حزبی سیاسی و ئایندەی هێز لەكۆمەڵگەی دیموكراتیدا
August 20, 2013
راپۆرتەکان
لەمێژووی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و ناوچەكەدا، دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن مستەفا بارزانی رێبەری نەتەوەییەوە، شێوازێكی تایبەتمەندو جیاوازی هەیە، ئەو تایبەتمەندی و جیاوازییەش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە دوای دەسپێكی شۆڕشی بارزانی دووەم و بەشداری بارزانی و هەڤاڵانی لە كۆماری كوردستان بیر لە دامەزراندنی پارتی كراوەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەسپێكی شۆڕش و خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی سەرتاسەری دەستی پێكردووە، ئەوجا بیر لە دامەزراندنی پارتی كراوەتەوە.
ئەم تایبەتمەندی و جیاوازییەی پارتی، لەوانەیە زۆر هەڵوەستەی لەسەر نەكرابێت، بەڵام پێویستی بە هەڵوەستەو خوێندنەوەیەكی گشتگیرانە هەیە، خوێندنەوەی ئەم تایبەتمەندییەی پارتیش هەوڵێكە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو مێژوو و پێكەوە گرێدانەوەی رابردووە بە ئێستا و پێكەوە گرێدانەوەی ئێستایە بە ئاییندە، كەواتە ئەم میتۆدە كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو، خۆی لەناو دێڕەكانی مێژوو بزر ناكات، بەڵكو لەنێو دێڕەكانی مێژووەوە ئێستا دەخوێنێتەوەو نەخشەی رێگە بۆ ئاییندە دیاری دەكات، ئەم خوێندنەوەیە دەمانباتەوە بۆ وروژاندنی ئەو پرسیارەی بۆچی پێویست بوو حزبێكی بەهێزی دیموكراتی دروست بێت؟ بێگومان دامەزراندنی پارتی پێویست بوو بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، ئەم پرسیارە پێمان دەڵێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان كە لە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە سیمایەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بەخۆیەوە دی و بەشداری بارزانی مستەفا و هەڤاڵانی لەكۆماری كوردستانیش زیاتر ئەو چەمكەی بە پراكتیكی بەرجەستەكردەوە كە مەسەلەی كورد لە هەر كویێەك بێت یەك مەسەلەیە، بەڵام دەبێت رەچاوی تایبەتمەندی هەر پارچەیەك و هەر سەردەمێكیش بكرێت. ئەوا لە فیكری مستەفا بارزانیدا، بۆ بەردەوامیدان بە خەبات و رێكخستنی هێز و تواناكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی قۆناخی رزگاری نیشتمانی، پێویست بوو ئامڕازێك هەبێت بۆ ئەوەی وەك مەكۆیەك هەموو تواناو هێزەكان و بیروبۆچوونە جیاوازەكان پێكەوە گرێبداتەوە، ئەو ئامڕازەش دامەزراندنی پارتێكی بەهێزی دیموكراتی بوو كە ئەو توانایەی هەبێت هەموو چین و توێژەكانی گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و ناوچەوە لەخۆیان بگرێت و لەناو جەرگەی شۆڕش و مقاوەمەتدا و لەو ناوچانەی كە پێیاندەگوترا ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش كۆمەڵگەی سەروەریی یاسا و دادپەروەری دابمەزرێنێت.
