ئاسایش و سه‌قامگیری هۆكاری سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانەوەی كوردستانن

ئاسایش و سه‌قامگیری هۆكاری سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانەوەی كوردستانن
ڕەهەندە نیشتمانیەكانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
ئاسایش و سه‌قامگیری هۆكاری سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانەوەی كوردستانن
راویژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت
بەهۆی هەستەوەری هەلومەرج و هەڵكەوتەو پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا، له‌ هه‌مانكاتدا دابینكردنی ئه‌و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا دابینكراوه‌، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك مۆدیلیكی حكومرانی سه‌ركه‌وتوو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش په‌نجه‌ی بۆ رابكیشریت.
بۆ ئێستامان لۆژیك وا دەخوازێت كە لە پێناوی قوربانی نەدان بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی نەتەوەو گەلی هەرێمی كوردستان و لە پێناوی ناچاركردنی حكومەتی ناوه‌ندی به‌غدا بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، پێویستە ئاسایش و ئارامی خاك و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە لە ڕێگەی ئەنجوومەنێكەوە بە دامودەزگایی بكرێت، چونكە هەمیشە چەمكی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ڕێگەی دامەزراوەیەكی پڕۆفیشناڵەوە گونجاوتر دەچەسپێت و هاوكات بەرژەوەندییە ژیۆپۆلەتیكی وسیاسی و ئابوورییەكانی خاك و خەڵكی هەرێم بە بەرنامەو نەخشەی دروستی ئاسایشیەوە باشتر دەپارێزرێت، خاڵی گرنگ لە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی نیشتمانی وا هەستەوەریشدا ئەوەیە كە ڕێگەداڕشتن و ئاڕاستەی بەرنامەكان و سەرپەرشتی كردنی ئەنجومەنەكە بە بەرزترین لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكار كە سەرۆكایەتی هەرێمە بسپێردرێت، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌ریم راویژكاریكی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستانه‌وه‌ بۆ دیاری ده‌كرێت به‌ ناونیشانی ( ڕاویژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌ریم) ئه‌م راویژكاره‌ كاره‌كانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ له‌ژێر سەر‌په‌رشتی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان به‌رێوه‌ ده‌بات، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئاسایشی هه‌ریمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ریگه‌ی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌وه‌ به‌یاسا ریكده‌خرێت و سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە
پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی پەسەندكردووه‌، سەبارەت بە بایەخ و گرنگێتی ئەم ئەنجوومەنە بۆ هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەڕێز عومەر نورەدینی ئەندام پەرلەمانی كوردستان وتی(( پارساڵ لە لایەن پەرلەمانەوە یاسای ژمارە 4 بە ناوی یاسای ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەرچوێنرا تا بە پێی ئەو یاسایە ئاسایش بە دامەزراوەیی بكرێت، واتە بەیاسایی كردن و دامەزراوەیی كردنی ئاسایش بۆ قەوارەیەكی سیاسی وەك هەرێم، ئەوە لە پێناوی كۆتایی هێنان و نەهێشتنی پاشماوەی دوو ئیدارەیی زەروڕەتێك بوو، دواتر ئەم ئەنجومەنە ئەركەكانی دیاریكراون و بەرپرسە لە داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانی تایبەت بە ئاسایش، لە زۆربەی وڵاتانی دیموكراتیدا هاوشێوەی ئەم ئەنجومەنە هەیە، پێویستە بۆ داهاتوو ستراتیژێكی وامان هەبێت و ئاسایش بچێتە قۆناغی داڕشتنی نەخشە ڕێگاو گرتنەبەری تاكتیكە جۆراو جۆرەكان تا ستراتیژ جێبەجێ بكرێت، یەكەمین ئامانجی سەرەكی هەرقەوارەیەكی سیاسی بەر لە هەر شتێك ئاسایشە، ئەگەر بتوانی كۆمەڵگەیەك لاواز بكەیت ئەوە بە تێكدانی ئاسایشەكەی لاواز دەبێت، بەوەش هەموو پرۆسەكانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پەكدەخرێن..))
