سەردانی بــــارزانی بۆ واشنتۆن وەرچەرخانێكە لەپێوەندی نێوان كوردستـان و ئەمریكادا

سەردانی بــــارزانی بۆ واشنتۆن وەرچەرخانێكە لەپێوەندی نێوان كوردستـان و ئەمریكادا
داوەتی فەرمی باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كورستان، وەك داڤید فلیپس ڕاوێژكاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەم سەردانە بەگوڵانی ڕاگەیاند:(ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پەرۆشە بۆ پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی لەواشنتۆن، سەردانەكەی بەڕێزی دەبێتە ئاهەنگ و وەرچەرخانێك لەپێوەندییەكانی ئەمریكی و كورددا، هەروەها دەرفەتێكە بۆ حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی دیپلۆماتی و هێنانەدیی ئەو ئامانجانەی كە كوردەكانی عێراق چەندین ساڵە لەپێناویاندا تێدەكۆشن، هەربۆیە بانگێشت كردنەكە نیشانەیەكە بۆ گرنگیی هەرێمی كوردستان لەڕووی ستراتیژی و هەروەها ئامادەباشیی ئیدارەی ئۆباما بۆ پێكەوەكاركردن لەگەڵ بارزانی لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لەعێراقدا)). ئەمە گوتەی ئەو دیپلۆماتەی ئەمریكایە كە ماوەیەكی زۆر كاری ڕاوێژكاری بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە و هەروەها یەكێكە لەو تۆژەرانەشی زیاتر لە10-15 ساڵە بەوردی دیراسەتی بارودۆخی كورد و عێراق و توركیا دەكات، هەربۆیە ئەم بۆچوونەی پرۆفیسۆر فلیپس بۆچوونێكی سادە نییە و ئاگاداری ئاستی تێڕوانینی دیپلۆماتیەتی ئەمریكایە بەرامبەر بەكورد، هەروەها پرۆفیسۆر مایكل ئۆهالۆن كە یەكێكە لەگەورە تۆژەرانی ئامۆژگای بەناوبانگی برۆكینگز پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر كورد و عێراق، ئەویش سەبارەت بەم سەردانە بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی و وتی:(بەدڵنیاییەوە سەردانی بەڕێز بارزانی بۆ واشنتۆن ئەمە تا ئاستێك بریتییە لەپیشاندانی پشتیوانی ئەمریكا بۆ هەرێمەكەتان، هەروەها ڕەنگە فۆرمێكی نەرمی فشاركردن بێت لەسەر سەرۆك وەزیران مالیكی. بۆئەوەی چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێمدا بكات، بەڵام متمانەم بەوە هەیە كە تاوەكو مالیكی زیاتر دیكتاتۆرانە ڕەفتار بكات، ئەوا مەترسیەكان زیاتر دەبن، سەبارەت بەشێوازی ڕەفتاری دیكتاتۆریانەی مالكیش، پێم وانییە بەچەشنی سەددام بێت. بەڵكو پتر وەك موبارەك ڕەنگە یان وەك ئەسەدبێت. بەڵام بەدڵنیاییەوە سەرەنجامی دوو لەو سەركردانە زۆر خراپ بوو. بۆیە ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە، هۆكارگەلێك هەن نیگەرانمان دەكەن. بەڵام دەبێت كوردەكان ئارامبگرن. ڕێگایەكی باشتر نییە. شەڕ زۆر خراپترە لەو دۆخەی ئێستا ئێمە دەیبینین-هەروەها من باوەڕم نییە ئەمریكا دەستێوەردانی سەربازی بكات. ئێمە زۆر لەوە شەكەتترین شەڕ بكەین)).
پرۆفیسۆر مارینا ئۆتاوا بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەر سەبارەت بەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ واشنتۆن لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی دەربڕی و وتی:(بەڕای من واشنتۆن زۆر نیگەرانە لەبارەی ڕووداوەكانی ئەمڕۆی «عێراق» و ئەو گرژییەی كە ئەمڕۆ لەئارادا هەیە لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیەیش كۆشكی سپی دەیەوێ لەگەڵ سەرۆك بارزانی قسە بكات بەهیوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكە. پێموایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر بەئاگایە لەو ڕۆڵەی كوردستان گێڕاویەتی و كورد هاوپەیمانێكی باشی ئەمریكا بووە، كوردستان كەمترین كێشە و گرفتی هەبووە، لەكاتێكدا پارچەكانی دیكەی عێراق زۆر نالەباربوونە، لەبەرامبەر ئەمەدا زۆر گرنگە كورد دەبێت ئەوە بزانیت كە ئەمریكا حەز دەكات كوردستان لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، بەواتایەكی دیكە كاتێك كە سەرۆك بارزانی لەئاماژەی بەسەربەخۆیی كوردستان كرد، ئەمریكا هەستی بەنیگەرانی كرد لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندیی ئەمریكا-دا نییە كە كوردستان خۆی لەعێراق جیابكاتەوە)).
