توندوتیژی و ترسی داڕمانی دەوڵەتی میسر و دەستپێشخەریی بۆ دانوستاندن

توندوتیژی و ترسی داڕمانی دەوڵەتی میسر و دەستپێشخەریی بۆ دانوستاندن
ئەسما حوسەینی/قاهیره
میسر هەفتەیەكی سەختی توندوتیژی و پێكدادانی بەخۆیەوە بینی كە تێیدا دەیان كوژراو و سەدان برینداری لێكەوتەوە، خۆپیشاندان و كاری توندوتیژی لە شەقام و مەیدانەكانی قاهیرە و زۆربەی پارێزگاكانی میسر درێژەی هەیە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر حوكمی ئیخوان و داواكردن بە رۆیشتنی سەرۆك كە بەڕای ئەوان لە ئیدارەكردنی وڵات شكستی هێناوە،سەرماو باران و تەنانەت دەستپێشخەرییەكان كە بۆ دیالۆگ خرانەڕوو و توندوتیژی بەرامبەری دەزگاكانی ئەمن و راكێشانی خۆپیشاندەران و كوشتنیان لەسەر شەقامەكان رێیان لە خۆپیشاندەران نەگرت كە واز لە كۆبوونەوەكانیان بهێنن، هەتا راگەیاندنی باری نائاسایی لەلایەن سەرۆك مورسیشەوە و قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە هەرسێ شارەكەی سەر نۆكەند،پۆرسەعید و ئیسماعیلیە و سوێس،كە دوای ئەم راگەیاندنە ئاستی تووڕەبوون وهەڵچوونیان گەیشتە ئەو راددەیەی كە سەرۆك ناچاربوو پاشەكشە لە بڕیارەكەی بكات،ئەم خۆپیشاندانانە لە كاتێكدا پەرەیان سەند كاتێ 21 تۆمەتبار حوكمدران رەوانەی بەردەم موفتی كران بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر لە سێدارەدانیان بدات بە تاوانی كوشتنی 72 هاندەر لە یاری تۆپی پێ كە پار لە نێوان ئەهلی میسری و پۆرسەعید بەڕێوەچوو، بەڵام خەڵكەكە پێیان وابوو ئەم حوكمە بە سیاسیكراوە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی توندوتیژی لە قاهیرە، بۆ یەكەم جاریش لە كاتی ناڕەزاییەكاندا بزووتنەوەیەكی تازە بەناوی( بلاك بلۆك)یان(لیستی رەش)لە شێوازی ئەوروپی سەری هەڵدا،كەسیش نازانێت ناسنامەیان چییە، بەڵام بە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان هەژماردەكرێت،بۆیە نیابەی گشتیی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردن،بەڵام ئەوان داكۆكیان لەخۆیان كرد بەوەی كە دەیانەوێت شۆڕش بپارێزن،دەرئەنجامی ئەو خۆپیشاندان و پشێویانە وای لە وەزیری بەرگری عەبدولفەتاح سیسی كرد داوا لە هەموو لایەنەكان بكات كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە وڵاتدا،نەبادا ئەنجامی زۆر خراپی لێبكەوێتەوە و دواتر دەوڵەت هەرەس بهێنێت،ئەم لێدوانانەدا بەدواداچوونی زۆری لێكەوتەوە دەربارەی رۆڵی سوپا لەڕۆژانی داهاتوودا،ئەمەش رەنگدانەوەی قەیرانی متمانە دەردەخات كە گەلی میسر بەرامبەر بە ئیخوان موسلمین دووچاری بووبوو،كە هەمیشە لە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی جومگەكانی دەسەڵات و پشتگوێ خستنی كەسانی دیكەیە،زۆربەی میسرییەكان لەو باوەڕەدان كە شۆڕشەكەیان ڕفێنراوە،واتا دوای دوو ساڵ هیچ شتێكیان بەدی نەكرد كە ئەم شۆڕشەیان لە پێناویدا بەرپاكرد،بەڵكو زیاتر دووچاری نیگەرانی و بێئومێدی بوون لە جاران خراپتر ئاستی ژیانیان رووی لە دابەزین و كولەمەرگی كرد،هەتا لەسەر ئاستی ئازادییەكان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی،بۆیە ترس و