خەرتووم و جووبا..نیمچە رێكەوتنێك لە ژێر هەڕەشەگەلێكی هەڵپەسێردراودا

خەرتووم و جووبا..نیمچە رێكەوتنێك لە ژێر هەڕەشەگەلێكی هەڵپەسێردراودا
كاردانەوەی هێزە سیاسییەكان وكەرتەكانی میللی لە سودان جیاوازە لەنێوان لایەنگرو بەرهەڵستكارو بەرپارێز سەبارەت بەو نیمچە رێكەوتنەی كەلەنێوان خەرتووم و جووبادا مۆر كرا،كە بەشێوەیەكی سەرەكی تایبەتە بە كێشەكانی پترۆل و دانانی ناوچەیەكی سنووری لەچەكداماڵراوی نێوان هەردوو وڵات،ئەو هیوایەی كە گەلانی هەردوولا زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانیان دەكرد،دوای چەندین مانگ لە مەینەتی ونائومێدی كە هەموو كایەكانی ژیانی لە هەردوو وڵات گرتبۆوە، بە شێوەیەك كە پترۆل داهاتی سەرەكی هەردوولایە،ئەو مەینەتییەش ئەو كاتە دەستی پێكرد كاتێك دەوڵەتی باشوور بەر لە ساڵێك جیابوونەوەی خۆی راگەیاند،كە بەشەكەی 75%ی تەواوی پترۆلی ئەودوو دەوڵەتەیە،كە رۆژانە بەرهەمەكەی دەگەیشتە 500 هەزار بەرمیل،ئەو وڵاتە خۆی و خەرتوومی لە قازانجەكانی پترۆل بێ بەشكرد، دوای ئەوەی كە خەرتووم چەندین رەسم و باجی خستەسەر پەڕینەوەی پترۆڵ، قەیرانەكە قووڵتر بووەوە تا گەیشتە ئەوەی بەرهەمهێنان وەستا و كێڵگە نەوتییەكانیش داخران،بەمەش هەردوولا بێ نەوت بوون،ئەم قەیرانە گەیشتە ئەو پەڕی لووتكەی مەینەتی نێوان هەردوودەوڵەت لە مانگی ئادارو نیسانی رابردوو تا هەڵگیرسانی شەڕ لەناوچەی هجلیج كە بەپترۆل دەوڵەمەندە،كە خەریك بوو شەڕێكی سەرتاسەری لێبكەوێتەوە.          ئەم بارودۆخە شێواوەی نێوان هەردوو دەوڵەت دۆسێی ناوبژیكردنی گەیاندە ئەنجوومەنی ئاساییش،كاتێك بڕیاری 2046ی دەركرد بە سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئەو لایەنەی تەگەرەدەخاتە بەردەم لابەلایكردنی ئاشتیانە، ئەوەش بووە هۆی ناچاربوونی هەردوو سەرۆكی باكوور عومەر ئەلبەشیر و باشوور سلفاكیر میاردیت كە بەر لە چەند رۆژێك رێكەوتنێك لە پایتەختی ئەسیوبیا مۆر بكەن،رێكەوتنەكە بریتی بوو لە رێكاریی ئەمنی وگرفتەكانی دوای جیابوونەوە،هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات،ئیدریس عەبدولقادر سەرۆكی شاندی دانووستكاری سودان گوتی: رێكەوتنەكان میكانیزمی جێبەجێكردنی كێشەكان دەگرێتەوە بە رێگەی ئاشتیانە،هەروەها تەواوكردنی دانووستانەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەماوەی 40 رۆژدا.عەبدولرەحیم محەمەد حسێن وەزیری بەرگریی سودان و سەرۆكی لیژنەی سیاسی وسەربازی ئەمنی رێكەوتنەكەی بە خاڵێكی گرنگ لە مێژووی كاروانی پێوەندییەكانی باشوری سودان لە قەڵەمدا،ئاماژەشی بەوەكرد كە ئەم رێكەوتنە پرسەكانی نەوت و ئابووری و بازرگانی و سنوور و هاتوچۆی هاووڵاتیان دەگرێتەوە.