سەردانی سەرۆكی كوردستان بۆ واشنتۆن.. وەرچەرخانێك بۆ زیندووكردنەوەی دیموكراتی و كلیلێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق
April 16, 2012
راپۆرتەکان
پێش كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما لەكۆشكی سپی، لەژمارەی ڕابردوودا كۆمەڵێك پسپۆری نێودەوڵەتی تایبەت بەگوڵانیان ڕاگەیاندبوو، سەردانی ئەمجارەی سەرۆكی كوردستان بۆ كۆشكی سپی دەبێتە وەرچەرخانێك لەپێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، بەڵام دوای دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆك و هیلاری كلنتۆن وەزیری دەرەوە و لیۆن بانیتا وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیكەی ئەمریكا، كەبەشی زۆر تایبەت بوون بەپێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، وەك دیڤید وۆلاك لەسیمینارەكەی سەرۆك بارزانی لەئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك ئاماژەی پێكرد، ئێمە پێمانخۆش بوو زیاتر لەسەر پێشهاتەكانی ناوچەكەو ڕووخانی ئەسەد قسە بكەین، بەڵام وادیارە بەرنامەی جەنابی سەرۆك زیاتر تایبەتە بەهەرێمی كوردستان و عێراق، پاتریك كلاوسنیش گەورە تۆژەری ئامۆژگای واشنتۆن كە دوای سیمینارەكەی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ قسەی بۆ گوڵان كرد، پێی ڕاگەیاندین: (بەڕاستی بەلامەوە سەیربوو كە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ جەختكردنەوەبوو لەسەر بارودۆخەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەكاتێكدا دروستكەرانی سیاسەتی ئەمریكی زیاتر بایەخ بەبارودۆخەكانی وڵاتانی دراوسێی كوردستان دەدەن، لەڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەواتای كێشەی چەكی ئەتۆمی ئێران و هەوڵەكان دژی ڕژێمی ئەسەد لەسوریا، بۆ ئێستا ئەم دوو مەسەلەیە لەسەرووی بایەخەكانە بەلای دروستكەرانی سیاسەتی ئەمریكی لەناوچەكە))، ئەمە لەكاتێكدا سەرۆك بارزانی لەمیانەی پرسیاری ئامادەبوواندا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بەدەوڵەتی ئێران و پشتگیری هەرێمی كوردستان بۆ كوردی سوریا دووپاتكردەوە، سەبارەت بەكوردی سوریا، سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، گرنگترین هەڵوێست بۆ ئێستای كوردی سوریا ئەوەیە یەك سەركردایەتی و یەك گوتارتان هەبێت، بۆ ئێمە زۆر گرنگە بزانین برایانی ئێمەی كورد لەسوریا چۆن یەك هەڵوێستیان دەبێت، بۆیە ئەگەر یەكڕیز و یەك هەڵوێستبن، ئێمەش ئامادەین پشتیوانیتان بكەین، بەڵام پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و سیاسیی نەك پشتیوانی پێدانی چەك و سەربازی، سەبارەت بەكوردەكانی توركیاش سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە، دەركەوت كێشەی كورد بەشێوازی سەربازی چارەسەر ناكرێت، بۆیە ئەگەر هەردوولا