میـسـر:ناكۆكی نێوان هێزەئیسلامی و مەدەنییەكانی لە سەر دەستوور لە پەرەسەندندایە
رۆژی هەینی رابردوو بەسەدان هەزار خۆپیشاندەر ڕژانە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی قاهیرە كە داوایان دەكرد شەریعەتی ئیسلامی پیادەبكرێت، خۆپیشاندەران كە سەر بەڕەوتی سەلەفییەكان بوون هوتافی هەمەجۆریان دەكێشا لەوانە: «گەل دەیەوێت شەرعی خوا جێبەجێبكرێت»و «ئیسلام تاكە چارەسەرە». خۆپیشاندەران بڵاوكراوەیان لەو شوێنە دابەش دەكرد و داوایان دەكرد حوكمی شەریعەت لەهەموو كایەیەكدا پیادە بكرێت، لەوانە ئابووری و بانك،ئەمەو هەندێ بزووتنەوە لەئامادەباشیدا بوون بۆ خۆپیشاندانی ملیۆن كەسی لە سەروویانەوە قوتابیانی شەریعەتی ئیسلامی كە رۆژی هەینی داهاتوو سازی بكەن بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكەیان ئەویش دانانی بەندێكە لە دەستووری تازەی وڵات كە بریتییە لەجێبەجێ كردنی حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامی.ئەمە لە كاتێكدا دێت كە مافناسان ونوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هێرشێكی تووندیان كردە سەر رەشنووسی دەستوورەكە كە لەلایەن كۆمەڵەی دامەزراندنەوە بڵاوكرایەوە،هەڕەشەی ئەوەشیان كرد كە دەرچوونی ئەم دەستوورە بەم شێوەیە خراپترین دەستوور دەبێت لەمێژووی سیاسیی میسردا بەشداربووان لەمیانی دیدارێكدا كە ئەنجومەنی نەتەوەیی مافەكانی مرۆڤ سازی كردبوو،داوایان كرد كە بەشێكی تەواو بڕیاری لێبدرێت بۆ ئازادییە گشتی وتایبەتییەكان، حافز ئەبو سەعدە ی سەرۆكی رێكخراوی میسر بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند كە رەشنووسەكە بریتییە لە خراپترین دەستوور كە تائێستا میسر بەخۆیەوەدیوە،بە توندیش رەخنەی گرت لەو ناكۆكییانەی لە دووتوێی ماددەكانی نێو دەستوورەكەدا بەرچاودەكەوێت، چونكە لە بەهاو پرەنسیبەكانی مافی مرۆڤ كەم دەكاتەوەو پڕییەتی لە تەڵەی دەستووری و یاسایی، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە ژیانی سیاسی رووبەڕووی كلتوورێكی دژ بە مافەكانی مرۆڤ دەبێتەوە،داواشی لەرێكخراوەكان و ئەنجومەنی نەتەوەیی كرد هەوڵەكانیان یەكخەن بەمەبەستی پاراستنی دەستووری تازە لە دەسەڵات و هەژموونی رەوتەسیاسییەكان كە دەیانەوێت ڕاوبۆچوونی خۆیانی تێدا بسەپێنن، بۆیە پێویستە دەستوور بۆ هەموو میسرییەكان بێت نەك بۆ تاقمێك یان ڕەوتێكی دیاریكراو، هەروەها گوتی :ڕەوتە ئیسلامییەكان لەناوەو دەرەوەی كۆمەڵەی دامەزراندن بیرۆكەی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامەنێودەوڵەتییەكان دەشێوێنن،كاتێ لەگەڵ پرانسیب و حوكمەكانی شەریعەت ناگونجێت،لەم ڕووەوە راگەیاندكار حەمدی قەندیل لەگەڵیدا كۆكەو پێیوایە گەلی میسر تەنیا دەستورێك قبوڵ دەكات كە گوزارشت لە ویستی ئەو بكات بەهەموو پێكهاتەكانیەوە، هەروەها ئاماژە بەوەدەكات كە چەندین رەوتی سیاسی دان بە كۆمەڵەی دامەزراندنی دەستوور دانانێن و بە ناشەرعی لەقەڵەمی دەدەن.