بۆ ئاگاداربوون لەكۆمەڵكوژییەكەی ڕژێمی ئەسەد ئەنجوومەنی ئاسایش چاودێر دەنێرێتە سوریا

بۆ ئاگاداربوون لەكۆمەڵكوژییەكەی ڕژێمی ئەسەد ئەنجوومەنی ئاسایش چاودێر دەنێرێتە سوریا
لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی ئەسەد بەپێشنیارەكەی كوفی ئەنان ڕازی بووە بەوەی دەستدرێژی نەكاتە سەر هاووڵاتیان و چیتر خوێن نەڕژێت، بەڵام كاری كۆمەڵكوژی هەر بەردەوامە، هەربۆیە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕوسیاو چین چوونە پاڵ سیانزە ئەندامەكەی دیكەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەن توانی لەسەر داوای كۆفی ئەنان بڕیارێك بدات كە 30 چاودێری نێودەوڵەتی سەردانی سوریا بكات، سەبارەت بەپێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەسەر دەستی ڕژێمی ئەسەد و ئاوارەبوون لەدەستی ئەو ڕژێمە پێوەندیمان بە د.ڕەدوان زیادە تۆژەری باڵا لەئامۆژگای واشنتۆن بۆ ئاشتی(USIP) كرد، كە ماوەی ساڵێكە لەدوای دەستپێكی ڕاپەڕینەكانی سوریاوە، د.رەدوان زیادە چاودێری پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەسوریا دەكات، سەبارەت بەم لایەنە لەلێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە سەبارەت بەپێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ هاتە ئاخاوتن: (لەڕاستیدا بارودۆخی سوریا هەر بەو شێوەیەیە كە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ-ی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان وەسفیكرد، تاكو ئەمڕۆ زیاتر لە12 هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە230 هەزار كەس ئاوارە بوونە لەنێویشیاندا ئەوانەی كە ڕایانكردووە بۆ ئوردون و توركیا، ئەمانە ئەو ژمارانەیە كە ڕاگەیەندراوە، بەڵام من پێموایە كە زیاتر لە30 هەزار هاووڵاتی تاكو ئێستا كوژراوە، لەهەمان كاتیشدا هیچ لایەنێك نییە تاكە بڕیارێكی بچووك دەربكات بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی سوریا، بارودۆخەكە زۆر سەختە و بەداخەوە هیچ لایەنێك ئامادە نییە یارمەتیی هاووڵاتیانی سوریا بدات، لەكاتێكدا بارودۆخەكە هەر ڕوو لەهەڵكشان دەكات.. ئاشكرایە كە ڕژێمەكەی ئەسەد وازناهێنێت و بەردەوام دەبێت لەتۆپبارانكردنی گەڕەكەكان و زیاتر دەكوژێت لەهاووڵاتیانی سوریا هەر لەبەر ئەمەیشە كە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێك دەربكات، ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و ئەفسەرەكانی سوپاكەی بەرپرسیارن لەهەموو ئەو كوشتنەی كە تاكو ئەمڕۆ ڕوویداوە لەگەڵ هەموو ئەو ڕەفتارانەی كە لەبەرامبەر هاووڵاتیانی سوریا ئەنجامیانداوە)).
ئەم لێدوانەی د.رەدوان بۆ گوڵان پێش بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشە بۆ ناردنی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ سوریا، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ڕژێمی سوریا دەتوانێت لەبوونی چاودێرە نێودەوڵەتیەكان دەست لەكوشتار هەڵبگرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەگەڵ ئەوەی دوای گۆڕینی هەڵوێستی ڕوسیا و چین جۆرێك لەگەشبینی دێنێتە ئاراوە، بەڵام ڕابردووی ڕژێمی ئەسەد ئەوەمان پێدەڵێت زۆر زەحمەتە ڕژێمی ئەسەد دەستبەرداری توندوتیژی بێت، هەروەك چۆن چاودێری عەرەبیان ناردە سوریا و هیچ سوودێكی نەبوو، سەبارەت بەم لایەنە ژەنرال ئەلیاس حەننا تۆژەری ستراتیژی و وانە بێژ لەزانكۆی ئەللویزە لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی دەربڕی و وتی: (لەڕاستیدا باشترین سیناریۆ.. و خراپترین سیناریۆ لەبەردەم سوریادا هەیە، پێموایە هەموو كەس چاوی لەدەستپێشخەریەكەی ئەنانە، كە ئەم دەستپێشخەریەش بۆتە هۆی ئەوەی كێشەی سوریا بەجیهانی ببێت، بەڵام من پێموایە دەستپێشخەریەكەی ئەنان مەحكومە بەشكست. لەگەڵ ئەوەی هەندێك كەس ئەسەد بەمیلۆسڤیچ دەچووێنن، بەڵام من پێموایە ئەو دوو كەسایەتیە تەواو جیاوازن و سوریا یوگسلافیا نییە