هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی دیموكراتی لەناو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا

هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی دیموكراتی لەناو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا
هەرێمی كوردستان جیا لەوەی لەلایەن حكومەتی ناوەندی بەغداوە كێشەی بۆ دروست دەكرێت و بە بیانوی جیاواز لە بەغداوە هەوڵدەدرێت رەوتی پەرەپێدان و پێشكەوتنەكانی رابگیرێت، لە هەمانكاتدا بەهەر چواردەوریدا شەپۆلی گۆڕانكاری و جۆرێك لە تەنگژە بوونی هەیە، بەڵام وێڕای ئەمانەش هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی لەسەر رەوتی پەرەپێدان و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری و بونیادنانەوە بەردەوامە، لەهەمانكاتدا توانیوویەتی لەسەر ئاستی هەرێمی پەیوەندیەكی سەقامگیری ئابووری و سیاسی و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری بونیاد بنێت، ئەمە بێجگە لەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش جیا لەبواری نەوت، لەسەر ئاستی وەبەرهێنان و هاندانی كۆمپانیا بیانیەكان بۆ كوردستان پەیوەندیەكی فرە رەهەند و هەمەلایەنەی لەگەڵ دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و كۆریای باشور و ژاپۆن بونیادناوە، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبیش بە تایبەتی دەوڵەتانی كەنداو و لوبنان و ئوردن پەیوەندیەكی باشی هەیە، ئەمەش هەمووی پێكەوە سیمایەكی ئەوتۆیان بە رەوتی حكومڕانی ئەم هەرێمە بەخشیوە، بەوەی دەتوانێت وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی بگونجێنێت و كۆمەڵگە نێودەوڵەتی رێزی بگرێت بە هەمان شێوە هەرێمی كوردستانیش لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووری عێراقدا هەن، پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دەرودراوسێی و جیهاندا رۆژ لە دوای رۆژ پەرەپێبدات، لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە سەقامگیرەی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، حكومەتی ناوەندی عێراق بۆتە سەرچاوەی مەترسی پێش هەمووان بۆ گەلەكەی و هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ، ئەمەش وایكردووە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە، گەورەترین بودجەی لەبەر دەستە، بەڵام هاووڵاتیانی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین ناكرێت، تەنانەت لە شاری بەغدا كە گەورەترین شاری عێراقە و پایتەختی وڵاتە، نەتوانراوە ئاوی خواردنەوەی پاك دابین بكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی زۆربەی شارەكانی عێراق بە بەغداشەوە لە خزمەتگوزاری پاككردنەوە و ئاوەڕۆ و تەزووی كارەبا بێ بەشن. لەمەش زیاتر هەموو مەزندەی چاودێران و پسپۆرانی بارودۆخی عێراق بەرەو ئەو ئاراستەیەن كە ئێستا عێراق بەرەو تەنگژەیەكی قووڵی ململانێی مەزهەبی و ئیتنی هەنگاو هەڵدەگرێت و لەم بارودۆخەشدا كە ناوچەكە خۆی لەسەر لێواری گۆڕانكارییەكی گەورەیە بە تایبەتی وەك پێشبینی دەكرێت دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەسوریا، ئەوا لەوانەیە بارودۆخی عێراقیش بە تەواوی تێكبچێت و هەندێك لە چاودێران مەزندە و پێشبینی ئەوە دەكەن، ئەگەر ئاستی كێشەكانی عێراق بەم ئاراستەیە هەنگاو هەڵبگرن، ئەوا لەوانەیە ئەو تەنگژە و ئاڵۆزیانەی لە عێراق روودەدەن، پریشكەكانی وڵاتانی دراوسێش بگرنەوە، دیارە ئەوەشی لەم پرسە نیگەرانە توركیایە، لەبەر ئەوەی توركیا كە لەناوچەكەدا رۆڵێكی دیاریكراو و گرنگی هەیە و یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كە پەیوەندییەكی باشی ئابووری و بارزگانی لەگەڵ دراوسێكانی هەیە، بە تێكچوونی بارودۆخەكەش ئەمە كاریگەری خۆی دەبێت، هەربۆیە لەم حاڵەتەدا كە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ دراوسێی دەوڵەتی توركیایە و پەیوەندی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان نەك تەنیا لەبواری ئابووری و بازرگانی، بەڵكو لەسەر ئاستی دیپلۆماتی و سیاسیی بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە یەكدەگرێتەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا توركیا هەقیەتی لەبارودۆخی ئاڵۆزی ئەم وڵاتە نیگەران بێت، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پێگەی هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، لەم راپۆرتە قسەمان لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و ئەكادیمیەكی توركیا كردووە، كە لێرەدا بۆچوونەكانیان بڵاو دەكەینەوە.
Top