ژیان لەناو چادرو كەمپی پەنابەران

ژیان لەناو چادرو كەمپی پەنابەران
ژمارەی پەنابەرانی كەمپی دۆمیز ڕوو لەزیادبوونەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم كەمپە نەداوەتەوە

كوردەكانی سووریا لەكەمپی دۆمیز:سەردانی سەرۆكی کوردستان بۆ كەمپی پەنابەران دەریخست خەمخۆری میللەت و هەموو نەتەوەی كوردە



لەگەڵ پاشاگەردانی ناوخۆی سووریاو رەفتارە دڕەندەكانی رژێمی ئەسەد، تادێت ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سیڤیلانەی دەبنە قوربانی هێڕش و بۆردومانەكانی سوپای سووریا ڕوو لەزیادبوون دەكات، لەلایەكی دیكەوە خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان مەرگەساتێكی ترە ڕووبەرووی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بۆتەوە. ئەم ڕووداوو بارودۆخەكە هەمووی وایانكردووە لەماوەی 18 مانگی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی سووریا وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و وەكو پەنابەر روو لەوڵاتانی (توركیاو ئوردن و لوبنان و عێراق) بكەن، كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەیان بە 2 ملیۆن پەنابەر دادەنێت، بەشێك لەو پەنابەرانەش كەزۆربەیان كوردن روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە، كە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای دهۆك ژمارەیان بەزیاتر لە 23 هەزار پەنابەر دادەنێت و لەو ژمارەیەش 13 هەزار كەس نیشتەجێی كەمپی دۆمیزن، چاوەڕوانیش دەكرێت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی وەكو پەنابەر ڕوو لەكەمپی دۆمیز دەكەن كە رۆژانە بە 1000 كەس مەزەندە دەكرێت بارودۆخی پەنابەرانی ئەم كەمپە روو لەخراپی بكات، ئەمە لەكاتێكدا رێكخراوو ئاژانسە نێودەوڵەتیەكان بەپێی پێویست و بەراورد بەكەمپەكانی دیكەی هاوشێوە لەوڵاتانی دی ئاوڕی لەم كەمپە نەداوەتەوە ئەوەتا حكومەتی ئوردن داوای 900 ملیۆن دۆلار هاوكاری دارایی دەكات، وەكو پاڵپشتی و ئاگاداربوونێكیش لە رەوشی پەنابەران.
گۆڤاری گوڵان پەنابەرە كوردەكانی سووریای دانیشتووی كەمپی دۆمیزی بەسەركردەوەو وێڕای پێزانین و دەستخۆشیان بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی بەڵام داواكاریشیان هەبوو كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
پەنابەرانی كوردی سووریا
سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ كەمپەكەیان بەرز هەڵدەسەنگێنن
لەگەڵ بوونی كەموكوڕی و گلەیی و گازندە، پەنابەرەكانی كوردی سووریای نیشتەجێی كەمپی دۆمیز كە بەهۆی پشتگوێخستنی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە دووچاری بوون، باس لەو گرنگی و پاڵپشتیە دەكەن كە لەدوای سەردانەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەمپەكەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێیان دەدرێت، كە لەدوای ئەو سەردانە دابینكردنی ئازووقە باشتر بووەو زیاتر كار بۆ كەمپەكە دەكرێت، لەمبارەیەوە هانی محەمەد كە یەكێكە لە پەنابەرانی كەمپەكە دەڵێت: (سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی دڵخۆشی كردین لەنزیكەوە چاوی بەكەموكوڕی و كێشەكانمان كەوت و بڕیاری دا بەزووترین كات كێشەو گرفتی كەمپەكە چارەسەر بكات و بگرە هەرێمی كوردستانی بەماڵی خۆمانی دانا و تەئكیدی لەسەر هاوكاری و پاڵپشتی تەواوی پەنابەران كردەوە، بەمەش سەرۆك بارزانی دەریخست كە خەمخۆر و پشتیوانی میللەتی كوردە لەهەركوێیەك بێت). محەمەد شەریفیش كە هاووڵاتیەكی كوردی سووریایەو بەمیوانی سەردانی پەنابەرانی كەمپەكەی كردووە وتی: (هەڵوێستی دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان و حكومەتی هەرێم بەتایبەتی سەرۆكی هەرێم زۆر بەگەورە دەزانین.).
