عێراق لەنێوان ناسەقامگیری ئاسایش و كارە خۆكوژییەكانی تیرۆریستاندا
August 28, 2013
راپۆرتەکان
ئەوەی عەلی شەلا باسی دەكات رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەیە كە ئێستا عێراق پیایدا تێدەپەڕێت و قسەكانیشی رەنگدانەوەی لیستی دەوڵەتی یاسایە كە پشتگیری لە حكومەتی عێراق نەكات، نەك لیستێكی دیكە كە بیەوێت رەخنە لە حكومەتی عێراق بدات، بۆیە لەم لایەنەوە ئەو قسانە ئەوەمان پێ دەڵێت كە باری سەقامگیری عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە و ئەم ئاڵۆزیەش نەك هەر كاردانەوەی لەسەر ئەدای كارەكانی حكومەتی عێراق هەیە، بەڵكو ئەگەر بارودۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوا كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت.
بارودۆخی عێراق
پێویستی بە چارەسەری سیاسییە نەك سەربازی
حكومەتی عێراق بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری پرۆسەیەكی گشتگیری دەستپێكردووە، بەڵام وێڕای ئەم پرۆسەیەش رۆژانە كارە تیرۆریستییەكان بەردەوامن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو كەموكورتیەی لە پرۆسەی سیاسی هەیە یەكێكە لەو فاكتەرە سەرەكیانەی كە بۆتە هۆكاری ئەوەی زەمینیەك بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی تیرۆریستان سوودی لێوەربگرن، سەبارەت بەم لایەنە پرسیارمان لە تۆژەر و شرۆڤەوانی عێراقی نزار جەنابی كرد كە ئێستا تۆژەرە لەسەر رەوشی عێراق لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك، ئەو سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستا عێراقی پێدا تێدەپەڕێت رەشبینی خۆی نەشاردەوە و جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئەگەر پێشتر هەندێك گەشبینی هەبووبێت بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق بەرەو باشتر بچێت، بەڵام هەڵكشانی توندوتیژییەكانی ئەم دواییە بەتەواوەتی رەشبینی كردووە و لەمبارەوە و لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو: (من هەمیشە گەشبین بوومە، بەڵام لە ئێستادا هۆكارێك نییە بۆ گەشبینی و بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و حكومەتیش كاردانەوەیەكی راستەقینەی نییە بۆ توندوتیژی و بۆ هەڵكشانی بارودۆخەكە، لە راستیدا چارەسەرێكی سەربازی نییە بۆ ئەم هەڵكشانە. تەنانەت لەو هەڵكشانەشدا كە لە ساڵی 2006 و 2007دا روویدا، ئەمریكا كە باشترین سوپای هەبوو و باشترین ئیمكانیەتی سەربازی هەبوو، بەڵام نەیتوانی چارەسەرێكی سەربازی بكات، پێویستە ئەم كێشەیە لەڕووی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت. پێویستە حكومەت ئیعتیراف بەوە بكات كە لایەنگەلێك هەن لەنێو عێراقیەكاندا بێبەشكراون و هەست دەكەن پەراوێز خراون، و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات و لەگەڵیاندا بكەوێتە گفتوگۆ و كار بكات بۆ چارەسەرێكی سیاسی، نەك تەنیا پەنا بباتەبەر چارەسەری سەربازی، لەلایەكی دیكە و لەسەر ئاستی ئیقلمیش كاریگەری لەسەر بارودۆخی عێراق هەیە، بۆیە من وای دەبینم بارودۆخی ئێستای سوریا وایكردوە عێراق لە بارێكی خراپدا بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر موعارەزەی بەشار ئەسەد براوە بێت، ئەوا حكومەتێك پێكدەهێنێت كە دۆست نابێت لەگەڵ عێراق، لەبەر ئەوەی عێراق پشتیوانی رژێمی ئەسەدی كردووە، ئەو كاتە ئەم حكومەتە دەست دەكات بە رەوانەكردنی تیرۆریستان بۆ عێراق. كەواتە ئەگەر موعارەزە سەركەوتوو بوو، ئەوا دەست دەكەن بە پشتیوانیكردنی یاخیبوون لە پارێزگاكانی ئەنبار و موسڵ. ئەگەر بەشار ئەسەدیش سەركەوتوو بێت، ئەوا دەست دەكات بە راوەدونانی ئەو چەكدارانەی هاتوونەتە سوریاوە و ئەو چەكدارانەش جگە لە عێراق شوێنێكی دیكە شكنابەن، ئەمەش دیسان دەبێتەهۆی هەڵكشانی بارودۆخەكە لە عێراقدا. كەواتە ئەگەر بەشار براوە بێت یان دۆڕاو، ئەوا عێراق باجێكی گران دەدات، بەهۆی ئەو سیاسەتە ناژیرانەی حكومەتی عێراق دەیگرێتەبەر. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەكەتان ئەوا راستە، فاكتەری دیكە هەن، بەڵام هۆكاری ئەوەی ئەم فاكتەرانە لە عێراقدا كاریگەرن ئەوەیە كە حكومەت هەوڵی نزیكبوونەوەی لە خەڵك نەداوە و لەبەر ئەوەی یەكێتیەكی نیشتمانی ناوخۆیی فەراهەم نەكردووە. دەبینیت سوننە هەست دەكەن پەراوێز خراون و كوردەكانیش كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەرنەكراوە، بەلای كەمەوە لەڕووی ئابووریەوە، لەبەر ئەوە بۆچی پشتیوانی حكومەتێك بكەن كە پشتیوانیان ناكات، لە ئێستادا ئەمە لە عێراق روودەدات)).