نووسەرو رۆژنامەنووس دكتۆر حەمدی قەندیل باس لەو خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆ دەكات كە لە گۆڕەپانی تەحریر لەلایەن هەندێ هێزی سەلەفییەوە بانگەشەی بۆ كرا، لە ژێر دروشمی « هەینیی شەریعەت» كە فێڵكردنە لەلایەنەكانی دیكە،زیاتر روونی كردەوە كە ئەم خۆپیشاندانە بریتییە لە دابەشكردنی رۆڵ لەنێوان ئیخوان موسلمین و توێژەكانی دیكەی سەر بە ڕەوتی راستڕەوی ئایینی،چونكە ئیخوان لەم كارە بەدوورنین هەر چەندە بەڕواڵەت خۆیان لەدیمەنەكە دەرناخەن،دیارە ئەم فێڵلێكردنەش گوشارێكە لەبەرامبەر گلەیی وسكاڵای لایەنەكانی دیكە لەهەمبەر پێكهێنانی كۆمەڵەی دامەزراندن بەر لەگلەییان لەو ڕەشنووسانەی لێوەی دەردەچن،قەندیل زیاتر گوتی:ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا گوزارشتە لە نەزانیی تەواوی سەلەفییەكان بە شەریعەتی راستەقینەی ئیسلام،چونكە ماددەی دووەم لە دەستوورەكە بەشێوەكەی ئێستای هەندێ راستیی شەریعەتی بەرجەستەدەكات كە سەرچاوەكەی قورئان وسوننەتی پێغەمبەرە،بەڵام وشەی ئەحكام كەدەیانەوێت دایبنێن گوزارشت لە ئیجتهادی فیقهی دەكات كە ڕەنگە زۆر لە فیقهییەكان خۆیشیان لەسەری ناكۆك بن،هەروەها روونی كردەوە كە ئەوەی ئەمڕۆ ئیسلامییەكان دەیكەن تەنیا هەوڵێكە بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی گەورەیان لە كارەكانی ئەنجومەنی دامەزراندندا.بەڵام نووسەری رۆژنامەنووس ئەفكار ئەلخەرادلی پێی وایە كە هەندێك ماددە هەن خاوەن بەرژەوەندییەتایبەتەكان پێی قایل نابن،جا بۆچی ئەو سووربوونە لەسەر پێكهێنانێكی رەفزكراو لە شەرعییەتی كۆمەڵەی دامەزراندن؟ئەمە نابێتە مایەی گەشبینی ودڵنیابوون لە ئاییندەی ئەم وڵاتە،جەختیش لەوەدەكاتەوە كە سەرباری ئەوەی ئافرەت نیوەی كۆمەڵە لە میسر بە كردار نەك بە گوفتار هەروەها ڕۆڵی هەیە لە ئابووری وگەشەپێدان و30%ی خێزانەكانی میسر، ژنان بەڕێوەیان دەبەن،بەڵام دیارە بەبەرنامە خەریكە پشتگوێ دەخرێن.
ئەو ئاماژە بەوەدەكات كە ڕاستە ئەم پشتگوێ خستنە چاوەڕوانكراو بوو، كاتێ بینیمان لە ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی گەلدا دوای هاتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بۆ حوكم،بەڵام نابێ وا دابنێین كە هەر رژێمێك دەتوانێت دەستوورێك بسەپێنێت كە رەفزكراوە لەلایەن زۆربەی توێژەكانی گەل هەتا ئەگەر ملیۆنان كەس تەیار بكات.ئەو دەڵێت: ئافرەتی میسر داوادەكات هەموو مافەكانی دەستەبەربكرێت و جیاوازی نەكرێت لە نێوانیان ونێوان پیاواندا، لەكار وپۆست و كرێدا،چونكە هەمان تواناو لێهاتووییان هەیە،داواش دەكەن شەریعەتی خوا جێبەجێ بكرێت لە میرات و پاراستنی كەرامەت و پارێزگاری لێكردنی لەوانەی دەیانەوێت بازرگانییان پێوەبكات، لە هەمان كاتدا داوا دەكەن تەگەرەو ئاستەنگ نەخەنە بەردەم بەشداری كردنیان لە بواری سیاسیدا،مادام ئەوان نیوەی كۆمەڵن بۆیە وا پێویست دەكات ئەم هەموو پشكانەیان بۆ فەراهەمبكرێت بە پێی پرەنسیبەكانی شەریعەتی ئیسلام،بەڵام ئەوەی ئێستا دەخرێتەڕوو لە ماددەو لێكدانەوەكانی ئەمەیان بە پێچەوانەوە، سووكایەتی بەئایینی ئیسلام دەكات كەلێی بێبەرییە و داوای یەكسانیش دەكات لە مافەكان وەكو وڵاتانی دیكەی عەرەبی كەمیسر پێش ئەوان كەوتووە لە ئازادی وپەرەسەندن وەكو جەزائیرو تونس و مەغریب. عەبدولغەففار شوكر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی میسر بۆ مافی مرۆڤ وای دەبینێت كە وێرای ئەو رەخنانەی ئاراستەكران سەبارەت بە ڕەشنووسی دەستوورە تازەكە جا چ ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار یان پێوەندیی نێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت یان سیستمی بەڕێوەبردنی خۆجێیەتی كە ماف بەهاونیشتمانیان نادات مافی خۆبەڕێوەبردنیان پێ نادات و دەسەڵاتیش نادات بە ئەنجوومەنە میللیە خۆجێیەتییەكان لە هەمبەر دەزگاكانی جێبەجێكردندا،هەروەها دەڵیت:ڕەشنووسەكە خاڵی بوو لە هەر