دڵەڕاوكێ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی میسری گرتۆتەوە بۆیە ئەوان تەنانەت بەتەمای ژیانی ئەمڕۆو سبەینێش نابن ئەگەر بێتوحوكمی ئیخوان هەروا درێژە بكێشێت،كاتێكیش هەندێك داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی دەكەن بۆ رزگاربوون لە سەرۆكێك كە بەرامبەر بەڵێنەكانی و سوێندخواردنی بۆ میللەت پابەند نەبووە،بەڵام ئەم بۆچوونە لەلای ئیخوان و ئەو ئیسلامیانەی هاوپەیمانیان بەوە لێكدەدرێتەوە كە مەبەست رووخانی شەرعیەت و سەرۆكی هەڵبژێردراوە،دكتۆر عیسام عریان جێگری سەرۆكی حزبی ئازادی و دادپەروەری هەڕەشەی كرد كە ئەگەر سەرۆك مورسی ماوەی سەرۆكایەتیی خۆی تەواو نەكات هیچ سەرۆكێكی داهاتووی میسر ناتوانێت ماوەكەی ئەو تەواو بكات،دووپاتیشی كردەوە كە هەركارێك لەپێناو ئەمەدا بە كودەتا لەسەر دیموكراتییەت هەژماردەكرێت،تەنانەت ئیخوان ئەوكەسانەی كە دەیانەوێت حوكمی ئەوان بڕوخێنن بە پاشماوەی رژێمی پێشوو و دوژمنی ئیسلام تۆمەتباری كردن،ئەم بۆچوونەش لەلایەن نووسەرو چالاكوانی سیاسی دكتۆر عەلا ئەسوانی رەتكرایەوەو ئاماژەشی بەوە كرد كە سەرۆك مورسی ناتوانێت ئەو كەسانەی داوای رووخانی دەكەن تۆمەتبار بكات كە پاشماوەی رژێمی پێشوویان لیبرالی و چەپ و دوژمنی ئیسلامی سیاسی بن،لە راستیدا دەنگەكانی ئیخوان بە تەنیا نەیانتوانی مورسی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سەربخەن،بەڵام ئەوانەی گەیاندیانە كورسی دەسەڵات،ئەو هەشت ملیۆن میسرییە بوون كە لە دەرەوەی ئیخوان بوون وێرای ژمارەیەكی زۆری شۆڕشگێرانی لیبرال و چەپەكان،كە پشتیوانیان لێیكرد تاكو رژێمی پێشوو لەسەردەستی ركابەرەكەی شەفیق جارێكی دیكە نەگەڕێتەوە.
سەرۆك مورسی زۆر بەخێرایی تووشی شكست بوو،كە لایەنگرونەیارەكانی چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد،دوای چەند هەفتەیەكی كەم لە هەڵبژاردنی،میسرییەكان تووشی سەرسامی بوون كاتێ بۆیان دەركەوت كە سەرۆك مورسی سەرۆكێكی دوورە لە رووداوەكان و وەك ئەوەی لە ئەشكەوتێكدا ژیان بەسەرببات واتا دوور لە ژیانی رۆژانەی میللەت،تەنانەت ئەو خاوەن بڕیارەكانی سەرۆكایەتیش نییە بەڵكو لە نووسینگەی رابەرایەتی پێشتر ئامادە دەكرێن و دوایی خۆیشی دەیانخوێنێتەوە،وردەوردە بۆ میسرییەكان روون بۆوە كە ئیخوان لە پشتیانیشەوە سەلەفیە تیرۆریستە تۆبەكارەكان(الجهاد و الجماعە الاسلامیە)گەیشتنی مورسی بۆ پۆستی دەسەڵات بە سەركەوتنێكی دیموكراتی نازانن،بەڵكو بەرای ئەوان سەركەوتنێكی خوایی بوو بەسەر دوژمنانی ئیسلام(گەلی میسر)،ئەوەی ئیخوان دەیانەوێت پێی بگەن ئەوەیە كە رێكخستنەوەی بارودۆخی دەوڵەتی میسرە بە شێوەیەك كە هەتاهەتایە لە حوكمدا بمێننەوە، بەمەش دەیانەوێت خەلافەتی ئیسلام بگەڕێننەوە،لەبەر ئەوەشە كە مورسی بووە بە دیكتاتۆرو راگەیاندنێكی نادەستوری دەركردووە تاكو دەسەڵاتی رەها بەخۆی بدات بۆ ئەوەی چی بیەوێت بیكات، بەم شێوەیەش سیستەمی دادوەری داڕماندو هەموو بڕیارەكانی خۆیشی لە بەدواداچوونێكی یاسایی پاراست،تا گەیشتە ئەو رادەیەی كە لیژنەی بەناو دامەزراندن دەستورێكی سەرنەكەوتووی لە نووسینگەی رێبەرایەتی ئامادەكرد.



