كارێزمایی مستەفا بارزانی دابڕانێك لەنێوان دوو مێژوو و دووبیركردنەوەدا
March 14, 2013
راپۆرتەکان
جۆن ولیام گاردنەر كە چەندین پۆستی وەزاری لە ئیدارەكانی ئەمریكا وەرگرتووە، نووسەری كتێبی (سەركردایەتیە لە كۆمەڵگەی ئەمریكا) و، وەك لەپێناسەی بۆ سەركردەی سیمبول ئاماژەی پێكردووە، سەركردەی سیمبول تەنیا یەك ئامانجی هەیە، ئەویش ئەوەیە یەكگرتوویی و یەكڕیزی گەلەكەی بپارێزێت و هەموویان لە دەوری یەك ئامانج كۆبكاتەوە كە ئەویش ئامانجی نەتەوەیە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كاتێك سەركردەی كاریزمی ئەم ئامانجە لای خۆی گەڵاڵە دەبێت، گەلەكەی لەنائومێدیدایە و ناتوانێت هیچ هەنگاوێك هەڵبگرێت، بۆیە لەم حاڵەتە سەركردەی سیمبول لەناو جەرگەی نائومێدی ئومێد بۆ گەلەكەی دروست دەكاتەوە، گەلەكەی لە پارچە پارچەبوون رزگار دەكات و لەناو پرۆسەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی كۆیان دەكاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر كارێزمایی مستەفا بارزانی بخوێنینەوە، هەست دەكەین ئەو پێناسەیەی جۆن ولیام گارنەر بۆ سەركردەی سیمبول كردوویەتی هەموو سیماكان و خەسڵەتی مستەفا بارزانی تێدا دەبینرێتەوە، لەبەر ئەوەی بارزانی مستەفا بە درێژایی ژیانی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەبووە بیركردنەوەی نەتەوەكەی بخاتە سەرووی ئەو تەنگژانەی كۆمەڵگە دابەش دەكەن و هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بووە یەكگرتوویی و یەكڕیزی نەتەوەكەی بپارێزێت، لەبەر ئەوەی تەنیا رێگەیەك بۆ سەرفرازی نەتەوەو گەیشتنی بە رۆژی سەرفرازی یەكجاری ئەو رێبازەیە كە مستەفا بارزانی لە شۆڕش و خەباتكردندا پێڕەوی كردووە، ئەو رێبازەش یەكڕیزی و یەكگرتوویی گەلی كوردستانە.
دەركەوتنی ناسنامەی سیمبولی
لە كەسایەتی بارزانی مستەفادا
دەركەوتنی ناسنامەی سیمبولی لە كەسایەتی بارزانی مستەفادا، بەرهەمی پرۆسەیەكی درێژخایەنی كارلێكی سیفەت و خەسڵەتەكانی ئەم سەرۆكە بووە لەگەڵ گەلەكەی خۆیدا، هەروەها بەرهەمی بیركردنەوەی ئەو سەرۆكە بووە كە توانی بە سیفەت و خەسڵەتەكانی ئەم بیركردنەوەیە بكاتە بیركردنەوەی نەتەوەیەك كە بێجگە لەوەی نیشتمانەكەی دابەشكرابوو، لەناو هەر پارچەیەكیشدا بەسەر ناوچەگەریدا دووبارە دابەشبووەوە، ئەمەش واتە لەبیركردنەوە و تێڕوانینی مستەفا بارزانیدا نیشتمان و نەتەوە، یەك نەتەوەو یەك نیشتمان بووە، لەبیركردنەوە و تێڕوانینی ئەودا سنوورەكان و دابەشبوونە ناوچەگەرییەكان بوونیان نەبووە، بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا تەنیا ئەم تێڕوانین و بیركردنەوەیە نییە كە بارزانی مستەفای كردۆتە سیمبول، بەڵكو ئەو ئیرادەیەیە كە توانی بیركردنەوە و تێڕوانینی تاكە كەسێك بگۆڕێت بۆ بیركردنەوەی نەتەوەیەك بۆ پانتایی نیشتمانێك كە ناوی كوردستانە، لەمەش گرنگتر پێكەوە كارلێكی تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و ناوچە جیاوازەكان و بەشە جیاوازەكانی كوردستان بووە پێكەوە بۆئەوەی هەموویان پێكەوە كارلێك بكەن و پێكەوە لەدەوری ئامانجێك كۆبكەنەوە، هەر ئەگەر كارێزمایی گاندی بە دەسپێكی كاروانی خوێ (salt satyagraha) دەست پێبكات، ئەوا لە كارێزمایی بارزانی مستەفادا چەندین كاروانی جۆراو جۆر هەیە، هەر یەك لە بڕیاردانی ئەو كاروانانەش لە كاروانی خوێیەكەی گاندی كەمتر نەبوون، هەر بۆ نموونە:
1. كاروانی یەكەمی بارزانی مستەفا لە سلێمانییەوە بۆ بارزان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی بارزانی دووەم و دامەزراندنی لیژنەی ئازادی بۆ سەركردایەتی ئەو شۆڕشە، كە یەكەم جاربوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریی خوازی كوردستاندا شۆڕش لە ناوچەگەرییەوە بگوازرێتەوە بۆ شۆڕش لەسەر ئاشتی كوردستانی باشوور، بە شێوەیەكی سەرتاسەری، هەروەها دروستكردنی سەركردایەتیەكی هاوبەش بوو بۆ سەركردایەتی ئەو شۆڕشە كە هەموو چین و توێژەكانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی باشووری كۆكردبۆوە.
