ئەسەد و نەسروڵڵاكێشەی سوریایان گۆڕی بۆ فیتنەی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە

ئەسەد و نەسروڵڵاكێشەی سوریایان گۆڕی بۆ فیتنەی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە
دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی بە ئاشكرا رایگەیاند چەكدارەكانی پشتگیری لە سوپای بەشار ئەسەد دەكەن بۆ مانەوەی رژێمەكەی، لە هەمانكاتدا چەكدارانی رێكخراوی حوسی یەمەنیش بەرێگەی لوبنان پەڕینەوە ناو خاكی سوریا بۆ ئەوەی شان بەشانی سوپاكەی ئەسەد دژی گەلی سوریا بجەنگن، ئەمە بێجگە لەوەی هەواڵەكان باس لەوەش دەكەن لەوڵاتانی دیكەی دراوسێی سوریا لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە چەكداری دیكە بۆ پشتگیری رژێمی ئەسەد چوونە سوریا، لەبەرامبەریشدا باس لەوە دەكرێت چەكدارانی سوننەش لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێی سوریا و رێكخراوە ئیسلامیە سوننی مەزهەبەكان چەكداریان ناردۆتە سوریا بۆ ئەوەی پشتگیری لایەنە ئیسلامیە سوننەكانی ناو سوریا بكەن كە ئێستا دژی سوپای ئەسەد دەجەنگن، ئەمەش مەترسی بارودۆخی سوریای گەیاندۆتە ئەو ئاستە كە سوریا ببێتە ئەفغانستانێكی دیكە هەم بۆ مەزهەبی سوننە و هەمیش بۆ مەزهەبی شیعە.
لەسەر ئاستی گۆڕانكارییە نێودەوڵەتیەكانیش، وێڕای ئەوەی هەوڵەكان بۆ گرێدانی لوتكەی جنێف 2 كە بڕیارە لەناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ قسەكردن لەسەر حكومەتی ئینیتقالی سوریا گرێبدرێت، سەردانی سیناتۆری كۆماری بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لەناو سوریا، بە وەرچەرخانێكی گەورە سەیر دەكرێت، بە تایبەتی كە سیناتۆر جۆن مەكین یەكێكە لە دیارترین ئەندامانی حزبی كۆماری ئەمریكا و پێشتریش كاندیدی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەر بۆیە چاودێران ئەم سەردانەی مەكین بۆ ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆن لەناو سوریا بە سەرەتای گوشار خستنە سەر ئیدارەی ئۆباما دەزانن بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی توندتر لەبەرامبەر سوریا وەربگرن.
هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە یەكێتی ئەوروپا گەماڕۆی پێدانی چەكی لەسەر سوپای ئازادی سوریا هەڵگرت، بەڵام هەڵگرتنی ئەم گەماڕۆیە راستەوخۆ نییە و لەماوەی 3 مانگی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر هەتا 3 مانگی داهاتوو و لەمیانەی كۆنگرەی جنێف 2 نەتوانرێت كێشەكە بەلایەكدا بخرێت، ئەوا چەك دەدرێتە سوپای ئازادی سوریا بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە گۆڕەپانی شەڕی سوریا لە نێوان سوپای ئەسەد و چەكدارانی سوپای ئازادی سوریا دروست بكرێت، بەڵام وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەم بڕیارەی یەكێتی ئەوروپا، روسیا رایگەیاند كە سەفقەیەكی دیكەی رۆكێتیs 300 دەداتە رژێمی ئەسەد، ئەم هەڵوێستەی روسیاش بۆتە هۆكاری ئەوەی ئیسرائیل بێتە سەر خەت و وەزیری بەرگری ئیسرائیل راشكاوانە بڵێت ئەگەر روسیا ئەو سەفقە رۆكێتە بداتە سوریا ئەوە ئیسرائیل قسەی خۆی دەبێت و دەزانێت چۆن كاردانەوەی دەبێت.
لوتكەی جنێف 2
كێشەی سوریای پێ چارەسەر ناكرێت
لەگەڵ ئەوەی هەندێك چاودێری سیاسی پێیانوایە لوتكەی جنێف 2 دەبێتە هۆكارێك بۆ دابەشبوونی سوریا، هەروەك چۆن لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی، ئەڵمانیا دابەشكرا و بەرلین كرا بە دوو بەشەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە سوریا جارێكی دیكە جیهانی لە یەك جەمسەریەوە كردەوە فرە جەمسەری یان دوو جەمسەری نێوان روسیا و ئەمریكا، بە تایبەتیش كە ئێستا هەوڵەكان بە تەواوەتی لەنێوان جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سێرجی لافرۆف وەزیری دەرەوەی روسیا كۆبۆتەوە، لەمەش گرنگتر وەك لە رووماڵی هەواڵەكاندا گوێبیستی لێدوانە فەرمیەكانی روسیا دەبین لە زاری وەزیری دەرەوەیەوە، هەست دەكرێت كە روسیا بەتەواوەتی وەك پارێزەرێك بەرگری لەمانەوەی رژێمی ئەسەد دەكات، هەر بۆ نموونە روسیا داوا دەكات بێجگە لەوەی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی لەسەر سوپا و هێزەكانی ئاسایش و بانكەكانیش دەمێنتەوە و ئەم دەسەڵاتانە ناگوازرێنەوە بۆ حكومەتی ئینتیقالی، هەروەها روسیا داوای كردووە كە دەوڵەتی ئێران لە پرۆسەی لوتكەی جنێف 2 بەشدار بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە روسیا دەیەوێت لە رێگەی لوتكەی جنێفی 2ـەوە پارێزگاری بە رژێمی ئەسەدەوە بكات، لەبەرامبەردا ئەمریكا ئەم بارودۆخەی پەسەندە و نایەوێت جاریكی دیكە بكەوێتە ناو تەنگژەیەكی هاوشێوەی عێراق و ئەفغانستانەوە، ئەمەش دەرگای لەبەردەم روسیا واڵا كردووە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی دەستێوەردان لەكاروباری سوریا بكات و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ چارەسەری كێشەی سوریا پەك بخات.
فیتنەی شەڕی مەزهەبی
ناوچەكە دەگرێتەوە
ئەگەر كێشەی سوریا بەم ئاراستەیە بڕوات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ كێشەكە دانەنێت، ئەوا گەلی سوریا لە گەلی یوغسلافیای سەردەمی سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچی خراپتر بەسەر دێت و كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێدەكەوێتەوە، بە تایبەتی كە رژێمی ئەسەد بە دەستپێكردنی تەقینەوەكانی لەناو شاری ریحانەی توركیا ئاگری ئەم فیتنەی هەڵگیرساند و بە تێكەڵاوبوونی حزبوڵڵا كێشەكە زیاتر ئاڵۆز بوو، لە ئێستاشدا كە لەهەندێ مینبەرەوە بانگێشەی ئەوە دەكرێت شەڕكردن دژی رژێمی ئەسەد، شەڕە دژی مەزهەبی شیعە، مانای ئەوەیە كێشەكە لە كێشەی رژێمێكی دیكتاتۆریەوە دەگۆڕێت بۆ كێشەیەكی مەزهەبی خوێناوی، ئەوجا لەبەر ئەوەی لە دەوڵەتانی دراوسێی روسیا بە تایبەتی لوبنان و عێراق و ئێران و توركیا، مەزهەبی شیعە و سوننە بوونی هەیە، بۆیە هیچ بەدوور نازانرێت ئەم كێشەیە هەموو ناوچەكە بگرێتەوە و چارەنووسی ناوچەكەش بەرەو ئایندەیەكی نادیار بەرن.
Top