هێمایەكی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی میسر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئیمزایان كردووەوە پەرلەمانیش پەسندی كردووە كە دواتر بوو بە بەشێكی جیانەكراوە لە كۆسووڕی یاساكانی میسری، هەروەها ئەندامانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور لەڕوویان نایەت قسە لەسەر بەڵگەنامەنێودەوڵەتییەكان بكەن،چونكە بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی دەزانێت،هەرچەندە حكومەتی میسر هەمیشە لەمۆركردنی ئاسوودەنەبوو بەڵام هەرگیز پابەند نەبوو بەو دەقانەی كە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام ناكۆك بوون،لە ڕاستیدا هیچ نەگونجان وناكۆكییەك نەبوو لە نێوان پرەنسیب وبنەماكانی ئەو بەڵگەنامانە و نێوان ئەحكامەكانی شەریعەت بەڵكو جیاوازییەكە لە لێكدانەوەی ئەو ئەحكامانەیە لەلایەن هەندێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی كەناكۆكن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ،ئەو جیاوازییەش بەپلەی یەكەم بۆ تێگەیشتنی ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە لەسەری راهاتوون و بۆ ئەو دابونەریتانەیە كە پێی پەروەردەبوون،ئەوەندەش بەسە كە بەراوردێك بكەین لەنێوان هزری دكتۆر محەمەد سەلیم ئەلعەوا و دكتۆر ئەحمەد كەمال ئەبولمەجدو راوێژكار تارق ئەلبشری وشێخ شلتوتی شێخی پێشووتری ئەزهەرو لە نێوان بیری ئەوانەی لەپێشەوەی گۆڕەپانەكە دەوەستن بەناوی سەلەفییەكان، ئایا لیژنەی دەستوور پشت بەكام بیر لەوانەدەبەستێت؟ئەوەندەش بەسە بەڵگە بهێنینەوە بۆ ئەو جیاوازییەگەورەیەی تەنگژەی مافەكانی مرۆڤ لە دەستوورە تازەكەدا كە دكتۆر مەحمود عەزمی نوێنەری هەمیشەیی میسر لە نەتەوە یەكگرتووەكان یەكێكە لەو سێ كەسەی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤیان داڕشتووە كە لە دیسەمبەری 1948 لە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچووە،كە بە بەڵگەنامەی دایك دادەنرێت بۆ هەموو ئەو بەڵگەنامانەی دوای ئەو دەرچوون،با بەراوردێك بكەین لەنێوان ئەوەی كە لەو جاڕنامەیەدا هاتووە لەپرانسیبی پیرۆز و گرانبەها كە تایبەتن بە ماف و ئازادی و دادوەری و یەكسانی كە هەمان مەبەست و ئامانجی باڵای شەریعەتی ئیسلامەو لە نێوان ئەوزەی ئیسلامییەكانی ئێستا باسی لێوە دەكەن.
یاساناس و راوێژكار مەحمود ئەلخزەیری پرسیار دەكات،ئایا میسر لەباریدا نییە دەستوورێك بنووسێت كە بە دڵی هەموو توێژەكانی گەل بێت،دووپاتیشی دەكاتەوە كە دەستوور و یاساكان لە بەرژەوەندیی كەمایەتی و لاوازەكاندا دادەنرێت چونكە بەهێزەكان پێویستیان بەپاراستن نییە، لۆژیكی هێزیش دەگۆڕێت و چەسپاو نییە،چونكە هێز لە شوێنێكدا ناوەستێت و بەهێزی ئەمڕۆش لاوازی سبەینێیە،ئەگەر ئەمڕۆ خۆی بە زەبری هێز دەپارێزێت،ئەوا سبەینێ پێویستی بەكەسێكە بیپارێزێت،بەڵام هیچ هێزێك لە هێزی دەستوور و یاسا بەتینتر نابێت،جا ئەوەی دەستوورو یاسا لەبەرچاوی خۆی دابنێت هەردەم وا دەزانێت كە بۆ پاراستنی لاوازەكانە لە چنگ ستەمكاران، من لەگەڵ ئەوانە نیم كە لە كۆمەڵەی دامەزراندن كشاونەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوانەم كە هەر تێیدا ماونەتەوەو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەل تێدەكۆشن،تاكو دەستوورێك بێننە ئاراوە هەموو ماف وداواكانی گەلی تێدا بەرجەستەبێت لە ئازادی و ژیانێكی سەربەرز و دیموكراسییەتی راستەقینە كە شۆڕشەكە لە پێناویاندا هەڵگیرسا."