سیاسەتی تاكڕەوی مالیكی خەریكە پێكەوەژیان لە عێراقدا مەحاڵ دەكات

سیاسەتی تاكڕەوی مالیكی خەریكە پێكەوەژیان لە عێراقدا مەحاڵ دەكات
(وڵاتێك بەزەبری هێز یەكپارچەییەكەی بپارێزرێت شایەنی ئەوەنییە بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە)، ئەمە قسەی گراهام فۆلەرە سەبارەت بە عێراقی دوای رژێمی بەعس، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بونیادنانەوەی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە بویناد نەنرێتەوە كە عێراقیەكان خۆیان پەسەندی دەكەن و عێراق نەبێتە وڵاتێكی دیموكراتی، ئەوا پێكەوەژیانی نێوان كورد و عەرەب و عەرەبی شیعە و سوننە مەحاڵ دەبێت، بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبینرێت ئەوەیە رۆژ لەدوای رۆژ پرۆسە سیاسیەكە ئاڵۆزتر دەبێت و زیاتر پێكهاتەكان لەیەكتری دووردەكەونەوە، لەمەش خراپتر ئەوەیە خەریكە زەمینەی شەڕێكی مەزهەبی خوێناوی لە نێوان شیعەو سوننە دروست دەبێت، هەر بۆ نموونە ئەگەر هەینی رابردوو خۆپیشاندانەكان بگەیشتنایە بەغدا، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو كە شەڕێكی خوێناوی مەزهەبی لەنێوان خۆپیشاندەرانی سوننە و شیعە رووی بدایە، لەلایەكی دیكەش نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بەپێی رێككەوتنی هەولێر دەبوو بە دەستوورەوە پابەند بێت و تەواوی بەندەكانی ئەو رێككەوتنامەیە ئیمزا بكات و كێشە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام وەك لەماوەی دووساڵی رابردوو دەیبینین، رۆژ لەدوای رۆژ كێشەی زیاتر دروست دەكات بۆ ئەوەی خۆی لە جێبەجێكردنی دەستوور و جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنی هەولێر بدزێتەوە، بەمجۆرەش عێراق كەوتۆتە باردۆخێكەوە كە نازانرێت ئایندەكەی بەرەو كوێ دەچێت، هەروەها پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا هەتا كەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران دەتوانێت بە سیاسەتی دروستكردنی كێشە لەدوای كێشە و بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و سیاسیی ئەم بارودۆخە درێژە پێبدات؟ سەبارەت بەم لایەنە چاودێرانی سیاسیی ئەم بارودۆخە بەو جۆرە دەبینن، كە ئامانجی مالیكی لەسەر درێژەدانی ئەم سیاسەتە بۆ ئەوەیە هەتا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەڕێوەببات، ئەمەش بە ئومێدی ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت و حكومەتی زۆرینە دابمەزرێت و بەرێگەی زۆرینە دیكتاتۆریەتێكی دیكە لە عێراقدا زیندوو بكاتەوە، سەبارەت بەم لایەنە كە نوری مالیكی پیلانی بۆ داڕشتووە و بەردەوامیش هەوڵەكانی لەو پێناوەیە كە هەموو میكانیزمێك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی نەیارە سیاسیەكانی تەسفیە بكات و لاوازیان بكات، پرسیار ئەوەیە ئایا مالیكی دەتوانێت ببێتە دیكتاتۆر؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا و لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە بەڕێوەیە، زۆربەی چاودێران بەو جۆرە سەیری هاوكێشەی سیاسیی عێراق دەكەن، كە عێراقی ئێستا ناتوانرێت بە دیكتاتۆریەت كۆنترۆڵ بكرێت، لەبەر ئەوەی هەم هەلومەرجی ناوچەكە گۆڕاوە و هاوپەیمانی و جەمسەرگیری ئیقلیمی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەمیش بارودۆخی عێراقیش لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعسەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا هاتووە، كە زەحمەتە بواری ئەوە بڕەخسێت دیكتاتۆریەت لە عێراقدا جارێكی دیكە زیندوو بێتەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا مەترسی ئەوەش هەیە ئەگەر نوری مالیكی سەرۆك وەزیران نەگەڕێتەوە بۆ لۆژیكی ئاقڵانە و پابەندبوون بەدەستوور و بەندەكانی رێككەوتنەكانەوە، ئەوا لایەنی زەرەمەندی گەورە لە پرۆسە سیاسیەكە لایەنی شیعە دەبێت، بۆیە لەم حاڵەتە ئەوە دەبێتە ئەركی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كە هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی مەترسی سیاسەتەكانی مالیكی لەسەر لایەنی شیعە و بەگشتیش لەسەر عێراق دووربخاتەوە، بەڵام پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە ئایا هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە هەوڵیداوە سنوورێك بۆ رەفتارەكانی مالیكی دابنێت، یان لانی كەم كاندیدێكی تر لە بری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكات؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا بێگومان دەبێت دان بەو راستیە تاڵەدا بنرێت بەوەی بەداخەوە هەتا ئێستا لیستی هاوپەیمانی شیعە وەك لیستی زۆرینە لەعێراق بە یەكگرتوویی نەیانتوانیووە نە سنوورێك بۆ مالیكی دابنێن نە بەرنامەیەكی چاكسازی ئەوتۆشیان خستۆتە روو كە بتوانرێت بە دیالۆگ و دانوستاندن كێشەكان چارەسەر بكرێت و پرۆسە سیاسیەكە رێكبخرێتەوە، هەر بۆیە ئەم كەمتەرخەمیەی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە جۆرە بێ ئومێدیەكی دروستكردووە كە رۆژ لەدوای رۆژ كێشەكان ئاڵۆزتر بن و زیاتر كێشەكان لەسەر یەكتری كەڵەكە بن و بگاتە ئەو ئاستەی كە هەموو لایەك بگەنە بەردەمی دەرگا داخراوەكان، لەم حاڵەتەشدا كە هیچ ئومێدێك بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان بونیان نامێنێت، ئەوا بارودۆخەكە بەجۆرێك دەتەقێتەوە كە لەوانەیە زەحمەت بێت دواتر بە ئاسانی كۆنترۆڵ بكرێتەوە، كە ئەمەش روویدا پێكەوە ژیان لە عێراقدا دەبێتە كارێكی مەحاڵ و نەك تەنیا كورد ناچار دەبێت بڕیاری خۆی بدات و ئەو واقیعە قبوڵ نەكات، لەوانەیە پێش كورد عەرەبی سوننەش بڕیاری خۆی بدات و بە یەكجارەكیش سیاسەتەكانی مالیكی كۆتایی بە عێراق بهێنێت.
Top