دیارە پرسی پترۆل لە هەموو پرسەكانی دیكە گرنگتر بوون یەڵام گرفتەكانی دیكە زۆر ئاڵۆزن هەروا بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن،لە راستیشدا وابوو ئەو رێكەوتەی ئیمزاكرا هەنگاوێكی گرنگ بوو ئەگەرنا كارەكە لە كۆنترۆل دەردەچوو بە تایبەتیش دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە هجلیج، بەڵام هەر جێگەی مەترسییە كە ئەم ڕێكەوتنە هەڵوەشێتەوە یان سەرپێچی تێدا بكرێت بەتایبەتیش لەژێر كاریگەریی توندڕەوەكاندا،كەهەندێكیان حەز بەم رێكەوتنە ناكەن و نایانەوێت ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت،هەروەها شرۆڤەكاری سیاسیی باشوور (شول تون ملوال) بەرامبەر ئەم رێكەوتنە ڕەشبینە،دەڵێت : ئەوانەی پێی گەشبینن بەرەوڕووی چەند راستییەكی تالأ دەبنەوە،ئەو  رێكەوتنە وەڵامێكی پرسە گرنگەكەی نەداوەتەوە كە بریتییە لە ناوچەی ئەبیەی وناوچەكانی دیكەی كێشەلەسەر،ئەو وای دەبینێت كە شەیتان خزاوەتە ناو وردەكارییەكانیەوەو رەنگە تەنیا گوللەیەك ئەم رێكەوتنامەیە هەڵوەشێنێتەوە كە لە تفەنگی سەربازێكەوە بتەقێندرێت، هاوكات ئاماژە بە نەبوونی متمانە دەكات لە نێوان هەردوو رژێمی جووبا و خەرتووم. بەڵام نووسەری سودانی دكتۆر خالد ئەلتیجانی ئەلنور وای دەبینێت كە رێكەوتنەكە بە ئاسانی رێگەخۆش دەكات ئەگەر هەردوولا پابەندبن بە گێڕانەوەی پێوەندییەكانیان و بەرژەوەندیی هەردوولاش مسۆگەرو فەراهەم دەكات،هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە رێكەوتنەكە ئاماژەیەكە بۆ خاڵێكی گرنگ كە بریتییە لە گەڕاندنەوەی هۆشیاری و ویستی سیاسی لەلای سەركردایەتیی هەردوولا،بەڵام لەهەمان كاتدا پرسیار دەكات، تۆ بڵێی ئەم رێكەوتنە لەبەردەم فشاری ناوخۆو هەندێك لایەنی دەرەوەدا خۆی بگرێت وسەركەوتن مسۆگەر بكات یان وەكو رێكەوتنەكانی پێشووتر هەرەس دێنێت و بە ئاكام ناگات؟بۆیە گەشبینییەكە بە سەرگرتنی رێكەوتنەكە لە ئەنجامی ئەزموونی پێشترە هەروەها هەرەس هێنان وبێ ئاكام بوونیشی بەهەمان شێوە،چونكە زۆر جار بینراوە كە چەندین رێكەوتن مۆركراوە،بەڵام سیاسەتی سودان بێ بایەخی كردوون،ئەلتیجانی وای دەبینێت كە لەگەڵ هەموو هیوایەك كە رێكەوتنی ئەدیس ئەبابا بەخشیویەتی، پێویستی زیاتر بە پەندو عیبرەت وەرگرتنە لەرابردوو زیاتر لەوەی بكرێتە رێورەسم و ئاهەنگی بۆ ساز بكرێت.هاوكات وردبوونەوە لەوەی لە رابردوودا روویداوە بە قووڵی لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ دەربازكردنی وڵات لەو قەیرانە نیشتمانییەی تێیكەوتووە،رەنگەهەندێ لایەن پێی وابێت كە رێكەوتنی جووبا و خەرتووم بە تەواوی شەڕی ناوخۆ كۆتایی پێ دێنێت كە لە دارفۆرەوە تا نیلی ئەزرەق درێژدەبێتەوە ودواتر بەرەو كردڤان دەكشێت، ئەوا پێویستە بزانن كە ئەوەیان لەروانگەی ئەمنی و سەربازییەوە سەرچاوەدەگرێت كە وا پێویست دەكات تیمی چاودێری دابنرێت و ناوچەیەكی بێلایەن بەسە بۆ ئەوەی هەموو جووڵانەوەیەكی یاخیبوون بەربەست بكات،رەنگە لە رووی تیۆرەوە پەسند بێت بەڵام ئەوەیان پرسێكی سەربازیی نییە بەڵكوسیاسییە.لەبەر ئەوەی دابەشكردنی سودان لەسەر مێزی دانوستان ئەنجامدرا نەك لەگۆڕەپانی شەڕ.