دەستێوەردانی ئەنجوومەنی شورا لەرۆژنامەگەریی میسردابۆ چاكسازییە یان بۆ سەپاندنی هەژموونی ئیخوانە

دەستێوەردانی ئەنجوومەنی شورا لەرۆژنامەگەریی میسردابۆ چاكسازییە یان بۆ سەپاندنی هەژموونی ئیخوانە
راپۆرتی: ئەسما حوسەینی ــ قاهیرە
بارێكی گرژی و نیگەرانی ناوەندەكانی رۆژنامەنووسی و راگەیاندنی میسری گرتۆتەوە لەچاوەڕوانی ئەو بڕیارانەدا كە ئەنجوومەنی شورا لە ماوەی چەند رۆژێكی داهاتوودا دەریاندەكات، تایبەت بە دامەزراندنی سەرنووسەرانی تازە بۆ رۆژنامە نیشتمانییەكان، بیروبۆچوونی سەرجەم رۆژنامەنووس و راگەیاندكار و شارەزایان و تەنانەت رای گشتیش سەبارەت بەم هەنگاوە جیاوازە لەنێوان پۆزەتیڤ بەوەی كە بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی دەزگا داهێزراوەكانی راگەیاندنە و لە نێوان هەندێ لەوانەی كە ئەم هەنگاوە بە چاكسازیی لە قەڵەم نادەن، بەقەدەر ئەوەی توانا بۆ ئیخوان موسلمین لە نێو هۆیەكانی راگەیاندن زیاد دەكات، ئەویش لەڕێی ئەنجوومەنی شورا كە ئەو حزبە كۆنترۆڵی كردووە كە گوزارشت لە كۆمەڵی «ئازادی و دادوەری» و سەلەفییەكان دەكات.
ئەمانی كە كچە رۆژنامەنووسێكی گەنجی میسرییە و دژی ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی شوورایە دەڵێت: «هیچ كەسێك لاری نییە لەوەی كە رۆژنامەگەریی و راگەیاندنی میسری بە گشتی و نیشتمانیش بەتایبەتی پێویستیی بە چاكسازی و گۆڕانكاریی هەیە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە شتێكی لەمجۆرە بەو شێوازەی كە خراوەتەڕوو بۆ دانانی سەرنووسەرانی تازە لە لایەن ئەنجوومەنی شوراوە سەربگرێ، چونكە ئەمەیان داهێنانێكی رژێمە دكتاتۆریەكانی پێشووە بۆ كۆنترۆڵكردنی راگەیاندن وگاڵتەكردن بەعەقڵ. ئێستاش كە میسر بە قۆناغێكی تازەدا گوزەر دەكات، دوای شۆڕشی 25 ی ینایەر، بڕواناكرێ ئەم شێوازە كۆنە بەردەوام بێ لەبەرئەوەی دەخرێتە قاڵبی گەندەڵی و زوڕناژەنیی و پروپاگەندە لە بەرژەوەندیی حزبی فەرمانڕەوا یان گروپێكی دەستڕۆیشتوو، لە جیاتی ئەوەی ببێتە ئامرازێكی زانیاری و رۆشنگەری و گوزارشت لە كۆمەڵگە بكات، چونكە بەبێ راگەیاندنی ئازاد شۆڕش ناگاتە ئاكام و ئامانجەكانی ناپێكێت، بەڵام محەمەدی هاوڕێی دەڵێ: ئەوەی پێویستە ئێستا ئەوەیە كە كۆمەڵەی رۆژنامەنووسان و سەرجەم راگەیاندكاران لە میسر بەرامبەر ئەم هەنگاوە بوەستنەوە و بەرهەڵستی ئەو كەسانە بكەن كە شارەزاییان لە راگەیاندندا نییە، بانگەوازیش بكەن بۆ كۆنگرەیەكی نیشتمانیی راگەیاندن بە بەشداریی رۆژنامەنووس و راگەیاندكاران بۆ دیراسەكردنی شێوازێكی گونجاو بۆ موڵكیەت و بەڕێوەبردنی دەزگا نیشتمانییەكان و پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە نەك بەحكومەتەوە، دیارە بە ڕاوێژ لەگەڵ رای گشتی و پسپۆران دەگەنە دەرئەنجامێك، زۆر كەسیش لەوە نیگەرانن كە ئەم هەنگاوە تەنیا بواری راگەیاندن نەگرێتەوە بەڵكو لە داهاتوودا هەنگاوی دیكەی بەدوادا بێت، لە دادوەری و دەزگاكانی پۆلیس و سوپاو ئەزهەر و خزمەتگوزاریی گشتی و هەموو دامودەزگاكانی دیكەی دەوڵەت، كە ئیخوان موسلمین دەیانەوێ بەئیخوانی بكەن! واتە بیخەنە خزمەت خۆیانەوە.
ئەنجوومەنی باڵای رۆژنامەنووسان بەیاننامەیەكی شێواز تووندی بڵاوكردەوە وەك گلەییەك لە ئەنجوومەنی شورا كە دەیەوێت رۆژنامەگەریی نیشتمانی لەبەین بەرێت و ئەو لیژنەیشی رەت كردەوە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرنووسەرانی دەزگا نیشتمانییەكان پێكهێنراوە، بەیاننامەكە داواشی كرد كە بەزووترین كات كاری لیژنەكە رابگیرێ و هەڵبوەشێتەوە، چونكە سووكایەتییە بە رۆژنامەنووسان.
