زنجیرە قەیرانەكان و جەمسەرگیریی توندی شەقامی میسر
October 18, 2012
راپۆرتەکان
هەستێكی پڕ لە نائومێدی سەرجەم كەرت وپێكهاتەكانی شەقامی میسری گرتۆتەوە،دوای تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر دەست بەكار بوونی دكتۆر محەمەد مورسی وەك یەكەم سەرۆكی مەدەنی هەڵبژێردراو كەسەر بە حزبی «ئازادی و دادپەروەری»یە كە گوزارشت لە ئیخوان موسلمین دەكات. دەستكەوتەكانی ئەم 100 رۆژە ئەو پیاوەی لە سەد ڕۆژی یەكەمی حوكمەكەی بەڵێنی دابوو گرفت و كێشەكانی ئاساییش و هاتوچۆو خاشاك و غازو كارەبا و نان چارەسەر بكات، بە ڕای زۆر كەس بەڵێنەكانی بەجێ نەهێناوە، هەندێك هەن پێیانوایە ژیانیان بووەتە دۆزەخ لە سایەی ئەو ڕژێمەی كە دوای 30 ساڵ لە حوكمی ڕژێمی موبارەك هاتە سەر حوكم، هەیە وای دەبینێت كە ئاساییشیان دابین نەكراوە، یان پارووی نانی رۆژانەیان زۆر بە زەحمەت دەست دەكەوێت، بەڵام كەسانێك هەن پاساوی بۆ دێننەوە، دیندارییەكەی لەبەرچاو دەگرن كە بەردەوام هاتوچۆی مزگەوت دەكات و وتاری وەها دەخوێنێتەوە كە مۆركی ئایینی پێوە دیارە، بەڵام نەیاران و ئەوانەی لە حوكمەكەی بێزار بوونە زۆر یان كەم بایەخ بە دیندارییەكەی نادەن، ئەوەی لەلایەن گرنگ بێت ئەو دەستكەوتانەیە كە بۆ میللەت وەدیدەهێنێت كە لەبەر بارگرانیی ئــابووری وبەرزیی نرخ و زێدەبوونی بـــــێــكاری لە كولەمەرگیدا دەژین، ئەوان دەیانەوێت وەك سەرۆك رەفتار بكات نەك وەك ئەندامێكی كۆمەڵەیەك كەفەرمان وبڕیارەكانی لێوەربگرێت، ئەوان بەوە تاوانباری دەكەن كە وەفای بۆ گەلەكەی نییە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تازەی دامەزراندنی بۆ دەستوور كە گوزارشت لە هەموو گەل بكات نەك لە تاقمێك، ئەمەش دووەم لیژنەیە كە ئیخوان پێكیدێنێت، كە تا ئێستا بەكۆدەنگی رەزامەندی لەسەر نەدراوە، هەڕەشەو ترسی ئەوەش لەناوەو دەرەوەی میسر لەئارادایە بەوەی كە ئەم دەستوورەی دێتەئاراوە كاریگەریی هەبێت بۆ سەرئازادی و مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ. ساڵیادی ئوكتۆبەر لە ساڵوەگەڕیی جەنگی 6ی ئوكتۆبەری ساڵی 1973دا، كە یادێكی ئازیزو پیرۆزە لە نێو دڵی هەموو هاووڵاتییەكی میسریدا، بەوەی كە سەركەوتنێك بوو بەسەر ئیسرائیل، سەرۆك محەمەد مورسی ئەم بۆنەیەی قۆستەوە كە بە بەردێك چۆلەكەیەك زیاتر بكوژێت، لە هەوڵدانێكیدا بۆ سەرلەنوێ راكێشانی سۆزی كەرتە جیاجیاكانی خەڵكی میسر، كاتێك ڕێزی نا لە ناو و خێزانی سەرۆكی كۆچكردوو ئەنوەر سادات سەركردەی سەركەوتنی ئوكتۆبەر و فەریق سەعدەدین شازلی، هەروەها بەسواری ئۆتۆمبیلێكی سەركراوەوە چووە ناو خەڵكەوە كە لە یاریگەی قاهیرە كۆبووبوونەوە، لەوەڵامی ئەو