2. كاروانی دووەمی بارزانی و هاوەڵانی، بەدەنگەوە چوونیان بوو بۆ پاراستنی كۆماری كوردستان لە مهاباد و بوون بە پێشمەرگە و پارێزەری ئەو كۆمارە تازەیە، هەروەها بیركردنەوە بووە لەدامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك بەرەیەكی نیشتمانی بۆ كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسیە جیاوازەكان و هەروەها بەشداری پێكردنی كەسایەتیە سەربەخۆكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستان، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە لە دەوری ئامانجێكی نیشتمانی هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە.
3. كاروانی سێیەمی بارزانی مستەفا، كاروانە بەناوبانگەكەی پەڕینەوەیە لە رووباری ئاراس، جیاوازی ئەم كاروانە لەگەڵ كاروانەكانی پێشتری بارزانی، جیاوازی نێوان تێڕوانین و بیركردنەوەی بارزانی نییە، بەڵكو جیاوازی ئەو هەلومەرجەیە كە بارزانی و هاوەڵانی لەم كاروانەدا رووبەڕووی هەموو دەوڵەتە داگیركارییەكانی كوردستان بوونەوە، ئەمەش واتە نەك بیركردنەوە و تێڕوانییەكانی بارزانی مستەفا ئاستی بیركردنەوەی گەلی كوردستانی لە قۆناخێكەوە بردە قۆناخێكی بەرزتر، بەڵكو دوژمنانی كوردستانیش لەو بیركردنەوەی بارزانی تێگەیشتن، كە كوردستان یەك نیشتمان و یەك وڵاتە و هەردەبێت یەك دەوڵەت بێت، بەڵام بارزانی مستەفا هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئەم ئامانجە هەنگاوی خێرا هەڵدەگرێت، ئەم بۆچوونەش تەواو راست بوو لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ئاراس پەڕینەوە لەناو كۆماری ئازربایجانی سۆڤیەت و لەباكۆی پایتەختی ئەو وڵاتە بارزانی مستەفا كۆنگرەیەكی نیشتمانی نەتەوەیی رێكخست و لەو كۆنگرەیە بەرنامەی دامەزراندنی جمهوریەتی كوردستانی راگەیاند و سیمای ئەو كۆمارەی ئاشكرا كرد كە لە بیركردنەوە و تێڕوانینی بارزانیدا بوونی هەبووە.
4. كاروانی چوارەمی بارزانی، گەڕانەوەی بارزانی و هاوەڵاكانییەتی لە سۆڤێتەوە بۆ عێراق، لەم قۆناخەدا مستەفا بارزانی ببووە سیمبول نەك هەر بۆ نەتەوەكەی و گەلی كوردستان، بەڵكو ببووە سیمبول و ئومێد بۆ ئاشتی و دیموكراتی لە عێراقدا، هەربۆیە دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق بارزانی مستەفا پشتگیری خۆی بۆ دەستووری كاتی عێراق دەربڕی كە لەماددەی 3ی ئەو دەستوورە ئەوە هاتووە كەدەڵێت (عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە)، بەڵام كاتێك رژێمی عەبدولكەریم قاسم لەم بەندە دەستووریە پەشیمان بووەوە، ئەوا كاروان و قۆناخێكی دیكە لە ژیانی سیاسی بارزانی دەستی پێكرد.