پرۆفیسۆر ستیڤن زۆنزس ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان لەزانكۆی سانفرانسیسكۆ و شرۆڤەوانی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەبارەت بەبایەخ و گرنگی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا لەلێدوانیكی تایبەتدا بەگوڵانی ڕاگەیاند:(ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی نیشانەی ئەوەیە كە ئیدارەی «ئۆباما» گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ناكرێ نیگەرانییەكانی كورد و عێراق فەرامۆشبكرێت و دەیەوێ جەخت لەوە بكاتەوە كە ئەو نیگەرانییانە لەڕووی سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا-وە لەبەرچاودەگرێت، لەهەمان كاتیشدا پێموایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەكو جاران نفوزی نییە لەبارەی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق، هەروەها مەسەلەكە پەیوەستە بەپاراستنی بەرژەوەندییە هەرێمییەكان و لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكی سەركردایەتیی كورد. هەڵبەتە ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خوازیاری سەقامگیرییە بۆ ناوچەكە لەبەرئەوەی بەدرێژایی مێژوودا هەموو وڵاتە زلهێزەكان سەقامگیرییان بۆ ناوچەكە ویستووە، هەربۆیە سەرهەڵدانی شەڕێكی ناوخۆیی نوێ دەبێت بەهەواڵێكی زۆر ناخۆش بۆ بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها لەتەواوی ناوچەكە، بەداخەوە ئەوەی كە لەتوانای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا-دایە بیكات تەنیا میانڕۆییە بۆئەوەی لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن و سازش بكەن – لەوانەیە سەركەوتوو بێت و لەوانەشە شكست بێنێت – هاوكات بارودۆخەكان هەتا هەتا هەر بەم شێوەیە نابێت، بەڵام بۆحاڵی حازر بارودۆخەكە ناسەقامگیرە و مەترسی هەیە توندوتیژیی زیاتری تێكەوێت، هەروەها ئەمریكا دژی هەموو هەوڵێكی تاكڕەوی و دیكتاتۆرانە دەبێت و هەڵوێستی زۆر توندی لەبەرامبەر ئەم جۆرە ئاڕاستانە دەبیت، بەتایبەتی ئاڕاستەی عەسكەرتاری و دیكتاتۆری.))
گوشاری ئەمریكا بۆ جێیبەجێكردنی دەستوور و دووركەوتنەوە لەتاكڕەوی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامەكەی نەورۆزدا ڕاشكاوانە ئەو كێشانەی دەستنیشانكرد كە بوونە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق و هەروەها هەوڵدان بۆ تاكڕەوی، بۆیە لەكاتێكدا حكومەتی عێراق ئامادە نەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكات، ئەوا سەرۆك بارزانی دەبێت هەموو بڕیارێك ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بكاتەوە، سەبارەت بەم لایەنە پسپۆران پێیانوایە ئەم كێشانەی عێراق تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی سەرۆك بارزانی دەبن لەگەڵ سەرۆك ئۆباما، لەمبارەوەو لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان پرۆفیسۆر دەیڤید فلیپس وتی:(كوردەكانی عێراق باشترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكان لەعێراقدا، سەنگی كورد لەبیرناكرێت و هاوكات ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی عێراقیش لەبەرچاودەگرێت بۆئەوەی ئازادی و سەقامگیری لەوڵاتەكە بچەسپێت. هەروەها هەرێمی كوردستان خاوەن سیاسەتی فەرمی و سەربەخۆیە، كورد دەستووری عێراقی وەكو ستراتیژییەتێكی یەكلاكەرەوە داناوە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكانی لەعێراقدا، ئەو دەستوورە تاكو ئەمڕۆیش بناغەیەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكانی «عێراق» پێكەوە كاربكەن لەسەر بنەمای پاپەندبوون بەدەستوور و لەڕێگەی پاڵپشتی و هاندان لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا-وە لەپێناو بەرەوپێشەوەچوونی وڵات لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن. هەر بۆیە كەس ئەوە پەسەند ناكات كە عێراق ڕێگەی دیكە بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، دەستوور بریتییە لەیەكلاكەرەوەیەكی پەسەندكراو لەلایەن هەمووانەوە بۆ هەنگاو هەڵگرتن بەرەو پێشەوە، من لەنیگەرانییەكانتان تێدەگەم لەبەرئەوەی سەرۆك وەزیران «مالیكی» و حكومەتی ناوەندی نییەتی باشیان لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان پیشان نەداوە و هەروەها پاپەند نەبوونە بەو ڕێككەوتنانەی كە پێشتر لەسەریان ڕەزامەند بوونە، زۆر گرنگە سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی لەبەردەم سەرۆك ئۆبامادا بخاتەڕوو و پاپەندبوونی هەرێمی كوردستان دووپاتبكاتەوە لەبارەی گرتنەبەری ڕێگەچارەی ناتوندوتیژ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی كە عێراقییەكانی دابەشكردووە)).
