تارمایی تینوێتی و بەئیخوانكردنی رۆشنبیری.. میسری كاولكرد
June 4, 2013
راپۆرتەکان
لە ئێستادا میسر بەدەست ناكۆكی و ململانێگەلێكی سەخت دەناڵێنێت،ئەویش لە ئاكامی حاڵەتی كێشمەكێشی سیاسی و قەیرانی ئاڵۆزی ئابووری لەسایەی حوكمی رەوتی ئیسلامی كە بەردەوام هەوڵ دەدات تاكڕەوی پیادەبكات و بە بیانووی سەندوقەكانی هەڵبژاردنەوە مەرامە سیاسیەكانی بەسەر خەڵكەكەدا بسەپێنێت،ئەمەش لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە رەت دەكرێتەوە،ئەو رەوتە ئیسلامییە وای لێهاتووە كە ململانێیەكی زۆر توند دروست بكات نەك هەر لەگەڵ حزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەڵكو لەگەڵ دادوەرو رۆشنبيرو خەڵكی سادەوساویلكەی سەر شەقام كە هەمیشە رەخنەو گلەیی ئاڕاستەی دەسەڵات دەكات لەبەر نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و دابەزینی ئاستی بژێوی و نەخاسما مەترسیی كەمبوونەوەی ئاو كە سەرچاوەی ژیانی میسرییەكانە دوای ئەوەی ئەسیوبیا بەنداوی(النهضة) ی دروستكرد كە بەشەئاوی رووباری نیلی كەمكردەوەو تارمایی تینوێتی هێنایەئاراوە.
تا ئێستا ناكۆكی لەسەر هەردوو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ودەستپێكردنی مافە سیاسییەكان مایەی مشتومڕی میسرییەكانە،دوای ئەوەی بەر لە سێ مانگ دادگای دەستووری حوكمی دەركرد بە نادەستووریی ئەو هەردوو یاسایە هەروەها دادگای باڵای ئیداری بڕیاری دا بە جارێكی دیكە گەڕاندنەوەی پرۆژەی ئەو یاسایانە بۆ دادگای دەستووری و راگرتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی نوێنەران كە مورسی بانگەشەی بۆكرد، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەنجومەنی شورا كە زۆرینەی ئیسلامین دووپرۆژەی نوێی ئامادەكرد، ئینجا دادگای دەستووری جارێكی دیكە بڕیاری دا بە نادەستوورییەتی هەندێ لە ماددەكانی ئەو دوو یاسایە، بە تایبەتیش ئەوەی كە پەیوەستە بە یاساغ كردنی بەكارهێنانی دروشمی ئایینی و دابەشكردنەوەی كورسییەكان لە بنكەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكاندا و مافی پۆلیس سوپا كە بەشداربن لە هەڵبژاردنەكاندا،ئەمانە مشتومڕێكی فراوانیان لەنێو كۆمەڵگەدا هێنایە ئاراوە.
لەم رووەوە چالاكوانی ماف و ئەمینداری گشتیی رێكخراوی میسری بۆ مافی مرۆڤ حافز ئەبو سەعدە دەڵێت:مافی دەنگدانی پۆلیس و سوپا دیاردەیەكی هاووڵاتیبوونە، هەروەها دەستووری میسر هیچ كەس لە مافە بنەڕەتییەكانی بێ بەش ناكات.
دكتۆر عەمڕو حەمزاوی سەرۆكی حزبی میسریی ئازادی و ئەندامی بەرەی ئینقازپێی وایە كە هەڵوێستی دادگای دەستووری دروستە لەوەی كە قەدەغەكردنی ئەفسەرانی سوپاو پۆلیس لە دەنگدان كارێكی نادەستوورییە،چونكە بە پێی دەستووری 2012 نابێ لە دەنگدان بێبەش بكرێن چونكە ئەوانیش هاووڵاتی بنەڕەتی ئەم وڵاتەن،بۆیە ئەوەی شورا كردی كارێكی نابەجێ و نادەستوورییە.
لەبەرامبەردا رەوتە ئیسلامییەكان بڕیارەكەی دادگای دەستووریان رەتكردووە كە ماف بە سوپا دەدات بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و بە بڕیارێكی ناڕەوای دادگاكەیان لەقەڵەم دا،هەروەها بەردەوامیی رۆڵی سیاسیی و میتۆدی دوژمنكارییانەیە دژی سیستەمی ئیسلامی،دكتۆر محەمەد بلتاجی سەركردە لە حزبی ئازادی و دادوەری دەڵێت:هەڵەیەكی گەورەیە لە دادگای دەستوورییەوە بە بەشداریپێكردنی سوپاو پۆلیس لە كاری سیاسیدا و ناكرێ ئەم دادگایە دەست لە كاروباری سیاسی وەربدات دوای ئەوەی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.