هەندێ نووسەر و رۆژنامەنووسانیش وەكو «جەمال ئەلغیتانی و ئوسامە ئەلغەزالی حەرب و وەحید عەبدولمەجید و مستەفا كامل ئەلسەیید و حلمی نەمەم و محەمەد سەلماوی، لەكاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ دكتۆر ئەحمەدفەهمی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورادا گوتویانە: «ئەوەی ئێستا لە لایەن لیژنەكەوە خراوەتەڕوو كوشتنی قەڵەمەكانی رۆژنامەگەرییە».نووسەرانیش سەرسام بوون بەو خێراییەی كە ئەم هەنگاوەی تێدا جێبەجێكرا، هاوكات پەرچەكردار و پاشگەزبوونەوەیەكە لەو ئامانجانەی كە لەپێناویاندا شۆڕش بەرپاكرا كە خۆی لەئازادی ودادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە، هەروەها ئەنجوومەنی شوراش هەمان بەرنامەی رژێمی سووریا پەیرەودەكات لە كۆنترۆڵكردنی دەزگا رۆژنامەنووسییەكان.
لەلای خۆشییەوە نووسەر و رۆژنامەنووس موحسین حەسانین سەرنووسەری گۆڤاری ئۆكتۆبەر گوتی: سەرۆكی لیژنەی راگەیاندنی شورا سوورە لەسەر سووكایەتی كردن بە رۆژنامەنووسان، ئاماژەشی بەوەكرد كە جۆرە ركابەرییەك هەیە دژی ئەو لەلایەن سەرپەرشتیارانی لیژنەكە، كاتێ نووسراوەكانیان لێ شاردەوە كە 83 رۆژنامەنووسی گۆڤارەكە پێشكەشیان كردبوو بەر لە داخستنی دەرگای كاندید كردن تاكو لە پێشبڕكێی پاڵاوتن دووری بخەنەوە لەبەر ئەوەی هەڵوێستی رەخنەگرانەی هەبووە بەرامبەر بە كۆمەڵەكە. لەلای خۆشییەوە نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال ئەلغیتانی وەسفی ئەم هەنگاوە دەكات بەوەی كە كوشتارگەیەكی رۆژنامەگەرییەو مەترسیدارترین قۆناغە لە رۆژنامەگەریی میسریدا، كەدواتر دادوەری و پۆلیس و سوپاشی بەدوادادێت، هەروەها دەڵێت: ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی شورا ئەحمەد فەهمی پێكهێنراوە بۆ دەست نیشانكردنی سەرنووسەران، بە سەرۆكایەتیی ئەندزیارێكی سەرلێشێواوە كەسەرپەرشتیی بڵاوكراوەیەكی بچووكی دەكرد كە لە سەندیكای ئەندازیارانەوە دەردەچوو، ئەو نەزانەی نێو رۆژنامەگەری دەیەوێ ویستی حزبی ئازادی و دادپەروەری جێبەجێ بكات، سێ كەسیش بپاڵێوێ بۆ هەر پۆستێك لەنێوان55 كەس، وەكو منداڵی باخچەی ساوایان هەریەكەیان دە نمرەیان پێبدات، پاشان فەرمانەكە بۆ دكتۆر ئەحمەد بەرز بكاتەوەكە سەرۆكایەتیی لیژنەیەكی نادیار دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرنووسەران بۆ 55 چاپەمەنی لە گەورەترین رۆژنامەی نیشتمانی،بەتایبەتیش ئەهرام وئەخبار، كەئەو دووەش ئامانجی ئەوگۆڕانكارییەن، لێرەدا دەبێ ئەوە بخەینەڕوو كە چەند تاوان بەناوی شۆڕشی غەدرلێكراوی یەناییر ئەنجامدەدرێ،مەبەستی ئیخوانیش وردە وردە پشت شكاندنی دەوڵەتە،ئەمڕۆ رۆژنامەگەری وسبەینێش دادوەری،بەڵام ئامانجی سەرەكیی ئەوان بۆ هاتنەسەر كورسیی حوكم پاكتاوكردنی سوپای میسر ی و بەردانیانە،وەك ئەوەی كە دوژمنانی میسر دژی سوپای محمەد عەلی كردیان لە شەڕی نفارین لە ساڵی 1840، هەروەها ئینگلیزیش كاتێ سوپای عورابییان پاكتاوكرد دوای داگیر كردنی میسر،لە میانی چەند سەعاتێكیشدا ناوە هەڵبژێردراوەكان لە سەنتەری ئەلمەقتەم كە بارەگای كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینە رادەگەیەنرێت،هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە كوشتارگەیەكە بۆ رۆژنامەگەری وپەڵەیەكی رەشیشە بە مێژووی پیشەكە،داوام كرد لیژنەیەك پێكبێت بە جیاكردنەوەی رۆژنامە لە شورا بە تەواوی،بە شێوەیەك كەرۆژنامەنووسان كاری خۆیان بە خۆیان رایی بكەن،ئەگەر ئەو پلانەی ئیخوان سەربگرێ ئەوا مەترسییەكی گەورە روو لە رۆژنامەگەریی دەكات،ئەوەی جێگەی داخ و مەینەتیشە هەڵوێستی هەندێ رۆژنامەنووس كە پشتیوانی لە ئامانجی كۆمەڵ دەكەن كە دەیانەوێ چەند پۆستێك بەدەست بێنن بە تایبەتیش ئەخبارو ئەهرام.
Top