سەبارەت بەمەترسی دووبارە هەنگاو هەڵگرتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاكڕەوی و هەوڵدان بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی لەعێراقدا، دەڤید فلیپس پێی وتین:(هەڵبەتە ئێوە هەقی خۆتانە هەست بەنائومێدی بكەن، لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی مالیكی ئامادەباشی تێدانییە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، كورد بەدرێژایی دەیان ساڵ و چەندین نەوە مەینەتیی چەشتووە لەپێناو هێنانەدی ئامانجە نەتەوەییەكانیان، ئەمڕۆیش ئەو ئامانجانە لەدەستوور-دا ئاماژەیان پێكراوە، ئەگەر بێت و عێراق پاپەندبێت بەسەروەری یاسا، ئەوكات بەندەكانی دەستوور جێبەجێ دەكات، بەڵام ئەگەر هات و حكومەتی ناوەندی ئامادەنەبوو بۆ جێبەجێكردنی پاپەندبوونەكانی لەسەریەتی، ئەوا ئەوكات پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بخاتەگەڕ لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ناتوندوتیژ لەپێناو هێنانەدیی ئامانجەكانی كورد لەچوارچێوەی كۆمارێكی عێراقیی فیدراڵی و دیموكراسی بەدەسەڵاتێكی نامەركەزی بۆ ناوەند و هەرێمیش لەسەر ئاستی لۆكاڵ حوكمڕانی بكات. بۆ ئەمەش من پێموایە ئەمریكا نفوز و فشارەكانی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی عێراقییەكان پاپەندبن بەڕێككەوتنەكانیان، پاپەندبوونیش بەڕێككەوتنەكان شتێكە كە پەیوەستە بەخودی عێراقییەكان كە پێویستە لەلایەن و لەنێو خودی عێراقییەكاندا جێبەجێ بكرێت، بۆیە ڕێككەوتنێك لەنێو عێراقییەكان ئەنجامبدرێت بۆ پاپەندبوون بەدەستوور. عێراقی نوێ لەڕێگەی دیالۆگ كێشەكانی چارەسەردەكات، عێراقی پێشوو كێشەكانی بەتوندوتیژی چارەسەردەكرد، پێشتر كورد لەپرۆسەی عێراقدا ڕۆڵێكی كاریگەر و گەورەی گێڕاوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بن لەپاپەندبوون بەدانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە من دووپاتی دەكەمەوە ئەمریكا پاپەند دەبێت بەجێبەجێكردنی دەستووری عێراق و لەئاییندەشدا ئەم پابەندبوونە دووبارە دەكاتەوە)).
هیچ لایەك تاكڕەوی قبووڵ ناكات
كێشەی سەرەكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەیە كە هەوڵدەدات عێراق بگێڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی سەنترالی و هەموو دەسەڵاتەكان لەدەستی خۆیدا قۆرخ بكات، بەرامبەر بەهەرێمی كوردستانیش بەردەوام لەهەوڵی ئەوە دایە كە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە، یان كێشەو ئاستەنگ بۆ پرۆسەی پەرەپێدان و گەشەسەندنی كوردستان دروست بكات، سەبارەت بەم لایەنە پرۆفیسۆر مارینا ئۆتاوا لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئەگەر مالیكی لەسەر ئەم ڕەفتارانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت ئەوە هیچ لایەك لێی قبووڵ ناكات و لەمبارەوە وتی:(بەڕای من ئەمریكا ئەوەی لەتوانایدا هەبێت دەیكات بۆ ڕێگری لەجیابوونەوەی كوردستان لەعێراق، ئەگەر هات و ئەمەش ڕوویدا ئەوە پێموایە لەمەودایەكی دووردا زۆربەی وڵاتان بەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا-شەوە واقیعەكە هەرسدەكەن، بەڵام پێموایە هەوڵ و كۆششی دیپلۆماسیی زۆر دەخرێتەگەڕ لەپێناو قەناعەتپێكردنی كورد بۆئەوەی جیانەبنەوە لە عێراق، بۆیە من پێموایە لەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ واشنتۆن سەرۆك ئۆباما هەوڵدەدات كە قەناعەت بە بارزانی بكات بڕیاری سەربەخۆیی نەدات و گوشاریش دەخاتە سەر مالیكی بۆ ئەوەی پابەند بێت بەدەستورەوە)).
Top