یەكڕیزی و یەك گوتاری كوردستان،سیاسەتی مانۆركردنی مالیكی بێ ئاكام دەكات

یەكڕیزی و یەك گوتاری كوردستان،سیاسەتی مانۆركردنی مالیكی بێ ئاكام دەكات
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاكامی رێكنەكەوتنی نێوان شاندی سەربازی هەرێم و بەغدای راگەیاند، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئۆباڵی ئەم رێكنەكەوتنەی گێڕایەوە بۆ ئەوەی كە لەسەر راسپاردەی شەخسی مالیكی لەو رێككەوتنە پاشگەزبوونەوە كەپێشتر هەردوو شاندەكە لەسەری رێككەوتبوون، هەربۆیە دوای ئەمە هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە راگەیاندێكی هاوبەشدا نامەیەكیان ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتمانی كردووە بۆ ئەوەی بەراشكاوی وەڵامی راگەیەنراوەكەی لایەنی كوردستانی بداتەوە.
ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی لەنێوان هەرێم و ناوەند دروست بووە، باردۆخێكە شەخسی سەرۆك وەزیران نوری مالیكی دروستیكردووە و ئامانجیشی لەم ئاڵۆزییە مەبەستی سیاسیە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و مانەوەی خودی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، هەربۆیە لەو كاتەوەی نوری مالیكی بۆتە سەرۆك وەزیران جیا لەوەی عێراق هیچ بەرەو پێشەوەچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیووە، لە هەمانكاتدا پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر و هەر رۆژەی بە بیانوویەك و بۆ مەبەستێكی تایبەتی ئاڵۆزی و ئاژاوەی لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق دروستكردووە بە باڵە جیاوازەكانی نێو ئیئتلافی شیعەشەوە، هەر بۆیە ئەگەر پێشتر مالیكی لە میانی ئەنجامدانی مانۆری جیاواز جیاواز و هەوڵدان بۆ درز و كەلێن لەنێو یەكڕیزی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق توانیبێتی ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەوا ئەمجارە لەگەڵ لایەنی كوردستانی بۆچوونەكانی سەرچیخچوون و ناتوانێت درز و كەلێن لەنێوماڵی كوردو هێزە كوردستانیەكان دروست بكات و ئەم راگەیەنراوە هاوبەشەشی كە بە ئیمزای تێكڕای لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتمانی كراوە، پەیامێكی گرنگە بۆ لایەنە سیاسیەكانی ناو شیعە كە هۆشیار بن لەو گەمە سیاسیە ناپەسەندەی نوری مالیكی سەرۆكی حزبی دەعوا بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی دەیانكات و دەیەوێت لەم پێناوەدا هاوپەیمانی نێوان كورد و شیعە كە هەردووكیان قوربانی دەستی زۆرداری و چەوسانەوە بوون تێكبدات، هەروەها هێز و لایەنە كوردستانیەكان بەم پەیامە ئەوەیان خستەبەردەم رای گشتی عێراق و دەوروبەر و جیهانیش، بەوەی جیا لەوەی كە لایەنی كوردستانی خوازیاری شەڕ و ئاڵۆزی نییە و دەخوازێت بە رێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەكان چارەسەر بكات، لەهەمانكاتدا جەختكردنەوەیە لەسەر ئەوەی كە كورد ناخوازێت هاوپەیمانی لەگەڵ شیعە كۆتایی پێبێت و دەخوازێت لایەنی كوردستانی و شیعە لەگەڵ سوننە پێكەوە عێراق لەم قەیرانە رزگار بكەن كە مالیكی بۆ بەرژەوەندی خۆی و حزبەكەی دروستی كردووە.
Top