پارتی وەك ئامڕازێك
بۆ كۆكردنەوەی هێزی نەتەوە
بارزانی مستەفا كە لەهاوینی 1943 لە سلێمانیەوە گەڕایەوە بۆ بارزان و شۆڕشی دووەمی بارزانی هەڵگیرساند، لە سلێمانیەوە بەرنامەی بۆ ئەوە دانابوو كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد پێویستمان بەوەیە شۆڕش لەسەر ئاستی ناوچەگەرییەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر ئاستی شۆڕشی نیشتمانی و نەتەوەیی سەرتاسەریی، ئەم وەرچەرخانەی بارزانی مستەفا لە بزووتنەوەی رزگاریی خوازی كوردستان دروستی كرد، هاوتای ئەو ئاهەنگی چاخواردنەوەیە بوو كە جۆرج واشنتۆن پێش دەسپێكی شۆڕشی ئەمریكا، لە بۆستن بۆ ئەمریكیەكانی رێكخست و رایگەیاند ئیدی باج نادەین بە پەرلەمانێك نوێنەرایەتی ئێمە نەكات، بارزانی مستەفاش بە بڕیاردانی بە گەڕانەوە لەسلێمانیەوە بۆ بارزان، بە ئاشكرا ئەوەی بە هەموو جیهان راگەیاند كە چیدیكە كورد قبوڵ ناكات لەچوارچێوەی وڵاتێكدا بژی كە مافەكانی پێشێل بكات، دروست وەك هەمان پەیامی جۆرج واشنتۆن رێز لە حكومەتێك ناگرین نوێنەرایەتی ئێمە نەكات.
ئەوجا چۆن ئەمریكیەكان بەهەموو جیاوازییەكانیەوە پشتگیری جۆرج واشنتۆنیان بۆ شۆڕش كرد، بەهەمان شێوە حزبە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە بەگشتی و حزبی هیوا بەتایبەتی و ئەفسەرانی ئازادیخواز پشتگیری بارزانی مستەفایان كرد بۆ شۆڕشی سەرتاسەری، لیژنەیەك بەناوی لیژنەی ئازادی دامەزرێنرا بۆ سەركردایەتی شۆڕش و هەر ئەم لیژنەیەش بۆ یەكەم جار لەمێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دانوستاندنی فەرمی لەگەڵ حكومەتی سەردەمی پادشایەتی عێراق لەسەر پرسە نەتەوەییە سەرتاسەرییەكان ئەنجامداوە.
دەستپێكردنی شۆڕشی دووەمی بارزان و بەشداری بارزانی و هەڤاڵانی لە كۆماری كوردستان، بارزانی نەمری گەیاندە ئەو قەناعەتەی كە شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەیی پێویستی بە ئامڕازێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو سەرچاوەكانی هێز و هەموو تواناكانی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە رزگاری و سەرفرازی یەكبخات، لە فیكری مستەفا بارزانیدا باشترین ئامڕاز بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئەركەی پێ جێبەجێ بكرێت، ئەوا دامەزراندنی پارتێكی بەهێزی دیموكراتیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا پارتی بەهێزی دیموكراتی بۆ قۆناخی رزگاری نیشتمانی لای بارزانی بەچ مانایەك بووە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو شێواز و میكانیزمەی كە بارزانی نەمر پارتی لەسەر دامەزراندووە، بۆ نموونە:
1. پارتی بەرەیەكی نیشتمانی بێت بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەكان و كەسایەتیە نیشتمانیەكان.
2. پێویستە لە قۆناخی رزگاری نیشتمانیی سەركردایەتی ئەم پارتە سەركردایەتیەكی بەكۆمەڵی ئەوتۆ بێت كە رەنگدانەوەی پێكهاتە جیاوازەكان و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت، لەم چوارچێوەیە ئەگەر سەیری ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی بكەین هەست دەكەین ئەم تایبەتمەندییە زۆر بە وردی رەچاو كراوە.
3. فەلەسەفەی دامەزراندنی پارتی لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە گەلی كوردستان بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە وەك یەك جەستە دەچەوسێنرێنەوە، هۆكاری ئەم چەوسانەوەیەش نە جیاوازی چینایەتیە نە جیاوازی ئایینی، بەڵكو جیاوازییەكە ئەوەیە تاكەكان یان كوردن یان كوردستانی، بۆیە پارتی نوێنەرایەتی تەواوی گەلێك و نەتەوەیەكی چەوساوەی دەكرد، نەك چینێك یان ئایینێكی دیاریكراو.
