دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ بەغدا:هەنگـاوێكی گرنگ بۆ یەكبوونی گوتـاری سیـاسی
August 16, 2012
راپۆرتەکان
ئەشواق جافیش پەرلەمانتاری لیستی كوردستانی لەپەرلەمانی عێراق هەر لەسەر هەمان پرسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دانوستانەكان ئاماژەی بەوەكرد، بیرۆكەی دامەزراندی ئەم ئەم ئەنجوومەنە پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئێستاش ئەو پیشنیارە جێبەجێ دەكرێت، لەمبارەوە لەلێدوانێكی تایبەتدا بەگوڵانی ڕاگەیاند: (بیرۆكەی پێكهێنانی لیژنەی باڵای دانوستاندن لەسەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسكراوە، ئەم لیژنەیەش هەموو حزبە سیاسیەكان ئامادەكاری بۆ دەكەن و هەمووشیان بەشداری تێدا دەكەن، بۆئەوەی هەموو بەشداربن لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بێگومان ئەمەش هەنگاوێكی ئیجابیە و پێشتر ڕاستە كێشەكان بەپێی دەستوری عێراق چارەسەری بۆ دەدۆزرایەوە بەڵام حكومەتی بەغدا پابەندی ڕێككەوتنەكان نەدەبوو، هەربۆیە بۆ ئەم قۆناخە لەباری ئێستا هەست دەكرێت ئێستا ئەو بارودۆخە كامڵبووە كە هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیشنیارە هەڵبگیرێت، بۆ ئەمەش چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی هەیكەلی ئەو لیژنەیە كە لیژنەیەكی هەماهەنگی دەبێت، هەر بۆیە پێموایە جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە شتێكی ئیجابییە و هەروەهاش بەڕاستی ڕێگر دەبێت بەرامبەر هەر كەسێك دەیەوێت بڵێت یەك حزب هەموو شتەكانی بەدەستی خۆی گرتووە، بەڵام دوای دامەزراندنی ئەم لیژنەیە ئەو قسانەش نامێنن)).
ئازاد چالاكیش ئەندامی پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دامەزراندنی ئەم لیژنەیە بەئیجابی وەسف دەكات و پێیوایە كە دامەزراندنی ئەم لیژنەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە دانوستانەكان زیاتر شەفاف بێت و پەرلەمانی كوردستانیش دەبێتە مەرجەعی بڕیارە كوردستانیەكان، لەم چوارچێوەیەدا و لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن و گووتی: (ئێمە پێمانوایە دامەزراندنی ئەم لیژنەیە چەند خاڵێك لەخۆی دەگرێت، یەكەمیان ئەوەیە كە مەرجەعیەت دەبێتە پەرلەمانی كوردستان و لەبەر ئەوەی ئەم لیژنەیە بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان دادەمەزرێت، دووەمیان ئەوەیە ئەو دانوستاندنەی لەمەودوا لەگەڵ بەغدا دەكرێن شەفاف دەبن و هەموو لایەنەكان تیایدا بەشدار دەبن، هەربۆیە ئەگەر بێت و ئەم كۆمسیۆنە یا ئەم لێژنەیە پێكبێت، ئەوا ئەوكاتە دەتوانی مەلەف و ئەرشیف و ئەوانەی بۆ درووستبكەیت، هەروەها بەرپرسیاریەتیكەش دەبێتە بەرپرسیاریەتی جەماعی، چونكە مەسەلەی موفاوەزات و دیاریكردنی چارەنووسی میللەتێك دەبێت بەسەر هەموو لایەنەكاندا دابەش بێت، ئەو كاتە كۆدەنگی لەسەر پرسەكان دروست دەبێت)).
ئەوەی لەم پرسەدا جێگەی خۆشحاڵیەو هەموو پەرلەمانتاران بەبۆچوونی جیاوازەوە جەختی لەسەر دەكەنەوە، ئەوەیە ئەم لیژنەیە هەوڵێكە بۆئەوەی گوتاری سیاسی كورد بەیەكگرتوویی قسە لەگەڵ بەغدا بكات و هەنگاوێكە بۆئەوەی ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە كۆدەنگی هەموو لایەكی لەسەر دروست بێتەوە، سەبارەت بەم لایەنە نەجیب باڵەتەیی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لەلێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی دەربڕی و گووتی:((ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەم هەیئەتە یان دەستەیە دابمەزرێت، دەتوانم بڵێم ئەمە بڕگەیەك بوو لەبڕگەكانی پڕۆژەی چاكسازی ئۆپۆزسیۆن كە دەبێ هەموو ئەو بابەتانە كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە بەتەوافوق و كۆكبوونی سیاسی هەموو لایەنەكان لەسەری ڕێككەون، ئەمڕۆ ئەمە هەنگاوێكی باش بوو بەس تەئكیدمان كرد لەسەر ئەوەی ئێمە هەموومان وەك لایەنی كوردستانی دەبێ ڕێككەوین لەسەر دیدێكی ڕووشن لەسەر ئاستی عێراق ئێمە وەكو كورد چیمان دەوێت، خاڵی دووەمیش تەئكیدمان لەسەر مەوزوعی یەكهەڵوێستی كرد، هەموومان ڕێككەوتین لەسەر ئەوە، بۆنموونە ئەبێ لایەنەكان تێدا بەشداربن بەتایبەتی لایەنی سەرەكی و ئۆپۆزسیۆنیش، هەموو لایەنەكان بەتایبەتی بۆنموونە ئێستا ئەوانەی كە نوێنەریان هەیە لەبەغدا، ئەبێ نوێنەریان تێدا هەبێت و ئەبێ ڕێككەون لەسەر هەموو شتەكان بەیەكدەنگیی بێت، ئەگەر ئەمەش بكرێت ئایا ئێمە چیمان دەوێ؟)).