لەدووەم ساڵیادی شۆڕشەكەیاندا..سەرلەنوێ میسرییەكان لەدژی ئیخوان وسەلەفییەكان دەڕژێنە مەیدانەكانی تەحریر

لەدووەم ساڵیادی شۆڕشەكەیاندا..سەرلەنوێ میسرییەكان لەدژی ئیخوان وسەلەفییەكان دەڕژێنە مەیدانەكانی تەحریر
لە دووەم ساڵیادی شۆڕشدا ملیۆنەها هاووڵاتی میسری لە هێزە شۆڕشگێڕو سیاسییەكان لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی ملیۆنیدا سەرلەنوێ رژانە شەقام و مەیدانەكان،نەك بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی شۆڕش،بەڵكو بۆ تەئكید كردنەوە لە بەردەوامی ئەو شۆڕشە،ئەم جارەش دژی ئیخوان و سەلەفییەكان،خۆپیشاندانەكان پێكدادان و پشێوی زۆریان لێكەوتەوە بە تایبەتیش لە مەیدانی تەحریر و ئیتیحادیە، هاوكات لە سەرجەم پارێزگاكاندا،لە ئاكامدا 9 كەس لە سوێس كوژران و بە سەدانیش بریندار بوون،ژمارەیەكیش لە خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر وێستگەكانی میترۆ و پەكیان خست،هەروەها چەندین رێگاو پردیان داخست،خۆپیشاندەران هوتافیان دژ بە ئیخوان موسلمین و سەرۆك و حكومەت و دەستوور دەگوتەوە، لەو هوتافانەش: (میللەت داوای رووخانی رژێم دەكات)،(بڕوخێ حوكمی مورشید)،(بڕوخێ دەستوری ئیخوان)،(نا بۆ بەئیخوانكردنی دەوڵەت)، (نا بۆ گرانی و ستەم).
ئەم رووداوانە لێكترازانێكی فراوانی لە شەقامی میسری لێكەوتەوە، ئەوەی دەرخست كە ئەمڕۆ میسر لە دووڕیانێكی راستەقینەدایە، لە نێوان دوو رێگە، رێگەی سەقامگیری و پەرەپێدان و بنیادنان، و رێگەی وێرانبوون و لەناوچوون، زۆربەی میسرییەكانیش وای دەبینن كە خێراترین رێگە بۆ گەیشتن بە رێگەی دووەم بەردەوام بوونی بارودۆخەكەیە،كەتێیدا تووڕەیی و بێزاری باڵی بەسەر هەست و دەروونی گەلدا كێشاوە،كە خۆی لە خۆپیشاندان و پشێوی و تەقینەوەدا دەبینێتەوە،یادی دووەم ساڵەی شۆڕشی میسر دەرگا لە بەردەم زۆر ئەگەردا واڵا دەكات كە رەنگە ئەنجامی خراپی لێبكەوێتەوە.
زۆر لەو میسرییانەی كە گۆڤاری(گوڵان) لە گۆڕەپانداكەدا چاوی پێیان كەوت بەرپرسیارێتیی ئەو بارودۆخە ناهەموارو گرژییەیان خستە ئەستۆی دەسەڵاتەوە،كە سوورە لەسەر هەژموون و دەستبەسەرداگرتنی هەموو كایەیەكی ئەم وڵاتەو پەراوێزخستنی خەڵكانی دیكە،هەروەها دەرگای بەڕووی تەوافوق و هاوپەیمانیی نیشتمانی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی میسری داخست و دەستوورێكی دەركرد كە هەموو لەسەری رێكنەكەوتوون،ئەویش لە ڕێی لێژنەیەكی دامەزراندن كە سەرۆك بەڵێنی دا جارێكی دیكە دروستی بكاتەوە تاكو بە شێوەیەكی زیاتر نوێنەرایەتی خەڵك بكات، كە ئەمەش سەرپێچییەكی هەموو ئەزموونە سەركەوتووەكانی گشت دەستوورەكانی جیهانە،هەروەها پێچەوانەی رێبازی پێغەمبەرە(دخ) كە لە شاری مەدینەی منەووەرە دانووستانی لەگەڵ جوولەكەو ئەوس و خەزرەج و عەشیرەتەكاندا كرد بە مەبەستی داڕشتنی دەستوورێكی تەوافوقی.
میسرییەكان وای بۆ دەچن كە بەردەوام بوونی ئەم ڕەوشەی وڵاتەكەیان دەرگا لەبەردەم هەموو هەڕەشەو كارەساتێكدا دەخاتە سەرپشت و ئاستی پشێوی و تەقینەوەكان زیاتر و فراوانتر دەكات و بوار زیاتر دەڕەخسێنێت لەبەردەم دەستێوەردانی دەرەكی لە وڵاتدا،ئەم خۆپیشاندانانەش كە ژمارەیەكی زۆری میسرییەكان تێیدا بەشدارن لە راستیدا رەنگدانەوەی ئەو ناڕەزاییەیە بەرامبەر سیاسەتی ئێستای دەوڵەت كە تا ئەم كاتە هیچ چارەسەرێكی گونجاوی بۆ گرفت و كێشەكادا نەدۆزیوەتەوە و تەنانەت ئومێدی ئەوەش نییە لە داهاتوودا بێتەدی.