لەلای خۆشیەوە دكتۆر ئەلشەفیع خزر سەركردە لە حزبی شیوعی سودان پێی وایە كە رێكەوتنەكە دوو كێشەی بنەڕەتی زۆر ئاڵۆزی چارەسەر نەكردووە كە لە لووتكەی ئەولەویاتەوە دێن، ئەوانیش ئەبیەی و سنوورە،لە جیاتی ئەمە رێكەوتنەكە بایەخی بەهەندێ وردەكاری دیكەداوە كە بۆ چارەسەركردنی ئەو دووكێشەیە نین، بەڵام بەهەرحاڵ هەنگاوێكە بۆ داماڵینی ئاگری شەڕو پێكدادانی نێوان هەردوولا، لاپەڕەیەكی تازەش لەبەردەم ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكان بۆ بەرژەوەندیی هەردووگەل واڵادەكات،دووپاتیشی دەكاتەوە كە بە دانووستان و گفتوگۆ نەك بە شەڕ وپێكدادان دەتوانرێت بگەنە رێگەچارەی گونجاو و هەمووكێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكرێن، كاردانەوەی جەماوەر بەرامبەر رێكەوتنەكە تا رادەیەك ئیجابی بوو، ئەوان هیوا دەخوازن مەینەتی ژیانی رۆژانەیان لەسەر سووك بێت لەوڵاتێكدا كە هەڵاوسان و تێكچوونی شیرازەی ئابووری تاوی بۆ هێناون،هەرچەندە رێكەوتنەكە لەژێر گوشارو هەڕەشەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی هاتەئاراوە، بەڵام ئەزموون ئەوە دەسەلمێنێت كە هەر رێكەوتنێك بە گوشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتەئاراوە، هەمیشە لەكاتی جێبەجێكردنیدا دەگاتە لێواری تەقینەوەو لە ئاكامدا هەرەسی پێدێنێت.ئەلشەفیع خزر زیاتر دەڵێت: رێكەوتنەكە پەردەی لەوە هەڵماڵی كە دیمەنی سیاسی لە سودان دوای مۆركردنی،ناكۆكییەكی زۆری بەخۆوە بینی،كە گەیشتە ئاستی تانەوتەشەڕ لەسەر باڵاترین ئاستدا، ئەوانەی شەڕخوازن هەردەم لە ڕوانگەی خۆپەرستی ورەگەزپەرستییەوە دژی رێكەوتنەكەن و ڕەتی دەكەنەوە،ئەوانەیشی پشتیوانیی لێدەكەن دوژمنی شەڕنین بەڵام زیاتر زەرەرمەندی ئاسەواری شەڕن،لەلایەكی دیكەوە جیاوازیی نێوان كاردانەوە لە جووبا و كاردانەوە لە خەرتووم ئاوا بەسادەو ساكاری نایەتەبەرچاو، حكومەتی سودان كە بەدەست قەیرانی دارایی وسیاسییەوە دەناڵێنێت باكی بەوەنییە كە كە لایەنە باشەكانی رێكەوتنەكە قەبە بكات و وای لێكبداتەوە كە دەستكەوتێكی بێ هاوتایە، دیارە دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت كە لەلایەن جەماوەرەوە پشتگیری لێدەكرێت و لەكۆڵ گوشاری نێودەوڵەتی بووەوە بەتایبەتیش كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێكرا،بەڵام لە دەوڵەتی تازە پێكهاتووی باشووردا كاردانەوەیەكی توند ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم كارە پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەیەكی دیكە هەیە بە تایبەتی لەڕووی ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان لەسەر ئاستی میللی زیاتر لە فەرمی،هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە وەستانی شەڕ لە باشووری نیل ئەزرەق و باشووری كردفان و گەیشتن بە رێگەچارە كە هەموو جووڵانەوەكان لە دارفۆر