بێ سەقامگیری ژیان پەرەناسێنێت
بەو شێوەیە پاراستنی سەقامگیری لە هەر ناوچەیەكدا ئەركی هەنووكەییە چ بۆ پاراستنی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە یان چ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیموكراتی و یاسایی بۆ هەر مەرام و پیلانێك كە ببێتە هۆی لێكترازان و لەبەریەكبردنی ڕیزەكانی گەل و تێكدانی سەقامگیری چونكە بە بێ سەقامگیری ژیان پەرەناسێنێت، سەبارەت بە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكەش بەڕێز ئیسماعیل مەحمود سەرۆكی لیژنەی ناوخۆیی لە پەرلەمانی كوردستان بە گوڵانی ڕاگەیاند((ئەم ئەنجوومەنە گرنگێتی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دروستكردنی ناووكی وەزارەتی موخابەراتی كوردستانی، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پێی دەستوور هەرێمی كوردستان ئەو مافەی پێنەدراوە پێگەیەكی باڵای ئاسایشیی نەتەوەیی لە ئاستی وەزارەت دابمەزرێنێت، ئەوە ئەم ئەنجومەنە لە شوێنی ئەو و لە قەوارەی سیاسی هەرێم دادەمەزرێت و ڕاستەوخۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارەو سەرۆكایەتی ئاسایش و سەرۆكی هەواڵگری و وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ ئەندام دەبن تێیدا، هەروەها ئومێد دەكەم بە پێی ئەو بودجەیەی بۆ ڕاپەڕاندنی كارو ئەركەكانی ئەنجومەنەكە تەرخان دەكرێت بتوانرێت بەرنامەو پلانەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوەببرێن))
هاوكاریكردنی خەڵك
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم پتەودەكات
هەر سەبارەت هاوكاری كردنی خەڵكی و دابین كردنی بودجەی پێویست بۆ سەرخستنی كارەكانی ئەنجومەنەكە بەڕێز(شێردڵ تەحسین سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان) بە گوڵانی وت((لە هەموو وڵاتانی دنیادا بودجەی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكەن، هەروەها زۆر پێویستە و دەبێت هەموو كەس و لایەك كارێكی وابكەن كەببێتە هۆكاری سەركەوتن و كارابوونی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، چونكە زۆر لە لایەن و وڵاتان پارەیەكی سەرسوڕهێنەر خەرج دەكەن بۆ ئەوەی ئەم هێمنی و ئاسایشەی لە هەرێم هەیە بیشێوێنن و ناسەقامگیری دروست بكەن، چونكە دەزانن كە بەنەبوونی سەقامگیری یاسایی و تێكچوونی هێمنی و ئاسایش هەموو بوارەكانی تری ژیان و خزمەتگوزاری پەكی دەكەوێت، هەر بۆ نموونە ئەگەر سەیری بەشەكانی تری عیراق بكەین، دەبینین بەهۆی نەبوونی هێمنی و ئاسایش و سەروەری یاساوە چ كارەساتێك لە هەموو بوارەكانی تری خزمەتگوزاریدا هەیە، هەر لە نەبوون و كەمی كارەباو ئاویخواردنەوەو خراپی كەرتی تەندروستی و پەروەردەو . . . تا، بۆیە تەئكید دەكەمەوە پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەروەری یاسا لە كوردستان پابەندە بە بوون و دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆكە، هەروەها پێویستە ئەم ئەنجومەنە لە هەموو لایەكەوە پشتگیری بكرێت لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەنجومەنی نیشتمانییە بۆ هەموو پێكهاتەكان و گەلی كوردستانە و دەبێت هەر تاكێك لە كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان ئەو ئەنجومەنە بە دامەزراوەیەكی پێویستی خۆی بزانێت و هەموو خەڵكی كوردستان ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بن ..))
هەر لەسەر هەمان پرس و تێڕوانین سائر عەبدولئەحەد ئەندامی ئەنجومەنی كلدانی ئاشووری سریانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە دانان و پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم یەكێكە لەو دەسكەوتە گرنگانەی كە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان توانراوە پەسەند بكرێت و بێتەدێ، چونكە ئەنجومەنی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنێكی نیشتیمانیە بۆ پاراستنی كیان و قەوارەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵاتی هەرێم و هۆكارێكە بۆ بەهێزكردن و چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان هەموو پێكهاتەو نەتەوەو ئاین و ئاینزاو مەزهەبەكانی ناو هەرێمی كوردستان))




پارێزگاری كردن لە سەرو سامان و موڵكی دانیشتووانی هەرێم
هەر سەبارەت بەوەی كە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی پەسەند كردو گرنگێتی ئەم ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ هەرێمی كوردستان و تاچەندیش ئەم ئەنجومەنە دەتوانێت ئاسایشی هەرێم بپارێزێت..
