لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا:حزبی بەرپرسیار وبەرپرسیاریەتی حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا

لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا:حزبی بەرپرسیار وبەرپرسیاریەتی حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا
((وێڕای ئەوەی لەدەستووری ئەمریكیدا ئاماژە بەحزبی سیاسیی نەكراوە، وێڕای ئەوەی باوكانی دامەزرێنەر لەو بڕوایەدا نەبوون حزب بوونی هەبێت، بەڵام حزبی سیاسیی لەئەمریكا دروست بوو وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ پێداویستیە بنەڕەتیەكانی وڵات، ئەو پێداویستیانەش وەك ڕێكخستنی ئەولەویاتی پەرلەمان و دیاریكردنی كاندیدی بەدیل و دروستكردنی سیاسەتی بەدیل و زەمینە خۆشكردن بۆ لێپرسینەوەی زۆرینە، بەهەمان شێوە بوونی پێداویستی دینامیكی لەسیستمی پەرلەمانی وایكرد لەسەدەی نۆزدەهەم پارتە سیاسیە نیشتمانییەكان دەربكەون.. هەروەها دروشمی (بنكەی جەماوەری پێش هەموو شتێك) ئەو دروشمەیە كە دەبێت سەركردە و ڕێكخستنەكانی حزب بەردەوام لەبەرچاوی بگرن بۆئەوەی بتوانن بونیادی حزبێكی سەركەتوو بنێن، هەروەك چەندین جاریش تۆماس تیپ ئۆنیل كە لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوو سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكابووە و بە ئەندامانی حزبەكەی وتووە (هەموو سیاسەتێك لۆكاڵە)، واتە دەبێت حزب بەشی زۆری كاتەكانی و بایەخدانی لەسەر ئاستی لۆكاڵ بخاتە گەڕ، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە هێزی حزبی سیاسی لەسەر ئاستی نیشتمانی و سەقامگیری و سەركەوتنی كاندیدەكانی لەهەموو ئاستە جیاوازەكان پێوەندیەكی پتەوی هەیە بەئەندامانی كارای حزب و لایەنگرانی ئەو حزبە لەسەر ئاستی لۆكاڵ، بۆیە گرنگە بنكەی لۆكاڵی حزبی سیاسیی بەهێز بێت وەك ڕەگی درەخت لەناو زەوی چەسپێنرابێت، بۆئەوەی حزب گەشە بكات و سەربكەوێت، لەوانەیە سەركردەی حزبەكان لەگرنگی بونیادی حزب لەسەر ئاستی لۆكاڵ تێبگەن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەموو لەسەر ئەم بنەمایە ڕەفتار ناكەن و بەشێوەیەكی تەواو بەشداری پرۆسەی دیموكراتی ناكەن، هەربۆیە زۆر جار دەبێتە هۆكاری ئەوەی حزب نەتوانێت ململانێ بكات و نەتوانێ بگاتە حكومڕانی.

((شێوازی دیموكراتی بۆ بونیادی حزب - NDI))



ئەگەر حزبی سیاسی بەرهەمی پێداویستی كۆمەڵگە بێت و پێداویستی كۆمەڵگە فاكتەری سەرەكی دەركەوتنی حزب بێت، ئایا تاچەند كۆمەڵگەی كوردستان پێویستی بەحزبێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە و تاچەند پارتی توانیوویەتی لەئاستی پێداویستیەكانی كوردستاندا ڕۆڵی هەبێت و ڕێكخەری بەدیهێنانی ئەو پێداویستیانەی سەردەم و قۆناخە جیاوازەكانی نزیكەی حەفتا ساڵی ڕابردوو بێت؟ ئایا پارتی وەك حزبێكی سیاسی ئاسایی لەدایك بووە، یان بەرەیەكی ڕزگاری نیشتمانی بووە و لەئاكامی درێژە پێدانی خەباتی حزبەكانی پێش خۆی و یەكگرتنەوەی كۆمەڵێك حزب و ڕێكخراو و كەسایەتی شۆڕشگێڕ وەك پێداویستیەك لەقۆناخێكی دیاریكراودا هاتۆتە كایەوە؟ ئەمە دەرگایەكی فراوانمان لەبەردەم واڵا دەكات و بێجگە لەوەی دەمانگێڕێتەوە بۆ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی نزیكەی حەوت دەیەی ڕابردوودا، لەهەمانكاتدا دەمانگێڕێتەوە بۆ شێوازی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ چۆنییەتی تێگەیشتنی لەئەرك و ڕۆڵی حزب لەكۆمەڵگەیەكی وەك كۆمەڵگەی كوردستاندا، لێرەوە دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژە بەم لایەنە بكەین:

