لە نێوان جیاوازییەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا..لێكتێگەیشتن.. یەكڕیزی لەسەر پرسە نیشتمانیەكان دروست دەكات

لە نێوان جیاوازییەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا..لێكتێگەیشتن.. یەكڕیزی لەسەر پرسە نیشتمانیەكان دروست دەكات
دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەرسێ سەركردەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبۆوە و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرابوو كە شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و د.بەرهەم ساڵح سەردانی هەرسێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن بكەن و لە هەفتەی رابردووش ئەم سەردانانە ئەنجامدران، ئەم كۆبوونەوانە لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتادان و بەپێی لێدوانی لایەنەكان بەردەوامی دەبێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەوڵێكە بۆ كرانەوەی سیاسیی لەنێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان جیاوازەكان و دروستكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەسەر پرسە نیشتمانیەكان بە تایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان جیا لەوەی لەگەڵ بەغدا كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێردراوی هەیە، لەهەمانكاتدا رۆژانەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە قەیرانی تازە دروست دەكرێت، لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەكەش شەپۆلی گۆڕانكارییەكی گەورە بەڕێوەیە كە پێدەچێت لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا گۆڕانكاری گەورە دەربكەوێت، بۆیە ئەگەر لەبارودۆخێكی ئاسایدا جیاوازییەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەرێگەی سندوقی دەنگدان و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات چارەسەر بكرێت، ئەوا لە بارودۆخێكی وەك ئێستا كە تەحدییەكان نیشتمانین و تەواوی وڵات دەگرێتەوە، ئەوا گرنگ و پێویستە كە وێڕای جیاوازییەكان خاڵی هاوبەش و كۆدەنگی و یەكڕیزی نیشتمانی بێتە ئاراوە.



دەسكەوتەكان هی هەمووانە و
دەبێت هەمووشمان بیپارێزین
ئەگەر ئەو ئازادی و ئارامی و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان نەبوایە، ئێستا نە پرۆسەی دیموكراتی بوونی دەبوو نە شتێكیش دەبوو پێی بگوترێت لایەنەكانی فەرمانڕەواو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە بەرهەمی هەموو لایەكە و كاتێكیش تەحدی رووبەڕووی بێتەوە دەبێت هەموومان بیپارێزین، سەبارەت بەم لایەنە بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی و وتی: (ئەنجامدانی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی ئەم دواییە مەسەلەیەكی گرنگە، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە كە ئەمڕۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی باشدایەو ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون موڵكی هەموو لایەكەو پارێزگاریكردنیشی ئەركی هەمووانە، ئێستا ناوچەكە و عێراق بەبارودۆخێكی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، لەم روانگەیەوە ئێمە وەكو لایەنی كوردی چەند لەهەوڵی ئەوەدا بین زیاتر ماڵی كوردی رێكبخەین و تەبا بین هێشتا كەمە، هەربۆیە لەسەرجەم كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی هەردوولا لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم و جەنابی مام جەلال هەوڵی ئەوەمان داوە ماڵی كوردی بەرەو تەبایی و یەكخستن ببەین، تەنانەت لەكاتی بوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی كە لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەهۆی دروستبوونی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە روویاندا و زۆرجار گوێبستی ئەوە دەبووین لەهەندێك بەرپرسانی عێراقەوە گوایە هەندێك لایەنی كوردی لەم پرسانەدا ناڕازین، واقیعەكە وا نەبوو بگرە سەردانی بەرپرس و سەركردەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پارێزگای كەركوك و بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەڵوێستێكی وا بوو كە لەلای ئێمە بەباشی هەڵسەنگێنرا، بەمەش هەڵوێستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بارگرژییەكانی ئەم دواییە كە لەئاكامی هاتنی هێزەكانی دیجلە كەوتەوە رێخۆشكەر بوو بۆ نزیكبوونەوەو گفتوگۆكردنی زیاتر. دواتر لەگفتوگۆكانی ئەم دواییەش دا كەلەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەڕێوەدەچوو سەبارەت بە بارودۆخی عێراق كە تێیدا هەندێك لە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشدار و ئامادەی ئەو گفتوگۆیانە بوون، بگرە بۆ ئەم مەسەلەیە پرۆژەیەكیشیان هەبوو، دواتریش كە ئامادەییان نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە هەر خێرا پێشوازییان لێكرا و دانیشتنێكی لەگەڵ ئەنجامدان، لەو دانیشتنەدا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن چەند پێشنیار و سەرنج و تێبینیان لەمەڕ كێشەكانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم هەبوو، جەنابی سەرۆكی هەرێمیش پێی وتبوون ئەم مەسەلانە مەسەلەی باشن و لەلای ئێمە هێڵی سوور نییەو ئەم مەسەلانە پێویستی بەگفتوگۆ و وتووێژی زیاتر هەیە، ئەوەبوو دواتر لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبووەوە و بڕیاردرا كە لیژنەیەك راسپێردرێت بەجیا لەگەڵ هەموو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن قسەیان لەگەڵ بكەن، بۆ ئەم مەبەستە هەریەك لەبەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح راسپێردران بۆ سەردانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و قسەكردن لەگەڵیاندا، ئەوەبوو لەكۆتایی هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەكان تەواو بوو، ئەوەی من لێی ئاگادار بم كۆبوونەوە جیاجیاكانی ئەم دواییەی هەردوو بەڕێزان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن زۆر بەباشی بەڕێوەچووە، ئەو سەرنج و تێبینیانەی كە گەڵاڵە دەكرێت هەڵدەسەنگێنرێن و ئەو كاتەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەفەرەكەی دەگەڕێتەوە كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام دەدەین و ئاگادار دەكرێنەوە. بەشێوەیەكی گشتی من گەشبینم بەو گفتوگۆیانەی كراوە و لەچاوەڕوانی دەرئەنجامەكەیداین. مەسەلەی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن مەسەلەیەكی گرنگەو پەیوەندی بەهەموو میللەتی كوردەوە هەیەو ئومێدەوارم بەرەو پێشەوە بڕوات.. بۆ ئەم قۆناخە یەك دەنگی بۆ كورد لەبەغدا یەكجار گرنگە و ڕێگە بە ناحەزانمان نادات سوود لەهیچ درزێك وەربگرن كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت، تەنانەت هیچ كەس و لایەنێك جورئەتی ئەوە ناكەن داخوازییە رەواكانی گەلی كورد بەهەند وەرنەگرن یا ئەو گرفتانەی كە لەگەڵ كورد هەیەتی نادیدەی بكات، یەكڕیزی لەنێو ماڵی كورد بەیەكێك لەهەرە دەستكەوتە گەورەكانی میللەتی كورد دادەنرێت، لەمەودوا پێویستە لەگفتوگۆكانمان بێینە سەر مەسەلە واقیعییەكان گەر بمانەوێت لێك بەهەنجەت نەبین و بیانوو بەیەكتر نەگرین. لەهەرێمی كوردستان كاری یەكجار باش كراوەو لەبەرچاوە و لێرەو لەوێ كەموكوڕیش هەیە، بەڵام بەحوكمی ئەو گۆڕانكارییانەی لەناوچەكە هەیەو ئاڵۆزی زۆر توند هاتۆتە سەر سنوورەكانمان و بارودۆخەكەش لەنێوخۆی عێراق ئاڵۆزە هەربۆیە هەندێك مەسەلە پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە و رێكخستنەوەی ئەولەویاتەكان پێویستە، ئەمانەش هەمووی پێویستە پێكەوە بیكەین)).