هاژە سلێمان مستەفا سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەپەرلەمانی كوردستان وتی: ((ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە بەیاسایەك خرایە ناو بڕگەیەكی یاساییەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەهەرێم هەبێت و پارێزگاری لەسەرو سامان و موڵكی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە پێش ئێستا ئەو دەزگایانەی لەهەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی و هێمنی لە هەرێمی كوردستان هەبوون لەچوارچێوەی یاسایەكدا نەبوون، ئەگەر بە نموونە ئەو دوو دەزگایەی ئاسایش بێنینەوە كە دوو دەزگای ئاسایش لە هەرێمی كوردستان هەبوون كە دەزگای پاراستن و زانیاری بوون، هەردووكیان دەزگای حزبی بوون كە دەزگای ئاسایشی پارتی و یەكێتیەو ئەو دوو دەزگایە نەیانتوانیووە وەكو ئەنجومەنێك داكۆكی و بەرگری لەئاسایشی نێونەتەوەیی یاخود ئاسایشی نەتەوەیی كورد بەشێوەیەكی گشتی بكەن، بۆیە پێویستی دەكرد كە ئەنجومەنێكی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسادا دابمەزرێت تا بتوانێت داكۆكی و بەرگری لەهەموو دانیشتووانی هەرێم بكات ئەگەر لەهەر كاتێكیشدا نەیتوانی بەكارو ئیشەكانی خۆی بەتەواوی هەستێت ئەوە لەپەرلەمان بانگێشت بكرێت و بەدواداچوون و گفتوگۆ و لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەنجام بدرێت))
قەڵغانێك بۆ ئامانجە نیشتمانیەكان
سەبارەت بەوەی كە ئەنجومەنەكە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆكایەتی هەرێم و شەخسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راویژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌ریمی كوردستان ده‌بێت،به‌وه‌ی تا چەند دەتوانێت لەم قۆناغە هەستیارەدا ئەركە نیشتمانیەكانی جێبەجێ بكات، لەو بارەیەوە بەڕێز ئیسماعیل مەحمود وتی(( لەبەر ئەوەی ئەنجومەنەكە لێكۆڵینەوە لەسەر وردو درشتی ئامانجە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات تا ئەركە نیشتمانیەكان جێبەجێ بكات بە تایبەتی لەم كاتەدا كە دەوروبەرمان گڕكانێكە و پیلان هەیە بۆ دەسوەردان لە قەوارەی هەرێم، ئەگەر ئاسایش نەمێنێت ژیان لە ناو هەرێم دەوەستێت، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتووش لە كاتی وەدیهاتنی هەر ئامانجێكی نیشتمانی ئاسایش نەكەوێتە بەر مەترسی، ئەنجومەنەكە لە بەرزترین دەسەڵاتەوە پێویستە شوێنی ئەو دەزگایانە بگرێتەوە كە پێشتر بۆ پاراستنی ڕەوشی سەقامگیری، زانیاری و هەواڵەكانی پێڕادەگەیشتن..))