سوبحی ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی شورای سەر بە حزبی ئازادی و دادوەری دەڵێت:ئەگەر ئەفسەرانی پۆلیس و سوپا بچنە شارەكانیان بە مەبەستی دەنگدان ئەدی كێ ئەم وڵاتە بپارێزێت؟ بەم شێوەیە ئەم وڵاتە لەدەست دەدەین،لە كاتێكدا كە لاوانی 6ی ئیپریل دووپاتیان لە رەتكردنەوەی تەواویان كردەوە سەبارەت بە تێوەگلاندنی سوپاو پۆلیس لە كێشمەكێشی سیاسیی ئێستای وڵات لەرێی پێدانی مافی دەنگدانەوە.
جا بۆ دەربازبوون لەم مشتومڕە هەندێ فوقەهای دەستووری پێشنیاریان كرد راپرسییەكی میللی ئەنجامبدرێت سەبارەت بە بەخشینی سەربازو پۆلیس لە دەنگدانی پەرلەمانی،بەڵام لەهەمان كاتدا دەنگدانی سەرباز وپۆلیس دەبێتە لوغمێكی تازە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی میسر،بە تایبەتیش لە پەیوەندیدا بە بانگەوازی پەنابردن بۆ سوپا بە هاتنە نێو سیاسەت و رزگاركردنی وڵات لە حوكمی ئیخوان.
ململانێیەكە زیاتر لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەنجومەنی شورا نوێنەرایەتی دەكات و لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری پەرەی سەندووە،چونكە لەگەڵ سووربوونی ئەنجومەنی شورا لەسەر گفتوگۆكردن سەبارەت بە پرۆژەی یاسای تازەی دەسەڵاتی دادوەری كە باس لە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دادوەران دەكات بۆ شەست ساڵ كە مانای ئەوەیە وڵات لە دەستی سێ هەزار دادوەر قورتاری بێت،ئەمەش هەوڵدانێكی ئاشكرای بە ئیخوانكردنی دادگایە،بۆیە دەبینین كە دادوەران ناڕازین بەرامبەر ئەم پرۆژەیە و بە دەسەڵات سەپاندن و شێواندنی سەربەخۆیی دادگاو حوكمی دەوڵەتی یاسایان لەقەڵەم دا،دادوەران بەسەرۆكایەتی راوێژكار ئەحمەد زەند ئەم بانگەوازەی راگەیاندوكۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی گرێدا تایبەت بە دادوەری لە میسر بە مەبەستی بەدەوڵەتكردنی كەیسەكە ،بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی شورا پرۆژەكەی خستەگفتوگۆوەو بێ گوێدانە كۆنگرەی دادوەری كە سەرۆك مورسی داوای كرد، دادوەران داوای پەناگیرییەكی كراوەیان كرد لە دژی رەفتاری ناڕەوای دەسەڵاتی یاسادانان و دووپاتیان كردەوە كە بەپێی دەستوور ئەوان دژی بە ئیخوانكردنی دەزگای دادوەرین.
لەلای خۆیشیەوە دكتۆر محەمەد مەحسوب جێگری سەرۆكی حزبی وەسەت كە سەرچاوەكەی ئیسلامییەوو هاوپەیمانی ئیخوانە و پرۆژە یاساكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی شورا كردووە دووپاتی كردەوە كە حزب پاشگەزنابێتەوە لە گفتوگۆكردن لە سەر یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ئەنجومەنی شورا.بەڵام حزبی سەلەفیی نور و بە پێچەوانەی زۆری ئەو كەیسانە هەڵوێستێكی دژ بە ئیخوان لەم پرۆژەیەدا گرتەبەر و پشتیوانی لە دادوەران كرد،بۆ ئەم مەبەستە ئەندازیار ئەشرەف سابت جێگری سەرۆكی حزبی سەلەفی نور دەڵێت:پەیوەندیی نێوان دەزگاكانی دەوڵەت لەسەر بنەمای تەواوكاری وەستاوە لە پێناو پارێزگاری كردن لە دەستاودەست كردنی دەسەڵات پرەنسیبی لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان،دووپاتیشی كردەوە كە ئەمە تەنیا بە سەربەخۆیی كردنی دەسەڵاتی دادوەری دێتەدی،ئا بەم شێوەیە شەڕەكە ئاڵۆزتر و توندتر دەبێت لە نێوان هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریدا،لە ئاكامی هەوڵی رەوتی ئیسلامی بۆ دەستگرتن بەسەر دەزگاكانی دەوڵەت و دادوەریدا ئەمەش لە تۆڵەسەندنەوەیە لە دەسەڵاتی یاسادانان دوای ئەوەی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە كە ئیسلامییەكان دەسەڵاتیان بەسەردا سەپاندبوو.