1- لەفیكری مستەفا بارزانیدا حزب ئامرازە نەك ئامانج، ئەمەش مانای ئەوەیە پێش ئەوەی مستەفا بارزانی بیر لەدروستكردنی حزبێك بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان بكاتەوە، بیری لەوە كردۆتەوە بوونی حزبێك بۆ ڕێكخستنی هێز و تواناكانی گەلی كوردستان لەپێناوی ئازادی و سەرفرازی پێویستە، هەروەها لەفیكری بارزانی مستەفادا حزب ئامرازێك بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و یەكگرتنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەپێناوی ئەو خواست و پێداویستیانەی كۆمەڵگەی كوردستان لەقۆناخە جیاوازەكاندا هەیبووە.

2- لەفیكری مستەفا بارزانیدا حزب چەتری یەكگرتن و یەكڕیزی بووە، بێگومان یەكگرتن و یەكڕیزی بەمانای تواندنەوە یان سڕینەوەی جیاوازییەكان نەبووە، بەڵكو كۆكردنەوەی جیاوازییەكان بووە بۆئەوەی لەچەندین گۆشە نیگای جیاوازەوە سەیری بارودۆخی كوردستان بكرێت و سەرئەنجام لەكۆی تێكڕای بۆچوونە جیاوازەكان بڕیاری دروست بۆ چۆنییەتی خەبات و مقاوەمەت بدرێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پارتی لەیەكگرتنی چەند حزبێك و كۆمەڵێك كەسایەتی شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمە پارتی دیموكراتی كورستان لەسەر دەستی مستەفا بارزانی دامەزرا.

3- بۆ یەكەمجار لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، پارتی مۆركی ناوچەگەریی شكاند و لەپێكهاتەی سەركردایەتی پارتیدا، پێكهاتەی جیاوازی كوردستانییەكان بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە ڕەنگی داوەتەوە.

4- پارتی یەكەم ئەزموون و یەكەم بیركردنەوەی ڕاستە كە بەبێ دیموكراتی ئازادی نایەتەدی، لەوانەیە بەبێ دیموكراتی بتوانین لەداگیركاران ڕزگارمان بێت، بەڵام ئازادی بوونی نابێت، بۆیە ئامانج لەدامەزراندنی پارتی ئازادییە بەهەردوو ماناكەی ڕزگاری و بونیادی وڵاتێكی ئازاد لەژێر سێبەری سەروەریی یاسادا.

5- لەفیكری مستەفا بارزانیدا حزب خۆی لەگەڵ خواست و داواكاری خەڵك گونجاندووە، ئەمەش واتە ئەوەی خەڵكی كوردستان لەقۆناخە جیاوازەكان بەگرنگی زانیووە، پارتی بیری لێكردۆتەوەو هەوڵیداوە ئامادەباشی بۆ بكات، لەم حاڵەتەدا كادیری پارتی گوێگری داواكانی خەڵك بووە نەك گوتاربێژی خەڵك، ئەم تایبەتمەندیەی پارتی كە بۆتە سیمایەكی جیاواز لەناو حزبەكانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتدا، وایكردووە كادری پارتی بەوە بناسرێتەوە باشتر دەتوانێت گوێ لەخەڵك بگرێت.