كەسانەی كە بەوە تۆمەتباریان دەكرد گوایە سەرۆكێكی ترسنۆكەو دەوروبەری بە پاسەوان گەمارۆدراوە، بەپێچەوانەی ئەو دیمەنەی كە رۆژی بوونی بەسەرۆك لە گۆڕەپانی تەحریر پێی دەركەوت ئەمجارە سنگی دەرپەڕاندبوو وەك گوزارشت لەوەی كە ناترسێت وئازایە، مورسی وتارێكی دوو سەعاتی خوێندەوە،وەڵامی هەموو ئەو رەخنەو تۆمەتانەی دایەوە كە پێشتر ئاراستەی كرابوو، وتارەكەی لەنێو هوتاف كێشان و چەپڵڕێزانی جەماوەر خوێندەوە كە دواتر بۆ راگەیاندكاران دەركەوت كە ئەوانە ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەی وئیخوان بوون نەك جەماوەری ئاسایی،چونكە رێگە بە كەسی دیكە نەدەدرا بێتە ئەوشوێنە،بەڵام ئەوان وتارەكەی مورسییان بەدڵ نەبوو، تەنانەت زۆر لە میسرییەكان هەر گوێشیان لەوە نەبوو لە وتارەكەیدا رەحمەت بنێرێت بۆ ئەنوەر سادات،بەڵكو(عەببود زوممەر)ی بكوژی ساداتی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، كە لەم ماوەیەدا و دوای كۆتایی هاتنی سزاكەی لە بەندیخانە ئازادی كردبوو،كە ئەمەش كاردانەوەی تووڕەیی لێكەوتەوە بە شێوەیەك زۆر كەس پێیانوایە مورسی بۆنەیەكی نەتەوەیی بۆ مەبەستێكی حزبی بەكارهێناوە. بڕووخێ حوكمی رابەر تەنگژەكانی میسر لەم رۆژانەدا بە تەنیا روونادەن، بەڵكو بە كۆ دێنە پێش،بۆیە دوای چەند رۆژێك خۆپیشاندانی بەرفراوان لەلایەن قیبتیەكانی میسر ولایەنگران لە لاوان و شۆڕشگێڕان و حزبە لیبرالی و چەپ ونەتەوەخوازەكان لە یادێكی تراژیدیدا سازكرا،ئەویش یادی ماسبیرۆیە،كاتێك خۆپیشاندەران ژمارەیەك قیبتیان كوشت لە چەند رووداوێكدا كە پار و دوای شۆڕش سوپا تێوەی گلابوو، ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم دواییەی قیبتییەكان تەنیا دژی ئەنجومەنی سەربازی نەبوو كە مورسی هەڵیوەشاندەوە،بەڵكو بە پلەی یەكەم دژی مورسی و گرووپەكەی بوو، دیارترین هوتاف ئەوە بوو»بڕوخێ بڕوخێ حوكمی ڕابەر»واتا ڕابەری ئیخوان موسلمین كە بە حاكمی فیعلی میسری دادەنێن،ئەوخۆپیشاندانانە هەروەكو سەركردەیەكی قیبتی بۆی باس كردم وەكو هۆشیاركردنەوەیەكە بۆ مورسی وئیخوان،بۆیە قیبتییەكان ترسی ئەوەیان هەیە مافەكانیان و رەوشی ژیانیان لە سایەی سەركەوتنی ئیسلامییەكان لە میسر بكەوێتە مەترسییەوە. هەینیی خستنەڕووی راستییەكان نیگەرانی و ترس لە سەركەوتنی ئیسلامییەكان بەتایبەتیش ئیخوان تەنیا بەشی قیبتییەكان نەبوو، هەواڵەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ژمارەیەكی زۆریان لە میسر نەماون وچوونەتە دەرەوە،بەڵام كەسانێكی دیكەی موسڵمان بەشداریی ئەم هەست دەربڕینەیان كردن،حزب و هێزە مەدەنییەكان لە میسر ئەم هەلەیان قۆستەوە و داوایان لە جەماوەر كرد