لەساڵیادی لەدایكبوونی سیمبولی نەتەوەییماندا، هەوڵێك بۆ خوێندنەوەی ئێستامان لەناو ڕێبازی بارزانی دا
March 14, 2012
راپۆرتەکان
یادكردنەوەی ساڵیادی لەدایكبوونی سیمبولەكانی نەتەوە، یان وەك ئەوەی ئەمریكیەكان پێی دەڵێن باوكانی دامەزرێنەر، یان وەك تورك و هیندیەكان پێی دەڵین باوكی نەتەوە، یادكردنەوەی لەدایكبوونی كەسێك نییە، بەڵكو یادكردنەوەی قۆناخێكی مێژووی نەتەوەیە، كە ئەو كەسە یان ئەو سیمبولە خاوەنی دوو مێژووە، مێژوویەك كە خۆی وەك تاك یان كەسێك تێیدا ژیاوە، مێژوویەكی دیكە كە ئەو كەسە یان ئەو تاكە، ڕۆڵی سەرەكی لەدروستكردنی مێژوویەكی دیكە گێڕاوە، كە ئەو مێژووە نوێیە، بەقۆناخێكی تازەی مێژووی نەتەوە دەژمێردرێت، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ساڵیادی لەدایكبوونی باوكی نەتەوە یان سیمبولی نەتەوە، هێندەی بەراوردكردنە لەنێوان دوو مێژووی جیاوازی نەتەوە و هێندەی قووڵبوونەوە و ڕۆچوونە لەسەر چۆنیەتی ڕەفتاركردن و بڕیاردان بۆ دروستبوونی ئەو مێژووە نوێیە و بەردەوامی ئەو مێژووە، هێندە ڕاوەستان و هەڵوەستە كردن نییە لەسەر خودی تاكە كەسەكە یان ئەو كەسەی كە نازناوی باوكی نەتەوەی پێدەبەخشرێت، هەربۆیە نەتەوەكانی جیهان كاتێك ساڵیادی سیمبولەكانیان دەكەنەوە، لەسەر ئەو چەمكانە ڕادەوەستن كە مێژووی نوێی بونیادناوە و ژیانێكی باشتریان لەسەر ئەو چەمكانە بونیاد ناوە كە سیمبولی نەتەوە بۆی پراكتیزە كردوون، كەواتە ئەم دێڕانەی لەم باسەدا و لەساڵرۆژی لەدایكبوونی سیمبولی نەتەوەییمان دەینووسین، هێندەی هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی نەتەوەیەكە لەماوەی نزیكەی 110 ساڵی ڕابردوودا، هێندە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی ژیانی مستەفا بارزانی نییە، بەڵكو دووبارە خوێندنەوە و هەڵوەستەكردنە لەسەر ئەو مێژووە و بەردەوامی ئەو مێژووە، هەر ئەمەشە مانایەكی جیاواز دەداتە ساڵیادی لەدایكبوون، وەك مێژوویەكی بەردەوام، كە بەردەوام پێویستی بەخوێندنەوەی نوێ و بەردەوام پێویستمان پێیەتی بۆئەوەی هەنگاو لەناو ئەو مێژووەوە بۆ ئاییندە هەڵبگرین، ئەمە فێرمان دەكات چۆن ئەڵقەكانی مێژوو پێكەوە گرێبدەینەوە و چۆن لەناو ئەم مێژووەوە ئەڵقەی دیكە وەك بەردەوامییەك بۆ ئەو مێژووە دروست بكەین، كەواتە یادكردنەوەی ساڵیادی لەدایكبوونی نەتەوە بەدیوێكدا گەڕانەوەیە بۆ ناو مێژووی نەتەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەوە نییە وەك ڕابردوو ئەو مێژووە بخوێنینەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە لەو مێژووەوە ئێستا بخوێنینەوە، بەمانایەكی دیكە ئەگەر بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی بارزانی مستەفا، گەڕانەوە بێت