بەڕێز محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی یەكڕیزی كورد لەم قۆناخە بە گرنگ دەزانێت و بزووتنەوەكەی بەدەستپێشخەر دادەنێت بەوەی هەوڵیداوە كە یەكڕیزی دروست بكات، لە هەمانكاتدا پێیوایە كە پێویستە هەنگاوی جددی بۆ چاكسازی هەڵبگیرێت و قسەی نێو كۆبوونەوەكان جێبەجێ بكرێن، سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان لایەنە سیاسیەكان محەمەد تۆفیق رەحیم بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی و وتی:(من هیچ جیاوازییەك نابینم لەگەڵ ئەو كۆبوونەوانەی كە پێشتر كراوەو هیچ جددیەتێك نابینم و دەبێت چاوەڕێ بین و بزانین لەسەر چ زەمینەیەك و چ بڕیارێك دەدرێت، بۆیە من پێموایە چ دەگوترێ گرنگ نییە بەڵكو چ دەكرێ گرنگە، هەربۆیە ئەگەر نییەتی چاكسازی هەبێت ئەوە دەبێت دەست پێ بكات، بێگومان بارودۆخی ناوچەكەو هەرێم و عێراق بەتایبەتی دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد(هەرچەندە نازانین چۆنە)، بەڵام شتی زۆر نادیار و گرنگ روودەدات كە ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەرەنگاری ئەم رووداوانە ببێتەوە و دەتوانێ بەرامبەریان بوەستێ یا نا، بەڵام پێویستی بەوەیە كە هەرێم چاكسازی بكات و بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت، سەبارەت بە یەكڕیزی كوردیش لەبەغدا ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەریمان كردووە، ئەگینا حزبەكانی دیكەی دەسەڵات هیچ دەستپێشخەرییەكیان نەكردووە و هەموومان دەزانین كە حزبەكانی دەسەڵات بەهەموو شێوەیەك هەوڵیانداوە كە گۆڕان دوورخەنەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام ئەوە گۆڕانە هەوڵی یەكڕیزی دەدات و بۆ نموونە لەكاتی دروستبوونی عەمەلیاتی دیجلەدا هەڵوێستی گۆڕان دیار بوو)).
ئەگەر ئامانج چاكسازی بێت



