سـەردانی ســەرۆك بـــــارزانی بۆ توركیـا تێگەیشتنێكی نوێ لەنێوان ئەنكەرا و هەولێردا
May 2, 2012
راپۆرتەکان
تاكڕەوی مالیكی
توركیاشی بێزار كردووە
توركیا وەك دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەیی (Regional super power) و ئەندامی هاوپەیمانی ئەتڵەسی ڕۆڵێكی كاریگەر و گرنگی لەسەر تەواوی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكانی ناوچەكە هەیە، هەرێمی كوردستانیش كە بەشێكی گرنگی ئەو ناوچە ئاڵۆزەیە بۆیە هیچ گومانی تێدانییە لەهەموو دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری توركیا تەواوی ئەو پرسانە تاتوێ دەكرێن، سەبارەت بە گرنگی كۆبوونەوەكانی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی توركیان پرسیارمان لەپرۆفیسۆر ڤەیسەلە ئەیهان تۆژەری باڵای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئامۆژگای ئۆسرەم (OSRAM) كرد و سەبارەت بەبایەخ و گرنگی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن: (پێموایە ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی سەردانێكی مێژوییە، چونكە كێشە و ناكۆكیەكانی مالیكی لەئارادایە و لەهەمان كاتیشدا كێشەی سوریا بەشێوەیەكی زۆر كاریگەرانە كاری كردۆتە سەر هەردوو لا (توركیا و هەرێمی كوردستان)، هەروەها دەتوانین هەردوولا توركیا و هەرێمی كوردستان بەهاوپەیمانی ڕۆژئاوا لەناوچەكە دابنێین، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم دوولایەنە دەتوانن پێكەوە لەسەر كێشەكان وتووێژ بكەن و پێكەوە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لەبەر ئەوەی كێشەكان هاوبەشن لەنێوان هەردوولادا، هەربۆ نموونە ئێستا مالیكی تەواو بەرەو تاكڕەویی ملی ناوەو هەموو دەسەڵاتەكانی لەدەستی خۆیدا قۆرخكردووە، ئەمەش مەسەلەیەكە نە بارزانی قبوڵی دەكات و نە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی توركیاشدایە مالیكی بەو جۆرە ڕەفتار بكات، لەهەمان كاتدا سەبارەت بە سوریاش مەترسی كەوتنەوەی شەڕێك لەسوریا هەیە، ئەم شەڕەش بۆ توركیا و بارزانی وەك یەكە، بۆیە من ئەم سەردانە وەك تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر پرسە هاوبەشەكانی نێوانیان دەبینم. ئێمە لەدوا هەڵبژاردنی عێراق ئەوەمان بۆ دەركەوت كە عێراق وڵاتێك نییە كە تەنیا گرووپێك یان وڵاتێك بتوانێ كاری تێبكا، لەبەر ئەوەی وڵاتێكە لەناوخۆیدا دابەش بووە، هەربۆیە توركیا بەتەنیا ناتوانێ سیاسەتی وڵاتێكی وەك عێراق ڕێكبخات و چاكی بكات، بەڵام لەهەمان كاتدا ئێران و گروپە شیعەكانی تر ناتوانن ئەو سیاسەتەی كە دەیانەوێ بەتەنیا بەسەر عێراقی بسەپێنن، بۆیە من پێموایە لەگەڵ ئەم سەردانانە توركیا جارێكی تر ئەم پەیامانەی گەیاندوە. هەروەكو دەزانن مالیكی چەندین ڕوونكردنەوەی بەهێزی لەبەرامبەر توركیا هەبوو كە پێویستە توركیا چیتر خۆی لەسیاسەتی ناوەخۆی عێراق هەڵنەخورتێنی و خۆی لەمەسەلەكانی ناوەخۆی عێراق بەدوور بگرێ، بەڵام پێویستە ئەمەش بڵێم كە هیچ وڵاتێكی دەوروبەر نەماوە دەست لەسیاسەتی عێراق وەرنەدات هەر لەئێرانەوە تاوەكو سوریا گشتیان هەوڵی زیادكردنی بوار و كاریگەرێتی خۆیان دەدەن لەمەیدانی سیاسی عێراق، ئالێرەدا توركیا لەگەڵ كوردەكان و عەرەبە سوننەكان ئەو پەیامە دەگەینێ كەوا دەست بەرداری سیاسەتی عێراق نابێ و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ڕەوتی گەشەسەندنەكان لەمەیدانی سیاسی عێراق دەسەپێنێ و لێناگەرێ گەشەسەندنێكی دژ بەقازانجی توركیا لەوێدا ڕووبدات)).