ئەسوانی زیاتر دەڵێت: پەردە لەرووی مورسی داماڵرا،میسرییەكان خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان لەبەردەم كۆشكی ئیتحادیە رێكخست،بەڵام میلیشیای چەكداریان بۆ ناردن تاكو دەستگیریان بكەن و ئەشكەنجەیان بدەن،بۆیە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران و ئیخوان گیانیان لەدەست دا كە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی مورسی،ئەو بەرهەڵستكردنە زیاتر پەرەی سەند دژی دیكتاتۆری تازە لەبەر هۆیەكی ئاسان ئەویش لەبەر ئەوەی هەزاران شەهید و برینداریان داوەو نایانەوێت دیكتاتۆرێك شوێنی یەكێكی دیكە بگرێتەوە،بەڵام ستەمكاریی ئیخوان تەنیا شكشتەكەیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەردەخات،هەلپەرستی و دووڕوویی و بێتواناییان بۆ هەموو گەلی میسر روون بووەوە،بزووتنەوەی 6ی ئیبریل –ی شۆڕشگێریش لەلای خۆیەوە رایگەیاند كە بەشداریكردنی لەو خۆپیشاندانانە بۆ رووخاندنی دوڵەتی ئیخوانە،هەروەها محەمەد مورسیی بە خراپترین و لاوازترین سەرۆك لە مێژووی میسر وەسف كرد چونكە بۆ گەلەكەی كارناكات و بۆتە داردەستێك بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی ئیخوان موسلمین كە بە گوتەی ئەو ئەجیندای دەرەكی جێبەجێ دەكات،بۆیە لە بەیاننامەیەكیدا كە ئاراستەی سەرۆكی كردووە دەڵێت:بزانە كە كۆتاییەكەت نزیك بۆتەوە،ئەو كاتە مێلیشیاو بەكرێگیراوانت بە كەڵكت نایەن كە بۆ سەركوتكردنی میللەت بەكاریان دێنیت،بەڵام نووسەری رۆژنامەنووس مەكرەم محەمەد ئەحمەد زیاتر هۆشداری دەدات كە كەس بە هێزو دەسەڵاتی ئیخوان و حزبەكەی «ئازادی و دادپەروەری» لاف لێ نەدات،چونكە گۆڕانكارییەكی بەرچاو بەسەر كەسایەتیی میسرییەكاندا هاتووە دوای 25ی یەنایەر،كە بەهیچ شێوەیەك قبوڵیان نییە بكەونەوە ژێر چەپۆكی ستەمكاران وەك سەردەمی پێشوو،بەڵكو پێداگری دەكەن لەسەر دابین كردنی گشت مافەكانیان لە نان و ئازادی و كەرامەتدا.
لەلای خۆشیەوە زیا رەشوان بەڕێوەبەری مەڵبەندی ئەهرام بۆ توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژییەكان پێی وایە،كە میسر لە دووەم ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی یەنایەردا لە سایەی سەركردایەتیی محەمەد مورسی كەوتۆتە نێو تونێلێكی زۆر تاریكەوە كە دیارە تا ئێستا ئومێدی ئەوە نییە بە ئاسانی لێی دەرچێت،بە دەیان شەهید و بریندار لە ناوچە جیاجیاكانی میسر دەبنە قوربانی،رۆژانە بە دەیان هەزار هاووڵاتی دەڕژێنە مەیدان و شەقامەكانی پارێزگاكان لە خۆپیشاندانی گەورەدا بۆ رەتكردنەوەی سیاسەتی حوكمی مورسی،چونكە ئەم وڵاتە بەرەبەرە پێ دەنێتە نێو ئاییندەیەكی زۆر ترسناك ئەویش داڕمانی دامودەزگاكان و نەمانی سەقامگیریی ئاساییش و نالەباریی ئابووری و ژیانێكی ئاسوودەیە،بۆیە بەردەوامبوونی توندوتیژی فراوانبووەو تا ئەو دەزگایانەی دەوڵەتی میسر هەر لەسەر ئەم میتۆدە بڕۆن دابەشبوون و لێكترازانی زۆر مەترسیدار یەكێتیی جوگرافی و رایەڵی كۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە لاواز دەكات.رەشوان پێی وایە كە سەرۆك تاكە بەرپرسە لە هەر پەرەسەندنێك یا زیانێكی زۆر كە یەخەی میسرییەكان بگرێت.
