بەشداربوونی كورد بە یەك لیست لەهەڵبژاردنی پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم زامنی بەدەستهینانی كورسیی زیاترە
March 7, 2013
راپۆرتەکان
لەگەڵ ئەو یەك دەنگی و یەكڕیزییەی كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، هاوكات لیست و هاوپەیمانێتی بەهێزیش لەعەرەبی سوننەو عەرەبی شیعە دروست بووە لەمباریەوە تاڵیب محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە وتی: هەڵبژاردنی ئەمساڵ وەكو جاران نییەو لیستەكانی عێراقییەو حیوارو حزبی ئیسلامی بوون بەیەك و لیستەكەش لەپارێزگای دیالە خاوەنی رێژەی باشن، هاوكات هاوپەیمانی شیعەو هەموو لایەنەكانی لەم پارێزگایە بەیەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردنەكان دەكەن، بەمشێوەیە هەردوو لیستە عەرەبیەكە بارودۆخیان باشترەو هەلی باشتریان لەبەردەمدایە، چونكە وەكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێشبینی ئەوە دەكەم لەم پارێزگایە لە 6 كورسی زیاتر بەدەست ناهێنین، بەڵام چڕ بوونەوەو كۆبوونەوەی لایەنەكانی تری عێراق لە دوو لیستدا هەلەكانی بەدەستهێنانی كورسی زیاتریان لەهەڵبژاردنەكان دەبێت. بەشداری هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم شتێكی تازە نییەو پێشتریش كورد لە هاوپەیمانی كوردستان بەیەك لیست دابەزیوە بەهەموو لایەكی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە، بەڵام یەكگرتنی لایەنەكانی عەرەبی سوننەو هاوپەیمانی شیعە بەدوو لیست ئەمە هەنگاوێكی تازەیە و هاوپەیمانەتیەكەشیان بەهێزە، هەربۆیە دەبێت لەلایەن هاوپەیمانێتی كوردستان دیراسەی بارودۆخە نوێیەكە بكات و هەوڵبدرێت لەو كورسیانەی پێشوو كەمتر نەهێنین .
سەبارەت بەسوود وەرگرتنی لایەنە سیاسییەكان لەهەڵەكانی پێشوو بۆ ئەوەی دەنگی كورد لەو ناوچانەدا بەفیڕۆ نەدرێت سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە وتی: نەك تەنیا لیستی هاوپەیمانێتی كوردستان بەڵكو دەبێت هەموو لیستەكانی تر سوود لەهەڵەكانی پێشوو وەربگرن، بەپێچەوانەشەوە زیانێكی گەورە دەكەن من پێم وایە ئەمە هەنگاوێكە دەبێت پابەندی بین و ناكرێت لێی لابدەیت. بۆچوونی من ئاماژەكان لەهەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئەوە دەردەخەن كورد ناتوانێت لە 6 كورسی زیاتر بەدەست بهێنێت چونكە رێژەی دەنگدەرانیان ئەگەر بێتوو لە 100%یش بەشدار بن هەر ئەو ژمارە كورسییە بەدەست دەهێنێت.
ئەمەو رەشید خورشید ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پێی وابوو پێشتر حزبە كوردستانییەكان بەیەك لیست بەشدارییان لەهەڵبژاردنەكان لەسنووری پارێزگای سەلاحەدین نەكردو ئێستا درك بەو هەڵەو مەترسییە كراوەو سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان هەموویان پێكەوە بەیەك لیست بەشداری دەكەن و هیچ دەنگێك بەفیڕۆ نادرێت لەمبارەیەوە زیاتریش وتی: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراق بەپێی بەرنامەی تایبەتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، پێشتر لە ساڵی 2009 حزبە كوردستانیەكان پێكەوە لەلیستی پێكەوە ژیان و ئاشتیانەدا چوونە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و بەشدارییان كرد، ئەوكات خۆشبەختانە 2 كورسی بۆ لیستی برایەتی و پێكەوەژیانی حزبە كوردستانییەكان دەستەبەر بوو، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە2010 بەڕێوەچوو تێیدا حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ حزبەكانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی و یەكێتی بە لیستێكی كۆبەند كۆنەبووبوونەوە بەڵكو ئۆپۆزسیۆن لیستی جیایان هەبوو حزبە كوردستانییەكانی تریش بۆ خۆیان لەلیستی كوردستانی بەجیا بەشدار بوون، ئەوكات پرۆسەكە بەزیان گەڕایەوە بۆ دەنگی كورد لەسنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەرادەیەك كوردانی دوزخورماتوو بێبەش بوون لە بردنەوەی كورسیەك لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەربۆیە هەر ئەو كاتەو دوابەدوای هەڵبژاردنەكان سەرجەم حزبە كوردستانییەكان دركیان بەو مەترسییە كرد، ئەمڕۆ خۆشبەختانە لەكاتی ئامادەسازییەكانی خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەلیستی برایەتی و پێكەوە ژیان كۆبوونەتەوەو كۆبەندییەكی كوردستان هاتۆتە دی و هەموو حزبەكان نوێنەری خۆیان هەیەو هەربۆیە ئەمجارە دەنگی كوردان بەهیچ شێوەیەك بەفیڕۆ نادرێت و سوود لەهەموو دەنگەكان وەردەگیرێت بۆ بردنەوەی كورسیی زیاتر لەئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین كە ئێمەو 18 قەوارەی سیاسی تر ململانێ دەكەین بۆ بردنەوەی 29 كورسی لەئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین .
بەمشێوەیە كۆبوونەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەم سنوورە لەناو یەك لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی لیستەكە لەبەرامبەر لیستەكانی تری ناوچەكە.