و دۆخی سوریاش تەواو جیاوازە لەدۆخی یوگسلافیا، لەیوگسلافیا دەستێوەردانی ناتۆ هەبوو، بۆردومانكردن هەبوو، بەڵام ئێستا هەموو كەس دوو دڵە لەدەستێوەردان لەبارودۆخی سوریا، هەروەها ئاكامی دەستێوەردانی سەربازی لەسوریا تەواو جیاواز دەبێت لەدەستێوەردانی سەربازی یوگسلافیا و هەروەها تەواو جیاوازە لە لیبیاش، هەروەها گەمەی نێوان هێزە گەورەكانیش جیاوازە، گەمەی كار و كاردانەوەی نێوانیان، ئەویش لەنێوان ئەمریكا لەلایەك و ڕوسیا و چین لەلایەكی دیكەوە، كەواتە گەمەكە جیاوازە، هەروەها چارەنووسی هەردوو نەتەوەكەش تەواو جیاوازە. كێشەی سەرەكی سوریا ئەوەیە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دابەش بوون، یەكێك لەو مەسەلانەی كە ئۆپۆزسیۆنی سوری دابەشكردووە، ئەوەیە هیچ پێوەندی و هەماهەنگیەك نییە لەنێوان موعارەزە و سوپای ئازادی سوری، لەبەر ئەوە بەدیلێك نییە، چونكە نوخبەیەك نییە كە لەڕێیەوە گواستنەوەیەكی ئاسانی دەسەڵات ڕووبدات، بەڵێ ئەمە یەكێكە لەهۆكارە گەورەكان. هەربۆیە ئەمە دەوەستێتەسەر ئەوەی كە لەسوریا ڕوودەدات، ئەگەر ڕژێمەكە بڕووخێت، ئەوا دۆخەكەش زۆر دەگۆڕێت، ئەوكاتە چیتر ئەو میحوەرە نامێنێت كە پێی دەڵێن «محور المقاومە»، ئەگەر ڕژێمی سوریا بمێنێتەوە، ئەوا دۆخێكی هاوشێوەی شەڕی سارد دروست دەبێت لەنێوان وڵاتە عەرەبیەكاندا، یاخود شەڕی سارد لەنێوان وڵاتانی كەنداو لەلایەك و سوریا و ئێران و حزبوڵا لە لوبنان لەلایەكی دیكەوە)).
بەڵام پرۆفیسۆر ڕۆبەرت لۆرانس ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان لەزانكۆی هارفارد ڕەشبینی خۆی سەبارەت بەهەوڵە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ڕژێمی ئەسەد دەربڕی و لەمبارەوە و لەلێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی دەربڕی و وتی:(هەڵبەتە فشارەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە و ڕێگر نییە لەبەردەم ڕژێمەكەی ئەسەد بۆ وەستانی ئەو ڕەفتارە خراپانەی كە لەبەرامبەر گەلەكەیدا ئەنجامی دەدات لەڕووی كوشتنی هاووڵاتیان، هەربۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سیاسەتەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەڕووی مەبدەئییەوە جموجۆڵێك بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامنەدراوە و بەش بەحاڵی خۆشم زۆر ڕەشبینم و باوەڕناكەم هیچ جووڵانەوەیەك لەمبارەیەوە ڕووبدات، ئەگەرنا ئەوە مەسەلەكە پەیوەستە بەئەگەر و نەگەری پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ڕووخانی ڕژێمەكە، سەبارەت بەدەستێوەردانی نێودەوڵەتیش بەهۆی ئەزموونەكەی ئەمریكا لەعێراق و ئەفغانستان ئەوە ئەمڕۆ تاڕاددەیەكی زۆر دوودڵی هەیە بۆ دەستێوەردانی سەربازی، هەڵبەتە خەڵكی لەڕوانگەی لیبیا-وە سەیری كەیسەكەی سوریا دەكەن، بەڵام كەیسەكەی لیبیا پەیوەست بوو بەئاستێكی بەرز لەبەرگریی جەماوەری كە یاریدەدەر بوو لەو كەیسە، بەڵام نەك هێزێكی دەرەكی بێت و ببێتە یەكلاكەرەوەی كەیسەكە. بۆیە من وای دەبینم قسەكردن لەبارەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسانە، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین ڕاو بۆچوونی جیاوازی تێدایە و تەنیا یەك بەرژەوەندیی هاوبەشی نییە، هەربۆیە لەوانەیە هەندێك لایەن زیاتر لەگەڵ جیهانی پێشوو بن كە سەقامگیرتر بوو لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ناسەقامگیری لەوڵاتەكاندا هەیە، هەربۆیە زۆربەی لایەنەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو ناسەقامگیرییانەی ئەمڕۆ پەسەند ناكەن، لەلایەنێكی دیكەوە هەمووان لەوە بەئاگان كە بارودۆخەكانی ئەمڕۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت و هەربۆیە كەس ناتوانێت ڕێگە لەڕوودانی گۆڕانكارییەكان بگرێت، هەربۆیە بەڕای من واباشترە گۆڕانكارییەكان لەباوەش بگیرێت و ئیستیعاب بكرێت، لەم هاوكێشەیەشدا لایەنێكی براوە و لایەنێكی دۆڕاوەی لێ دەكەوێتەوە)).
Top