4. بارزانی نەمر قەناعەتی بەو جۆرە بوو ئامانجی شۆڕشی كوردستان بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەرییە، بۆیە پارتی بەوشێوەیە بەرنامەی بۆ دانرابوو بەوەی ئامڕازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری، ئەمەش نەك چاوەڕێی ئەوە بكەین شۆڕش سەربكەوێت و ئینجا هەوڵ بۆ ئەوە بدات ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی دابین بكات، نەخێر بارزانی پارتی كردە ئامڕازێك كە لە قۆناخی خەبات و مقاوەمەتدا، كۆمەڵگەی سەروەریی یاسا دروست بكات و ئازادی و دادپەروەریی پیادە بكات، لەمەش گرنگتر دەسەڵاتی یاسای جیاكردەوە و ئەندامانی پارتی و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوولی ناچار كرد ملكەچی یاسا بن.
ئاماژەكردن بەم خاڵانە جۆرێك لە تێگەیشتنمان بۆ فیكری بارزانی نەمر بۆ دامەزراندنی پارتێكی سیاسیی بەهێزی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لا دروست دەكات، ئەم تێگەیشتنە پێمان دەڵێت پارتی لە فیكری بارزانیدا، رەشماڵێك بووە بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان و هۆكارێك بووە بۆ كۆكردنەوەی تواناو هێزەكانی گەلی كوردستان بۆ ئەوەی هەم بتوانێت شۆڕش سەربخات و هەمیش كۆمەڵگەی دیموكراتی و سەروەریی یاسا بونیاد بنێت.
خۆبینینەوەی
خەڵك و پارتی لەناو یەكتریدا
ئیڤان دۆهرتی سەرۆكی پرۆگرامەكانی حزبی سیاسی لە ئامۆژگای نیشتمانی دیموكراتی (NDI)، زۆر بەراشكاوی هۆكاری سەرەكی كێشەی حزبە سیاسییەكانی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم یان ئەو وڵاتانەی پێیان دەگوترێت تازە پێگەیشتوو دیاریكردووە و دەڵێت: (كێشەی حزبە سیاسییەكانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ئەوەیە، یان ئەوەتا حزبەكان بەهێزن و دیموكراتی نین، یان ئەوەیە لاوازن و دیموكراتین، بەدەگمەن لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو هەڵدەكەوێت، كە حزبی سیاسیی لەیەك كاتدا بەهێزیش بێت و دیموكراتیش بێت). ئەگەر سەیری ئەم خاڵە بكەین كە دۆهرتی لەدوای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە دەسنیشانی كردووە وەك پەتایەك بۆ رێگرتن لە بونیادی پرۆسەی دیموكراتی، ئەوا كە دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەست دەكەین بارزانی مستەفا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتیەوە هەوڵیداوە، میكانیزمی دامەزراندنی حزبی سیاسی لەكوردستان لەم پەتایە بەدوور بێت، بۆیە هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە كە (هێز و دیموكراتی) پێكەوە لەناو پارتی كۆبكاتەوە، بەمانایەكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەم پارتێكی بەهێز بێت و هەم پارتێكی دیموكراتی بێت. لێرەشدا كە پارتی وەك پارتێكی بەهێز و دیموكراتی پێناسە دەكەین، مەبەستمان ئەوە نییە بە پارتی هەڵبڵێین یان بە دروشمی دیموكراتیی پارتی بڕازێنینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەم بە حزبە چەپ و ئیسلامیە سیاسییەكانیشەوە بە خۆیان دەڵێن حزبی دیموكراتی، بەڵام لە پرۆسەی بونیادی دیموكراتیدا فەشەل دەهێنن، بۆیە لەم راستە ئێمە هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەكەین ئایا ئەو خەسڵەتانە چین كە پارتی كردووە بە پارتێكی بەهێز و دیموكراتی، ئەوجار بەراوردكاری بۆ خوێنەری ئەم باسە بەجێدەهێڵین، بەمجۆرە ئاماژەی پێدەكەین:
1. پارتی بەهێز و دیموكراتی، بەرهەمی پێداویستی خەڵك و نەتەوەیە، واتە پارتی دیموكراتی دروشمی ئایدۆلۆژی بریقەداری نییە، بانگێشەی ئەوە ناكات بەهەشت بۆ هاووڵاتیان دروست دەكات، بەڵكو بانگێشە بۆ ئەوە دەكات رێگە نادرێت كۆمەڵگە بكرێت بە دۆزەخ، بۆیە لەم روانگەیەوە پارتی دیموكراتی بەرهەمی پێداویستی خەڵك و كۆمەڵگەیە، هەروەك چۆن خەڵك و كۆمەڵگەو نەتەوە پێویستی بە پارتێكی دیموكراتی بەهێز بوو لە چلەكانی سەدەی رابردوو و پارتی بووە وەڵامدەرەوەی ئەو پێداویستیە.