بڕیاربدەن بەشێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوا سەقفی هاریكاری ئێمە بۆ هەردوو لایان كراوەیە، بەڵام ئەگەر ڕێگەی دیكە بگرن، ئەوا ڕێگەی ئێمە و ئەوان لێكجیادەبێتەوە، سەبارەت بەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی پرۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ تۆژەری باڵا لەسەنتەری سادات - بیگن و تایبەتمەند لەسەر دۆزی كورد و وڵاتانی ناوچەكە، لەلێدوانێكی تایبەتدا بەگوڵانی ڕاگەیاند: (بەڕای من سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ واشنتۆن خاڵێكی وەرچەرخانی زۆر گرنگە لەڕووی ئەو پێشكەوتنە سیاسیەی كوردستانی عێراق بەخۆیەوە بینیووە، هەموو لەیادمانە كە پێش نەوەدەكان چۆن كورد سەردانی ئەمریكای دەكرد و ئەمڕۆش سەرۆك مسعود بارزانی دەبینین چۆن لەواشنتۆن پێشوازی لێدەكرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو پێشكەوتن و وەرچەرخانەی لەهەرێمی كوردستاندا هاتوونە ئاراوە، سەبارەت بەپەیامی بارزانیش، ئاشكرایە هەموو كات بەڕێز مسعود بارزانی پەیامی ئاڕاستەی هەموو كورد كردووە، نەك تەنیا بۆ كوردەكانی عێراق بەڵكو بۆ هەموو كورد لەوڵاتانی دیكە و بانگێشتی كوردەكانی كردووە بۆ «مافی چارەنووس» و داوای لەهەموو پارچەكانی كوردستان كردووە لەباشوور و باكوور پێكەوە هەماهەنگ بن و پێكەوە كاربكەن، هەربۆیە من پێموایە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیامێكە بۆ سەرۆك ئۆباما كە ئەمڕۆ كورد لەجاران زیاتر یەكگرتووە و پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی لەكورد بكات، بەتایبەتی كاتێك كە كوردستان ئارامترین شوێنە لەناوچەكە و بەتایبەتیش لەسەر ئاستی عێراق. لەلایەكی دیكەش هەموو لایەك لەوە بەئاگان كە پێشكەوتنەكانی كوردستان تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە نییە، بەڵكو هەروەها لەڕووی سیاسیشەوەیە لەبەرئەوەی ئێوە ئەمڕۆ خاوەن حكومەتن لەگەڵ هێزی سەربازی و سووپای تایبەت بەخۆتان، هەموو جیهان لەم ڕاستییە بەئاگایە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا جیهان ئامادەیە پاڵپشتی لەم كیانە بكات و كورد ڕزگاربكات؟ من نازانم، بەڵام بارزانی پەرەپێدانی ئاییندەیی بۆ هەرێمەكە داڕشتووە، بۆیە پێموایە كە لەمبارەیەوە پرسەكانی بۆ «ئۆباما» خستبێتەڕوو، بەگشتی پێموایە هەوڵەكانی بارزانی بۆ ئەوەن كە بیسەلمێنێت هەرێمی كوردستان سەركەتوو بووە و دەرگای واڵایە بۆ ئەوەی جیهان مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بۆیە من هەمیشە ئەوەم وتووە كە ئێستا كاتێكی زۆر باش و گونجاوە بۆ كورد لەبەرئەوەی جیهانی عەرەبی بەگۆڕانكارییەكی بەرفراوان تێدەپەڕێت و كاتێكی گونجاوە بۆ كورد بۆئەوەی هەلەكە بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بقۆزێتەوە.))