جا بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی كێشمەكێش و دابەشبوون لە میسردا،چەندین دەستپێشخەری بە دانوستان لە نێوان هێزە سیاسییەكان خراونەتەڕوو،گرنگترینیان هەردوو دەستپێشخەریی حزبی نور و ئەزهەری شەریفن،تەوەرێكی گرنگی دەست پێشخەرییەكەی حزبی نور زیاتر جەختی دەكردەوە لەسەر دانانی جێگرێكی گشتیی تازە بە پێی دەستوورە تازەكە،هەروەها ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی حزبی نیشتمانی كە بە گەندەڵیی سیاسی یان ئابووری تۆمەتبار نەكراون، دكتۆر یونس مەخیەن سەرۆكی حزبی نور روونی كردەوە كە حزبەكەی لاری نییە لە پێكهێنانی حكومەتێكی ئێئتلافی نیشتمانی، پێشی وایە كە ئەدای حكومەت لاوازەو لە ئاستی قۆناغەكەدا نییە و هیچ دیدێكیشی بۆ ئاییندە نییە.
بەڵام بەڵگەنامەی ئەزهەری شەریف كە لەسەر زمانی شێخە ئەحمەد تەیب راگەیاندرا لە كاتی سەرۆكایەتیی كردنی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و بزووتنەوەكانی گەنجاندا لە لایەنگرانی سەرۆكی میسر محەمەد مورسی و نەیارانی، لە هەوڵێكدا بۆ نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان، ئەویش بریتییە لە پیرۆزیی و بەرزیی خوێن و نامووس،هەروەها بەكارهێنانی هاوجۆركردنی هزری و سیاسی بۆ پاراستنی ئاشتیی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات پشت بەستن بە دانوستانی نیشتمانی وەك تاكە رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
ئەم دەست پێشخەرییانە لە دۆڵێكدا مانەوەو رووداوەكانی سەر زەویش لە دۆڵێكی دیكە،بەڵكو رەخنەی توندیان ئاراستەكرا،دیارترینیان بەڵگەنامەیەك كە ژمارەیەكی زۆری رۆشنبیران و چالاكوانان ئیمزایان كردووە، كە تێیدا هاتووە: بە درێژایی دوو ساڵی رابردووی شۆڕش، گەلی میسر توانی هەموو گەلانی جیهان بە شۆڕشی مەزنی وڵاتەكەی سەرسام بكات،كە توانیان مل بە(موبارەك) كەچ بكات، بۆ خستنەڕووی راستییەكان پێویستە بڵێین كە جەماوەر بە هیچ شێوەیەك دەست پێشخەر نەبووە لە توندوتیژی بەڵكو ئەوەی روویداوە بەرچەكردارێك بووە بەرامبەر دەستدرێژییەكانی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ،بەڵام ئەوەی ئەزهەر دەری بڕیوە بە هیچ شێوەیەك ئاماژە ناكات بۆ توندوتیژیی دەسەڵات دژی هاووڵاتیان،ئەو بەڵگەنامەیەش تێكەڵییەكی تێدایە لە نێوان خوێن ڕشتن و پەلاماردانی دامودەزگاكان.
ئەم پشێوی و بارودۆخە ناهەموارەی میسر لە بواری ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە رەنگدانەوەی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریی وڵات هەیە،لەم رووەوە یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی میسر دووپاتی كردەوە كە گەشتوگوزارلە میسر لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێتت،تەنانەت رێژەی كاركردنی ئوتێلەكانی قاهیرەو ئەلئوقسرو ئەسوان تەنیا گەیشتۆتە5%،كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوەیە كە وڵاتێكی وەكو میسر كە زۆر پشت بە بزاڤ و چالاكیی گەشتوگوزار دەبەستێت بەهۆی ئەم توندوتیژی و گرژییەی ئێستا،خەریكە لە زۆر بوارەكانی ژیانی ئابووری وسیاسی و كۆمەڵایەتی دووچاری ئیفلیجی وشپرزەیی دەبێت.
Top