5. كاروانی پێنجەمی بارزانی، كاروانی دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوولە، لەم قۆناخەدا لەبەر ئەوەی تێڕوانین و بیركردنەوەكانی بارزانی بە ئاستێك كارلێكی لەگەڵ نەتەوەی خۆی كردبوو، بۆیە بەپێی ئەو بەرنامەیەی بارزانی بۆ دەسپێكردنی شۆڕش دایڕشتبوو، نەتەوەكەی ئەو بەرنامەی پێشخست و نەتەوە خۆی داوای لە بارزانی كرد پێش تەواوبوونی بەرنامەكەی رێبەرایەتی شۆڕش بگرێتە ئەستۆ، بۆیە وەك مێژوو پێمان دەڵێت بەرنامەی بارزانی بۆ شۆڕش سەرەتای ساڵی 1962 بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان خۆیان داوایان لە بارزانی كردووە هەڵگیرسانی شۆڕش پێش بكەوێت، بارزانی جێبەجێكاری فەرمانی نەتەوەی خۆی بووە و لە 11ی ئەیلوولی 1961 شۆڕش دەستی پێكردووە. بەڵام دیسان كاروانەكانی بارزانی بەردەوام بووە، بەڵام بەپێی گۆڕانكاری بارودۆخەكە شێوازی كاروانەكەش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە ئەویش قۆناخی دیپلۆماتی و چارەسەری ئاشتیانە بووە.
6. كاروانی رێككەوتنی ئاداری 1970و گەیشتن بە رێككەوتنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراق، ئەم كاروانە كاروانی ئاشتی و چارەسەری كێشەكان بووە بەزمانی دیالۆگ و دانوستاندن، بەڵام دیالۆگ و دانوستاندن لە بیركردنەوەی بارزانی مستەفادا، سازش و كۆمپرۆمایز نەبووە وەك ئەوەی بەمجۆرە ئەمڕۆ لە سیاسەتدا پێناسەی دیالۆگ و دانوستاندنی پێدەكەن، بەڵكو دیالۆگ و دانوستاندن لە بیركردنەوەو تێڕوانینی بارزانیدا هەوڵدان بووە بۆ گەیشتنی بەرامبەر بەو قەناعەتەی كە كوردستانییەكان لەسەر نیشتمانی خۆیان دەژین و دەكرێت لەگەڵ عەرەب كە ئەوانیش لەسەر نیشتمانی خۆیان دەژین پێكەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتێكدا بژین، نە كوردستانییەكان مافی عەرەب پێشێل بكەن، نە عەرەبیش مافی كوردستانییەكان پێشێل بكات، بۆیە دیالۆگ و دانوستاندن بۆ لێكتێگەیشتن و رێگەچارەی جیاواز بووە بۆ چارەسەری كێشەكان نەك ئەوەی رژێمەكانی عێراق چاوەڕێی ئەوە بكەن كە بارزانی لە پابەندبوونە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی بێتە خوارەوە یان سازش بكات، ئەم پابەندبوونەی بارزانی بە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانەوە، جارێكی دیكە ئەم سەركردە كاریزمایەی بەرەو قۆناخێكی سەختتر برد.
7. قۆناخی بڕیاردانەوەی شەڕ و قۆناخی قوربانیدان بە شۆڕش لە پێناوی پابەندبوونە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، ئەم قۆناخە پابەندبوونە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی بارزانی مستەفای كردە پابەندبوونی نیشتمانی نەوەكانی داهاتوو، ئەو پابەندبوونانە بوونە هێڵی سوری نیشتمانی نەتەوەیی كە نەك سەركردەكانی ئێستا بەڵكو سەركردەكانی داهاتووش ناتوانن بیبەزێنن، ئەمەیە كاریزمایی بارزانی دەباتە ئەو ئاستەی كە وەك چەترێك هەموو نەتەوە پێكەوە كۆدەكاتەوە.