لووتكەی دەسەڵات و سەرپەرشتی كردنی ئەنجومەنی ئاسایش
بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتر سەبارەت بە بەرزترین ئاست لە دەسەڵات و سەرپەرشتیاری كردنی ئەنجومەنەكە بەڕێز عومەرنوورەدینی وتی((لە ئەنجومەنەكەدا دەسەڵاتی جێبەجێكردنی حكومەتیش بەشدارەو ئەوەش بە ئاڕاستەگیری و سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم وەك بەرزترین لووتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، ئیتر ئەمە سروشتی سیستمی دیموكراتیانەی هەرێمەو وا هەڵكەوتووە كە تێكەڵە بێت لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، بۆیە پێویستە لە لایەن لووتكەی دەسەڵاتەوە سەرپەرشتی بكرێت و نوێنەرانی حكومەتیش وەك باڵی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئامادەگییان هەبێت ئەمەش گرەنتی ئەوەمان پێدەدات كە لە چوارچێوەیە نیشتمانیەكەدا مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاسایش بكرێت، چونكە پارساڵ بۆشایی یاسایی هەبوو بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا یاسای ئەنجومەنی ئاسایش و یاسای دەزگای ئاسایشمان دەرچواند هەموو ئەم هەوڵانەش بۆ لێكجوداكردنەوەی ئاسایشە وەك پرسی ستراتیژی لەو ئاسایشەی كە وەك كاری ڕۆژانە بە جێبەجێكردنی یاساكانەوە سەرقاڵن، ئەركی پەرلەمانیش چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنەكەیە، تا ئەم مۆدێلە ئیجابیەی جێبەجێكردنی ئاسایش لە ناوچەكەدا بە سەركەوتوویی بمێنێتەوە كە بە شایەتی دەوڵەتانی دنیاو دەزگا نێودەوڵەتیە بێلایەنەكان بێ نموونەیە)) لەم بارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان هەمان بۆچوون و ڕای هەبوو بەوەی جێی خۆیەتی كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی ئەم ئەنجومەنە نیشتمانییە بێت تا ئەنجومەنە زیاتر چالاك و كارا بێت و ببێتە جێگای متمانەی هەموو گەلی كوردستان بۆ هێمنی ئاسایش و سەروەری یاساو خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان، چونكە سەرۆك بارزانی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بە زۆرینەی دەنگی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە..
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەپەرلەمانی كوردستان وتی ((بەتەئكید ئەم ئەنجومەنە سەر بەسەرۆكایەتی هەرێمەو دەبێت لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمەوە سەرپەرشتی بكرێت، پێموایە بەڕێز سەرۆكی هەرێم بەو پێیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەو سەرۆكی هەموو ئەو تاكانەیە كە دانیشتووانی هەرێمن و پێویست دەكات بەشێوەیەكی وابێت كە سەرۆكی هەرێم پارێزەری ئەو هەرێمە بێت و پارێزگاری لەهەموو ئەو دەسكەوتانە بكات، بەتایبەتی ئەوانەی لەڕووی هێمنی و ئاسایش لەهەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون و زیاتریش لەوەی ئێستاكە هەیە بۆ پێشخستن و گەشەكردن و هێمنی و ئاسایش و سەقامگیرو سەوەری یاسا لە هەرێمی كوردستان كار بكات، چونكە تا ئێستاش ئەگەر باس لەبارودۆخی هەرێمی كوردستان بكەین چ لەناوخۆ چ لەلەلایەن دەوروبەرو دەرەوە، لە ڕووی ئاسایشەوە زۆر مەترسی لەسەرەو بەكاركردنی جیدی و یاسایی و نیشتمانی لەڕێگای ئەم ئەنجومەنەوە دەتوانرێت هێمنی و ئاسایشی هەرێم زیاتر پارێزراو بێت و لەهەر كاتێكدا ئاسایشی ناوخۆی هەر وڵاتێك پارێزراو بێت ئەوە ئاسایشی دەرەوەو سنوورەكانیش پارێزراو دەبێت و لەڕێگای ئەو ئەنجومەنەوە دەتوانرێت ئەو هێمنی و ئاسایشەی ئێستاكە لە هەرێم هەیە زیاتر برەو و گەشەی پێبدرێت و دەتوانرێت ئاسایش نەتەوەییش لەم قۆناخەدا بەهێزتر و