دوای چەند رۆژێك لە پێكدادانی سەر شەقام..ملیۆنەها میسری سوپا سەرپشك دەكەن بەرەو ڕووی تیرۆر ببێتەوە

دوای چەند رۆژێك لە پێكدادانی سەر شەقام..ملیۆنەها میسری سوپا سەرپشك دەكەن بەرەو ڕووی تیرۆر ببێتەوە
ئەسما حوسێنی/ قاهیرە/ تایبەت بە گوڵان
رۆژی هەینی رابردوو فەریق عەبدولفەتاح سیسی داوای لە جەماوەری گەلی میسر كرد لە مەیدان و گۆڕەپانەكاندا خۆپیشاندان و كۆبوونەوە سازبكەن تاكو سوپا سەرپشك بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی (توندو تیژی و تیرۆر)دوای ئەوەی ئاستی كردەوە توندوتیژی و بەرەوڕووبوونەوەكان لە نێوان لایەنگر و نەیارانی مورسی سەرۆكی لابراو لە چەند شارێكی میسر گەیشتە ئەوپەڕی راددەی مەترسی، هەروەها هێزەكانی ئەمنی میسری لە نیمچە دوورگەی سینا لەلایەن ئیسلامییە توندڕۆكان لەوەتەی لابردنی مورسی لە یۆلیۆی رابردوو تووشی لێدان و تەنگ پێهەڵچنین بوونەتەوە، لە پەرەسەندنێكی دیكەدا هەستی تووڕەبوون و ناڕەزایی لەناو لایەنگرانی سەرۆكی لادراو زیاتر بەرزبووەوە دوای دەرچوونی بڕیارێك لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە بە زیندانی كردنی مورسی بۆ ماوەی 15 رۆژ بەمەبەستی لێكۆڵینەوە، ئەمەش دوای تۆمەتباركردنی لەگەڵ كەسانی دیكە كە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەبوو بەمەبەستی هێرش كردنە سەر دامودەزگاكانی پۆلیس و كوشتنی چەندین ئەفسەر و سەرباز و زیندانی، هەروەها پەلاماردانی بەندیخانەكانی میسر و تێكدانی بیناكان و دەزگاكان و بە ئەنقەست ئاگر تێبەردانی بەندیخانەی وادی بەترون یارمەتیدانی زیندانییەكان بەمەبەستی هەڵاتن، وێڕای دڕاندن و سووتاندنی دەیان دیكیۆمێنت و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بەندیخانەكان دواتر رفاندنی ئەفسەر و سەربازەكان.
بۆیە ملیۆنەها هاووڵاتی میسر بەپیر بانگەوازەكەی سیسییەوە هاتن و رژانە مەیدان و شەقامەكان و وێنەی ئەو و ئاڵای میسر و لافیتەی دژ بە تیرۆر و توندوتیژیان بەرزكردبۆوە دوای چەندین رۆژ لە شەڕی سەرشەقام كە قاهیرەو پارێزگاكانی دیكەی میسر بە خۆیانەوە دی، ئەندامانی ئیخوان رێپێوان و خۆپیشاندانیان سازكردو رێگە سەرەكی و پردەكانیان دابڕی و لە بەرامبەریشدا نەیارانی ئیخوانیش بەرەنگاریان بوونەوەو دەرئەنجام دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، ئەو ئیخوانانە ناڕەزایی و تووڕەبوونەكەیان زیاتر تەشەنەی كرد و داوای گەڕانەوەی سەرۆكی لادراویان دەكرد، ئەوان بە توندی ئیدانەی بانگەوازەكەی سیسیان كرد كە داوای كۆبوونەوەی بەرامبەری كردبوو بەوەش لێكیان دەدایەوە كە رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، لەلای خۆشیەوە نادر بەكار یاریدەدەری سەرۆكی حزبی نوری سەلەفی گوتی: حزبەكەیان بەشداری هیچ چالاكییەكی رۆژی هەینی رابردووی نەكردووە، بۆیە ئێمە هیواخوازبووین كە هەوڵەكان بە ئاراستەی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بوایە، هەروەها حزبی نور دژی كۆبوونەوەو خۆپیشاندانی توندوتیژییە كە ئێستا شەقامەكانی میسری گرتۆتەوە، داواشدەكەین زیاتر بەرەو ئاشتبوونەوە هەنگاوبنێین، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە نەهێشتنی تاوان و بنبڕكردنی تێكدەر و ئاژاوەگێڕان پێویستە لەڕێی یاساوە بێت نەك بێیت جەماوەر بۆ خۆپیشاندان هان بدەیت، ئەوە رۆڵی هێزی چەكدار و پۆلیسە ئەم كارە لە ئەستۆبگرێت.