تاكڕەوی و دیكتاتۆری قبوڵ ناكرێت
سەرۆك بارزانی ڕاشكاوانە بەئەمریكیەكانی ڕاگەیاند ئێمە خوێنێكی زۆرمان بۆ ئازادكردنی عێراق ڕشتووە و بەهاوكاری سەربازە كوڕ و كچەكانی ئێوەش نەبوایە عێراق ئازاد نەدەكرا لەدیكتاتۆریەت، هەربۆیە دوای پرۆسەی ئازاد كردن، عێراق دەرفەتێكی گەورەی لەبەردەستدا بوو بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدرالی، بەڵام سوود لەم دەرفەتە وەرنەگیرا، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك بارزانی باسی ئەزموونی سەركەتوویی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان نموونەیی و بێ كەموكورتی نییە، بەڵام تاڕادەیەكی باش لەڕووی ئابووری و ئاسایشەوە سەركەوتنی باش بەدەست هاتوون، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەكرد كە لەساڵی 2003 داهاتی تاكە كەس لەكوردستاندا تەنیا 275 دۆلار بووە لەساڵێكدا، ئێستا بەرز بۆتەوە بۆ سەرووی 5 هەزار دۆلار لەساڵێكدا، پێشتر ڕێژەی نەخوێندەواری %56 بوو، ئێستا ئەم ڕێژەیە دابەزیووە بۆ كەمتر لە%16، ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەبەرەو پێشەوەچووندایە لەسەر و هەمووشیانەوە خزمەتگوزاری كارەبا كە توانراوە كارەبا بگەیەنرێتە زۆربەی هەرە زۆری شوێنەكان و لەهەندێك شوێن 24 كاتژمێر كارەبا هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا و كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بودجەی عێراق نزیكەی نیو تریلیۆن دۆلار بووە، بەڵام خۆتان دەتوانن بپرسن، لەعێراقدا كارەباش هەبێت لە3-4 كاتژمێر زیاتر نییە، یەك ملیۆن كەس كراوە بەهێزی چەكدار و بەڵام كردەوەی تیرۆریستی بەردەوامە، بۆیە عێراق لەقەیرانێكی جددی دایە و ئەمەشمان لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و جێگرەكەی بەڕاشكاوی باسكردووە، سەبارەت بەهۆكاری ئەم قەیرانەش سەرۆك بارزانی بەئەمریكیەكانی ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بەرەو تاكڕەوی دەڕوات، سەرۆك وەزیران هەموو دەسەڵاتەكانی لەدەستی خۆی كۆكردۆتەوە لەیەك كاتدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، وەزیری ناوخۆیە، سەرۆكی دەزگای موخابەراتە، بەم دواییەش بانكی ناوەندی عێراقیشی خستۆتە ژێر دەستی خۆیەوە، بۆیە پرسیاری لەئامادەبووان كرد، ئایا لەچ شوێنێكی جیهان بەم شێوەیەیە؟ سەبارەت بەچۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانەش سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوەكردەوە ئەم حكومەتەی عێراق لەسەر شانی ئێمەی خەڵكی كوردستان دامەزراوە، بۆیە بەغدا بۆ هیچ كەسێك چۆڵ ناكەین و دەبێت پێكهاتە سەرەكیەكان بەبەشداری نەتەوەكانی دیكە هەموو پێكەوە حكومڕانی عێراق بكەین، بێگومان بۆ ئەمەش دەستووری عێراق زۆر ئاشكرایە و پابەند بوون بەم دەستوورەش مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بەیەكپارچەیی، بەڵام ئێستا ڕۆژانە ئەم دەستوورە پێشێلدەكرێت، سەبارەت بەم قەیرانەی ئێستا عێراق تێیكەتووە پرۆفیسۆر جودیس یاف ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان لەزانكۆی بەرگری نیشتمانی و شرۆڤەوانی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لەسەر عێراق، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان سەبارەت بەسەردانی سەرۆك بارزانی و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە وتی: (سەرۆك بارزانی پێشتریش چەند جارێكی دیكە سەردانی واشنتۆنی كردووە، بەڵام سەردانی ئەم جارەی لەكاتێكی زۆر سەرنجڕاكێش و پڕ بایەخدا بوو، هەربۆیە پێموایە دوای ئەم سەردانەی بارزانی سەركردە عێراقیەكانی دیكەش سەردانی واشنتۆن دەكەن، ئەوەی جێگەی بایەخە ئەوەیە بارزانی لەم سەردانەی كارنامەیەكی پێیەو لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و بەرپرسانی