پارێزراوتر بێت.)) ئەندامی ئەنجومەنی كلدانی ئاشووری سریانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە ئەم دامەزراوە نیشتمانییە مانایەكی زۆر گەورەترو بەرفراوانتر بە هەموو لایەكمان دەبەخشێت بە تایبەتی كە جەنابی سەرۆكی هەرێم سەرۆكیەتی و سەرپەرشتی دەكات، چونكە هەموو كاتێك و لەهەر پێشهات و گۆڕانكاریەك بێت سەرۆك خۆی بە پێشمەرگە زانیوە و بەبیری نیشتمانی و مرۆڤایەتی كارو ئیش وبیری كردۆتەوە، لەلایەكی تر ئەو هێمنی ئاسایشەی كە چەندین ساڵە لە هەرێمی كوردستان هەیە وایكردووە لە هەموو وڵاتانی دنیاوە ڕوو لە هەرێم بكەن بەتایبەتی بۆ وەبەرهێنان و بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوە، هەرێمی كوردستان و ئەم ئەنجومەنە دەبێتە هۆكارێكی بەهێزو سەرەكی بۆ گەشەكردن و چەسپاند بنەماكانی وڵات و دیموكراتی، هەر ئەمەش وایكردووە كە چەندین وڵاتی گەورەو پێشكەوتوو قونسڵیەو كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتییان لە كوردستان بكەنەوە و هەموو ئەوانەش زیاتر دەبێتە هۆی دەست بەكاربوونی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، چونكە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كارو ئیش و چالاكییەكان زیاتر دەبن بۆ هێمنی و سەقامگیری لە هەرێمداو یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەچوارچێوەی یاسایەك پەسەندكراوە كە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە گفتوگۆو تاوتوێكراوەو بۆتە جێگای رەزامەندی زۆرینەی ئەندامەكان كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خەڵكی هەرێمی كوردستان كە نوێنەرەكانیان ئەو ئەندام پەرلەمانانەیە لەلایان پەسەندەو چاوەڕوانی كارو ئیشی زۆرو باش لە ئەنجومەنەكە دەكەن و بوونی ئەو دامەزراوە گرنگە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیاتر پاراستنی هێمنی و ئاسایشی سنوورەكانمان بەتایبەتی لەهەر دەستێوەردانێكی دوژمنانەی دەرەكی و هیچ وڵات و نەوەیەك نییە لە دنیادا بەبێ ئەنجومەنی ئاسایش مابێتەوە ئەم ئەنجومەنەش دامەزراوەیەكی یاسایی نەتەوەیی و نیشتمانییە))
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەقامگیری
سەبارەت بەوەی كە هەرێمی كوردستانی عیراق بەشێكە لە كەم وێنەترین نەتەوەی مێژوو كە هەموو خەسڵەتێكی نەتەوەیی تێدایە و تا ئێستاش بێ دەوڵەتە، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر كورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبووایە ئایا ڕەوشی ناو سنووری جیۆگرافیی ئەم هەرێمەو دەوروبەریشی بەرەو سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایش دەبرد یان دەبووە مایەی هەڕەشە بۆ دەوروبەری ...
لەم بارەیەوە بەڕێز عومەر نوورەدینی وتی((بەدرێژایی مێژوو لە هەموو قۆناغە جیاوازەكان كورد هەوڵی داوە قەوارەیەكی سیاسی و نیشتمانی سەربەخۆی هەبێت چونكە لە ڕابردوودا كورد ئیمپراتۆریەت و شانشین و میرنشینی سەربەخۆی هەبووەو لە ژێر چەتری حوكمی خۆیدا ژیانی گوزەراندووە، لەو قۆناغانەشدا كە دەسەڵاتی به‌هێزو قەوارەی سیاسی سەربەخۆی هەبووە نەبووەتە مایەی هەڕەشەو گوڕەشە بۆ كەس بەڵكو كەسانی تر بوون خاكو نەتەوەی ئێمەیان هەلا هەلا دەكردو داگیریان دەكردین، ئەم ئەنجومەنی ئاسایشە تەنیا ئامانجی سەرەكی لێی دابین كردنی ئاسایشە بۆ نەتەوەو گەلی ئەم هەرێمەی كوردستان، كە بە سەقامگیر بوونی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت چونكە بەڵگە هەیە لە هێژوودا هەركاتێك كورد ئاسایشی لێتێكدرابێت ئەوا ئۆتۆماتیكی ئاسایش هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لەقیوەو شڵەژاوە..))
