پێشێلكردنی بنەمای شەراكەت.. عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات
April 25, 2013
راپۆرتەکان
پێشێلكردنی بنەمای شەراكەت.. عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات
دانوستان و دیالۆگەكانی ئەم دواییەی نێوان شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی و لایەنە كوردستانییەكان ڕێگە چارەیەكی باشە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان، ئێستا باس لەوە دەكرێت لەدوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان شاندی هاوپەیمانێتی كوردستان بۆ تەواوكردنی دانوستانەكان بچێتەوە بەغدا، بۆ قۆناغی داهاتووش پێویستە حكومەتی عێراق و لایەنی هاوپەیمانی نیشتمانی بەمەبەستی گەڕانەوەی متمانە هەنگاوی عەمەلی بنێن، تاوەكو دانوستانەكان بەردەوام بێت و وەزیرو نوێنەرانی هاوپەیمانی كوردستانیش بۆ بەغدا بگەڕێنەوە، بەڵام بانگەشەكردنی بۆ حكومەتی زۆرینەی سیاسی، ئەو شەراكەتی نیشتمانییە لەناو دەبات كە پرۆسەی سیاسی عێراقی لەسەر بونیاتنراوە .
سەبارەت بەو كێشەو گرفتانەی كە ئیستا لەنیوان هەریم و بەغدا هەن مەحما خەلیل پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستانی جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كێشەی ئیمە ئەوەیە هەتا ئیستا بەریز مالیكی پابەندنەبووە بەو ریككەوتنانەی كە لە چوارچیوەی دەستوردا گرێدراون لەمبارەوە و لەلیدوانیكی تایبەت بۆ گوڵان وتی : (سەرۆك مسعود بارزانی سێ خاڵی دەست نیشانكردووە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، یەكەمیان پابەندبوونە بەدەستوور،دووەم عێراق دەوڵەتی شەراكەتە نەك لەسەر بنەمای ژمارەو رێژەی دانیشتوان و پێكهاتەكان، سێیەم ئەوەیە كە عێراق بە تەوافوق بەڕێوە دەچێت چونكە هەموو ماددەكانی دەستوور بە تەوافوق دانراون، ئەم بنەمایانە عیراق دووردەخەنەوە لە دیكتاتۆریەت، كاتێكیش كورد هاوپەیمانیی لەگەڵ شیعەدا كرد مەبەستی هەڵتەكاندنی بنەمای دیكتاتۆریەت بوو لە عێراق لەسەر ئەم بنەمایەش بەشداریی لە داڕشتنی دەستووردا كرد، بەڵام هاوپەیمانی نیشتمانی هیچ هەنگاوێكیان بەرامبەر بە كورد نەهاویشتووە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یاسای نەوت و غازو پێشمەرگە،نموونەیەكی دیكە كە بینیمان بوودجەی ئەم ساڵ بە تەوافوق تێنەپەڕێنرا بەڵكو بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن تاكڕەوانەو بێ رەزامەندیی لایەنی كوردستانی لەسەر بڕگەكانی دەرچوێنرا،ئەمڕۆ یان سبەی كۆبوونەوەیەكی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت بۆ باسكردنی وەڵامی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەسەر نامەكەی هاوپەیمانیی كوردستانی، ئێمە دەمانەوێت ئەوان پابەندبن بە رێزگرتن لە رێكەوتننامەی هەولێر و پۆستی سیادی و ئەمنی و یاساكانی وەكو نەوت وغاز و پێشمەرگەو 140 و پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران و زۆر شتی دیكە،كە لە ڕێكەوتننامەكەی هەولێر خودی مالكی ئیمزای لەسەر كردبوو،بەڵام لە ماوەیەی رابردوودا پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنی هیچ خاڵێكی ئەم رێكەوتننامەیە)).