بارودۆخی سووریا رووی لەخراپی كردووە
لەگەڵ بەردەوامبوونی توندوتیژیەكان و مانەوەی رژێمی بەعس هاووڵاتیانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان بەنیگەرانیەوە دەڕواننە ئەو ئارامییەی ئێستا ناوچە كوردنشینەكان بەخۆیەوە دەبینێت، هەڕەشەكانی بەشار ئەسەد بەبەكارهێنانی چەكی كیمیاوی ئەوەندەی دی بووە هۆی زیادبوونی پەنابەران، هانی محەمەد كە دانیشتووی ناوچەی قامیشلۆیەو ئێستا لەكەمپی دۆمیز نیشتەجێیە باس لەوە دەكات بارودۆخەكەی سووریا جێگای ژیانی تێدا نەماوە بۆیە بڕیاریان دا كۆچ بكەن بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا لێرە هەست بەهێمنی و ئارامی دەكەن، مەشعان عەبدوڵڵا هاووڵاتییەكی شارۆچكەی ڕۆرئاڤایە پێی وایە بارودۆخەكە لەسووریا رووی لەخراپبوون كردووە، مەشعان سەبارەت بە باروگوزەرانی دانیشتووانی ناو كەمپی دۆمیز وتی: (لەبواری ئاوو كارەباو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كاری باشمان لەناو كەمپی دۆمیز بۆ كراوە، بەڵام ئەگەر خوا نەخواستە ئەم رژێمە دڕندەیە نەڕوخێت تا وەرزی زستان پێویستیمان بەقیرتاوكردن یا چەوڕێژكردنی شەقامەكانی ناو پاركەكە هەیە..)، هەیفا كە ئافرەتێكی دانیشتووی ناو كەمپەكەیە ژیانی ئاوارەیی پێ باشتر بوو لەوەی لەناو سووریا بەدەستی رژێمی بەعس بكوژرێت، ئەحمەد تەمۆش كە پێشتر دانیشتووی قامشلۆ بوو وتی: (مەترسیەكانی رژێمی ئەسەد رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەكات و گەیشتۆتە قۆناغی كۆمەڵكوژی..) . حجی عەباسیش لەمبارەیەوە وتی: (من لە ناوچەی دێركی سەر بە قامیشلۆ هاتوومەتە كەمپەكە لەبەر ئەوەی نەموویست لەبەرچاوی خۆمان خێزان و منداڵ و كەسوكارمان ببینین كە دەكوژرێن و سەر دەبڕدرێن). محەمەد ئیسماعیلیش لەمبارەیەوە وتی: (گەرچی ژیان لەناو چادرو كەمپی پەنابەران ناچارییەو لەرووی خزمەتگوزارییەوە كەموكوڕیمان هەیە، بەڵام لە ژیانی ترس و كوشتن باشترە، هەربۆیە وڵاتی دووەمی خۆمان هەڵبژارد كە هەرێمی كوردستانە).



لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بەرەوشی تەندروستی لەناو كەمپەكە، محەمەد ئیبراهیم وتی:( رەوشی تەندروستیی منداڵەكانمان باش نییە و نەخۆشی كەوتۆتەوە، تەنانەت ئەو بنكە تەندروستیەی بۆ كەمپەكە دانراوە ناتوانێت هەموو پشكنین و چارەسەرێكمان بۆ ئەنجام بدات و پزیشكی باشی لێ نییەو هەموو دەرمان و پشكنینێكی نییە، ئەمە لەكاتێكدا ئەو كەمپە ژمارەیەكی زۆری پەنابەری لێ نیشتەجێیەو پێویستی بەنەخۆشخانەو پزیشكی شارەزاو كارمەندی تەندروستی پسپۆڕ هەیە)، هاوكات حەیات خان پێی وابوو بارودۆخی كەمپەكە بەراورد بەسەرەتای دامەزراندنی رووی لەخراپی كردووە، چونكە ژمارەی پەنابەران زیادیكردووەو رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەكەمپەكە نەداوەتەوەو چەندین منداڵمان تووشی كەم خۆراكی و ڕشانەوەو سكچوون هاتوون.