بۆ ناو ڕێبازی بارزانی بەو مانایەی گەڕانەوە بێت بۆ ناو ئەو چوارچێوە فیكرییەی توانی ئیمكانیەتی ئەو سەردەمی كۆمەڵگە لەقۆناخی بیركردنەوە لەشۆڕشی ناوچەگەرییەوە بگۆڕێت بۆ شۆڕشی سەرتاسەری هەر چوار پارچەی كوردستان و بەشداری كردەیی لەدامەزراندن و بەرگری كردن لەكۆماری كوردستان و هەروەها پەلو پۆ هاویشتنی ئەم ڕێبازە لەچواچێوەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو چوارچێوە فیكرییەی پێی دەڵێن(ڕێبازی بارزانی) سەرچاوەیەكی فیكری دەوڵەمەند و گەنجینەیەكی لەبن نەهاتووی فیكریكە بۆ هەموو بوارەكانی ژیان و ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە و دووبارە پێناسەكردنەوەی ئێستا وەك بناخەیەك بۆ بونیادنانی داهاتوو. ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات هەڵوەستە لەسەر ئەو مێژووە بكەین كە مستەفا بارزانی تێیدا بووە ڕێبەری نەتەوەو و ئەمڕۆ وەك باوكی نەتەوە ساڵیادی لەدایكبوونی دەكەینەوە، كە خودی ئەو مێژووە بۆتە بەشێك لەمێژووی نەتەوەیەك كە دەیەوێت لەچوارچێوەی ئەو مێژووەدا ڕۆژە پرشنگدارەكانی ئاییندەی ببینێت.
مستەفا بارزانی وەك سیمبولی ئەخلاق و عەدالەت
ئەگەر مرۆڤ وەك هەستكردن و پاڵنەری ئارەزووەكانی خۆی بەئەندامی جیهانی سروشت بزانێت و، وەك پێویستی ملكەچی یاساكانی سروشت بێت، بەو سیفەتەی یاساكانی سروشت كۆنترۆڵی ئەو جیهانەیان ڕاگرتووە، ئەوا هەمان مرۆڤ بەهۆی ئەقڵیەوە ئەندامی جیهانێكی ترە كە ئەویش جیهانی ماقووڵە، جیهانی ماقووڵیش واتە ئێمە هاووڵاتیانی وڵاتێكین دەمانەوێت بەبیركردنەوە و ئەقڵمان ئەم وڵاتە ڕۆشن بكەینەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا تاكەكانی ئەم وڵاتە دەبنە هاووڵاتی لەوڵاتی ئامانجە ڕۆشنەكاندا، بۆیە لێرەوە ئەگەر ڕایەڵێك لەنێوان جیهانی سروشت و جیهانی ماقووڵ دروست بكەین، هەست دەكەین مرۆڤ بەتەجرەبە گەیشتۆتە ئەوەی یاساكانی سروشت بدۆزێتەوە و لەوە تێبگات چۆن ئەم یاسا سادە و گەورانە ڕێكخستنی سروشتیان ڕاگرتووە، بەهەمان شێوە هەر تەجرەبە مرۆڤی فێركردووە كە بەڕەخنەگرتن لەئەقڵی خۆی(ئەقڵی بەتەنیای تیۆری و ئەقڵی پراكتیكی) كۆمەڵێك یاسا بۆ ڕێكخستنی ژیانی خۆی بەرهەم بێنێت كە ئەویش یاساكانی ئەخلاقە یان ئەو بنەما ئەخلاقیانەیە كە لەئەقڵدا بوونیان هەیە، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت چۆن یاساكانی سروشت بەو سادەییەی خۆیان ئەو ڕێكخستنە گەورەیەی سروشتیان ڕێكخستووە، ئەوا بنەما سادەكانی ئەخلاقیش كە سەرچاوەكەی ئەقڵە و دەبێتە بەرهەمهێنەری ئیرادەی خێر دەبێتە ئەو هێزەی وەك كانت دەڵێت:(ناتوانین هیچ شتێك لەم جیهانە بەشێوەیەكی ڕەها وەك خێر هەژمار بكەین، تەنیا ئیرادەی خێر نەبێت)، كەواتە ئیرادەی خێر كە دەكرێت