رێبازی خەڵك یان رێبازی بارزانی
لەدیدارێكی رۆژنامەنووسی نووسەری ئەم دێڕانە لەگەڵ بیرمەندی كورد مامۆستا مەسعود محەمەد و لەوەڵامی ئەوەی ئایا مەسعود محەمەد چۆن سەیری بارزانی مستەفا دەكات(دەقی ئەو دیدارە لە رۆژنامەی برایەتی لە ساڵی 1998 بڵاوكراوەتەوە) ئەو لەوەڵامدا پێی وتین (سیمبولی مەلا مستەفا بارزانی قەدەرە) ئەمەش واتە بارزانی مستەفا مێژوویەك كردویەتی بە سیمبول، بۆیە ئەگەر ئەو پێی خۆش بێت یان پێی خۆش نەبێت سیمبولی هەر كوردێك و كوردستانییەكە، ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات ئەو پرسیارە بوروژێنین ئایا بیركردنەوە و تێڕوانینی مەلا مستەفا بارزانی وەك رێبەرێك و سەرۆكێك بۆ دەسەڵات چۆن بووە؟ بێگومان توێژینەوە زانستیەكان سەبارەت بە ستایلی سەركردەی هاوشێوەی مەلا مستەفا بارزانی ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو جۆرە سەركردانە حەزیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی تەقلیدی نییە، ئەمەش واتە چاویان لە پۆست و پێگەی فەرمی نییە، بەڵكو ئەو جۆرە سەركردە كاریزمایانە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە لەناو دڵی هەر تاكێكی نەتەوەی خۆیدا پێگەیەك بۆخۆی بكاتەوە، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە مەلا مستەفا بارزانی و سەركردە كاریزمیەكانی هاوشێوەی بارزانی ئەو پێگەیەی شانازی پێوە دەكەن ئەو شوێنەیە كە لەناودڵی میللەتەكەی خۆیان دەیكەنەوە، بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە ئەم جۆرە سەركردانە چۆن شوێنی خۆیان لەنێو دڵی تاكەكانی گەل و نەتەوەی خۆیان دەكەنەوە؟ ئەوا وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو سیفات و خەسڵەتانەی لەناو كەسێتی بارزانی مستەفا و سەركردە هاوشێوەكانی هەبووە، هەر بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین ئایا چۆن ژەنراڵ دیگۆل بووە سیمبول و لە دڵی هەر تاكێكی فەرەنسی و هەر تاكێكی دەوڵەتانی فرانكفۆنی؟ بێگومان لەبەر ئەوەی هیچ تاكێكی فەرەنسی و فرانكفۆنی قبوڵی نییە وڵاتەكەی داگیركرابێت و دیگۆڵ كە بڕیاریدا بەرگری بەردەوام بێت بۆ ئازادكردنی فەرەنسا لەدەستی فاشیەت، ئەمە خواستی هەر تاكێكی فەرەنسی و فرانكفۆنی بووە، بۆیە جیاوازی دیگۆل لەگەڵ هەر تاكێكی دیكەی فەرەنسی و فرانكفۆنی ئەوەیە، كە دیگۆڵ خۆی لەگەڵ خواست و ئومێدەكانی نەتەوەی خۆیدا پێناسەكردۆتەوە، ئەوە دیگۆلە دوای خواست و ئومێدی نەتەوەكەی كەوتووە، نەك فەرەنسیەكان دوای خواست و خۆزگەكانی دیگۆل كەوتبوون، بۆیە ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین، ئایا رێبازی دیگۆل، رێباز و بیركردنەوەی خەڵكی فەرەنسا و فرانكفۆنیە، یان رێبازی دیگۆڵ رێبازی خۆیەتی؟ بێگومان رێبازی دیگۆڵ رێباز و بیركردنەوەی نەتەوەی فەرەنسی و فرانكفۆنە كە دیگۆڵ وەك خزمەتكار هەنگاوی بۆ ئەو رێبازە هەڵگرتووە، ئەمە بۆ گەلی ئەمریكاش راستە لەبەر ئەوەی كاتێك جۆرج واشنتۆن لە ئاهەنگی چا خواردنەوەی بۆستن بڕیاریدا هەموو چایەكانتان بڕژێننە ناو ئاوەكە، وەك دەربڕینێك بەوەی باج ئەدەین بە ئاو و باج نادەین بە پەرلەمانی بەریتانیا و دەبێت گەلی ئەمریكا ئازاد بێت، ئەمە رێبازی گەلی ئەمریكا بوو كە چیتر ژێردەستەیی بەریتانیا قبوڵ ناكەن، كە ئەمەش بووە هەوێنی شۆڕشی ئەمریكا، مانای ئەوە نییە بیركردنەوەی جۆرج واشنتۆن بووە هەوێنی شۆڕش، بەڵكو بیركردنەوەی جۆرج واشنتۆن بیركردنەوە بووە لە خواستی گەلی ئەمریكا و رێكخستنی لەچوارچێوەیەكدا، ئەمەش واتە جۆرج واشنتۆنیش دوای خواست و داواكاری و بیركردنەوەی گەلەكەی كەوتووە، بۆیە رێبازی جۆرج واشنتۆنیش رێبازی گەلی ئەمریكا و خواستی گەلی ئەمریكایە بۆ ئازادی نەك رێبازی جۆرج واشنتۆن، بەڵام لەبەر ئەوەی جۆرج واشنتۆن توانی هەنگاو بۆ ئەم خواست و ئاوات و بیركردنەوەی گەلەكەی بۆ ئازادی هەڵبگرێت، ئەوا ئێستا گەلی ئەمریكا بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسیی و بەجیاوازی ئایین و زمان و رەنگی پێستەوە جۆرج واشنتۆن بە باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا دەزانن، لەمەش گرنگتر ئەوەی بۆتە نەریت لە مێژووی سیاسیی ئەمریكادا، هەر سەركردەیەكی دیكەش بە هاوشێوەی جۆرج واشنتۆن هەنگاوی بۆ پاراستنی ئازادی ئەمریكا هەڵگرتبێت، بە باوكی دامەزرێنەر ناوی دەبەن، بۆ نموونە تۆماس جیفرسۆن و ئەبراهام لنكۆلن و رۆزفەلت و چەندانی دیكە لەسەرۆكەكانی ئەمریكا بە باوكانی دامەزرێنەر ناو دەبرێن، نازناوی باوكانی دامەزرێنەریش تەنیا بۆ حزبێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو بۆ ئەوانەیە پارێزگاری لەو رێبازە دەكەن كە كۆماری ئەمریكای ئازادی لەسەر بونیاد نراوە، واتە تەواوكردنی كاروانی باوكانی دیكەی هاوشێوەی جۆرج واشنتۆن و تۆماس جیفرسۆن و لنكۆڵنە، ئەوجا ئەگەر لەم چوارچێوەیە سەیری رێبازی بارزانی بكەین و هەمان پرسیار دووبارە بكەینەوە ئایا ئەوە مەلامستەفا بارزانی-یە شوێن خواست و ئاوات و رێبازی نەتەوەی خۆی كەوتووە یان ئەوە خەڵكی كوردستانە دوای رێبازی مەلا مستەفا كەوتووە، بێگومان كە بەقووڵایی بیركردنەوە و هەڵوێست و رەفتاری مستەفا بارزانی وردەبینەوە، هەست دەكەین ئەوە لێهاتوویی و ئیرادەی مستەفا بارزانییە یەكبوونێكی لەنێو بەها و ئەخلاق و بیركردنەوەی نەتەوە بۆ ئامانجی هاوبەش دروستكردووە، هەموو تاكێكی ئەم نەتەوەیەش خواست و هیواو ئاواتەكانی خۆی لەنێو ئەو رێبازە بدۆزێتەوە كە بارزانی مستەفا لەناو خواستەكانی خەڵك خۆی پێناسە كردۆتەوە، كەواتە ئەمە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات كە بارزانی مستەفا ئەو سەركردەیە بووە كە لە ساتەوەختی نائومێدا بیری لە خواست و ئامانجی نەتەوەكەی كردووە و ئیرادەیەكی هەبووە ئەو ئامانجەی نەتەوە پێناسە بكات و پیشانی نەتەوەی خۆی بدات و ئەم ئیرادەیەی بارزانی بۆتە هاندەرێك بۆ ئەوەی تاكەكانی نەتەوەش وەك بارزانی ئەو ئامانجە ببینێت و ببێتە هاریكاری ئەو ئیرادەیەی كە بۆ ئەو ئامانجە هاوبەشە تێدەكۆشێت، بۆیە لەم حاڵەتە دەكرێت راشكاوانە ئەوە بڵێین بارزانی مستەفاش وەك هەر تاكێكی ئەم نەتەوەیە ئامانجی ئازادی و سەرفرازیی بووە، بەڵام جیاوازی بارزانی لەگەڵ هەر تاكێكی دیكە ئەوە بووە كە توانیوویەتی ئیرادەی خۆی لەناو ئامانجی نەتەوەكەی پێناسە بكاتەوە و هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت، ئەمەش وایكرد بارزانی مستەفا وەك كاریزمایەك لەناو نەتەوەی خۆیدا دەربكەوێت.
