تێپەڕاندنی بودجەی عێراق بێ بەشداری لایەنی كوردستانی مەترسی لەسەر پێكەوە ژیان دروست دەكات
March 14, 2013
راپۆرتەکان
سەبارەت بەپەسەندكردنی پرۆژە یاساكەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2013 و خوێندنەوەی بۆ ووردەكارییەكانی بودجەكەو تێپەڕاندنی پرۆژەكە بێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارە كوردەكان؛ عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە گوڵانی راگەیاند: پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2013 بێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارە كوردەكان و لایەنەكانی دیكەی سوننە تەنیا بۆ ئەوەبوو پیشانی ئێمەی كورد و لایەنە سوننەكانی دیكەی عێراق بدەن كە هەر كاتێك بیانەوێت زۆرینە بەكاربهێنن دەتوانن لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ سەرخستنی هەر شتێك یا یاسایەك بێت بەو شێوەیە داواكاری و داخوازییەكانمان بەپەراوێز بخەن، هەربۆیە ئەوان هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی دەنگدانەكە تەواو بكەن، بەڵام لەیەكەم رۆژدا لەماددەی (12) دەنگیانداو دوای ماددەی (12) نیصاب شكاو نەیانتوانی بەردەوام بن بۆ رۆژی دووەم زیاتر توانای خۆیان خستەگەڕ و توانیان (176) ئەندام كۆبكەنەوەو دەنگیان بۆ بدەن بەبێ ئەوەی گوێبستی هیچ داواكارییەكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بن و یاساكە هەروەكو چۆن لەحكومەت هاتبوو هەر بەوشێوەیە بێ گوێدانە هیچ داواكارییەكی ئێمە گۆڕانكارییان تێدا نەكرد، تەنیا یەك خاڵ نەبێت كە ئەویش بەهۆی هادی عامرییەوە توانیمان پارەی ماددەی 140ی دەستووری بەبڕی 150 ملیار دیناری دیكە زیاد بكرێت لەو بڕە پارەیەی كە بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە تەرخانكرابوو كە ( 170) ملیار دینار بوو، واتە بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ ماددەی 140 بوو بە 320 ملیار دینارو سەرجەم ماددەكانی تر وەكو خۆی مایەوە بە ماددەی17% شەوە وەكو خۆی مایەوەو دەنگی لەسەر دراو یاساكە تێپەڕێندرا.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەم پێشێلكارییە كە دژی خەڵكی كوردستان و داخوازییەكانی ئەنجامدرا بێ ئەوەی گوێبدرێتە بنەماكانی تەوافوقی نیشتمانی و هاوبەشیكردنی راستەقینە كە عێراقی تازەی لەسەر بنیاتنراوە پێی وابوو زۆرینە ئەمڕۆ لەعێراق نییە و نابێت بەپێی ئەو هاوكێشەیە هەڵسوكەت بكرێت لەمبارەیەوە لەدرێژەی لێدوانە تایبەتەكەی بۆ گوڵان وتی: ئەمڕۆ زۆرینە لەعێراقدا نییە؛ هاوپەیمانی نیشتمانی زۆرینەیە بۆ شیعە و هاوپەیمانی كوردستانیش زۆرینەیە بۆ كوردو ئەلعێراقیەش زۆرینەیە بۆ سوننە، بەڵام هیچمان زۆرینە نین بۆ هەموو عێراق چونكە عێراق لەسەر بنەمای سێ پێكهاتەی سەرەكی دامەزراوە كە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و جیاوازن، بەڵام ئەوان بەپارەو بەڵێن توانیان هەندێك خەڵك بكڕن و بیبەنە ناو هۆڵی پەرلەمان و دەنگیان بۆ بدەن، بەمانە زۆرینەیان پێكهێناو یاساكەیان تێپەڕاند، چونكە زۆربەی پەرلەمانتارەكانی عێراقییەش لەگەڵ ئێمە مانەوەو نەهاتنە هۆڵی پەرلەمانەوەو لەدەرەوە مانەوە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەماوەی 7 ساڵدا كە بەبەردەوام بودجە بەتەوافوق دەردەچوو بەڵام ئەمجارەیان بێ تەوافوق بودجەكەیان تێپەڕاندوو مەبدەئی تەوافوقیان تێكدرا و هەڵیانوەشاندەوە .
سەبارەت بەم لایەنە پرسیارمان لە رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوو لەلێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی و وتی : (( لەتێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2013 كە لەكۆتایی هەفتەی رابردوو بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارە كوردەكان ئەنجامدرا ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنرێت كە حكومەتی بەغداو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان لەعێراقدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان شەفاف نین و وەكو هەرێمێكی فیدراڵی و پێكهاتەیەكی سەرەكی مامەڵەمان لەگەڵ ناكەن، لەكاتێكدا بەپێی هەموو تەوافوقە سیاسییەكان و بڕگە یاسایی و دەستوورییەكان هەرێمی كوردستان خاوەنی حكومەت و دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكارییە. هەربۆیە من پێم وایە ئەمە سەرەتایەكی ترسناكە نەك تەنیا لەبەر ئەو ناشەفافییەت و پێشێلكارییانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ئەنجامدراوە بەڵكو لەبەرامبەر سەپاندنی ئەو بڕگانەی كەتێیدا سزای بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی داناوە بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم گەربێتوو بەوتەی ئەوان زیانمان بەخەزێنەی حكومەتی فیدراڵ گەیاند.
بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەجێبەجێكردنی ئیلتزاماتی حكومەتی هەرێم كردوو وتی : حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە ئیلتزاماتی خۆی هەر لەداهاتەوە تاكو بەرهەمهێنانی نەوت بەرامبەر حكومەتی عێراق جێبەجێ كردووە، تەنانەت من لەگەڵ هەموو ئەو شاندە داراییانەی هەرێمی كوردستان بووم كە بەمەبەستی دیالۆگ و گەیشتن بەچارەسەر بۆ گرفتەكان لەهەرێمی كوردستانەوە چووبووە بەغدا بگرە لەسەر ئاستی باڵاو لەگەڵ نووسینگەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و بەرپرسانی پەیوەندار بەبودجە كۆبوونەوەو گفتوگۆمان كردوو لەهەموو دانیشتنەكانیشدا قسەكانمان بەنەزەری ئیعتیبار وەرگیراوەو بگرە پشتگیرییان كردووین و هەموو جارێك بەشاندی هەرێمی كوردستانیان وتووە : (روونكردنەوەكانتان راستەو داواكارییەكانیشتان مافی خۆتانە و هەموو داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان راستە..)، كەچی دواتر لەرووی پراكتیكییەوە لەناو بودجەكەدا چەندین بڕگەو یاسا دادەنرێت كە دژی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو پێشكەوتنەیە كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە . هەربۆیە لەگەڵ پەسەندكردنی ئەو بودجەیە بەو هەموو بڕگەو یاسایانەی كە دژ بەهەرێمی كوردستان دانراوە زیان لەئابووری و بژێوی ژیانی دانیشتوانی هەرێم دەبێت . بەراستی دانانی بڕگەو ماددەكانی تایبەت بەراكێشانی هێڵی وزەی كارەباو هێڵی كێبڵی زەوی بۆ خزمەتگوزاری مۆبایل و ئەنتەرنێت و رادەستكردنەوەی ئەو رێژەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە لەبەرهەمهێنانی نەوت هەموو بڕگەو ماددەی نائابووری و نادەستوورییەو دژی هەرێمی كوردستانە، من تێناگەم بۆچی ئاستەنگ لەبەردەم پێدانی موستەحەقاتی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت خۆ لەهەرێمی كوردستان كۆمپانیا پێترۆڵییەكان خێرخوازی نین تا موستەحەقاتیان نەدرێت، ئەمە جگە لەو هەموو پێشێلكارییانەی تر كە لەبوار موستەحەقاتی پێشمەرگەوە ئەنجام دراوە. بێگومان هەر وەكو لەراگەیاندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، كورد مافی خۆیەتی هەموو ڕێگا دەستووری و یاساییەكان بگرێتە بەر ئەمەش بۆ بەرگریكردن لەداخوازییەكانی خەڵكی كوردستان كە حكومەتی عێراق هەرچارەو بەبیانوو پاساوێك دژایەتی هاووڵاتیانی كوردستان دەكات و زیان بەگوزەرانی خەڵكی لەم هەرێمەدا دەگەیەنێت)).
پەسەندكردنی بوودجە بەو شێوەیە دژی هەموو پرەنسیبەكانی پێكەوەژیان و دیموكراسیە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە لەم رووە نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بە گوڵانی راگەیاند: (( پەسەندكردنی بودجەو تێپەڕاندنی بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد لەپەرلەمانی عێراق دژ هەموو پرەنسیبەكانی پێكەوەژیان و دیموكراسییە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، تەنانەت لەگەڵ ئەو رێكەوتنانەشدا ناگونجێت كە لەنێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی فیدرالی كوردستان سەبارەت بەبەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێك و پێدانی موستەحەقاتی كۆمپانیا پێترۆڵییەكانە كە لەهەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەمەش مەترسیەكی گەورەو پاشخانێكی پڕ لەمەترسیدارە و جارێكی تر حكومەتی عێراق دەكەوێتەوە بەر پەرپرسیارێتی گەورە بەوەی لەتاكڕەویی و سڕینەوەی پێكهاتەكان بەردەوامە لەسەر حسابی پێكهاتەیەك، بودجە مەسەلەیەكی سیادییەو پەیوەندی بەهەموو گەلانی عێراقەوە هەیەو ناكرێت بەوشێوەیە قۆرخ بكرێت لەلایەن كوتلەیەكەوەو پێكهاتەیەكی گرنگی وەكو كورد بەپەراوێز بخرێت.. هەروەها ئێمە وەكو هەموو لایەنە كوردستانییەكان و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، جگە لەوەی لەبەیاننامەیەكدا رەخنەی توندمان گرت لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی دژ بەخەڵكی كوردستان و هەرێمەكە نراوە هاوكات هەموو ڕێگایەكی یاسایی و دەستووریش دەگرینەبەر بۆ دژایەتیكردنی هەموو هەنگاوێك كە دژی هەرێمەكە دەنرێت بۆ ئەمەش لەدادگای فیدرال تانە لەو پرۆسەیە دەگرین چونكە پەسەندكردنی بودجە بەبێ رەزامەندی و ئامادەبوونی پەرلەمانتارە كوردەكان دژی هەموو پرەنسیبەكانی پێكەوەژیان و دیموكراسی یە كە عێراقی لەسەر بونیات نراوە)).