میسر:خەڵك داوای رۆیشتنی مورسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن

میسر:خەڵك داوای رۆیشتنی مورسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن
ئەسما حوسەینی/قاهیرە
ملیۆنەها كەس لە گەلی میسر لە قاهیرەو زۆربەی پارێزگاو شارەكانی ئەو وڵاتە لە خۆپیشاندانی گەورەدا رژانە شەقام و گۆڕەپانەكان،ئەویش بەر لەچەند رۆژێك لەو كاتەی كە ئۆپۆزسیۆن دیاری كردبوو بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی ناڕەزایی دژی محەمەد مورسی سەرۆكی میسر،لەو رۆژەدا مورسی ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی تەواودەكات،دیارە ئەوەی جەماوەرەكەی بەم شێوەیە تووڕەتر كرد وتارەكەی ئەم دواییەی مورسی بوو كە هەستی نارەزایی لای خەڵكەكە وروژاند و بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی تووڕەیی لەلای سەرجەم توێژەو پێكهاتەكانی گەلی میسر،ئەوەی لەم وتارەدا هاتبوو بە هیچ شێوەیەك و تۆزقاڵێك ئومێدی ئەوەی نەهێشتبۆوە كە سەرۆك سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئاشتەوایی نیشتمانی یاخود هەوڵبدات وڵاتەكە لەم قەیرانەی ئێستای بێنێتەدەر،ئەو وتارە كە دووسەعات و نیو بەردەوام بوو هیچ رەنگدانەوەیەكی لێ نەكەوتەوە كە بەرژەوەندیی باڵای وڵات لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانەوە بێت،لە لایەكی دیكەوە لایەنگرانی سەرۆك لە مەیدانی رابعە عەدەویەی ئاقاری شاری نەسر كۆبوونەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ شەرعیەتی سەرۆكی هەڵبژێردراو دووپات كردەوە، ئەوان داوای ئەوەیان دەكرد كە شەریعەت پەیڕەوبكرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی سەرۆك كە ژمارەیات تا دێ زیاد دەكات، دوای ئەوەی كە سەرجەم گەلی میسر بۆی دەركەوت كە ئەم سەرۆكە شكستی هێنا لە بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا،بە تایبەتیش بژێوی هاووڵاتیانیش روو لە خراپییە وێرای كەمیی سووتەمەنی و قەیرانی پچڕانی كارەباو و ئاو هاوكات هەڵبەزو دابەزی بەهای دراوو بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانی ئابووری،هەروەها پشێوی و تێكچوونی باری ئەمنی و كێشەی سینا و گرژبوونی قەیرانی ئاوی نیل و چەندین كێشەی دیكە،گەلی میسر بۆیان دەركەوتووە كە ئیخوان دەیەوێت دەسەڵاتی خۆیان بەتەواوی بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا بسەپێنن،كە بە زاراوەی (بەئیخوانكردن) ناوی دەبەن،ئەمە سەرەڕای چەندین دۆسێش كە لەبەردەم دادگادایە و ئاماژەن بۆ تێوەرچوونی ئیخوان لە چەند تاوانێك دژی بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵات،ئەو وتارەی مورسیش ئەوەی سەلماند كە پشتیوانی لە شەرعیەتی بوونی خۆیان دەكەن و هەر ئەمەش بوو كە نیگەرانی لای میسرییەكان هێنایەئاراوە چونكە ناوەڕۆكەكەی هانی توندوتیژی دەكات و تاوانی تەخوین و تەكفیر دەخاتە پاڵ نەیارانی مورسی و حوكمەكەی.
لە كاتێكدا كە ملیۆنەهای نەیاری مورسی كارتی سوور و لافیتەیان دژ بە حكومەتەكەی بەرزكردۆتەوە و پڕ بە دەم هاواردەكەن(ارحل- بڕۆ)كە پێشتر بۆ رۆیشتنی حوسنی موبارەكیان بەرزكردبۆوە،دەبینین ژمارەی كوژراوان لە ئاكامی پێكدادانەكان كە لە پارێزگاكان روویاندا،بۆ چوار كوژراو بەرز بووەوە،سەرانی حزبی حوریەو عەدالە كە زمانحاڵی ئیخوان موسلمینە بەرپرسیارێتیی ئەو خوێن ڕشتنەیان خستە ئەستۆی بەرەی ئینقاز و بزووتنەوەی یاخیبووان.
ئەزهەر هۆشیاری دا بە هەڵگیرسانی (شەڕی ناوخۆ)، لەم رووەو دكتۆر حەسەن ئەلشافعی سەرۆكی نووسنگەی مەشیەخەی ئەزهەر و گەورە راوێژكاری دكتۆر ئەحمەد ئەلتەیب شێخی ئەزهەر لە بەیاننامەیەكدا كە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە رایگەیاند كە»پێویستە وریا بین تا نەخزێینە نێو شەڕێكی ناوخۆ و جیاوازی نەكات لەنێوان لایەنگرو بەرهەڵستكاران و ئەو كاتەش پەشیمانی دادمان نادات.
