بزووتنەوەی گۆڕان و دەوڵەتی یاسا داوادەكەن پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵا لە 9 ئەندامەوە بكرێتە 15
September 6, 2012
راپۆرتەکان
چەند رۆژێكە بزوتنەوەی گۆڕان بە بیانوویەكی دیكە هەڵمەتێكی راگەیاندنی توندی دژ بە پارتی و پەرلەمانتارانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەستپێكردووە، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی گوایە پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە 9 ئەندامەوە زیاد دەكرێت بۆ 15 ئەندام و لەزیادكردنی ئەم 6 ئەندامەشدا یەكێكیان بەر بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێت، ئەم مەسەلەیە كە لەكاتی نووسینی ئەم راپۆرتە هێشتا نەخراوەتە دەنگدانەوە و بەڕێز عارف تەیفوریش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەم ژمارەیەی گوڵان دیمانەی لەگەڵ سازدراوە، سەبارەت بەم بیانووەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات، راستە ئێمە ئەوەمان نەشاردۆتەوە كە لەگەڵ ئەوەین كۆمسیۆن 9 ئەندام بێت لە 15 ئەندام باشترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە كۆی 9 ئەندام دووانیان كورد بن، باشترە لەوەی لە كۆی 15 ئەندام سیانیان كوردبن، ئەم زیادبوونە ئەگەر بكرێت، ژمارەی ئەندامانی سەر بە مالیكی و لیستی دەوڵەتی یاسا دەبێتە نزیكەی نیوە و لەم حاڵەتەشدا، مالیكی چۆن دامەزراوەكانی دیكەی دەوڵەتی كۆنترۆڵ كردووە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش كۆنترۆڵ دەكات و دەیكاتە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەڕێگەی ساختەكردن لە سندوقی دەنگداندا زیاتر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، لەلایەكی دیكەش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هێشتا پەرلەمانتارانی پارتی هەڵوێستی خۆیان بە تەواوەتی دیاری نەكردووە و بۆ ئەمەش رایانگەیاندووە كە لەكاتی دەنگدان لەسەر پرۆسەكە هەڵوێستی خۆمان دیاری دەكەین، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان وەك پەرلەمانتارانی پارتی خۆیان بڕیار دەدەن و ناكەونە ژێر فشاری هیچ لایەنێكەوە.
هەر لەچواچێوەی ئەو هەڵمەتی راگەیاندنەی گۆڕان دژی پارتی دەستی پێكردووە، دەیەوێت رای گشتی كوردستان بەوە چەواشە بكات، بێجگە لە پارتی هەموو لەگەڵ ئەوەن كە پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن زیاد بكرێت، ئەم قسەیەی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی لەخۆیدا دژی ئەو هات و هاوارە دەوەستێتەوە كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حزبی گۆڕان پیادەی كردووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر قسەكانی بزوتنەوەی گۆڕان راستبن و تەنها پارتی دژی زیادكردنەكە بێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی پارتی چەند كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە تا بتوانێت ڕێگە لە پرۆسەیەك بگرێت كە بڕیارە بە دەنگدان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت؟ بێگومان هەموو كەس دەزانێت پارتی لە كۆی 325 كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا تەنها 30 كورسی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە تەواوی پێكهاتە سیاسیەكانی عیراق بەو زیادكردنە رازی بن، مانای ئەوەی 295 دەنگ پشتگیری دەكات، خۆ ئەگەر هەڵمەتە بێ ویژدانیەكەی گۆڕان دژی پارتی راست بێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی لەسەر دەنگی پارتی پەكیان كەوتووە؟ لەلایەكی دیكە ئەگەر بە وردی سەیری هەڵمەتی راگەیاندنە چەواشەكارییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بكەین، شتێكمان بۆ دەردەكەوێت، كە بەتەواوەتی پێچەوانەكەی راستە، ئەویش ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی تەنها 8 كورسی لەپەرلەمانی عیراق هەیە و بەتەنهایە لە هەڵوێستەكەیدا لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و مالیكی، لەهەوڵی ئەوەدایە كە لیستی كوردستانی بەگشتی و پارتی بخاتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی ناچار بێت دەنگ بۆ بەرژەوەندی مالیكی و گۆڕان بدرێت، ئەمە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە بێجگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێكی بچووكی دیكە هیچ پێكهاتەیەكی سەرەكی لەگەڵ ئەوەدا نییە پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵا لەبەر خاتری دەوڵەتی یاسا و بۆ بەرژەوەندی بوون بە دیكتاتۆری مالیكی بگۆڕێت، بۆ زیاتر روونكردنەوە و قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، هەردوو بەڕێزان عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانتار فەرهاد ئەتروشی پەرلەمانتاری لیستی كوردستانی لە دوو دیمانەی تایبەتدا ئەم پرسەیان روونكردۆتەوە كە ئەمە دەقی ئاخاوتنەكانیانە.