی دەبێت.
كەواتە لەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكرد، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت هەلومەرجی بابەتی و بارودۆخی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەو، ئەوەی دەمێنێتەوە هەلومەرجی خودی نەتەوەییە كە خۆمان بزانین چۆن و بەچ ئاراستەیەك هەنگاوی بۆ هەڵدەگرین.
كۆڕەوی سەدەی بیست و یەك
ماناو مەغزای تایبەتی هەیە
لەدوای بڵاوبوونەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دەوروبەری دیمەشق، زۆر لە شرۆڤەوان و پسپۆران بەوجۆرە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە دەكەن، بەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە كێشەی ناوخۆی و دژی گەلەكەی خۆی لەسەدەی بیست و یەكەمدا جیاوازە لەگەڵ بەكارهێنانی لەسەردەمێكی دیكەدا، بۆیە ناكرێت تەنیا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی وەك بەكارهێنانی چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی لەلایەن تەنیا رژێمێكەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵكو پێویستە كاردانەوەكان بەوجۆرە بن كە جارێكی دیكە هیچ رژێمێك یان لایەنێكی دیكە بیر لەبەكارهێنانی نەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت هەڵوێست وەرگرتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمایی وەڵامدانەوە بێت بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی كە چەكی قەدەغەكراوی دیكەشیان هاوشێوەی چەكی ئەتۆمی و بایلۆژیان هەیە، ئەگەر ئەم حاڵەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمایی بەو حسابەی چەكی كیمیایی هۆكارێكە بۆ كۆمەڵكوژی، ئەوا دەبێت هەموو ئەو حاڵەتانەی كە بەمەبەستی كۆمەڵكوژی هەنگاوی بۆ هەڵدەگیرێت و گەلێك ناچار دەكرێت بەكۆمەڵ ڕەو بكات، ئەوا دەبێت لەسەدەی بیست و یەكەم كاردانەوە بەرامبەر كۆڕەو هاوشانی كاردانەوە بێت بەرامبەر بە بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر راشكاوانەتر لەسەر ئەم پرسە قسە بكەین، ناكرێت گەلێك لەتاوی كۆمەڵكوژی كۆڕەو بكات، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا وەك پرسێكی مرۆیی سەیری ئەم كێشەیە بكات، بەڵكو پێویستە ئەم پرسە بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت كە هەردوو ئاستی مرۆیی و سیاسیی بگرێتەوەو، تەنیا لەچوارچێوەی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، لەبەر ئەوەی ئەم كێشەیە لە بنەڕەتدا كێشەیەكی سیاسییەو پێویستی بەوە هەیە بە شێوەیەكی ریشەیی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، لەمەش گرنگتر پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە كێشەی ئەو نەتەوانەی كە رق و كینەی نەتەوەی سەردەست دەگاتە ئەو ئاستەی كە كۆمەڵكوژی بەرامبەر نەتەوەی بن دەست ئەنجامبدات، ئەوا ئەزموونی چارەسەری كێشە نەتەوەییەكان لە جیهاندا ئەوەی بەدیار خستووە، لە قۆناخی یەكەمدا پێویستە هەردوو نەتەوەكە لێكجیابكرێنەوە و مەودایەك لە نێوانیان دروست بكرێت بۆ ئەوەی زەمینەی ئەوە دروست بێت كە هەردوولا ئامادەباشیان تێدا دروست بێت بۆ ئەوەی بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، لەم حاڵەتەدا گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوەبدات كە نەوایەكی ئارام لە كوردستانی رۆژئاوا بۆ كورد دروست بكات و پاراستنی ئەم ناوچە ئارامە بخاتە سەرشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە زەمینەی ئەوە دروست بێتەوە كە ئەوانەی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵكەنراون بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەمەش پێویستتر ئەوەیە ئەم ناوچە ئارامە دەبێت بەردەوامی هەبێت هەتا دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد دەڕووخێت و دەسەڵاتی دوای ئەسەد ئامادەباشی پیشاندەدا كە دان بەمافەكانی گەلی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا بنێت.