لەلایەكی دیكەوە محەمەد سەلماوی سەرۆكی یەكێتیی نووسەران لە میسر پێیوایە كە ئەم بانگەوازەی عەبدولفەتاح سیسی بۆ جەماوەر تاكو دابەزنە شەقام و مەیدانەكان پووچەڵكردنەوەی پیلانێكی مەترسیدار بوو كە ئیخوانەكان دەیانەویست لەو رۆژەدا، كە ناویان نابوو رۆژی(فرقان)، جێبەجێی بكەن، چونكە سەفوەت حجازی سەركردەی ئیخوانەكان مزگێنی بە لایەنگرانی مورسی دابوو كە رۆژی یەك شەممە بەپێی پلانێكی تۆكمە و گەورە دەگەڕێتەوە سەر حوكم، ئەو پیلانەش بریتی بوو لە پەلاماردانێكی سیستماتیك بۆ سەر دامودەزگا گرنگ و هەستیارەكانی وڵات و لە هەمان كاتیشدا گەمارۆدانیان بە تەواوی تاكو دواتر چەقی كۆبوونەوەكە لە مەیدانی رابعە عەدەویە بگوازنەوە بۆ مەیدانی رەمسیس، بەو ناوەی كە شوێنەكەی گەورەترە توانای لەخۆگرتنی ئاپۆڕایەكی زۆری خۆپیشاندەرانی هەیە كە لە جیاتی پاس بە شەمەندەفەر لە پارێزگاكانەوە دەگەنە ئەو شوێنە، دیارە ئەم پیلانە خەیاڵییە زۆر زەحمەت بوو جێبەجێبكرایە ئەگەر بڕێكی زۆری چەك و بۆمب و نارنجۆك و ماددەی تەقینەوە نەبێت، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوە بوو كە لە چەند رۆژی رابردوودا توانرا ژمارەیەكی زۆری لوغم و نارنجۆك بدۆزرێتەوە كە لەوانەبوو كوشتار و شەڕێكی خوێناوی گەورەی لێبەكەوتایەوە، بەڵام نووسەری رۆژنامەنووس محەمەدەمین پێیوایە كە میسرییەكان چاوەڕوانی سەعاتی سیفر دەكەن، هەروەها چاوەڕوانی گورزێكی كوشندەی تیرۆر دەكەن، هاوكات سیسی پێویستی بە رێگەپێدان نەبوو، بەڵام پەنای بردە بەر كۆمەڵەی گشتیی گەل، بۆیە ئێمە ئێستا چاوەڕوانی ئاسەواری ئەو رێگەپێدانەین چونكە هەرگیز ئارام ناگرین لەسەر كوشتنی ئەفسەر و سەربازان یان فڕێدانی تەرمەكان لە نێو زبڵدانەكاندا، ئەوەی لە كاری تیرۆریستی روودەدات نابێت لێی بێ دەنگ بین، لەلای خۆیەوە نووسەری رۆژنامەنووس محەمەد بەرغوسی وای دەبینێت كە بڕیارەكەی رێكخراوی نێودەوڵەتی ئیخوان دەری كردبوو پوختەكەی بریتی بوو لە((یان حوكمی میسر دەكەین یان كاولی دەكەین كە بە شێوەیەك هەر فەرمانڕەوایەكی دیكە بێت هیچ ئاسەوارێكی دەوڵەت بەچاوی خۆی نابینێت و گەلیش هەرگیز هەست بە ئارامی و سەقامگیری ناكەن)) دیارە ئێستا ملیۆنەهای خەڵكی میسر بیریان دێت كە دەیانگوت((بە رووخانی مورسی نابێ كەس لە میسر بژی)هەر ئەم گوتەیە بوو كە دواتر بوو بە هەڕەشەیەكی