ئەو حالەتەی كە پەرلەمانتارەكەی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی ئاماژەی پیدەكات، لایەنەكانی دیكەش لە عیراقدا هەشتی پێدەكەن و دەزانن پابەندنەبوون بەو بنەمایانە ئایندەی عیراق دەخاتە مەترسییەوە، لەمبارەوە حوسێن عەلوان پەرلەمانتاری عێراق لەكوتلەی ئەحرار كە پێشتر لەچەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوەدا بوو كە بارودۆخەكە بەرەو خاوبوونەوە چارەسەر هەنگاو دەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان قسەكانی سەرۆك وەزیرانی لەمەڕ زۆرینەی سیاسی بەمەترسی وەسف كردو وتی: ((من پێم وایە پێویستە پرۆسەی شەراكەت بەردەوام دەبێت، جێی داخیشە سەرۆك وەزیرانی عێراق قسە لەسەر تایفەگەریی دەكات و بانگەشەی زۆرینەی سیاسی دەكات، شەراكەت پێویستە بۆ هەمووان بێت و هەموو لایەنێك بەشداری تێدا بكات، من لەو بڕوایەدام قسەكردن لەسەر زۆرینەی شیعەگەری و زۆرینەی سیاسی، عێراق بەرەو هەڵدێری ترسناك دەبەن و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم لەم موزایەدانە دووربكەونەوە كە ئاگری تایفییانە خۆشتر دەكات و كێشەی زیاترمان بۆ دەخوڵقێنێت. هەربۆیە واباشترە لەدەستەواژەو زاراوەی (شیعی و كوردی و سوننە) دووربكەوینەوە، ئێمە رۆڵەی یەك وڵاتین، بارودۆخەكەش لەرووی پێوەندییەكانەوە بەرەو خاوبوونەوەو چارەسەر هەنگاو دەنێت، تەنانەت لەیەكەم كۆبوونەوەدا هاوپەیمانی كوردستانی مەرجەكانی خۆی خستەڕوو، لەبەرامبەریشدا حكومەتی ناوەند پێشوازی لەو داواكارییانە كرد، كە مایەی بەدیهێنانن چونكە داواكاری شەرعی و یاسایین و هیچ گومان و كێشەیان لەسەر نابێت . جیاوازییەكان بەدانوستان و دیالۆگ چارەسەر دەبێت، گوتاری كوتلەی ئەحرار بەسەرۆكایەتی سەماحەتی موقتەدا سەدر روون و ئاشكرایەو جیاوازی ناكات لەنێوان كوردو شیعەو سوونە، هاوپەیمانێتی نێوان كوردو شیعەش زۆر كۆنەو ناكرێت هەرگیز لەسەر ئەمە ناكۆك بین، كێشەو ناكۆكییەكانیش بەدیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر دەبێت)).
جەختكردنەوە لەسەر چارەسەری كێشەكان پێویستی بەهەنگاوی كردارییە، بۆیە كاتیك ئەم هاودژیە هەستی پێدەكرێت ئاسۆی چارەسەری كێشەكان قورس دیتە بەرچاو لەمبارەوە فاتح دارۆغایی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئسلامی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە گوڵانی راگەیاند: ((بە بۆچوونی من ئەو گرفتەی كە هەیە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەنددا،زۆر ئاڵۆزەو كاتی زۆری دەوێت بۆ چارەسەركردن،بۆیە لە نامەكەی كوردیش داوای زەمانەت و نیازپاكی كراوە،لە قسە تێربووین بە كردار كورد دەیەوێت ئەم جارە،دەوڵەتی یاسا بە كردار پیشانی بدات كە نیازی پاكەو مەبەستییەتی چارەسەریی گرفتەكان بكرێت بە بۆچوونی من چارەسەری گرفتەكان هەروا ئاسان نییە و كاتی زۆری دەوێت،لە راستیدا گەشبین نیم بە چارەسەریی ریشەیی)).
بەڵام ئەنجوومەنی بالای ئیسلامی بە پشت بەستن بەو هاوپەیمانیە مێژووییەی لەنیوان كورد و شیعە هەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە دوای سەردانی وەفدەكەیان بۆ لای بەریز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان باردۆخەكە بەرەو هیور بوونەوە دەچیت، بۆ ئەمەش عەبدولحوسین عەتبان پەرلەمانتاری لیستی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بەم لایەنە بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستە روو: ((ئەو هەوڵانەی كە بۆ هێوركردنەوەو چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لەئارادان زۆر چاكن، ئێمەش وەكو هاوپەیمانیی نیشتمانی حەز دەكەین ئەو كێشانە بەزووترین كات یەكلایی ببنەوە، تەنانەت هاوپەیمانیی لەو شاندەدا هەبوو كە بۆ دیداری بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتبوونە هەولێر و لەگەڵ كۆتایهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان چاوەڕوان دەكرێت دانوستاندنەكان دەستپێ بكەنەوە بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان . ئێمە وەكو ئەنجومەنی باڵا لەداهاتوودا هەر وەكو ئێستا لەسەر گفتوگۆكان بەردەوام دەبین، ئەگەر ببچڕێن ئەوا كێشەكان هەروەكو خۆی بێ چارەسەركردن دەمێنێتەوە و لەتوانادا نابێت ئایندەیەكی گەشەدار بۆ عێراق بێنینە ئاراوە . هەروەها ئێمە وەكو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی سوورین لەسەر پاراستن و درێژەپێدان و پەرەپێدانی هاوپەیمانێتی نێوان كورد و هاوپەیمانێتی نیشتمانی، هەروەكو چەندین جار لەزاری بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبەردەوام تەئكید لەسەر ئەم هاوپەیمانێتییە دەكاتەوە.))