ستراتیژی حكومەتی توركیا و
چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا
ستراتیژی تازەی حكومەتی توركیا بەو شێوەیەیە كە بەشێوازی دیالۆگ و ئاشتیانە چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد بدۆزێتەوە، سەرۆك بارزانیش هەموو كات ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ئەو پشتگیری لەسیاسەتی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری كێشەی كورد و هەموو كێشەكان دەكاتەوە، سەبارەت بەم لایەنە هاكان تەهماز لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان سەبارەت بەم لایەنە بەمجۆرە باسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی كردو وتی: (هەر لەساڵانی 2000ـەوە بارزانی هەڵوێستێكی گشتگری لەبەرامبەر پرسی كورد لەتوركیا هەیە ئەمیش بریتییە لەڕێگەچارەی ئاشتیانە و بەبێ توندوتیژی و وەرگرتنی مافی بنەڕەتی كوردەكان. لەمەوبەریش بەڕێزیان لەدوایین كۆبوونەوە بەڕوونترین شێوە هەڵوێستی خۆی دەرخست كە هیچ كام لەسەركردە كوردەكان بەم شێوەیە هەڵوێستیان وەرنەگرتووە كە «من پاڵپشتی هیچ ڕێگەچارەیەكی لاوەكی نیم و لەچارەسەركردنی پرسی كورد بەشێوەیەكی دیموكراتیانە من پاڵپشتكاری گشت ڕێگەچارەكانم» و ئەوەیان دوپات كردەوە كە پێویستە ئیتر ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ، بۆیە من لەوبڕوایەدام كە بەڕێزیان ڕۆڵێكی گرنگ لەچارەسەركردنی كێشەی كورد لەتوركیا دەگێڕن. لەناوەندێكی بەم شێوەیە و لەناو سیاسەتێكی پەیڕەوكراوی بەو شێوەیە بوونی بەڕێز بارزانی لەڕووی چارەسەری كێشەكان و پاڵپشتیكردنی بەسەرچوونی ئەم ماوەیە بەشێوەیەكی ئاشتیانە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێ، چونكە چیتر هەر كێشەیەكی وڵاتێكی ناوچەكە تەنیا كێشەی ئەو وڵاتە نییە، بەڵكو كێشەی گشت وڵاتانی ناوچەكەیە، بۆیە پێموایە ڕۆڵی گشت سەركردەكانی ناوچەكە لە سەقامگیركردنی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەكان زۆر گرنگە و بوونی ئەكتەرێكی كوردیش لەم ڕووەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی كورد لەناوچەكە زۆر گرنگە، توركیاش پێویستە ئەوە بزانێت كە كێشەی كورد گۆڕانی بەسەرداهاتووە و ئێستا حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو نییە.))