هەرچی عەمرو موسای سەرۆكی حزبی كۆنگرەو سەركردە لە بەرەی ئینقاز دووپاتی كردەوە كە بەرە داوای كودەتا دژی مورسی ناكات،بەڵكو داوادەكات مل بنێ بۆ سەندوقەكانی دەنگدان لە میانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی سەرۆكایەتی،هەروەها گوتی:پێویستە دیموكراسیەت هەر بە گەمەی سەرەكی بمێنێتەوەو هەر گۆڕانێكیش پێویستە بە میكانیزمەكانی دیموكراسییەت ئەنجام بدرێت،چونكە میسر پێویستی بە گۆڕانكاریی راستەقینە هەیە لەو شێوازەی كە پێی بەڕێوەدەبرێت،دەبێ سەرۆك بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بكات،بەڵام وادیارە كە سەرۆكایەتی نایەوێت دان بە تووڕەیی گەلدا بنێت.
لەبواری هەڵسەنگاندنی حوكمی سەرۆك لەماوەی ساڵێكدا دكتۆر عەبدولحافز كوردی مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت:لە میانی ساڵی رابردوو چەندین بڕیارو هەڵوێست هاتنە ئاراوە كە گورزێكی كوشندەیان لە خودی دەستوورو یاسا وەشاند،ئەو وەسفی رژێم بەوە دەكات كە دیدگاو بۆچوونی روون و ئامانجی ستراتیژیی نییە هاوكات بەرنامەو پلانی تۆكمە شك نابات كە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی نیشتمانپەروەردا كاریان لەسەر بكات.زیاتر روونی كردەوە كە ئەو رژێمە دژی میللەتەوهەڕەشەیە بۆ سەرناسنامەی نەتەوە و كلتوورە رەسەنەكەی.ئەو شەرعییەتێك بۆخۆی بەڕەوا دەزانێت كە لە سندوقەكانی دەنگدان بەدەستی هێناوە،رژێمێكە هاتۆتەسەر حوكم كە بەردەوام دوژمنایەتیی رۆشنبیرو شاەزاو داهێنەران دەكات و سیاسەتی بە ئیخوانكردن لە سەرجەم دەزگاكانی دەوڵەت پەیڕەو دەكات،ئەو رژێمەی كە كۆنترۆڵی سینای لەدەست داوەكە بەشێكی ئازیزی نیشتمانە، لە هەمان كاتدا جیهاد لە سوریا رادەگەیەنێت كە بەمەش دەیەوێت سوپای میسر بخاتە نێو ململانێیەكی تایفی و چاكتریش وابوو سەرۆك لەگەڵ میللەتەكەی ئاشتەوایی بكردایە.
لەلای خۆشیەوە نووسەری رۆژنامەنووس دكتۆر سەعید لاوەندی پێی وایە كە رژێمی ئێستا بەرامبەر خۆی هەڵەی كرد كاتێ خۆی خستە سەر بورجی عاجەوە و نەخزایە نێو كێشەكانی خەڵكەوە و گرانیی نرخەكان لە بازاڕەكەدا تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە.
بەڵام هەمیشە توندوتیژی مەترسییەكی گەورەیە كە هەڕەشە لە كۆبوونەوەكانی ناڕەزایی دەكات كە میسرییەكان بۆ چاككردنی رێبازی شۆڕشەكەیان رێكی دەخەن و خەڵكەكەش ترسی ئەوەیان هەیە كە وڵات بخزێتە ناو شەڕی ناوخۆوە،میسرییەكانیش هەر چاوی ئومێد دەبڕنە سوپای نیشتمانی،لە هەمان كاتیشدا لە فشاری ناوخۆو دەرەوە دەترسن، بەڵام عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری بەم دواییە رایگەیاند كە سوپا بێ دەنگ ناوەستێ، بەڵكو دێتە ناو كێشەكەوەو قبوڵیش ناكات خراپی بەرامبەر بكەن لە ئاماژەیەكدا بۆ لێدوانەكانی پێشووی سەركردایەتییەكانی ئیخوان موسلمین و هێزە ئیسلامەویەكان،سیسی باسی لەو مۆڵەتەكرد بۆ ئەنجامدانی سازان راگەیانراوە، بۆیە هەندێ كەس پێیان وایە كە سوپا بە هاتنە ناو كێشەكەوە كارەكە یەكلایی دەكاتەوە،ئەمەش هەناسەیەكی خۆشی بەو كەسانە بەخشی كە ئەگەر سوپا دەست تێوەردان بكات ئەوا رەنگە لە بەرژەوەندیی ئیسلامییەكان بێت .
Top