لەمیانەی ئەو سێ خاڵەی وەك تایبەتمەندی حزب لەفیكری بارزانی ئاماژەمان پێكرد، دەكرێت بڵێین حزب لەفیكری بارزانیدا واتە(چەتری كۆكردنەوەی جیاوازییەكان، وەڵامدەرەوەی پێداویستیەكانی كۆمەڵگە، هۆكارێك بۆ یەكڕیزی لەناو كۆمەڵگەدا)، ئەگەر لەم سۆنگە فیكرییەوە هەڵوەستە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، پرسیار ئەوەیە ئایا پارتی بەدرێژایی تەمەنی چۆن خەباتی كردووە و ئێستا چۆن خۆی بۆ ئەركەكانی داهاتووی ئامادە دەكات؟

دروستكردنی ئومێد لەناوجەرگەی نائومێدیدا

ئەوەی پارتی لەمێژووی خۆیدا شانازی پێوە دەكات، ئەوەیە هەر خودی دامەزراندنی پارتی لەدوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لەمهاباد، سەرەتای دروستبوونەوەی ئومێدیك بوو كە خەبات و مقاوەمەت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی چۆك دانادات و هەتا كورد بمێنی خەبات و قوربانیدانیش بەردەوامی دەبێت، بۆیە ئەگەر لەم ڕاستەوە پارتی وەك بونیادنەری ئومێد لەناوجەرگەی نائومێدی وەسف بكەین، ئەوا مێژووی پارتی پێمان دەڵیت، بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، ئەوا دەبێت هەموو كات لەیادی بێت، بونیادنانی ئومێد پێویستی بەڕەچاوكردن و پاراستنی ئەو بنەما فیكریانە هەیە كە بارزانی پارتیی وەك حزب لەسەر بونیاد ناوە، لەم حاڵەتەدا ئەركەكانی پارتی پێش هەنگاو هەڵگرتنی بۆ ئامانجەكان پاراستنی ئەم لایەنانە دەبێت:

1- پارتی دەبێت ئەو ڕاستیە بپارێزێت، كە ئەركی سەرەكی پارتی ئەوەیە، لەسەر بنەمای خواست و پێداویستی خەڵك بەرنامە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دابڕێژێت، ئەوجا ئەو ئامانجە بڕیاری شەڕ بێت یان ئاشتی كە هەموو كات مستەفا بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ گەلی كوردستان، یان بڕیاردانی چارەنووس بێت كە ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی داوایكردووە بگەڕێتەوە بۆ گەلی كوردستان.

2- پارتی لەژێر هەر بارودۆخ و تەحەدایەكدا بێت، دەبێت پارێزگاری بەو بنەما سەرەكیەوە بكات، كە فرەیی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جیاوازی كوردستان، هێمایە بۆ بەهێزی مێژووی ئەم نیشتمانە و هەر لەسەر ئەم بنەما بەهێزەش ئاییندەیەكی بەهێز بونیاد دەنرێت، لەسەر ئاستی سیاسیش ئەوە ئەركی سەرەكی پارتیە كە بتوانێت دیاردەی فرەلایەنی سیاسی بپارێزێت و زەمینەی بۆ خۆش بكات بۆئەوەی ئازادی ڕادەربڕین بەفراوانی بوونی هەبێت، بارزانی مستەفا لەشۆڕشی ئەیلوولدا خۆی زەمینەی بۆ فرەحزبی فەراهەم كردبوو، هەر بۆیە لەناو هێزی پیشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولدا ئەندامانی هەموو حزبەكان پێشمەرگەی كوردستان بوون لەژێر ڕێبەرایەتی مستەفا بارزانیدا، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە هەر لایەك بیروبۆچوونی سیاسی خۆی هەبووە و ڕێز لەبیروبۆچوونە سیاسیەكانیشان گیراوە.