2. پارتی بە هێزی دیموكراتی، هەوڵنادات كۆمەڵگە بەسیاسیی بكات، بەڵكو داواكاری خەڵك كە لە چوارچێوەی سیاسیی و یاسایی دەكاتە پرۆپۆزەڵ چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە، بۆیە هەموو كات خواست و داواكاری خەڵك بەرنامەی پارتی بەهێزی دیموكراتیە، پارتی دیموكراتی لەسەر خواست و داواكاری خەڵك كار دەكات، هەروەك چۆن داواكاری خەڵك بۆ ئازادی دروشمی (كوردستان یان نەمان)ی بەرجەستە كرد، پێش دامەزراندنی پارتی، حزبەكانی ئەو سەردەمە و خەڵكی كوردستان ئامادەبوون لە پێناوی ئازادی كوردستان، مردن هەڵبژێرن و پشتگیری بارزانی نەمر بكەن لە شۆڕشی دووەمی بارزاندا، پیرەمێردی نەمر زۆر جوان ناخی هەر تاكێكی كوردستانی دەربڕیوە كە دوای پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ئاوی ئاراس دەڵێت:(رێم نییە منیش شوێن ئەوان بكەوم .. پیرم هەنگاوێك بنێم ئەكەوم)، ئەم دێڕە شیعرە ئەوەمان پیشاندەدات كە نەك هەر لاوەكان بەڵكو پیرەمێردەكانی ئەم وڵاتە ویستوویانە هاوسەفەری بارزانی و هاوەڵانی بن نەك هەر بۆ شۆڕش، بەڵكو بۆ ئاوارەییش، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان بەكردەیی مردنیان لە نەبوونی ئازادی لا باشتر بووە.
3. پارتی بەهێزی دیموكراتی، رایەڵەیەكە بۆ گرێدانەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەكان، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە جیاوازەكان جۆرێك لە سیاسەتی نەرم یان ئەوەی پێی دەڵێن كۆمپرۆمایز لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە لەناو یەك پارتدا دروست دەكات، پارتی بەهێزی دیموكراتی لەبەر ئەوەی دەیەوێت نوێنەرایەتی خواستی نەتەوەیەك بكات نەك چینێكی دیاریكراو یان نەتەوە یان ئایینێكی دیاریكراو، جۆرێك لە پێكەوەسازان یان پێكەوەگونجاندن لەنێو پێكهاتە جیاوازەكان دروست دەكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی پێكهاتەی پارتی بەهێزی دیموكراتی رەنگدانەوەی كۆی بەرژەوەندییە جیاوازەكانە، ئەوا لەناو ئەو پارتە بەردەوام شێواز و میكانیزمی جیاواز بۆ پیادەكردنی سیاسەت و بەرنامەی حزب بەدی دەكرێت، لەمەش گرنگتر لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی بەهێز، هێڵێكی ئایدۆلۆژی دیاریكراوی نییە كە بەرگری لە چینێكی دیاریكراو یان ئایینێكی دیاریكراو یان