سەبارەت بەبواری پەروەردەش پەنابەرە كوردەكان لەناو كەمپی دۆمیز داوای دابینكردنی خوێندنگا بۆ منداڵەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی خوێندن دانەبڕێن، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی تەمەنیان لەنێوان 6 تا 18 ساڵدایە زۆرە هەربۆیە زۆر لەو پەنابەرانەی قسەمان لەگەڵیاندا كرد داوایان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بەپێی پێویستیان قۆناغەكانی خوێندن لەكەمپەكە بكەنەوەو مامۆستایان بۆ دابین بكەن، ئەمەش هانی خێزانە كوردەكانی ناو كەمپەكە دەدات بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستان نیشتەجێ بن تا ئەو كاتەی رژێمی بەشار ئەسەد دەڕووخێت و بارودۆخەكە هێمن دەبێتەوە، لەمبارەیەوە مەشعان عەبدوڵا داوای كرد ئەو قوتابیە پەنابەرانەی قۆناغەكانی كۆتاییان تەواوكردووە لە زانكۆكانی هەرێم بەتایبەتی لەزانكۆی دهۆك وەربگیرێن.
رۆژانە 1000 پەنابەر لەكەمپی دۆمیز زیاد دەكات
ئەو پەنابەرە كوردانەی سووریا كە لەكەمپی دۆمیز نیشتەجێن وێڕای دەستخۆشی و پێزانینیان بۆ ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر دابینكردنی ئاوو كارەباو بنكەی تەندروستی و خواردن و كەلوپەل، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیان رووی لەزیادبوون كردووە هەربۆیە داواكاری و پێداویستیەكانیان زیادی كردووە، سەبارەت بەپێداویستی و داواكارییەكانیان مەشعان عەبدوڵا وتی: (لەكەمپەكە سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ئاوو كارەباو ئازووقەو بنكەی تەندروستی و چەندین خزمەتگوزاری دیكەمان بۆ دابینكراوە بۆ نموونە كارەبای بەردەواممان هەیەو 24 كاتژمێریش بنكە تەندروستیەكە كراوەتەوە، بەڵام ڕێگاو كۆڵانەكانی كەمپەكە باش نییە و بۆ وەرزی زستان ماندوو دەبین)، لەبواری دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونیش لەناو كەمپەكە هانی محەمەد وتی : (پێویستە لایەنی ئیدارەی كەمپەكە پەلە بكات لەدابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و كەلوپەل و پێداویستی نوستن و ئامێرەكانی فێنكەرەوەو گەرمكردن.)، سەبارەت بەبواری تەندروستیش شاناز نەجمەدین وتی: (داواكارین لەلایەنی بەرپرسی تەندروستی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی زیاتر بدات بۆ چاودێری تەندروستیی منداڵ و بەساڵاچوانی ناو كەمپەكە تاوەكو ڕێگا لەتووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بگیرێت، چونكە بەگشتی بارودۆخی تەندروستی ناو كەمپەكە بەرەو خراپی و ناتەندروست دەچێت..). لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك لەو پەنابەرانەی تازە هاتوون لەژێر چادرێكدا نیشتەجێن كەمترین پێداویستی كەلوپەلیان بۆ دابینكراوە هەربۆیە داوا لەئیدارەی كەمپەكە دەكەن پەلە بكەن لەچارەسەركردنی كێشەو گرفتی ناو كەمپەكە.



حكومەتی هەرێم تا ئێستا نزیكەی 8 ملیار دیناری خەرجكردووە
محەمەد عەبدولڵا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای دهۆك لە وەڵامی چەند پرسیارێك لەسەر هاتنی ئاوارەكانی كوردی رۆژئاوا بۆ سنووری پارێزگای دهۆك و چۆنییەتی پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی هاوكاری و كارە خزمەتگوزارییەكان لە كەمپی دۆمیز وتی:( لە دەستپێكی هاتنی پەنابەرەكاندا بۆ پێشوازی و خزمەتگوزاری و فریاگوزارییە سەرەتاییەكان لەلایەن پارێزگای دهۆكەوە نیو ملیار دینار تەرخانكرا، هەروەها لە پێشوازی و هاوكاری و وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەدا چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆی و خاوەن كۆمپانیا و كەسایەتیی سنوورەكەو رێكخراو و سەندیكاكانی پیشەیی سنووری پارێزگای دهۆك هەماهەنگ و بەشداری جیدی و كاریان كرد، هەروەها لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ مانگی 5 و 6 و 7ی ئەمساڵ بڕی دوو ملیار و نیو دینار تەرخانكراوەو بەگشتی تا ئێستاكە جگە لە نیو ملیار دیناری پارێزگای دهۆك حەوت ملیارو نیو دینار لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ كارو ئیش و پێداویستی و هاوكاری و خزمەتگوزارییەكانی پەنابەران بەتایبەتی بۆ كەمپی دۆمیز تەرخانكراوە.