وەك هێزی میتافیزیكی ئەخلاقی پێناسەی بكەین بۆئەوەی بتوانین كۆنترۆڵی ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگەی پێبكەین و كۆمەڵگەی بەرەو كۆمەڵگەیەكی كامەران و خۆشگوزەران پێ بەرین، بۆیە لێرەوە ئەگەر سەرنج زیاتر لەسەر كاریگەری ئیرادەی خێر بدەین، هەست دەكەین، ئەم ئیرادەیە بەو مانایە پێی ناگوترێت خێر كە ئاكامی ئەو ئیرادەیە كاریگەری بۆ چەند كەسێك هەبووە، یان سەركەوتنی بۆ گرووپێك یان حزبێك بەدەست هێناوە، بەڵكو بەو مانایە پێی دەگوترێت ئیرادەی خێر و بەخێر هەژمار دەكرێت، كە چۆنیەتی هەڵسوڕان یان كارپێكردنی ئەو ئیرادەیە، لەبەرژەوەندی هەموو ئەو خواست و ئارەزووانەدا بێت كە هەموو ئومێدی بۆ دەخوازین، لەمەش فراوانتر ئیرادەی خێر دەگاتە ئەو پێگەیەی كە ئەو ئومێدە بێت كە سەرجەم مرۆڤایەتی ئومێدی بۆ دەخوازێت، ئەم خوێندنەوەیە بەدیوێكی دیكە بەرەو ئەو ئاڕاستەیەمان دەبات بڵێین، ئیرادەی خێر كەس ناتوانێت خاوەنداریەتی بكات، یان كەس ناتوانێت بانگێشە بۆ ئەوە بكات كە ئەو خاوەنی ئیرادەی خێرە و بیروبۆچوونە جیاوازەكانی دیكە خاوەنی نین، بەڵكو ئیرادەی خێر مانای ئاكامی ڕەفتارە كە بنەما ئەخلاقیەكان چوارچێوەكەی دیاری دەكەن، لێرەوە ئەگەر بشمانەوێت ئەم مێژووە بەدیدێكی تاك لایەنی حزبێكی دیاریكراو یان بیروبۆچوونی نەتەوەیەكی دیاریكراو یان ئایینێكی دیاریكراو بخوێنینەوە، ئەوا لەكاتی ئەم خوێندنەوەیەدا هەتا ئەگەر وشەكانمان زۆر ڕەونەق و بریقەداریش بن، دەبنە ئەو ئاوریشمەی كە ڕەونەقی گەوهەرێكی بریقەدار دەشارنەوە، خۆ ئەگەر بێ ویژدانانەش بەچاوێكی ناحەزانە بمانەوێت ئەو ئیرادە خێرە ناشرین بكەین، ئەوا وەك ئەوەیە گەوهەرێك فڕێ بدەینە ناو قوڕەوە، بەڵام وەك وتوشیانە گەوهەر لەناو قوڕدا ون نابێت، بۆیە كاتێك لەم چوارچێوەیەدا باسی بنەماكانی ئەخلاق و عەدالەت لەناو ڕێبازی بارزانی دەكەین، دەمانەوێت ئەوە بەخوێنەری خۆمان بڵێین، ئەم ڕێبازە نە پێویستی بەوەیە پێیدا هەڵبڵێین، لەبەر ئەوەی لەباشترین حاڵەتدا و چەند پێداهەڵدانەكەمان بڕازێنینەوە، لەو ئاوریشمە زیاتر نابێت كە گەوهەرێكی پێ دەشاردرێتەوە، ئەگەر ڕەخنەشی لێبگرین لەو قوڕە زیاتر نابێت كە ناتوانێت ڕەونەقی گەوهەرەكە بشارێتەوە، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت بەهای ئەو گەوهەرە لەناو خودی گەوهەرەكەدایە نە هیچ پیاهەڵدانێك دەتوانێت بەهای ئەو گەوهەرە زیاد بكات و نەهیچ ڕەخنەیەكیش دەتوانێت بەهای ئەو گەوهەرە كەمبكاتەوە، بەڵام كاركردن بەو ئیرادە خێرە فێری ئەزموونێكمان دەكات چۆن بنەما ئەخلاقیەكان لەنێو ئەقڵدا دەدۆزینەوە و چۆن بنەما ئەخلاقیەكان دەكەینە ئەو میتۆدەی مانای كامەرانی كۆمەڵگەی خۆمانی پێبدۆزینەوە، لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو ڕێبازەكە و پرسیار لەمێژووی مستەفا بارزانی بكەین چۆن ڕەفتارەكانی بوونە پرشنگی ئەو گەوهەرەی ئێستا پێی دەڵێن (ڕێبازی بارزانی)؟ ئەوا لەوەڵامدا دەڵێین پابەندبوونی مستەفا بارزانی بووە بۆ ئەو بنەما ئەخلاقیانەی لەناو تەریقەتی بارزاندا عەدالەتی لەداكۆكیكردن لەنەمانی زوڵم و زۆرداری لەناو گەلی ماف خورا و زوڵم لێكراوی كوردستاندا، بەجیاوازی نەتەوەو ئایینەوە ڕاگەیاندبوو، هەربۆیە كاتێك لەتەمەنی لاوێتیدا شێخ ئەحمەدی بارزانی، مستەفا بارزانی ڕادەسپێرێت بەفریای شۆڕشی باكوور و دواتریش بەفریای شۆڕشەكانی شێخ مەحمودی حەفید لەسلێمانی بكەوێت، بارزانی مستەفا وەك سەربازێك لەسەری ئەو بنەما ئەخلاقیانەی لەسەر پەروەردە بووە بۆ هاوكاری براكانی لەسلێمانی و باكوور هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەمەیە پێمان دەڵێت پڕشنگەكانی گەوهەری ئیرادەی خێر چۆنیەتی كاركردن و ڕەفتار كردنە بەو ئیرادەیە و چۆنیەتی مانا دانانە بەو ئیرادەیە، ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە هەڵوەستەی زیاتر بكەین، دەبینین چوونی مستەفا بارزانی بۆ هاوكاری باكوور و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید، نەبوونە هۆكارێك بۆ سەركەوتنی شۆڕشەكە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم ڕەفتارەی مستەفا بارزانی لەگەڵ خواستی گشتی و بەرژەوەندی گشتی گەلی كوردستاندا یەكدەگرێتەوە، ئەوا لەئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، دەبینین پڕشنگەكانی ئەو ئیرادەیە ئێستامان بۆ ڕووناك دەكاتەوە و خوێندنەوەیەكی تازەمان فێر دەكاتەوە كە ئەویش ئەوەیە ئیرادەی خێر بۆچوونە جیاوازەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە نەك لێكیان جیابكاتەوە، بەڵام لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە ئەم ڕێبازە تەنیا گەڕانەوەیەك نییە بۆ ئیرادەی شۆڕشگێڕی بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشێك بۆ لابردنی زوڵم و ستەم لەسەر ئاستی سیاسیی و بەس، بەڵكو شۆڕشێكی هەمەلایەن بووە و هەموو شۆڕشەكانیش لەیەك كاتدا پێكەوە دەستیان پێكردووە، هۆكاری سادە بۆ ئەمەش ئەوەبووە، لەبەر ئەوەی ڕێبازی بارزان، گەیشتن بووە بەوەی نابێت چیدیكە زوڵم و زۆرداری قبوڵ بكرێت و پێویستە ئەو مرۆڤانەی دوای ئەو ڕێبازە دەكەون هەست بەماناكانی ئازادی بكەن، بۆیە پێش ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر زوڵم و ستەمی داگیركەران دەستی پێبكرێت و ببێتە بنەمایەكی ئەخلاقی بۆ هەستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەریی، هەوڵدراوە ئەم هەستە پاكەی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە لەناو