بگرێتەوە،كارێكە گاڵتەی پێناكرێت،یان بخرێتە ژێرباری كەشوهەوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاوە،چونكە روانین لە گۆشەنیگای قەدەغەكردنی حكومەتی باشوور لە پشتیوانی كردن لە جووڵانەوە چەكدارەكان یان لەگۆشەنیگای جوودابوونەوە لە كەرتی باكوور،تەنیا گرژیی زیاتری لێدەكەوێتەوە،بۆیە پێویستە هەموولایەك لە روانگەی ئەوەوە سەیری ئەم پرسە بكەن كە سودان و ئازادیی بۆ هەمووان ببێتە ناونیشانی راستەقینەی پرسەكە.رۆژنامەنووسی سودانی مەحجوب محەمەد ساڵحیش پێی وایە كە هەندێك هەلومەرجی بابەتی وا لەخەڵكانێك دەكات پێیان وایە كە هەردوولا بەجێبەجێكردنی رێكەوتنی ئەم جارەوە پابەنددەبن زیاتر لە رێكەوتنەكانی پێشتر كە هیچ ئاكامێكی لەسەر ئەرزی واقیع لێنەدەكەوتەوە،ئەوانەی گەشبینن وای دەبینن كە چەند گۆڕانكارییەك وا لە هەردوولا دەكات، كە پابەندبن بەجێبەجێكردنییەوە، یەكەم: هەڵوێستی گرژیی ئابووری لە هەردوو وڵاتەكە بارگرانییەكی زۆری خستۆتە سەر شانی هاووڵاتیان،هەردوو حكومەتیش چاك دەزانن كە تووڕەبوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرامبەر قەیرانی دارایی و تەقینەوەی تووڕەییەكە تەحەدییەكی راستەقینەبوو بەرامبەر هەردوو رژێم، دووەم: ئەم ڕێكەوتنامانە لە ئاكامی گوشاری بەهێز هاتنەئاراوە لەلایەن هێزە ئیقلیمییەكانەوە بە تایبەتیش لە یەكێتیی ئەفریقیا، هەروەها گوشاری نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش، تا هەڕەشەكان گەیشتە ئەوەی دانووستانەكان هەرەس بێنن .وێرای راستیی ئەم شرۆڤەكردنە مەحجوب محمد ساڵح پێی وایە كە سودان هەمیشە توانای ئەوەی دەبێت ئیدارەی قەیرانەكان بكات، بەڵام چاودێریی نێودەوڵەتی و هەرێمی كاردانەوەی دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە، بۆیە رێكەوتنامەكان گۆڕانكاریی رادیكاڵی لە پێوەندیی هەردوو وڵات دێننەئاراوە،لەقۆناغی شەڕو پێكدادانەوە دێتە نێو چوارگۆشەی هاوكاری و پێوەندیی دراوسێیەتی شان بەشانی جێبەجێكردنی تەواوی رێكەوتنەكە،بەڵام پێویستە رەچاوی ئەو پرس و كێشە مەترسیدارانە بكرێت وچارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.كەخۆی لە كێشەكانی سەرسنووردا دەبینێتەوە، لەكۆتاییدا دەڵێت: پیشەیی یاساو پرۆتۆكۆلەكان یارمەتیمان نادات نە كێشەی ئەبیەی و نە كێشەی سنوور چارەسەر بێت،بۆیە پێویستە دانووستكاران بۆچوونێكی تازەیان هەبێت و بەدوای چارەسەر و سیاسەتی تەواوكاریدا بگەڕێن بۆ ئەوناوچانە، هاوكات بەرژەوەندیی هۆزەكان رەچاوبكرێت بەرنامەیەكی چڕوپڕ دابڕێژرێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وهێنانەكایەی گەشەسەندنێكی بەردەوام بۆ خەڵكی ناوچەكە،هەروەها ئەو كەشوهەوایەی كەپێویستە دەستەبەربكرێت كە یەكەم جار  بۆگۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بێت ئینجا جێبەجێكردنی دوا رێكەوتن كە تاقیكردنەوەیەكە بۆ راستی و متمانەی هەردوولا."
Top