روون و ئاشكرا بۆ تێكدانی وڵات یان بكرێت بە سۆماڵێكی دیكە ئەگەر مورسی بەر لە كۆتایی خولی سەرۆكایەتییەكەی بڕووخێت، ئەو زیاتر دەڵێت: بە درێژایی یەك ساڵی حوكمی مورسی رق و كینەو تووڕەیی خەڵك زۆر بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر پەرەی دەسەند، لەلای خۆشیانەوە ئیخوانەكان لە هەوڵی جێبەجێكردنی پیلانەكەیاندا بوون بەر لەوەی خەڵكەكە بەئاگابێتەوە، بەڵام دواتر هەڵمەتی(یاخی بوون)دەستی پێكرد و ئیمزای هاووڵاتیان كۆكرایەوە دژ بە مانەوەی مورسی، بۆیە بە ئاشكرا دیاربوو كە شەرعییەتی سیاسی و مۆڕاڵی ئەو حوكمە ئیخوانییە رق لەدڵە بە تەواوی بەرەو داخوران دەچوو، ئیخوان تەنیا بۆ مانەوەی سەرۆكەكەیان كاریان دەكرد پێیانوابوو لە ماوەی ساڵێكدا دەتوانن دەست بەسەر دادگادا دەگرن و دامودەزگاكانی وەكو ئەزهەر و سوپاش كۆنترۆڵ دەكەن، ئاماژەش بەوە دەكات كە دوای رووخانی سەرۆكی ئیخوانەكان یەكسەر رێكخستنی نێودەوڵەتی ئەوان، دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی هەڕەشەكەیان بەوەی كە میسر بكەنە وڵاتێكی وێران، بۆیە بڕیارەكەی سوپا لەوەدا هات كە رێگەیان لەلایەن گەلەوە پێ بدرێت تاكو بەرەنگاری ئەو پیلانە تاوانكارییە ببێتەوە، بۆیە ملیۆنەها میسری هاتنە سەرشەقام و داوایان لە سوپا كرد كە ئەم ئەركە لە ئەستۆبگرێت، بەمەش قۆناغێكی جیاكەرەوە لە مێژووی میسر دەستی پێكرد، ئەو قۆناغەش زۆر ئاسان نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە رزگاركردنی جیهانی ئیسلامی لەو رێكخستنە تاوانبارە كۆتایی دێت كە هێزەكانی لە خزمەتی پرۆژەی ئەمریكا لە ناوچەكە دانابوو.
ئەوی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە كە میسر لە دووڕیانێكی راستەقینەدایە، ترسی ئەوەش لە ئارادایە كە ئەزموونەكەی جەزائیر دووبارە بێتەوە، یان ئەگەری ئەوە بێتە ئاراوە كە ئەندامانی گرووپی ئیخوان و لایەنگرانی پەنا بۆ هەڵگرتنی چەك بەرن، دواتر كاری تێكدان و تیرۆریستی ئەنجام بدەن بە پاساوی ئەوەی كە ئەو پێشنیارانەی سەركردایەتی گرووپەكە پێشكەشی حكومەتی تازەیان كردبوو كە بەشداری لەو بارودۆخە بكەن و لە دانیشتنەكانی گفتوگۆی نیشتمانی ئامادەبن، ئەویش بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانیان كە وادیارە لەو هەلومەرجەی ئێستادا زۆر زەحمەتە بۆیان بچێتەسەر.
Top