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا
پتەوكردنی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان
سەردانە سەركەوتووەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا زەمینەیەكی لەبار بۆ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆیە لەئێستاوە چاودێران پێیانوایە ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانیش بۆ توركیا لایەنێكی دیكەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنكەرا دووبارە دەخاتەوە جووڵە، كە ئەویش لایەنی ئابووری و بازرگانی. سەبارەت بەم سەردانە پرۆفیسۆر ڤەیسەل ئیهان لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان وێڕای ئەوەی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەشێكی بەرنامەكەی نێچیرڤان بارزانی تایبەت دەبێت بەكێشە سیاسییەكان، بەڵام بەشێكیشی تایبەت دەبێت بەلایەنی ئابووری و بازرگانی، لەمبارەوە وتی:(كاتێ سەیری سیاسەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەین دەبینین سەركردەیەكە كە گرنگی بەئابووری دەدات هەم لەناوچەكە و هەمیش لەتاقیكردنەوەی سیاسی خۆی كە هەمیشە بەم شێوەیە بووە. لەمەوبەر خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری جددی بووە و بۆیەش دووبارەبوونەوەی بەسەرۆكی حكومەت بەرگێكی چالاكتر دەكاتە بەر پێوەندیە ئابووریەكان. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەوڵی بە پەرەپێدانی پێوەندی ئابووری و فراوانكردنی ئەم بوارە دەدات و زیاتر دوور بیردەكاتەوە و پێموایە لەدوای چارەسەركردنی ئەم كێشانە بەڕێگەیەكی ئاشتیانە پێشبینی گەشەسەندنی ئابووری و گەشەسەندنی ناوچەكە دەكات. توركیاش دەتوانێ لەبورای ئابووریەوە كرانەوەی جددی بكات، پێوەندیەكان بەشێوەیەكی دوو قۆڵی زۆر خێراتر گەشە دەسەنێ لەڕێگەی ڕێككەوتنەكانەوە، بۆیە ئێستا بەسەركردایەتی نێچیرڤان بارزانی ڕێككەوتنی نوێ و قازانجی نوێ دێتە كایەوە، نێچیرڤان بارزانی خۆی لەخۆیدا شوێنی لەناو پارتەكەی و تەنانەت لەناو كۆمەڵگەش دیارە، بۆیە لەڕوانگەی توركیاوە كاركردن لەگەڵ كەسایەتیەكی لەم جۆرە زۆر ئاسانتر و شیاوترە)).
ئەم لایەنەی پرۆفیسۆر ڤەیسەل ئیهان سەبارەت بەكەسێتی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێكرد یەكێكە لەو تایبەتمەندیانەی بەڕێزیان كە خەڵك ئومێدێكی زۆری پێی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا هاكان تەهمازیش پێییوایە ئێستا هەردوولا توركیا و هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە زۆر پێویستیان بە یەكترییە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی توركیا هەنگاوی جددی تر بچێتە پێشەوە، لەم چوارچێوەیەدا وتی:(قازانجی هەردوو لا توركیا و هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێك كە پێویستی بەهاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنی زیاتر هەیە بەهۆی وەبەرهێنان و پێوەندیە ئابووریەكان، بۆیە پێویستە ئەوەش بەئاشكرایی بڵێم هەردوو لا پێویستیان بە هاوپەیمانێتیە بۆ قازانجی بەرامبەر و تێچوونی كەمتر، هەروەها لەبەر ئەوەی نێچیرڤان بارزانی پێشتریش توانیوویەتی ڕۆڵێكی گرنگ لەپێوەندییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان بگێڕێت، بۆیە مەزندە دەكرێت، ڕۆڵێكی پۆزەتیڤ بگێڕێ، ئیتر توركیا وەك پێوەندی نێوان دوو هاوسێ و دوو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات خۆشتان دەزانن كە پێوەندیە نێودەوڵەتیەكان بریتییە لەپێوەندی بنیادنراو لەسەر قازانج، بۆیە پێموایە توركیاش ئەمە بەهەل دەزانێ و بیر لەقازانجی خۆی دەكاتەوە كە لەتەنیشتیەوە هاوسێیەكی كوردی هەیە و ئەم هەلە دەقۆزێتەوە، من دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە چیتر ئەگەری ئەوە نەماوە پێوەندیەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان وەك جارانی پێشووی لێبێتەوە، هەرچەندە گروپێكی كەمی نەتەوە پەرست هەر لەسەر بۆچوون و ڕایە كۆنەكانی خۆیانن، بەڵام ئەمە شتێكی بێبەرامبەرە و هیچ نرخی نییە تەنانەت لەئاستی حكومەتیشەوە لەم ڕووەوە توركیا پێویستە چاوی بكاتەوە لەبەر ئەوەی سیستەمێكی بەڕێوەبەری دەستووری هەرێمی كوردستان هەیە و كاتێ سەرۆك بارزانی سەردانی توركیای كرد وەك سەرۆك دەوڵەتێك پێشوازی لێكرا، بۆیە دەبێت بیركردنەوەش بەرامبەر هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەردا بێت.