نەتەوەیەكی دیاریكراو بكات، بەڵكو پێكەوەگونجاندنی كۆی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەیەو هەموو چین و توێژەكان و نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان خۆیان لەو پارتە بەهێزە دیموكراتیە دەبیننەوە، ئەوا هەر پێكهاتەیەك زمانێكی جیاوازی هەیە كە خواستەكانی خۆی پێ دەرببڕێت و پێكەوەش زمانێكی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی گشتی پێ دەربڕن، بۆیە لە پارتی بەهێزی دیموكراتیدا، رەخنە دەكەوێتە سەرووی ئایدۆلۆژیەتێكی دیاریكراو، هیچ ئایدۆلۆژیەتێك تا ئەو ئاستە گرنگ نییە كە بگاتە راددەی پیرۆزی، هیچ ئایدۆلۆژیەتێك بەو ئاستە بێ نرخ نییە كە رەتبكرێتەوە، لە پارتی بەهێزی دیموكراتیدا، لە خاڵە جیاوازەكانی نێو پێكهاتە جیاوازەكانەوە هاودەنگی و یەكڕیزی دێتە بەرهەم، نەك وەك حزبە ئایدۆلۆژییەكان كە هەوڵدەدەن لە سڕینەوەی جیاوازییەكانەوە یەكبوون و یەك دەنگی دروست بكرێت، لە پارتی بەهێزی دیموكراتی هاودەنگی هەیە نەك یەكدەنگی، بەڵام لە پارتی ئایدۆلۆژی یەكدەنگی هەیە نەك هاودەنگی. ئەمەش سیمایەكی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا.
4. لە نێو پارتی بەهێزی دیموكراتیدا، ئەو بەرنامەیە نییە كە حزبە ئایدۆلۆژییەكان ناویان لێناوە (بەرنامەی هۆشیاركردنەوە و رۆشنبیركردنی خەڵك) هۆكاری نەبوونی ئەم بەرنامەیە رەنگدانەوەی سیمای پارتی بەهێزی دیموكراتیە، لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی بەهێز بۆ ئەوە دروست نەبووە كە خەڵك رۆشنبیر بكات یان خەڵك هۆشیار بكاتەوە، بەڵكو بۆ ئەوە دروست بووە كە هۆشیاری و ناڕەزایی خەڵك بكاتە بەرنامە و پرۆپۆزەڵی سیاسیی و یاسایی و كێشەكانیان چارەسەر بكات، كەواتە پارتی بەهێزی دیموكراتی هەمیشە چاوەڕێیە خەڵك هۆشیاری بكاتەوە و بەرنامەكەی دەوڵەمەند بكات نەك ئەو خەڵك هۆشیار بكاتەوە و یان رۆشنبیریان بكات، گەورەترین كێشەی حزبە ئایدۆلۆژییەكان ئەوەیە كە هەوڵدەدەن هەموو مرۆڤێك بكەنە مرۆڤی تاكڕەهەند و تەنها ئەو رەهەندە ببینێت كە ئایدۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بۆی دیاری دەكات، بەڵام ئەم جۆرە حزبانە هەتا ئەگەر ببنە حزبێكی بەهێزیش ناتوانن دیموكراتی بن، لەبەر ئەوەی لەناو پارتی بەهێزی دیموكراتیدا مرۆڤەكان فرە رەهەند دەبینن نەك تاك رەهەند.