ئەو كارو ئیش و خزمەتگوزاریانەی كەتوانراوە تا ئێستا بۆ كەمپی دۆمیز ئەنجام بدرین بریتین لە هەڵكەندنی سێ بیری ئاوی خواردنەوەو دانانی تۆڕی دابەشكردنی ئاو و دابەشكردنی ئاو بەڕێگای تانكەر و دابینكردنی كارەبای بەردەوام و چاككردن و ڕێكخستنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو كەمپەكەو بەرنامەو هەوڵیشمان هەیە پێش هاتنی وەرزی زستان ئەو شەقام و كۆڵانانەی ناو كەمپەكە چەوڕێژ یا قیڕتاو بكەین، ئەمەو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆك لەگەڵ هاتنی وەرزی خوێندن قوتابخانەیەكی لە كەمپەكە كردۆتەوە، لەرووی تەندروستیشەوە بنكەیەكی تەندروستی 24 كاتژمێری بۆ خزمەتی تەندروستی پەنابەرانی كەمپەكە دامەزراوە و ستاف و كارمەندی خەمخۆر و شارەزا تێیدا كار دەكەن، هەروەها هەر خێزان و كەسێكی پەنابەر بەپێی پێویستی خۆیان پێخەف و كەلوپەلی نووستن و سەرەتایی ناو ماڵ و ئازووقەو خواردن بەسەر پەنابەرەكان دابەشكراوە، هاوكات لێرەدا بەپێویستی دەزانین جەخت لەوە بكەینەوە ئەگەر بۆ وەرزی زستان خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان زیاتر و باشتر نەبێت بۆی هەیە هەندێ كێشەو گرفت و بارودۆخی ناخۆش لەسەر ژیانی ئەو پەنابەرانە دروست بێت بەتایبەتی لە لایەنی تەندروستییەوە زیاتریش كاریگەری لەسەر منداڵەكانیان هەبێت، بۆیە پێویستە ئەو بڕە بودجەی كە بڕیارە بۆ خزمەتگوزاری و هاوكاری ئەو كەمپە خەرج بكرێت بەپێی پێویست بخرێتە بەر دەست، لەلایەكی دیكە خزمەتكردن و بەدەنگەوە هاتن و هاوكاریكردنی هاتنی ڕۆژانە هەزار پەنابەر تەنیا لەلایەن پارێزگای دهۆكەوە زۆر قورس و زەحمەتە، بۆیە داواكارین لەپارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كەمپی دیكە بۆ پەنابەرانی سووریا بكرێتەوە، گەرچی تا ئێستاكە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هیچ بۆ ئەو پەنابەرانە نەكراوە، تەنیا وەفدێكی پارێزگای سلێمانی بە سەرۆكایەتی قایمقامی ناوەندی پارێزگاكە سەردانی كردین و لەپاش سەردانەكەش تا ئێستا هیچ هاوكاری و یارمەتییەك لەو لیژنەیەوە یا لەلایەن پارێزگای سلێمانیەوە بۆ ئەو كەمپ و پەنابەرانە نەهاتووە.
هەروەها هاتن و سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەمپی دۆمیز گرنگ بوو، هاتنی جەنابییان زیاتر بۆ ئاگاداربوون بوو لەڕەوشی پەنابەرەكان و چۆنییەتی پێشوازی و هاوكاریكردن و دیتنی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەشیان كراوە، هەروەها جەنابیان پێی ڕاگەیاندن هەرچی پێویست بێت و لەتوانادا بێت بۆیان دەكرێت و هەرێمی كوردستان ماڵی خۆیانە و میوان نین و ئەو سەردانە دڵنەوایی و پشتگیری تەواوی هەرێمی كوردستانی بۆ دووپاتكردنەوە و لەلایەن پەنابەرەكانیشەوە سەردانەكە ئاسوودەیی زۆری پێ بەخشین.
Top