كاتێك نەتەوە وەك پێداویستیەك
سەیری كاریزمایی سەرۆكەكەی دەكات
تۆژەری هیندستانی كیتان پاڵشیكار لە توێژینەوەیەكیدا بە ناونیشانی (سەركردایەتی كاریزمی) ئاماژە بەوە دەكات لە كاتی دەركەوتنی سەركردەیەكی كاریزمی، بەشێك لەو دەستەبژێرانەی شوێنكەوتووی رێبازی سەركردە كاریزمیەكەن دووچاری بێ ئومێدی دەبن، ئەوان لەوە نائومێد دەبن كە نەتەوە بەجۆرێك سەركردە كاریزمیەكە وەك پێداویستی سەیر دەكات كە ئەوانی دیكە دەكەونە پەراوێزەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە سەركردەیەكی وەك (سوبهاس چاندرا بوس) دەكات كە لەئاكامی نائومێدبوونی لەبەرامبەر كاریزمایی گاندی پەنای بۆ جیابوونەوە بردو، ئەو پێی وابوو شێوازی ناتوندوتیژی گاندی سەركەوتن بەدەست ناهێنێت و پێویستە لەگەڵ ئەڵمانیاو ژاپۆن هاوپەیمانی بكرێت بۆ ئەوەی بە زەبری هێز هیندستان لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا ئازاد بكات، ئەم تۆژەرە لە چوارچێوەی توێژینەوەكەیدا هۆكاری راستەقینەی سوبهاس چاندرا بۆ ئەوە ناگێڕێتەوە كە رێبازی گاندی بەدڵ نەبووە، بەڵكو لە ئاستی كاریزمایی گاندی دووچاری نائومێدی بۆتەوە، ئەم حاڵەتە لە مێژووی زۆربەی سەركردە كاریزما نیشتمانییەكاندا بوونی هەبووە، بێگومان لەمێژووی سەركردایەتی كاریزمایی بارزانیشدا ئەم حاڵەتە بوونی هەبووە، لێرەدا مەبەستی ئەم راپۆرتە گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵكو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو بۆ خوێندنەوەی ئاییندە، هەوڵدانە بۆ تیشك خستنە سەر خەسڵەت و سیفەتەكانی سەركردەی كاریزمی كە هەندێك لە ئاستی شكۆی كاریزمایی سەرۆكدا نائومێد دەبن، ئەم حاڵەتە بەو مانایە نییە كە سەركردەی كاریزمی بەدەرە لە كەموكورتی، یان سەركردەی كاریزمی دەكەوێتە ئەودیوی هەڵسەنگاندنی رەخنەییەوە، نەخێر شكۆی سەكردەی كارێزمی لەناو خوێندنەوەی رەخنەیی ئەقڵانی دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی لەم باسەدا كە ئاماژە بە سەركردەی كاریزمی نیشتمانی دەكەین، ئاماژە بە كەسایەتیەك دەكەین كە ئەویش وەك هەر كەسێكی ئاسایی دیكە لایەنی سلبی و ئیجابیی هەیە، بەڵام جیاوازی سەركردەی لێهاتوو كە نەتەوە وەك كاریزما سەیری دەكات، ئەوەیە كە سەركردەی كاریزمی پێش ئەوەی بكەوێتە بەر رەخنەی خەڵك و خەڵكی تر كەموكورتیەكانی بۆ راست بكەنەوە ئەو خۆی دەبێتە چاودێر بەسەر خودی نەفسی خۆی بە شێوەی دادوەرێكی دادپەروەری توند نەفسی خۆی دەخاتە ژێر لێپرسینەوە و خۆی لێپرسینەوە لەگەڵ خۆی دەكات، بۆیە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سەركردەی كاریزمی ئەو توانایەیە كە پێی دەگوترێت (توانای خۆ راستكردنەوە - self-correcting)، ئەمەش مانای ئەوەیە سیفەتی سەركردەی كاریزمی ئەوەیە كە دەتوانێت خۆی لە چاوی نەتەوەكەیدا ببینێت و ئەو دەزانێت نەتەوەكەی چۆن سەیری دەكات، بۆیە بەردەوام لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی دەكات و كەموكوڕییەكانی بۆ راست دەكاتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو وێنایە بێت كە لەچاوی نەتەوەكەیدایە، لەمەش گرنگتر سەركردەی كاریزمی هەست بەو راستیە دەكات كە كاریزمای ئەوەی بەرهەمی كۆمەڵێك پێداویستی گەلەكەیەتی كە ئەو پێش هەمووان كردویەتیە ئامانج بۆخۆی، بۆیە سەركردەی كاریزمی لەوە هۆشیارە كە پێداویستی نەتەوەكەی رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەر بۆیە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا دەبێت خۆی لەگەڵ پێداویستی نەتەوەكەی پێناسە بكاتەوە، ئەمە بەرەو سیفەتێكی دیكەی سەركردەی كارێزمیمان دەبات، ئەویش ئەوەیە سەركردەی كاریزمی كراوەیە بەرووی گۆڕانكارییەكان و لە گۆڕانكارییەكان