5. پارتی بەهێزی دیموكراتی بوار نادات هەموو كایەكانی ژیان بە سیاسیی بكرێن، تەنانەت لە كاتێكدا بەخۆشی تەنیا پارت بێت لەگۆڕەپانەكە و پارتی دیكە بوونی نەبێت، ئەم قەناعەتەی پارتی بەهێزی دیموكراتی لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بونیادی دیموكراتی پێویستی بەراگرتنی باڵانسە لەنێوان كۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەبژێری سیاسی (حزبەكان)ـە، لەم چوارچێوەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕشی ئەیلوول، دەبینین راستە پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتێكی سەرەكی و باڵادەست بووە لە گۆڕەپانەكە، بەڵام بارزانی نەمر هەوڵیدابوو خواستە مەدەنیەكانی كۆمەڵگە لەچوارچێوەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی رێكبخات، بۆ ئەمەش بۆ هەر توێژێك و چینێك رێكخراو یان سەندیكایەكی دیاریكراوی دامەزراندبوو وەك (ئافرەتان، قوتابیان، كرێكاران، زانایانی ئایینی، هونەرمەندان، نووسەران...هتد)، ئەمەش مانای ئەوەبوو بارزانی نەمر ئەو راستیەی لا ئاشكرابوو كە لەناو بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ناتوانرێت هەموو خواستەكانی كرێكاران یان ئافرەتان یان زانایانی ئایینی یان هونەرمەندان و نووسەران جێگەی بكرێتەوە، بۆیە ژینگەیەكی دروستكردبوو، ئەم رێكخراوانە بەردەوام دەنگێكی داواكاری بەرز بن، پارتی وەك حزبێكی سیاسی دیموكراتی لەسەر ئەم دەنگانە كار بكات و چوارچێوەی سیاسیی و یاسایی بۆ پیشنیار بكات، بۆیە دروستكردنی ئەم باڵانسە لەنێوان پارتی و رێكخراوە مەدەنیەكان، بووە هۆكاری ئەوەی پارتی ببێتە قوتابخانەیەك بۆ چۆنیەتی فێربوونی حكومڕانی، حكومڕانیش بەو مانایەی هەموو لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگە بگرێتەوە و رەنگدانەوە دەنگی داواكاری خەڵكەكە بێت.
6. سیمایەكی دیكەی جوانی پارتی بەهێزی دیموكراتی، ئەوەیە ژینگەی ئەم پارتە هەموو كات هۆكارێكە بۆ سەرلێتێكچوونی حزبە ئایدۆلۆژییەكان، هەروەك چۆن ژینگەی كۆمەڵگەی دیموكراتی بە درێژایی سەدەی بیستەم هۆكارێك بووە بۆ كۆمەڵگە تۆتالیتارەكان، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە چۆن لەنێو كۆمەڵگەی دیموكراتیدا هەموو شتێك قابیلی ئەوەیە رەخنەی لێ بگیرێت، لەناو پارتی بەهێزی دیموكراتیشدا بەهەمان شێوەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی حزبە ئایدۆلۆژییەكان خۆیان رێگە نادەن لەنێو حزبەكانیان ئەو جۆرە رەخنانە هەبێت، ئەوا رەخنەی ناو پارتی بەهێزی دیموكراتی، وەك پەرت بوون و كێشە دەخوێننەوەو پێیانوایە ئەو پارتە بەهێزە دیموكراتیە لە پاشەكشەدایە، بەڵام ئەوەی كە دەبێتە سوپرایزێكی زۆر ناوخۆش بۆ ئەو حزبە ئایدۆلۆژیانە ئەوەیە، كە لەسەر سندوقی دەنگدان ئەو حزبە ئایدۆلۆژیانە كەمینەن و پارتی بەهێزی دیموكراتیش جێگەی متمانەی زۆرینەی خەڵكە.
