سودان لەبەردەم سیناریۆ كـــارەساتبارەكاندایە
June 19, 2013
راپۆرتەکان
گوڵان- قاهیرە
پەرەسەندنی نائارامی و شەڕ و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی سودان، دۆخێكی مەترسیداری لێكەوتۆتەوە بەرادەیەك ئەو وڵاتەی خستۆتە بەردەم لێواری هەڵوەشاندنەوە، لەم دۆخەدا حوكمڕانی لەخەرتوم دەسەڵاتە مەركەزییەكەی رووی لەكزی كردووەو لەوە ناچێت لەداهاتوودا بتوانرێت یەكێتی وڵاتەكەی بپارێزێت، لەبەرامبەریشدا ئەمریكاو رۆژئاوا لەمەڕ گۆڕانكاریی و پێشهاتەكان بێدەنگن، رەنگە ئەوان تەنیا مەبەستیان جیابوونەوەی باشوور و بەردەوامبوونی رژێمێكی لاواز بێت، هەربۆیە گەر سودان روونەكاتە گۆڕانكارییەكی دیموكراتی راستەقینە ئەوا وڵات رووبەڕووی چەندین سیناریۆ دەبێتەوە، دكتۆر ئیبراهیم ئەمین ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی سودانی لە لێدوانێكی تایبەت بە گۆڤاری گوڵان باس لەو قەیرانە دەكات كە سودان تێیكەوتووەو لەمبارەیەوە پێیوایە رەوشەكە مەترسیدارە چونكە بەتەواوەتی هەیبەتی دەوڵەت نەماوە لەم رووەوە وتی: دەسەڵاتی ناوەند لەسودان نەماوە و لەناو خودی رژێمیشدا زیاتر لە رەوتێك هەیە، هەرئەمەشە وایكردووە هەیبەتی حكومەت نەمێنێت و پاراستنی یەكێتی وڵات كارێكی ئاستەم بێت، لەبەرامبەریشدا گەلی سودان ترسیان لەتێكچوونی یەكجارەكی وڵاتەكەیان هەیە، لەم نێوەندەشدا عەقڵمەندانی سودان بیر لەو سیناریۆیانە دەكەنەوە كە دەكرێت وڵاتەكەیان رزگار بكات، سیناریۆی یەكەم مانەوەی رژێمە بەلاوازی لەبەڕێوەبردنی كێشە سیاسییەكانی وڵات و بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادانەكان بەمەش پشێوییەكان بەردەوامی دەبێت و مەینەتیەكان بەردەوام دەبێت و ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی وڵات زیاتر دەبێت، سیناریۆی دووەمیش لەسیناریۆی یەكەم باشتر نییە ئەویش كودەتایە جا ئەو كودەتایە لەكۆشكەوە بێت یا كودەتایەكی هێزە چەكدارەكان بێت، كە ئەگەر سەركەوتنی لەكۆنترۆڵكردنی خەرتووم بەدەستهێنا ئەوا بۆ چی دیكە لەخەرتوومەوە ناتوانرێت حوكمڕانی سودان بكرێت چونكە بوونی ژمارەیەكی زۆری میلیشیایەكان و چەك و تەقەمەنی بەردەوامی بەشەڕ و پێكدادانەكان دەدات، هاوكات سیناریۆی سێیەمیش هەیە كە رەنگە بزووتنەوە چەكدارەكان بتوانن كۆنترۆڵی هەندێك ناوچە بكەن و لەوێوە پەلاماری خەرتووم بدەن بەهاوشێوەی سۆماڵێكی تازە پێكدادان لەنێوان بزووتنەوە چەكدارەكان روودەدات. بەمشێوەیە لە هەرسێ سیناریۆكەی بەردەم سودان دەبینین نەهامەتی و شەڕ و ماڵوێرانی بۆ گەلانی سودانی لێدەكەوێتەوە.