3- پارتی دەبێت لەخوێندنەوەی بۆ فیكری بارزانی مستەفا، ئەوە بپارێزێت كە كوردایەتی یان خۆشەویستی بۆ كوردستان هاوتای ئازادییە، شەیدای تاكی كورد بۆ ئازادی و سەرفرازی هیچ گومانێك هەڵناگرێت و تاكی كوردستانی قبوڵی ناكات ئازاد نەبێت، بۆیە پارتی هەوڵنادات تاكی كوردستانی بەمانای ئازادی ئاشنا بكات، بەڵكو هەوڵی پارتی لەو پێناوەدا هەموو تواناكان یەكبخات بۆئەوەی ماناكانی ئازادی بەجوانی دەربكەون و خەڵكی كوردستان هەست بەبوونیان بكات.

4- جوانترین پێناسە كە مستەفا بارزانی بۆ ئەندامانی پارتی داڕشتووە ئەوەیە كە دەبێت ئەندامی پارتی خۆیان بەخزمەتكاری میللەتی خۆی بزانێت، گەیشتنیش بەپلەی خزمەتكاری میللەتی خۆت، لای بارزانی مستەفا كارێكی ئاسان نییە، بۆیە هەموو كات خۆزگەیەك بووە و هەوڵیداوە خۆی پێش هەر كەسێكی دیكە پێی بگات بۆیە گووتوویەتی: (چەند مەزنە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)، بەوردبوونەوە لەم گووتە بەرزەی بارزانی مستەفا و هەوڵدان بۆ پراكتیزەكردنی بەپێی قۆناخ و سەردەمە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە ئەندامانی پارتی ئەوجا لەهەر پلەو پۆستێك بن، ئەو كاتە هەست بەگەورەیی خۆیان دەكەن كە بتوانن وەك خزمەتكار دەستەو نەزەر لەبەرامبەر فەرمانی گەلی خۆیان ڕاوەستن و ئامادەباش بن بۆ جێبەجێ كردنی فەرمانەكانی گەلی خۆیان، ئەمەش ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە ئەركی سەرەكی پارتی ئەوەیە:

ا- دەبێت ئەندامانی پارتی بزانن، سیاسەتی پارتی واتە ئەوەی خەڵك بەگرنگی دەزانێت و ئەوەی خەڵك دەیەوێت بۆی جێبەجێ بكرێت، بۆیە دەبێت خاڵی سەرەكی كە ئەندامانی پارتی جەختی لەسەر دەكەنەوە بایەخدان بێت بەخەڵك، بەخواستەكانیان.

ب- ئەندامانی پارتی دەبێت بزانن، حزبی بەهێز ئەو حزبەیە كە توانیبێتی جێگەی خۆی لەناودڵی خەڵكی خۆیدا بكاتەوە، هەروەك چۆن درەخت لەناو قوڵایی خاكدا جێگەی ڕەگەكانی خۆی دەكاتەوە، لەمەش گرنگتر دەبێت ئەندامانی پارتی بزانن، ئەگەر وەك ئەو درەختە ڕەگی پارتی لەناو دڵی خەڵكدا نەچەسپیبێت، ئەوا پارتی توانای گەشەكردن و پەلوپۆ هاویشتنی نامێنێت.

ج- لەبەر ئەوەی پارتی لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستی خەڵك دامەزراوەو بێجگە لەجێبەجێكردنی خواست و هیواكانی خەڵك شتێكی دیكەی نییە، ئەوا دەبێت ئەندامانی پارتی دڵیان گەورە بێت و پشوویان فراوان بێت و لەوە تێبگەن، كە پارتی لەسەرەتاوە بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵك خواست و پێداویستیەكانی خۆی ڕووبەڕووی پارتی بكاتەوەو، ئەوە ئەركی سەرشانی پارتیە هەم بەڕوویەكی خۆشەوە گوێ بۆ خواست و گازندە و گلەیەكانی خەڵك بگرێت، هەمیش هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆئەوەی چارەسەر بەپێی ئیمكانییەتی سەردەم بۆ هەموو خواستی خەڵك و كەموكورتیەكانی كۆمەڵگە بدۆزێتەوە، دۆزینەوەی چارەسەریش ئەركی سەرەكی پارتیە بەبێ ئەوەی منەت بەسەر هیچ لایەكدا بكات.