ڕۆژی هەینی بڕژێنە گۆڕەپانەكان هەروەكو لە ڕۆژانی شۆڕش و دواتر دەردەچوون، ئەمەش بۆ گوزارشت كردن لەتووڕەیی وناڕەزاییان بەرامبەر سیاسەتی ئیخوان و حوكمەكەیان، لە هەینییەكدا كەناویان ناوە(هەینی خستنەڕووی راستییەكان)،زۆربەی ئەو هێزو حزبانە دەستیانكرد بەپێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەئیسلامییەكان،بەتایبەتیش ئیخوان كە بەوە تۆمەتباریان دەكەن كە دەیانەوێت دەست بگرن بەسەر سەرتاپای وڵاتدا، ئەوان ئاماژە بەفیزو خۆبەزلزانینی ئیخوان دەكەن بەڵگەش بە وتارەكانی هەندێك لە سەركردەكانی ئیخوان دەهێننەوە،لەوانە لێدوانەكانی دكتۆر محەمەد ئەلبلتاجی كە دەڵێت:» من بە هەمووان دەڵێم، لەخۆت بپرسە دوای 60 ساڵ لە گەندەڵی تۆ چیت پێشكەشكرد لەقۆناغی بنیادنانەوەی نیشتمان، سەرۆك ئەو خەونانەی هێنایە دی كە لە دە ساڵی داهاتوودا بۆمان نایەتەدی، هەموومان بەرپرسین لەوەی چۆن ئەمڕۆ میسر بنیاد دەنێینەوە،كەس لە كەس نەپرسێت چی كردووە»دەربارەی ئەو پرسیارەش كە مورسی لەو 100 ڕۆژەی یەكەمی حوكمەكەی چی كردووە، ئەلبەلتاجی دەڵێت: ئۆپۆزسیۆن قسەی پڕوپووچیان هەیە و ئەوانەی ڕەخنە لە مورسی دەگرن هیچیان بۆ ئەو وڵاتە نەكردووە، لەكاتێكدا سەرۆك مورسی شەونخوونی دەكات بۆ پاراستنی وڵات»»
لابردنی جێگری گشتی لەپۆستەكەی دوای ئەوەی مورسی بڕیاری دا عەبدولمەجید مەحمودی جێگری گشتی لەپۆستەكەی لاببات و بە باڵێۆزی وڵاتەكەی لەفاتیكان دایمەزرێنێت گرفتەكە زیاتر ئاڵۆز بوو، عەبدولمەجید سووربوو لەسەر ئەوەی كە پۆستەكەی بەجێ نەهێڵێت و لەمەشدا دادوەران پشتیوانییان كرد و هەڕەشەی دەست لە كاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان كرد، ئەگەر سەرۆك ڕێز لە سەربەخۆیی دادوەری نەگرێت و دكتۆر محەمەد بەرادعی سەرۆكی حزبی دەستووریش لەنامەیەكی رەخنە ئامێزدا بۆ ئیدارەی سیاسی میسر داوای روونكردنەوەی كرد كە گوایە ئەو جێگرە گشتییە هەڕەشەی لێكراوە كە دەبێت پۆستەكەی جێبێڵێت. شەڕگەی تازەی ئەلجەمەل هەینیی خستنەڕووی راستییەكان كە هێزە شۆڕشگێڕو لیبرال و چەپەكان لە دژی سیاسەتی ئیخوان رێكیان خست و سەرۆكیش بەڵێنەكانی ئەو سەد ڕۆژەی بە جێ نەهێنابوو، ئەمە گۆڕا و بوو بە شەڕگەی تازەی ئەلجەمەل هەروەك هەندێك كەس بەوە دەیچوێنن،كە هاوشێوەیە لەگەڵ كاری توندوتیژی كە لە كۆتایی رۆژانی سەرۆكی پێشوو حوسنی موبارەك روویداو زوو كۆتایی بە حوكمەكەی هێنا، كاتێك كادیرانی ئیخوان ڕژانە گۆڕەپانەكان و ئەندامەكانیان لەگەڵ هێزەكانی دیكە بەگژ یەكداهاتن و لە ئاكامدا دەیان قوربانی لێكەوتەوە بێجگە لە زیانی ماددی، وڵاتیشی خستە سەر پلێتەئاسنێكی گەرم و بارودۆخێكی ناسەقامگیری هێنایە ئاراوە. "