دیكە باسی لێوەكردووە، بەڵام من تائێستا نازانم هەڵوێستی ئەمریكا لەسەر كارنامەكەی بارزانی چۆن بووە، بەڵام پێموایە بارزانی دەیەوێت گەرەنتی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت و هەروەها هاتووە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەكێشە ناوخۆییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بخاتە ڕوو، بۆیە ئەم كارنامەیە تاڕاددەیەك ئەمریكا دەخاتە هەڵوێستێكی هەستیارەوە، پێشتر مالیكی سەردانی ئەمریكای كردبوو، سەرۆك ئۆباما پێی گوتبوو ئێمە دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەین، بەڵام وادیارە مالیكی بەوشێوەیە ئەو قسەیەی شیكردۆتەوە كە ئازادە هەرچی بوێت بیكات و نەیارەكانی لەناوبەرێت و بەئارەزووی خۆی ڕەفتاربكات، ناكرێ قسەكان بەشێوەی جیاواز شیبكرێتەوە، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا من پێموایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستێوەردانی سەربازیی نابێت بۆ گۆڕینی واقیعەكە، گەر ئەم قسانەم پۆزەتیڤ بن یان نێگەتیڤ، بەڵام واقیعەكەیە و پێموایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك نایەوێ خۆی لەو مەسەلەیە تێوەگلێنێت، بۆیە بەڕای من پێویستە بارزانی هەوڵبدات لەپێناوی پەسەندكردنی یاسای نەوت بۆئەوەی بۆ هەرێم و بۆ بەغداش سوودی هەبێت، پێویستە هەوڵبدات بۆ پاراستنی سنوورەكان لەگەڵ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشە و گرفتانەی كە فشاریان لەسەری داناوە، ئەی سەبارەت بەسوریا؟ ئەی سەبارەت بە توركیا؟ ئەی سەبارەت بە بەرژەوەندییەكانی كورد؟ هەروەها ئایا كێ ئاسایشی كورد دەپارێزێت؟ ڕۆڵی پێشمەرگە، لەئاییندەدا چی دەبێت؟ ئایا كورد بەنیازە لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە؟ ئەگەر نیازی مانەوەی هەبێت ئەوە ئەوكات كورد كاریگەریی زیاتری دەبێت لەوەی كە لە عێراق، دەزانم هەرسكردنی ئەم قسانەم ئاسان نییە، بەڵام ئێوە لەڕای منتان پرسی و منیش پێموایە كە كورد چانسێكی زۆر باشی هەیە، بەڵام دەبێت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو چانسە بكات)).
ئەوەی پرۆفیسۆر یاف ئاماژەی پێكرد، مالیكی بەهەڵە لەپەیامەكەی سەرۆك ئۆباما تێگەیشتووە، بۆیە هەوڵیداوە بەرەو تاكڕەوی مل بنێت، بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە ئایا تاچەند ئەم تاكڕەوییەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دەچێتە سەر، پرۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد مالیكی ناتوانێت لەكوردستان تاكڕەوی و دیكتاتۆری بكات و لەمبارەوە وتی: (لەو بڕوایەدانیم مالیكی ببێت بەدیكتاتۆر لەسەر كوردستان لەبەرئەوەی مالیكی خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نییە، لەوانەیە مەبەستی هەبێت دیكتاتۆرییەت پیادەبكات، بۆیە دەتوانێت لەسەر بەشەكانی دیكەی عێراق دیكتاتۆرییەت پیادەبكات و هەربۆیەیش مالیكی بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات، مالیكی هێزی سەربازی لەژێر دەست دایە و وەزارەتی ناوخۆ لەدەستی خۆیەتی و زۆر شتی تری لەدەستە، بەڵام وێڕای ئەوەیش ناتوانێت لەسەر كوردستان ببێت بەدیكتاتۆر، هەروەها لەوانەیە ئەم پەیامەی بارزانیش كاریگەریی دیكەی هەبێت، لەبەرئەوەی لەپێناو پاراستنی یەكپارچەیی عێراق مالیكی پێویستیی بەبارزانی دەبێت، لەبەر ئەوەی هەر بارزانی بوو لەساڵی 2010دا دەستپێشخەری كرد و بەهۆی ئەو دەستپیشخەرییەی بارزانییەوە بوو كابینەكەی ئێستا پێكهێنرا، لەلایەنێكی دیكەشەوە مالیكی ناتوانێت دوو سەنگەر بۆ خۆی دروست بكات، لەلایەكەوە عەرەبی سوننە و لەو لایەكی دیكەوە كورد لەخۆی بكات بەدوژمن، هەربۆیە من پێموایە كە مالیكی لەتوانایدا هەیە لەدژی عەرەبی سوننە بجووڵێتەوە، بەڵام باوەڕناكەم لەبەرامبەر كورد هیچی پێ بكرێت.))