ئاخۆ سیناریۆیەك نەبێت كە تێیدا هەموو هێزەكان هاوكۆك بن لەسەری و هەموو حزب و هێزەكان كۆنەكاتەوە تاوەكو سودان لەسیناریۆ پڕ لەمەترسیەكان دەرباز بكات، سەبارەت بەو سیناریۆیە ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی سودانی پێی وابوو ئەو سیناریۆیە لەسایەی ئەم رژێمەدا نایەتەدی ئەویش سناریۆی بیركردنەوەی تەندروست كە بەوتەی دكتۆر ئیبراهیم ئەمین دوورە لەتۆڵەسەندنەوەو راونانی فەرمانڕەوایان بەڵكو پەیوەستە بە بوونی پرۆژەیەك كە هەموو لەسەری رێكەوتنی لەسەر بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، واتا گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی نیشتمانی كە رای گشتی پەسەندی بكات ئەمەش پێویستە بەخێرایی ئەنجام بدرێت. نەك وەكو ئەو مەبەستەی دیالۆگكردن كە سەرۆك بەشیرو جێگرەكەی بانگەشەیان بۆ كرد كە تەنیا مەبەستیان گفتوگۆكردن و توانەوەیە لەناو رژێمدا هەروەكو ئەوەی لەقۆناغی پێشوودا لەگەڵ بزووتنەوە چەكدارەكان پەیڕەوكرا، هەربۆیە دیالۆگ بیركردنەوەیە لەگۆڕانكاری راستەقینە بەشێوەی روون و ئاشكرا. لەلایەكی دیكەوە هەموو رێكەوتنێكی دوولایەنە نەبووە هۆی ئەنجامدانی گۆڕانكاری پەسەندكراو، كاتێك هێزە سیاسییەكان دەگەیشتنە هەر رێكەوتنێك یا دەستنیشانكردنی رێگەچارەیەك بۆ قەیرانی سودان یەكسەر دەكەوتنە ناو قەیرانگەلێكی دیكەوە، بۆنموونە مایەی پێكەنینە هەر گرووپێك لەدارفۆر خۆی وەكو هێزێكی چەكدار دادەنا راستەوخۆ ئینقاز رووی تێدەكردوو لەگەڵیدا رێكدەكەوتن و پلەو پایەی بۆ پێشنیار دەكردن كەچی ئێستا لەدارفۆر رەوشەكە خراپترە. هەربۆیە بەپێی وتەكانی ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی سودانی چارەسەركردنی كێشەكانی سودان لەم قۆناغەدا زەحمەتەو تەنیا دووبارەكردنەوەی تاقیكردنەوەكانی پێشووە.
كەواتە پەرەسەندنەكان لەسودان لەهەڵكشاندایە بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانانەی لەشاخەكانی نۆبەو نیلی شین هاتە ئاراوە كە رەنگە بگاتە نیلی سپی، هاوكات رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش لەچارەسەركردنی قەیرانەكە لاوازە، سەبارەت بەم بوارە ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی سودانی وتی: رژێم لەلێواری رووخاندایەو كودەتای ئەم دواییەی ئیسلامیەكانیش مەترسیدارترین حاڵەتە، چونكە ئەوان بەرگری لە رژێم دەكەن و لەباشوریش شەڕ دەكەن، لەبەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن كەمتەرخەمە و بەدرێژایی چارەكە سەدەیەك نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و بەناخی جەماوەر رەگیان دانەكوتیەوە، زۆربەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەرەوە هەڵوێستی بەرهەڵستكارییان هەیەو لەنێخۆشیاندا هاوپەیمانێتیەكەیان لاوازە. لەبەرامبەریشدا لەبەرئەوەی هەڵەكە لەسیاسەتە پەیڕەوكراوەكەیە هەربۆیە خەڵكی بڕوایان بەدیالۆك و گۆڕانكاری مەدەنی نەماوە ئەمەش لەبەر ئەوەی سەرانی رژێم لە گەندەڵییەكان تێوەگلاون و چاودێری توندی دەزگا ئەمنییەكان و نەبوونی هەماهەنگی لەئەدای رێكخراو و دامەزراوە حكومییەكان.
سەبارەت بە رۆڵی ئەمریكا لەچارەسەركردنی كێشەكان ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی سودانی لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵانی وتی: رژێمی خەرتووم وەكو رژێمێكی سەركوتكار خزمەت و سوودێكی گەورەی بە ئەمریكا گەیاندووە، هەر لە جیابوونەوەی باشوور و پاشگەزبوونەكانی رژێمەكە لەئاست داخوازییەكانی بۆ ئەو وڵاتە، دۆخێكی وای دروستكردووە ئەمریكا لەئاست ساختەكاریی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە چاوی نوقاند، چونكە گرنگ لای ئەمریكا بەردەوامی رژێمەكەیەو جیابوونەوەی باشوورە. هەربۆیە من پێموایە جیابوونەوە لەنێوان خەرتووم و دەوڵەتی باشووری سودان روویداوە، پێویستە پارێزگاری لەپەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیرییەكانی نێوان هەردوو گەل بكەین چونكە لە 30%ی دانیشتوان لەپشتێنەی سنووری نێوانیان دەژین، بەرادیەك رەوەندە عەرەبەكان و خاوەن ماڵاتەكان دەچنە نێوخاكی یەكترەوە كەمترین رێگەگرتن لە لەوەڕ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پێكدادان.