بیرۆكەی (یاخیبوون)كە ژمارەیەك گەنج دژی سەرۆك مورسی رایانگەیاند بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە حوكمەكەی لە 30ی یۆنیۆی داهاتوو و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی،وردەوردە پەرەی سەندووەو توێژێكی زۆری گەلی میسر هاتنە پاڵییەوە،كە توانیان پتر لە 7 ملیۆن ئێمزا كۆبكەنەوە بۆ متمانە سەندنەوە لە مورسی،ئەوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاندبوو كە دەیانەوێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێك 15 ملیۆن ئیمزا كۆبكەنەوە كە لە 13 ملیۆن زیاتر بێت كە ژمارەی ئەو دەنگانەیە مورسی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەدەستی هێناون،لەگەڵ ئەوەی كە كۆمەڵی ئیخوان موسلمین و باڵە سیاسییەكەی حزبی ئازادی و دادوەری ئەو بزووتنەوە یاخیبووەی رەتكردەوە و بە دەرچوون لە شەرعیەت لەقەڵەمی دا،بەڵام رەوتە ئیسلامییەكانی دیكەی وەكو حزبی نور و میسری بەهێز،بە گوزارشتكردنی ئاشتییانەیان لە بیروڕا و رەخنەگرتن لە سیاسەت و ئەدای ئیخوان موسلمینی هەژماركرد، عەبدولمونعم ئەبو لفتوح سەرۆكی حزبی میسری بەهێز دەڵێت: ئەوانەی لە گەلی میسر و ئەندامانی بزووتنەوەی یاخیبوون هاتنە سەرشەقام و رژێمی ئێستایان رەتكردەوە ئەوانە بەشێكن لەوانەی دژی رژێمی موبارەك راپەڕین و نەیانهێشت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە،بەڵام حازم ئەبو ئیسماعیل سەرۆكی حزبی رایەی تازە دامەزراو و هاوپەیمانی ئیخوان هەموو بزاڤێكی سیاسی و شۆڕشی ئێستای گۆڕەپانی بە دەستەودایەرەو پاشكۆی رژێمی پێشوو لەقەڵەم دا و وتی: یاخیبووان هیچ پەیوەندییەكیان بە شۆڕشەوە نییە و ئەوەیشی كە بە 30ی یۆنیۆی داهاتوو ناویان لێناوە تاوانێكی ئاشكرایە و یاساش لێپرسینەوەی لێدەكات.
قەیرانەكانی میسر تەنیا لە ناوخۆ نەوەستاون بەڵكو بۆ دەرەوەش پەلیان هاویشتووە دوای ئەوەی ئەسیوبیا بەنداوی (النهضة)ی دامەزراند و رێڕەوی نیلی شینی گۆڕی،كە ئەمەش بووە مایەی مشتومڕ لە میسر دەربارەی مەترسی و ئاسەوارە نەرێنییەكانی ئەم پرۆژەیە،شارەزایان دەڵێن كە كە ئەمە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی بەشەئاوی میسر كە 55 ملیار مەتر سێجایە،هەروەها پلەی سەلامەتی بەنداوەكە 1,5 –پلەیه لە كاتێكدا هی سەددی عالی دەگاتە 8 پلە،ئەوەش مانای وایە لە حاڵەتی داڕمانی بەنداوی(النهضة) خەرتووم ژێر ئاو دەكەوێت و قەیرانی تینوێتیش لە میسر دروست دەكات،عەمرو موسا سەرۆكی كۆنگرە و سەركردەی بەرەی ئینقاز دەڵێت:پرۆژەی ئەسیوبیا بۆ گۆڕینی رێڕەوی نیلی شین وەرچەرخانێكی مێژووییە لە رێڕەوی رووباری نیل و داوای لە ئەسیوبیا كرد بەرژەوەندییەكانی میسر رەچاوبكات، باڵیۆز عومەر عامر وتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی كۆمار دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو بڕیارەی ئەسیوبیا بۆ گۆڕینی رێڕەوی رووباری نیلی شین و دروستكردنی بەنداوەكە كاری سلبی ناكاتە سەر بڕی ئەو ئاوەی دەگاتە میسر.
رۆشنبیرو هونەرمەندانی میسریش خۆپیشاندانیان سازكرد لە دژی بە ئیخوانكردنی رۆشنبیری و هونەری میسری و دامەزراندنی عەلا عەبدولفەتاح بە وەزیری تازەی رۆشنبیری كە بە رەفتارەكانی دژی رۆشنبیران گوزارشت لە دوژمنایەتیكردنی داهێنەرو رۆشنبیران دەكات.