پارتی و ئاییندەی هێزی دیموكراتی
لەبەر ئەوەی بوونی پارتی بەهێزی دیموكراتی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاردەیەكی دەگمەنەو، زۆر كەم هەڵكەوتووە پارتێكی سیاسیی لە یەك كاتدا بەهێزی و دیموكراتی بوون پێكەوە كۆبكاتەوە، بۆیە قسەكردن لە پارتێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەدرێژایی 67 ساڵ تەمەنی وەك پارتێكی بەهێزی دیموكراتی ماوەتەوە كارێكی ئاسان نییە، كە دەشڵێین ئاسان نییە قسەی لەسەر بكەین، مەبەستمان ئەوەیە ئەو پێوەرانەی بۆ پارتێكی بەهێزی دیموكراتی بوونە پێوەری حزبی سیاسیی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی لە كۆمەڵگەكانی هاوشێوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەری نامۆن و حزبە سیاسییەكان بە پێچەوانەی ئەو پێوەرانە رەفتار دەكەن، زۆر جاریش بەهۆی زاڵی چەمك و مۆدیلی حزبی ئایدۆلۆژی لەو كۆمەڵگایانە ئەوا حزبی دیموكراتی بەهێز بەهەموو شێوەیەك دژایەتی دەكرێت و یان بەشێوەی ناشارستانی ململانێی لەگەڵ دەكرێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی بەهێز لەناخۆی حزبدا ژینگەیەكی كراوەی ئەوتۆ دروست دەكات كە لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبیش رەخنەی ئاشكراو زەق هەبن، ئەوا چۆن دوژمنانی كۆمەڵگەی كراوە بانگێشەیان بۆ رووخانی كۆمەڵگەی كراوە دەكرد، بەهەمان شێوە حزبە ئایدۆلۆژییەكانیش كە ئەوانیش دوژمنی ژینگەی كراوەی ناو حزبن، بەهەمان شێوە بەردەوام خەریكی ئەوەن كە پارتێكی دیموكراتی بەهێزی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە پاشەكشەدایە، یان مۆدیلی سیاسەتی گونجان و كۆمپرۆمایز كە فاكتەری سەرەكیە بۆ پێكەوە ژیان و پێكەوە كاركردن و بونیادی كۆمەڵگەی دیموكراتی و سەروەریی یاسا، وەك رەخنەیەك لە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان وێنای دەكەن.
بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەموو شاڵاو و رەخنە بێ ویژدانانەی لە پارتی دەگیرێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی لەماوەی 67 ساڵدا، پارتێكی بەهێزی هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست نەبۆتەوە؟ بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەركەوتن و شكستدا هەر جەماوەری خۆی هەیە و بنكە جەماوەرییەكەی لەق نابێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە جارێكی دیكە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو فیكرەی كە پارتی لەسەری دامەزراوە، ئەویش بریتییە لەوەی پارتی ئامڕازێكە بۆ هەر تاكێكی ئەم نیشتمانە و بەم ئامڕازە دەتوانێت ئاییندەیەكی گەش بۆ نەتەوەكەی دابین بكات، لەوانەیە هەندێك لەوانەی نایانەوێت پارتی وەك پارتێكی دیموكراتی بەهێز ببینن، ئەم دێڕانە بەوجۆرە بخوێننەوە، كە مەبەستمان لە پێناسەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتێكی بەهێزی دیموكراتی ئەوەبێت كە پارتی تەنیا حزب بێت و حزبی دیكە بوونی نەبێت، نەخێر مەبەستی ئەم دێڕانە تەواو پێچەوانەی ئەم خوێندنەوەیەیە، لەبەر ئەوەی كاتێك پارتی وەك پارتێكی بەهێزی دیموكراتی بوونی دەبێت كە كوردستان وەك ئێستا فرەلایەن و فرە هێز بێت و بژاردەی بەردەمی خەڵكی كوردستان تەنها پارتی نەبێت، بەڵكو لەنێو بژاردە جیاوازەكاندا پارتی جێگەی متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بێت، بۆیە لەم راستەوە كە ئامانجی پارتی ئەوە بێت جێگەی متمانەی خەڵك بێت و سەرچاوەی ئاییندەی هێزی دیموكراتی بێت لەناوچەكە، ئەوا دەبێت لە فیكری بارزانی مستەفاوە ئەوە فێربین، كە بەرنامەی پارتی بەرنامەی خەڵكە و داواكاری خەڵك بەرنامەی پارتیە و ئەركی سەرشانیەتی كە داواكاری خەڵك بخاتە چوارچێوەی سیاسیی و یاسایی و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوەشی ئەمڕۆ پارتی بەشێكی سەرەكیە لە پرۆسەی حكومڕانی وڵاتدا، ئەوا دەبێت هەر خۆشی بە رێگەی نوێنەرەكانی لە پەرلەمان و حكومەت سەرچاوەی جێبەجێكردنی كێشەو داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت، سەرچاوەی ئەو هێزەی ئاییندە بێت كە پرۆسەی پەرەپێدان و دیموكراتی لە پرۆسەی بونیادنانەوە دەیكاتە پرۆسەیەكی بەردەوام.