بۆ ئەوەی نەتەوەی كوردیش تووشی ئەو پارادۆكسە نەبێت كە جەواهیر لال نەهرۆ كاتی خۆی ڕوونیكردۆتەوە لەسەر ئەو نەتەوانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی ستەمی بێگانە ڕزگاریان بووەو خۆیان ستەمیان بەسەر نەتەوەی تردا كردووە، ئایا ئەم ئەنجومەنە بە چ میكانیزمێكەوە لە توانایدایە سنووری مافە ڕەواكانی هەر گرووپێك و كەسێك بۆ تەناهی و ئاشتەوایی گشتی ڕوونبكاتەوە، سائر عەبدولئەحەد ئەندامی ئەنجومەنی كلدانی ئاشوری سریانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە پێی وابوو كە پێویستە خەڵكی لێهاتوو و چاوكراوەو نیشتمانپەروەرو خەمخۆرو دڵسۆزو خاوەن ئەزموونی هەموو پێكهاتەكانی ناو هەرێم بەبێ جیاوازی نەتەوەو ئاین و ئاینزاو مەزهەبەكان لەو ئەنجومەنە دابمەزرێن و كاری تێدابكەن و هاووڵاتیانیش بەگشتی و بە جیاوازی بیرو بڕواوە پشتگیرو هاوكاری ئەو ئەنجومەنە بن، هاوكات بوونی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم یەكێكە لەو دامەزراو دەزگایانەی كە بەبێ جیاوازی حزبی كار دەكات و دەزگایەكی سەرەكییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو كاتێكدا، چونكە تیرۆر لە دنیادا كۆتایی نایەت تەنیا لەو وڵات و شوێنەوە دوورە كە ئەنجومەنێكی ئاسایشی نیشتمانی هەبێت كە بەمە هێمنی و ئاسایشی تێدا بەرقەرار دەبێت، من متمانەم هەیەو دڵنیام بەهۆی ئەو ئەنجومەنەوە هێمنی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو پێكهاتەكان و ئاینزاكانی ناو ئەم نیشتمانە زیاتر پارێزراو دەبێت.))
پێگەی ناوچە دابڕێنراوەكان
كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەو خاڵەیە كە نە ئێستا و نە ئایندە هیچ كوردێكی دڵسۆز بە خاك و نەتەوەكەی ئامادە نەبووەو نییە مساوەمەیان لەسەر بكات هەر كەسێك نكۆڵی لە كوردستان بوونی كەركوك بكات بەر لەعنەتی مێژوو دەكەوێت سەبارەت بە پرسی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان، ئەو ناوچانە لە كوێی ئەم ئەنجومەنەدا پێگەیەكی گرنگیان بۆ دادەنرێت، لەم بارەیەوە بەڕێز سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە گوڵانی ڕاگەیاند((یەكێك لە ئەرك و كارەكانی ئەو ئەنجومەنەو بەشەكانی ئەوەیە بتوانێت پلان و بەرنامە دابنێت بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانەو پاراستنی ڕەوشی ئاسایش لەو ناوچانەی كە ئێستا لە ژێر هەڕەشەدان)).



هەروەها بەڕێز عومەر نورەدینی ئەندام پەرلەمانیش وتی:
((ناوچە دابڕێنراوەكان نەكەوتۆتە دەرەوەی ئەرك و سەڵاحیاتی ئەنجومەنەكەوە، ئەگەرچی ئاسایشی كوردستان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كار دەكەن ئەگەر لایەنێكی ئیجابی ئاسایش بوونی لەوێ مابێت فەزڵەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاسایشی كوردستان كە لەوێ كار دەكەن، ئەركی ئەنجومەنیشە كە وەك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی كاری زیاتر بكات لەسەر ئەو ناوچانە تا سەقامگیریان بكات هاوشێوەی سەقامگیربوونی ئاسایشی هەرێمی كوردستان)) هه‌روه‌ها بەڕێز هاژە سلێمان مستەفا لە تەوەرەیەكی تردا ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لە ئەركەكانی ئەم ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە ئەوەیە كە پارێزگاری لە هێمنی و ئاسایشی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بە هەموو كەمەنەتەوەو ئاین و ئاینزاو پێكهاتەكانیەوەو هەموو ئەو ئەركانەی لەناو مادەیەك هاتووە كە مادەی(3)ە لە یاساكەدا دەبێت هەر هەموو ئەو ئەركانەی تێیدا دەستنیشانكراوە، خاڵ بەخاڵی بەباشی و تەواوی جێبەجێ بكات.
Top