پارتی وەك حزبێكی بەرپرسیار

مێژووی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە، ڕاستیەكمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە ئاكام بڕیار لەسەر هەموو شێوازێك دەدات، لەمبارەوە ئەبراهام لنكۆڵن كاتێك بڕیاری ئەوەیدا شەڕبكات لەپێناوی ئەوەی كۆتایی بەكۆیلە بێنێت و دووبارە پێناسەی كۆماری ئازادی ئەمریكای كردەوە، هێرشێكی ئەوتۆی كرایە سەر، كە لەكتێبی (لنكۆڵن: میراتی ئازادی) هاتووە، لنكۆڵن بەرامبەر ئەو هێرشانەی كراونە سەری گووتوویەتی: (ئەگەر خۆم بەوە سەرقاڵ بكەم ئەوەی لەسەرم دەگوترێت وەڵامیان بدەمەوە، ئەوادەبێت واز لەهەموو شتێك بهێنم و خەریكی وەڵامدانەوەی ئەوانە بم.. من بڕیارێكم داوە (بەمەبەستی بڕیاری نەهێشتنی كۆیلەیەتی یە لەئەمریكا)، ئەگەر سەركەوتم هەموو ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن، قسەكانیان هیچ مانایەكی نابێت و ئەگەر سەریش نەكەوتم من هەرچی بڵێم هیچ مانایەكی نابێت))، ئەم گوتەیە ئاستی بەرپرسیاریەتی لنكۆڵنمان بەرامبەر بڕیاری شەڕكردن لەپێناوی نەهێشتنی كۆیلەیەتی پێ دەڵێت، لەبەر ئەوەی لنكۆڵن بۆ ئەو شەڕە نەیتوانی ڕەزامەندی كۆنگرێس بەدەست بهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی سەرۆكی وڵات بوو، دەستووری ئەمریكا ڕێگەی داوە سەرۆك لەكاتی پێویستدا بڕیار بدات بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس، بەو مەرجەی دوای كۆنگرێس لەسەر ئاكامەكەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، ئەوا لنكۆڵن لەو كاتەی بڕیاری شەڕیدا دەستی كرد بەدروستكردنی بینایەی كاپیتەڵ هۆڵ و سەبارەت بەمە گووتویەتی: (من بڕیاری شەڕ دەدەم و بینایەی كاپیتاڵ هۆڵیش دروست ئەكەم، بۆئەوەی دوای تەواوبوونی شەڕ لەو بینایە ئەندامانی كۆنگرێس لێپرسینەوەم لەگەڵدا بكەن)، ئاماژەكردن بۆ ئەم ڕووداوەی لنكۆڵن، بۆ ئەوەیە كە بزانین لەكۆمەڵگەی كراوە یان دیموكراتی، ناكرێت حزبێكی سیاسیی وەك پارتی كە ماوەی نزیكەی 70 ساڵە لەگۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا حزبی یەكەمە و چی دەسكەوتێك بەدرێژایی ئەم مێژووە بۆ نەتەوە بەدەستهاتبێت یان لەسەر دەستی پارتی بووە یان پارتی ڕۆڵی سەرەكی تێدا گێڕاوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و هەندێ جار ڕەخنەی توندیش نەبێتەوە، بۆیە لەبەر ئەوەی مێژوو بەرپرسیاریەتێكی گەورەی خستۆتە سەرشانی پارتی، ئەوا پێویستە پارتی جەختكردنەوەی سەرەكی لەپیادەكردنی سیاسەتدا، جەختكردنەوە بێت لەسەر ئاكام و هەروەها بڕوای بەو قسەیەی لنكۆڵن هەبێت، ئەگەر پارتی سەركەوتوو بوو، ئەوا ئەوانەی ئێستا ڕەخنەی لێدەگرن دوای دەركەوتنی ئاكامەكانی سیاسەتی لۆژیكانەی پارتی ڕەخنەكانیان بێ مانا دەبن، خۆ ئەگەر خوانەخواستە سەركەوتووش نەبوو، ئەوا ئێستا هەر چۆنێك بەشان و باڵی پارتی هەڵبدرێت ئەوكاتە بێ مانا دەبێت، ئەم مێتۆدە بەرەو ئەوەمان دەبات كە خاڵی جیاكردنەوەی پارتی لەهەر سەردەمێكدا، سیاسەتی واقعبینانەی پارتی بووە