هەر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هاوپەیمانێتی كوردستانی و هاوپەیمانێتی نیشتمانی عەبدولعەباس حەمود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند: ((پەیوەندی نێوان هاوپەیمانێتی كوردستانی و هاوپەیمانێتی نیشتمانی ستراتیژیی و مێژووییەو رایەڵەی هاوبەشیان بەیەكەوە هەیە، بۆیە هەردوو لا پابەندن بەم پەیوەندی و هاوپەیمانێتییە و كار بۆ پەرەپێدان و بەرەو پێش بردنی دەكەن، هەروەها لەنێوان هەردوو حزبی كوردی (پارتی و یەكێتی) و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حزبی دەعوە رێكەوتنێكی چوار لایەنە هەیە، ئەم رێكەوتنە رەنگە جاربەجار بكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم قەیرانەو بارودۆخەی ئێستای عێراقەوە، بەڵام لەرووی یاساییەوە هەر بەردەوامە، هاوپەیمانێتی كوردستانی هەڵوێستی دلێرانەی هەبوو لەئاست هاوپەیمانێتی نیشتمانی لەحەوانەوەو كاری هاوبەش، مێژوو ئەمە لەبیر ناكات، ئێمە هەردوو لامان ماوەیەك ئۆپۆزسۆن بووین و ئێستا لەدەسەڵاتداین، ئەوەی خاوەنی ئەم پێوەندییە مێژووییە بێت دەبێت پارێزگاری لێبكات و پەرەیان بدات، چونكە ئەم پێوەندییە لەخۆڕا نەهاتووەو قوربانی زۆری لەپێناودا دراوە . ئێستاش ناكۆكی نێوان هاوپەیمانێتی كوردستانی و هاوپەیمانێتی نیشتمانی زۆر ئاڵۆز نین و هەردوو لا دەتوانن بگەنە چارەسەرێك كە مایەی رەزامەندییان بێت لەمەشدا هەردوو لا گەشبینن لەدانوستاندنەكان)) .
ئەو لێدوانانە ئیجابیانە جیا لەوەی جۆریك لە گەشبینی بۆ چارەسەری كێشەكان دروست دەكات، لەهەمانكاتدا ئەو راستییەش دەخاتەروو كە لایەنی كوردستانی، دیالۆگ و دانوستاندن بەتەنیا ریگەی راست دەزانێت بۆ چارەسەری كیشەكان، سەبارەت بەم لایەنە دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عیراق لە لیدوانیكی تایبەت بە گوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم لایەنە هەڵوەستەی كردو گووتی: ((ئێمە هەر لەگەڵ ئەوەداین كە كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن بۆ ئێمەو بۆ ئەوانیش چاكترین رێگەیە،بەڵام دانووستانێكی جیددی بەتایبەتیش دوای هاتنی شاندی ئەوان بۆ هەرێمی كوردستان و رۆیشتنی شاندی ئێمەش بۆ بەغدا كەشوهەوایەكی ئیجابی هاتەئاراوە،هەردوولاش ئامادەیی ئەوەیان تێدایە كە چارەسەری كێشەكان بكەن،بەڵام هەندێ كێشە هەن پێویستیان بەكاتەو هەندێكیشیان هەرئێستا دەتوانرێت بە بڕیار چارەسەربكرێت،بەڵام دەبێت بۆ دووپاتكردنەوەی نیازپاكییان هەندێ هەنگاو بنێن لەوانە كێشەی پرۆسەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و دۆسێی ئەمنی كەركوك و ناوچەكە،بڕیاری 140 و هەمواركردنی بڕگەكانی یاسای بوودجەی 2013 هەروەها ئەكتیڤكردنی شەراكەت كە پێشتر رێكەوتن هەبوو لە نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی و هاوپەیمانیی نیشتمانی كە هەر گرفتێك هەبێت دەبێت بە تەوافوق چارەسەر بكرێت،كەئەمەش هاندەرێك دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەرانی كورد و وەزیرەكان بۆ بەغدا،ئێستا ئەوان نامەیەكیان ناردووە كە دەكرێت ببێتە بەیاننامەیەكی سیاسی لای هەردوولا دەربچێت كە پێداگرییە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی پرۆسەی سیاسیی كە عێراقی تازەی لەسەر دامەزراوە ئەویش شەراكەتی راستەقینەو تەوافوق و هاوسەنگییە،دوای ئەوەش پێشنیارمان كردووە دوو لیژنە پێك بێت ئەویش لیژنەی ئەمنییە كە تایبەتە بە ئیدارەی ئەمنی لە ناوچەكانی ماددەی 140هەروەها فەرماندەیی دیجلە دەست لەكاروباری لیژنەی ئەمنی وەرنەدات لەوناوچانە،لیژنەی دووەمیش لیژنەی داراییە كە دەست بەكاربێت تاكو پێشنیاری پرۆژەی هەمواركردنی بوودجە لە ئەستۆبگرێت بە رەچاوكردنی بیروبۆچوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكەدا،بەتایبەتی لە مەسەلەی كۆمپانیاكانی نەوت و پێشمەرگەو سزاكان كە ناكرێت بخرێتە نێو یاسای بوودجەوە،دواتر بۆ هەموو كێشەكان لێژنە لەهەردوولا دروست بكرێت،بۆیە دوای دەست بەكاربوونی هەردوو لیژنەكەی ئەمنی و دارایی دەكرێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە،ئەوكاتە وەزیر و نوێنەرە كوردەكان بگەڕێنەوە، لەبەرئەوە چاوەڕوانی بڕیارو ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەكان دەكەین. لەم چوارچێیوەیەدا دەكرێت تارادەیەك بڵێم گەشبینم بەوەی باردۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، بەڵام ئەمەش بەوئاستە نییە كە بڵێم هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن،هەندێكیان ئاڵۆزن و پێویستییان بە كات و بڕیاری سیاسی هەیە)).