ناترسێت، بەڵكو پێشوازی لە گۆڕانكارییەكان دەكات و دەیەوێت خۆی لەناو گۆڕانكارییەكاندا رۆڵی سەرەكی بگێڕێت، ئەگەر لەمەدا نموونە بەیەكێك لە قوتابیانی پەروەردەی دەستی مستەفا بارزانی بهێنینەوە، دەكرێت ئاماژە بە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەین، كە لەزۆر قۆناخی هەستیار و لە وەڵامدانەوەی بۆ گۆڕانكارییەكان بە ئاستێك ئامادەباشی هەبووە كە زۆر جار مەزندەی ئەوە كراوە سەرۆك موجازەفە دەكات و هێشتا كاتی ئەو گۆڕانكارییە نەهاتووە، بەڵام سەرۆك مسعود بارزانی بوێرانە بە رووی گۆڕانكارییەكان وەڵامدانەوەی هەبووە و پاشانیش هەر خۆی رۆڵی سەرەكی تیاگێڕاوە، هەر بۆ نموونە كاتێك لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بە ئاشكرا بڕیاریدا ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان بە فەرمی هەڵبكرێت، ئەمە گۆڕانكارییەك بوو لە واقیعی نەتەوە كە پەردەی ترسی دڕاند، هەروەها لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و بوونی هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، نەك هەر ترسی كاردانەوەی رژێمی عێراقی وروژاند، بەڵكو دەوڵەتانی دراوسێ هەڕەشەی داگیركردنی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، بەڵام لەمیشیاندا سەرۆك مسعود بارزانی خۆی بوێرانە هاتە ناو گۆڕانكارییەكەو لە ئێوارەی 20ی مارتی 2003 بەدەستی خۆی ئاگری نەورۆزی لەسەر قەڵای هەولێر كردەوە، ئاماژەكردن بەم دوو هەڵوێستەی سەرۆك مسعود بارزانی، هەوڵێكە بۆ خوێندنەوە و دووبارە پێڕەوكردنەوەی ئەو پەروەردەیەی لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی فێری بووە، لەبەر ئەوەی یەكێك لە سیفەتەكانی بارزانی نەمر بڕیاردانی قورس بووە لەكاتی پێویست و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و هەوڵدان بووە بۆ كۆنترۆڵكردنی گۆڕانكارییەكان بۆ بەرژەوەندی نەتەوە، ئەمەش بەرهەمی خەسڵەتێكی دیكەی سەركردەی كاریزمایە كە پێی دەگوترێت (متمانە بەخۆبوون - self-confident)، كەواتە متمانە بەخۆبوون یەكێكە لە خەسڵەتە دیارەكانی مەلا مستەفا بارزانی كە بتوانێت بڕیاری قورس بدات، بەم بڕیارە قورسانەش خودی بارزانی مستەفا ببوە ئەو واقیعەی كە نەتەوە وەك پێویستیەك سەیری بكات، واتە متمانە بەخۆبوون خودی سەركردە دەسەلمێنێت (Self-Actualization)، هەربۆیە سەلماندی خودی سەركردە لە متمانە بەخۆبوونەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم سیفەتەش ئێستا لە سەرۆك مسعود بارزانی رەنگی داوەتەوە كە بە متمانەبوون بە خۆیی و بەئیرادەی نەتەوەكەی بەهەموو جیهان دەڵێت (گەلی من جارێكی دیكە دیكتاتۆریەت قبوڵ ناكات و ئەو ئازادە بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات و هەر بڕیارێكیش گەلەكەم بیدات، ئەوا من ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكەم)، ئەمەش مانای ئەوەیە متمانە بەخۆبوون و متمانە بە ئیرادەی نەتەوە سیفەتێكی دیكەی ئەو سەركردانەیە كە نەتەوە وەك سیمبول سەیریان دەكات، ئەوەی لێرەدا وەك زەرورەتێك گرنگە ئاماژەی پێبكەین ئەوەیە ئاماژەكردنمان بە هەندێك لە هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی، بەراوردكاری نییە لەنێوان دوو سەرۆكدا، بەڵكو ئاماژەیە بۆ چۆنییەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شێوازی سەركردایەتی بارزانی مستەفا، لەبەر ئەوەی وەك بەڕێز موحسین دزەیی پێشتر لە وتارێكیدا بۆ گوڵان راشكاوانە ئاماژەی پێكردبوو (لەگەڵ ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی تارادەیەكی زۆر توانیویەتی لەسەر رێبازی بارزانی هەنگاو هەڵبگریت، بەڵام هەتا ئێستا و لەئاییندەیەكی نزیكیشدا پێشبینی ناكرێت كەس وەك مەلا مستەفا دروست بێتەوە).