و جەختكردنەوە و بایەخدانی بووە بەو پێداویستیانەی كە لەو قۆناخەدا خەڵكی كوردستان بەگرنگیان زانیووە، ئەگەر لەمێژووی ئەم حەفتا ساڵەی ڕابردوو هەڵوەستەیەكی خێرا بكەین، دەبینن لەسەردەمە جیاوازەكاندا موزایەداتی سیاسیی جیاواز بەسەر سیاسەت و هەوڵەكانی پارتی كراوە، بەڵام ئێستا كە بەڕێز مسعود بارزانی داوای ئەوە دەكات گەلی كوردستان خۆی بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، هەست دەكەی ئەوانەی پێشتر موزایەداتی سیاسیان بەسەر سیاسەتی پارتیەوە دەكرد، ئێستا مسعود بارزانی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە شەڕی دەرەكیان بۆ هەڵدەگیرسێنێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هەنگاوەكانی پارتی لەژێر سایەی مستەفا بارزانی و مسعود بارزانی، كوردیان لەكوێوە گەیاندۆتە كوێ و پێگەی كوردستانیان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان لەكوێوە بردۆتە كوێ، ئەمەش ئەوەمان بیردێنێتەوە كە بەدرێژایی تەمەنی پارتی هەموو كات خەڵكانێك هەبوون لەبری ئەوەی بایەخ بە بەرنامەی سیاسیی خۆیان بدەن و هەوڵبدەن بەدیلی سیاسیی باشتر بۆ چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگە بدۆزنەوە، هەموو كات كار و پیشەیان ئەوەبووە بەرنامە بۆ پارتی دابنێن، هەروەك چۆن ئیتاڵیەكان دەیانویست عومەر موختار فێری تێگەیشتن لەقورئان بكەن، عومەری موختار پێی گووتن ئێوە قورئانەكەی خۆمانمان فێرمەكەن خۆمان دەزانین قورئانی خۆمان چیمان پێ دەڵێت، ئەوانیش بەهەمان شێوەی ئیتاڵیەكان دەیانەوێت كوردایەتی بۆ پارتی پێناسە بكەنەوە، لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان زۆر باش ئەركی كوردایەتی بۆ پارتی دیاریكردووە و پارتیش لەمیانەی ئەو ئەركەی گەلی كوردستان بۆی دیاریكردووە دەزانێت چۆن لەكوردایەتی تێدەگات و دەشزانێت كوردایەتی مانای گەیشتن بەئازادییە، بۆیە هیچ پێویست ناكات گروپ و لایەنی دیكە بەرنامە بۆ پارتی دابنێن یان پارتی فێربكەن چۆن كوردایەتی بكات، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە پارتی لەسەروو ڕەخنەوەیە یان نابێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، نەخێر ئەوە ئەركی پارتیە خۆی زەمینەی ڕەخنە گرتن و ئازادی ڕادەربڕین فەراهەم بكات، بۆیە خەڵك مافی خۆیەتی ڕەخنە لەپارتی و سەركردایەتی پارتی بگرێت لەسەر ڕاست و دروستی و ئاكامی بڕیارەكانی پارتی، بەڵام هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە تێكەڵاوی ئەوە بێت پارتی چۆن بڕیار دروست دەكات و چۆن بڕیارەكانی جێبەجێ دەكات، تەنیا پێوەرێك بۆ بڕیار و سیاسەتی پارتی، پاراستنی ئازادییە. بۆیە ئەگەر بڕیارەكانی پارتی سەرئەنجام لەخزمەتی ئازادی و گەیاندنی كوردستان بێت بەڕۆژی سەرفرازی، ئەوا خەڵكی كوردستان ئەم ئەركە لەپارتی دەخوازێت و پارتیش مافی خۆیەتی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بێت فەرمانی سەروەریی خۆی كە گەلی كوردستانە بەجوانترین شێوە جێبەجێ بكات.