ڕێككەوتنی هەولێر
گێڕانەوەی هاوسەنگی بوو بۆ دامەزراوەكان
لایەنێكی دیكە كە سەرۆك بارزانی بۆ ئەمریكیەكان جەختی لەسەر كردەوە كە ڕێككەوتنی هەولێر دەبێت جێبەجێ بكرێت و ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتنی هەولێر تەنیا بۆ پێكهێنانی هەرسێ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران نەبووە، بەڵكو ڕێككەوتنی هەولێر كۆمەڵێك ڕێككەوتن بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەوانە:
* چەسپاندنی هاوبەشی ڕاستەقینە لەپرۆسەی حكومڕانی عێراقدا.
* پابەندبوون بەدەستووری عێراق.
* گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ دامەزراوەكان، بەتایبەتی دامەزراوەكانی سوپا و ئاسایشی ناوخۆ.
* پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز.
* جێبەجێكردنی ماددەی 140.
* چارەسەركردنی مەسەلەی پێشمەرگە.
ئەمانە هەموویان لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر بوون و ئەگەر جێبەجێ بكرابانەیە ئێستا عێراق لەم بارودۆخەدا نەدەبوو كە تیایدایەتی، هەربۆیە ئەگەر ڕێككەوتنی هەولێر جێبەجێ نەكرێت، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی گرفتی گەورەتر دەبێتەوە. بۆ خۆدوورخستنەوەش لەم قەیرانە سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوەكردەوە ئێمە مافی خۆمانە نیگەران بین، لەبەر ئەوەی پێویستە سوپای عێراق بەشێوەیەك دروستبكرێتەوە كە سوپای وڵات بێت نەك سوپایەك بێت تەنیا وەفاداری بۆیەك كەس هەبێت، ئێمە دەمانەوێت بەپێی دەستوور و یاسا سوپا دروست بكرێتەوە و سوپا دووربێت لەدەستێوەردانی كاروباری ناوخۆی وڵاتەوە، سەبارەت بەجێبەجێ كردنی ماددەی 140یش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەكرد ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی شەڕ نەبێت، لەبەر ئەوەی شەڕ خراپترین ڕێگە چارەیە، بەپێچەوانەوە ئێمە هەوڵدەدەین دەستوور جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەتەئكید ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، ئەوا زوو یا درەنگ بارودۆخەكە چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت بتەقێتەوە، سەبارەت بەجێبەجێكردنی دەستووریش سەرۆك زۆر ڕاشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئێمە شەش ساڵە چاوەڕێی بەڵێن دەكەین، هەر جارەی بەبیانوویەك بەڵێنەكان جێبەجێ ناكرێن، بۆیە دوای شەش ساڵ سەیرمان كرد هەموو بەڵێنەكان بێ ئەنجام بوون، لەبەر ئەوە ئێمە پێمانوایە كات كراوە نییە، ئێمە ماندووبووین لەبەڵێنی بێ ئاكام و لەقسەكردن، بۆیە پێمانوایە دەبێت سەقفێكی زەمەنی دیاری بكرێت، ئەگەر لەو ماوەیە جێبەجێ نەكرا ئەوا ئێمە ڕاستیەكان دەخەینە بەردەمی میللەتی خۆمان و ئیتر با میللەت بڕیاری خۆی بدات.