دیارە ئەمەش زەنگێكە بۆ حكومەت تاكو رێبازی خۆی راست بكاتەوەو سیاسەتەكانی چاك بكاتەوەو دەبێ ئەمەش زۆر بە هەند هەڵبگرێت، نەك وا بزانێت تەنیا كاردانەوەیەكی كاتییە لە لایەن كەسانێكی پێلانگێڕ و گیرفان بەتاڵ- هەروەك چۆن ئیخوان نەیارەكانی سیاسەتەكانیان بەمە وەسف دەكەن.



دكتۆر شادی ئەلغەزالی حەرب ئەندامی حزبی دەستوور پیێ وایە كە هەموو میسرییەكان راستیی ئەو گرووپەیان بۆ دەركەوتووە كە بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە بەرژەوەندیی نیشتمان پێ باشترە،هەروەها هیچ رێگەیەك لەبەردەمدا نەماوە تەنیا رێگەی شۆڕشگێڕی نەبێ،دوای ئەوەی هەموو داخوازییەكانی شۆڕش لە ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی پشتگوێ خران.
لەلای خۆشیەوە خالد یوسفی دەرهێنەر پێی وایە كە دەستوورێك حوكممان دەكات كە گوزارشت لە بنەماو پرەنسیبە نیشتمانییەكانی میسر ناكات،ئەوەی حوكمیش دەكات دان بە دیموكراتییەتدا نانێت،پێویستیشە هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی بە مەبەستی رووخاندنی دیموكراتییانەی سەرۆك ئەنجام بدرێت،چونكە رژێمی فەرمانڕەوا شەرعیەتی نەماوە،لەبەرئەوەی چەندین تاوانی دەرحەق گەل كردووە هەروەكو لە ئیتحادیە روویدا.
دكتۆر عەلا ئەسوانی –ی نووسەر لەوباوەڕەدایە كە :ئێمە مافی خۆمان گەرەكە،مافی خۆشمانە كە دەستوورێك دابڕێژین گوزارشت لە بۆچوون و مافی سەرجەم میسرییەكان بكات،پێویستیشمان بە ئازادی و دادپەروەرییە،هەروەها بە كەڕامەت و سەربەرزییەوە مامەڵە بكەین،بەردەومیش بین تا بەدیهێنانی ئامانجەكانی شۆڕش،پێویستە سەرۆك رێز لە گەلی میسر بگرێت و ئەو دەستوورە گومانلێكراوە هەڵوەشێنێتەوەو مافی نووسینەوەی دەستووریش بداتە میسرییەكان، ئەگەر ئەمەشی نەكرد با بڕوات و بەجێی بێڵێت.
بەڵام بەرەی ئینقازی نیشتمانی بەرهەڵستكار لە بەیاننامەیەكیدا دەڵێت:سەرلەنوێ گەلی مەزنی میسر سەلماندییەوە كە سوورە لەسەر بەردەوامبوونی شۆڕشە پیرۆزەكەی و بەدیهێنانی داخوازیەكانی كە تا ئێستا هیچی لێ بەدی نەهاتوون. بەرەكەمان- خزمەتكاری گەلی میسر- پشتگیری لە هەموو داخوازییەكانی گەلی میسر دەكات بە تایبەتیش كۆتایی هێنان بەو بارودۆخە گرژو پشێوییەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كە هۆكارەكەی رژێمی شكستخواردوو و پەراوێزخەری ئیخوان موسلمینە.
بەرەی ئینقازی نیشتمانی هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ بڕیاری جەماوەری گەلی میسر دووپات كردەوە كە گۆڕەپانەكان بەجێ نەهێڵێت تا گێڕانەوەی بەهاكانی شۆڕشی یەنایەر لەچنگ ئەوانەی دزییان و رفاندییان و تائەو كاتەی سزای تاوانبارو بكوژانی شەهیدان و بریندارانمان دەدرێت و تۆڵەیان دەسەنرێتەوە،لەم رووەوەش بەشداریی تەواوی خۆی دووپات دەكاتەوە بە ئامادەبوونی لەگەڵ سەرجەم حزب و رەوت و رێكخراوەكانیان، رۆژ لە دوای رۆژ هاوشانی جەماوەر دەوەستێت لە گۆڕەپانەكانی ئازادی و پابەندیش دەبێت بە هەر بڕیارێك كە گەلەكەمان بە ئاراستەی ئاشتی و مەدەنییەت دەری بكات.
لەبەیاننامەیەكی 36 حزب و بزووتنەوەی سیاسیی نەیاریشدا هاتووە:هیچ پرۆژەیەكی ئاوەدانكردنەوەمان نەبینی كە ئیخوان بەڵێنی پێداین،هەموومان بووینە نێچیری بازرگانی كردن بە ئایین و هەلپەرستیی سیاسی، تۆڵە بۆ شەهیدانمان نەكرایەوە،تەنیا تاقمێكمان بینی نیشتمان لە ژێرعەباكەیدا زیندانی دەكات، خۆشمان لەبەردەم دەسەڵاتێكدا بینییەوە كە تەنیا خەریكی خۆ سەپاندنە بەسەر میسریییەكان.
لە كاتێكدا كە ئیخوان سوورە لەسەر بەردەوام بوونی ئەم دەستوورە كە خۆیان دوور لە ئیرادەی هێزە سیاسییەكان دایانناوەو بەردەوامیشن لەسەر داڕشتنی یاسای هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، كەچی هێزەكانی دیكەی ئیسلامیی كە هاوپەیمانن لە گەڵیاندا هەڕەشە دەكەن كە داكۆكی لە سەرۆك بكەن ئەگەر هێزە نەیارەكان سووربن لەسەر لادانی، ئەمەش بارودۆخەكە زیاتر گرژو پشێو دەكات.
Top