دەبێت لێكتێگەیشتن هەبێت
هەموو لایەك بە ئۆپۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نیەتی چاكسازیان هەیە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە چاكسازی ئەنجامبدەن، ئەم كۆبوونەوانەش جیا لەوەی هەوڵێكە بۆ نزیك كردنەوەی بۆچوونەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان، لە هەمانكاتدا هەوڵێكن بۆ یەكڕیزی نیشتمانیش، سەبارەت بەم لایەنە و سەبارەت بە كۆبوونەوەی هەرسێ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و كۆبوونەوەی بەجیای بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و د.بەرهەم ساڵح لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە تێڕوانینی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو وتی: (سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین كە هاتنەكەیان پەیامی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان گەیاندە بەڕێز ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەم كۆبوونەوەیەدا كۆبوونەوەی هەرسێ سەركردەكەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئیجابی نرخاندویانەو پێیانوابووە لە هەڵسەنگاندندا ئەمە دەرفەتێكی جددی و گەورەیە هاتۆتە پێشێ و دەبێ وەكو پێوێست سوودی لێ وەربگیرێت بۆ گەیشتن بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی، دیارە ئێمەش وەكو یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها بەڕێز ئەمینداری گشتی بە ئاشكرا ئەوەی راگەیاند كە سوورین لەسەر گەیشتن بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی لە چوارچێوەی داڕشتنی ستراتیجییەتێكی هاوبەش بۆ كێشە كوردستانییەكان لە بەرامبەر بەغداو وڵاتە هەرێمایەتییەكان و دەرەوەدا، دووەم بۆ ناوخۆش لەمەسەلەی چاكسازیی لە دەستوورو ئەو كێشانەی لە نێوخۆدان بە تایبەتیش یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەستەی وتووێژەكان و ئەو گرفت و بابەتانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێمانوایە كە دەبێ كۆدەنگی و تەوافوق بێنە ئاراوە، لەم رووەوە چەندین میكانیزم خرانەڕوو پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە، ئەوان بە ئاشكرا رایانگەیاند كە بۆ گفتوگۆ هیچ هێڵی سووریان نییە، ئێمەش وەكو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەین گفتوگۆ لەسەر بابەتەكان بكەین، بەڵام پێویستە وردتر بچینە ناو وردەكارییەكان و ئەو میكانیزمانە چین كە ئێمە دەستنیشانیان دەكەین، ئێمە لەلای خۆمانەوە پێشنیاری ئەوەمان كرد كە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بەردەوام ببن، تا دەگەنە شێوازێك و دواتر لەلایەن سەركردە بەڕێزەكانەوە چارەسەری بكەن و یەكلایی بكەنەوە)).



هەر سەبارەت بەم كۆبوونەوانە و ئەو كرانەوەیەی كە دروست بووە بۆ ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و پارتی و یەكێتی پێكەوە كۆبوونەوە بكەن و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزنەوە، سەبارەت بەم هەنگاوانە ئەحمەد سلێمان ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو: (ئەم كۆبوونەوانە ئەگەر كرانەوە بێت، ئەوە كرانەوەی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەوە ئۆپۆزسیۆنە پێشنیار بۆ دەسەڵات دەكات و داوای چارەسەری گرفتەكانی كوردستان دەكات بۆیە ئومێد دەكەین كە پێشنیارەكان جێبەجێ بكرێن، لەبەر ئەوەی چاكسازی هەنگاوی پراكتیكی پێویستە و نابێت مەرج و داواكاری قوڕس و زەحمەت لەسەر یەكتری دابنرێت، دەبێت هەموومان بەو ئاڕاستەیە بڕۆین كە چارەسەر بۆ گرفت و كێشەكان بدۆزینەوە، بەڵام تائێستا تەنیا كۆبوونەوە كراوە بۆیە ناتوانم رای خۆم لەسەر هەنگاوەكان بۆ چاكسازی بڵێم، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا من پێموایە كۆبوونەوە باشترە لە دووربوون لە یەكتر و باشتروایە لە نزیكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ باس لە گرفتەكان و چارەسەركردنیان بكرێت، چونكە ئێمە بەدیلی ئەوەمان نییە، لەبەر ئەوەی بەهەر قۆناغێك بگەین و تێپەڕین ئەوە دواجار دەبێت هەر بێینە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی كێشەكانمان چارەسەر بكەین، بەڵام دیارە ئەوە بەو مانایە نییە كە كۆبوونەوە گرفتەكانمان چارەسەر دەكات، بەڵكو دەبێت نییەت و ئامادەكاری هەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، ئێستاش هەموومان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەسەر ئەوە كۆكین كە گرفت و گەندەڵی هەیە و پێویستمان بە چاكسازی هەیە)).
Top