ئەوەی جەنابی دەستنیشانی كردن كاریگەری كێشە سیاسییە چارەسەرنەكراوەكانن كە بۆتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی عێراقیەكان یەكڕیز و یەكدەنگ نەبن لەڕووی تیرۆریستاندا، بۆیە هەر سەبارەت بەهەمان پرس و هۆكاری ئاڵۆزی ئەم بارودۆخە پرسیارمان لە پەرلەمانتار كازم شەمەری وتەبێژی لیستی وەتەنیەی بەیزا كرد، ئەویش وێڕای ئەوەی رەنگدانەوەی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی پشتڕاستكردەوە لەهەمانكاتدا كاریگەری سلبی ئەو بارودۆخەشی لەسەر دەروونی هاووڵاتیان خستەڕوو بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن: (ئەو خوێنڕشتنەی ئێستا لە عێراقدا هەیە هۆكارەكەی چارەسەر نەكردنی كێشەكانە بە تەكنیك و ئارەزوویەكی راستەقینە، بەداخەوە دەڵێم لە ساڵانی 2006-2007 كاتێك شەڕی ناوخۆ لە عێراق هەبوو و دەركەوتنی سەحوەكان، خەڵك لە بینینی دیمەنی چەتە دەمامكدراوەكان راهاتبوون كە بە جلی رەشەوە مافەكانی خەڵكیان پێشێل دەكرد و هاووڵاتیانیان بە ساكارترین هۆ تیرۆر دەكرد، دوایی خەڵك بینییان سوپا دژی ئەم چەتە تاوانبارانەن، بۆیە سوپایان بە فریادڕەسی خۆیان زانی، ئەمەش وایكرد هاووڵاتیان پێشوازی لەو سوپایە بكەن و ئەوەبوو لە ساڵانی 2008- 2010 ئاكامی ئەم هاوكارییەی نێوان سوپا و هاووڵاتیانمان بینی، بەڵام دوای ئەوەی بینیمان پێوەندی نێوان گەل و سوپا گۆڕا بۆ پێوەندی دەستگیر كردنی رەمەكی و ئیهانەكردنی بەردەوامی هاووڵاتی لە بازگه و خاڵەكانی پشكنین، پێوەندییەكە بوو بە رق و دوژمنایەتی كردن، بۆیە دەڵێم تەقینەوەكان بەردەوام دەبن و بارودۆخەكە ئارام نابێتەوە تا كەلتوری سەربازی عێراقی نەگۆڕێت بەرامبەر بە هاووڵاتی عێراقی. هەر بۆ نموونە من ئەمڕۆ لە هەر هاووڵاتییەك دەپرسم لە سەرتاسەری عێراق ئایا سەربازت خۆشدەوێت؟ یەكسەر پێم دەڵێ سەرباز هەیە بۆ ئەوەی ئیهانەم بكات و بەشێوەیەكی رەمەكی دەستگیرم بكات، ئەمە خاڵێكی گرنگە بۆیە پێویستە دووبارە كلتور و عەقڵیەتی سەرباز و تاكەكانی پاراستنی ئاسایشی عێراقی بونیاد بنرێتەوە بەجۆرێك تا ئەو پەڕی رێز لە هاووڵاتی بگرێت، هەروەها چەند عەقڵیەتێكی دواكەوتوو كۆنترۆڵی مەلەفی ئاسایش دەكەن كە رێگری لە بوونی عەقڵیەتی نوێ و هاوچەرخ دەگرن، چونكە بوونیان دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی عەقڵیەتە دواكەوتووەكان)).