خوێندنەوەی بارزانی مستەفا بۆ ئاییندە
هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی كەسایەتیە كاریزماكانی نەتەوە، هێندەی خوێندنەوەیە بۆ ئاییندە، هێندە خوێندنەوەی مێژووی رابردوو نییە، بەڵام هەتا نەشگەڕێینەوە بۆ مێژوو ناتوانین ئاییندە بخوێنینەوە، ئەوەی لەماوەی سەركردایەتی مەلا مستەفا بارزانی فێری دەبین، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ئیرادەیەیە كە بارزانی نەمر لەگەڵ واقیعی سەردەمی خۆی مامەڵەی پێكردووە، بۆیە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەركردایەتی بارزانی نەمر، بەدوای ئەو ئیرادەیە دەگەڕێین كە ئێمەش بتوانین لەگەڵ واقیعی سەردەمی خۆمان بەهەمان شێوە مامەڵەی پێبكەین، ئۆباما گووتەنی (گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەبراهام لنكۆڵن، بۆ فێربوونی ئەو وانەیەیە بۆ ئەوەی ئێمەش فێربین چۆن لەكاتێكدا ئاسمان تەمومژاوی بێت بتوانین بڕیار بۆ پاراستنی ئازادی بدەین، گەڕانەوە بۆ مێژووی لنكۆڵن بۆ ئەوەی بتوانین بڕیاری بوێرانە بدەین و خۆشمان لەبەرپرسیاریەتی هەڵنێین، چونكە كاتێك لنكۆڵن بڕیاری شەڕی دژایەتی كۆیلایەتیدا كۆنگرێس پشتگیری نەكرد، بەڵام بینایەی كۆنگرێسی دروستكرد، بۆ ئەوەی دوای شەڕ لەناو ئەو بینایە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن، گەڕانەوە بۆ مێژووی لنكۆڵن گەڕانەوە نییە بۆ شەڕ، بەڵكو هەوڵێكە بۆ فێربوونی چۆنییەتی چەسپاندی ئاشتی، هەوڵێكە بۆ فێربوونی مامەڵەكردن لەگەڵ تفەنگ و ئەسپەكانمان، كە لنكۆڵن دوای تەواوبوونی شەڕ تفەنگ و ئەسپەكانی لە دیلەكان نەسەند، بەڵكو پێی راگەیاندن تفەنگ و ئەسپەكانتان بە جۆرێكی دیكە بەكاربێنن بە تفەنگەكانتان راوبكەن و بە ئەسپەكانتان زەوی بكێڵن)، ئۆباما ئەمەی لە یادی دووسەد ساڵەی لەدایكبوونی لنكۆڵن راگەیاندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستاش ئەمریكا بۆ پاراستنی ئازادیی پێویستی بە ئیرادەی لنكۆڵن هەیە، بۆیە ئێمەش كە ئەمڕۆ یادی لەدایكبوونی سەد و دە ساڵەی بارزانی مستەفا دەكەینەوە گرنگە ئەو وانەیە فێربین كە تەنیا بە ئیرادەی بارزانی نەمر یەكگرتوویی و یەكڕیزی گەلی كوردستان دەپارێزرێت و تەنیا بەم رێگایەش دەگەینە دوا قۆناخی سەرفرازی.