ئەركی پارتی بۆ داهاتوو قورستر دەبێت

ئەگەر دەستووری عێراق جێبەجێ نەكرێت، ئێمە لەئاییندەی عێراق بەرپرسیار نین، ئەم ڕستەیە ئەگەر دەقا و دەقیش گووتەی سەرۆك مسعود بارزانی نەبێت، مانای كۆی هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی-یە بۆ مانەوەی كوردستان لەعێراقدا، ڕاشكاوانەتر ئەگەر عێراق فیدرالی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی نەبێت، ئەوا كوردستان ئامادە نابێت لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، ئەم هەڵوێستە ڕاشكاوانەیە كە پارتی بەهۆی متمانەی خەڵكی كوردستانەوە پێیدراوە، لەهەر لایەنێكی سیاسیی دیكە پشكی زیاتری بەردەكەوێت، ئەوا بمانەوێت یان نەمانەوێت لەداهاتوودا پارتی ئەركی قورستر دەبێت و دەبێت ئامادە بێت لەپێناوی پاراستنی ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان و بونیادنەوەی عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالی قوربانییەكی گەورە بدات، پارتی پێش هەر لایەنێكی سیاسیی دیكە دەبێت باش لەو ڕاستیە تێگەیشتبێت، كە سەرۆك مسعود بارزانی لەپێناوی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەدەستهێنانی لانی كەمی مافەكانی خەڵكی كوردستان لەم قۆناخە ئامادەیە قوربانی بەهەموو شتێك بدات و لەم هەڵوێستەشیدا هیچ دوودڵیەك بەدی ناكرێت، ئەوەی لەهەولێر بانگێشەی بۆ كردووە و لەئەنقەرەو واشنتۆن و پایتەختەكانی دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و هەموو جیهانی لێ ئاگادار كردۆتەوە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە گەلی كوردستانیش بەم هەڵوێستە كەمتر لەسەرۆك بارزانی و پارتی ڕازی نابێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا قۆناخی داهاتووی پارتی قۆناخی وەڵامدانەوەی خواستەكانی گەلی كوردستان دەبێت لەسەر ئاستی نیشتمانی كە پێویستە هەرێمی كوردستان بەسنوری جوگرافی و مێژووییەوە بگرێتەوە، هەمیش دەبێت لەسەر ئاستی پێداویستیەكانی ڕۆژانەی خەڵكیش پارتی وەڵامدەرەوەی پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان بێت، ئەم خوێندنەوەیە بۆ پارتی یەك ڕاستیمان پێدەڵێت ئەویش ئەوەیە قۆناخەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە چەند گۆڕانكاری بەسەردا بێت و چەند لەسەر ئاستی سیاسی بارودۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، ئەركی پارتی هەر یەك ئەركە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئەویش خزمەتكاری خەڵكی كوردستانە، ئەم ئەركەش ئەندامانی پارتی بەرەو ئەو لوتكەیە دەبات (چەند مەزنە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت).
Top