ژینگەیەكی عەدالەتەوە بێتەدەرەوە، بێگومان عەدالەت تەنیا لەنێوان پیاوەكاندا نا، بەڵكو لەنێوان ژن و پیاودا، هەروەها عەدالەت لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە و پاراستنی جوانی سروشتی كوردستان، بۆیە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ ناو ئەو مێژووەی پێی دەڵێن مێژووی لەدایكبوونی سیمبولی نەتەوە یان باوكی نەتەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ناو ئەو مێژووەی كە ئیرادەیەكی بەرهەمهێناوە هەموو بوارەكانی ژیان دەگرێتەوە، بەڵام سەرنجدان یان گەڕانەوە بۆ ئەم ئیرادەیە بۆ ئەوەنییە تەنیا لەناو ئەو مێژووەدا ئەم ئیرادەیە ڕەنگدانەوەی هەبێت، بەڵكو گەڕانەوە بۆ ناو ئەو مێژووە بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو ئیرادەیەیە بۆئەوەی بزانین بۆ ئێستا ڕەنگدانەوەی چۆن دەبێت، هەروەها گەڕانەوە بۆ ناو ئەم مێژووە بۆ ئەوەنییە ئەم ئیرادەیە وەك پەیكەرێك سەیر بكەین، بەڵكو بۆ ئەوەیە چۆن ئەم ئیرادەیەی ڕابردووی بونیاد ناوە ئێستا و ئاییندەشی پێ بونیاد دەنرێتەوە، هەروەها گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە بۆ ئەوەنییە لەخاڵێكدا ڕابوەستین و پێمان وابێت ئەم ئیرادەیە لەخاڵێكدا كۆتایی دێت، نەخێر گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە بۆ بەردەوامیدانە بەو ئیرادەیەی مێژووی نوێی نەتەوەی دروستكردووە، بۆیە هەتا ئەو مێژووە بەردەوامی هەبێت و خەڵكی كوردستان خۆیان هەڵسوڕێنەری ئەو بەردەوامیە بن، ئەوا دەبێت ئەو ئیرادەیەش بەردەوامی هەبێت و نەوە لەدوای نەوە بەپێی ئیمكانیەتی سەردەم و چۆنیەتی هەڵسوڕاندنی ئەو ئیمكانیەتانە مانایەكی تازە بەو ئیرادەیە ببەخشێتەوەو وەك سەرچاوەیەكی خێر، پڕشنگی بۆ هەموو لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگە بدرەوشێتەوە.
مێژووی لەدایكبوون مێژووی نەوەكانی ئێستا و ئاییندە
جوانی مێژووی لەدایكبوون، جوانی خوێندنەوەی مێژووە نەك گێڕانەوەی مێژوو، گەڕانەوەیە بۆ مێژوو بۆ خوێندنەوەی ئێستا و هەنگاو هەڵگرتن بۆ ئاییندە، نەك گێڕانەوەی ئێستا بۆ ڕابردوو، ئەمەش واتە بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوون بەردەوامی مێژووە و گرێدانەوەی ئێستا بەڕابردوو، بەڵام ئەم گرێدانەوەی هاوتاكانی ئەڵقەكانی نێو زنجیرەی مێژوو نییە بەیەكتری، بەڵكو پیشاندانی جیاوازی نێوان ئەڵقەكانی یەك زنجیرەی مێژووە، بۆیە لەم خاڵەوە كاتێك فەرەنسیەكان دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی دیگۆڵ، بۆ ئەوە ناگەڕێنەوە بچنەوە كۆماری چوارەم و جارێكی دیكە كۆماری پێنجەم ڕابگەیننەوە، بەڵكو جارێكی دیكە بەگیانی دیگۆل خوێندنەوەی ئێستایان بۆ داهاتووی فەرەنسا سەرلەنوێ كۆماری پێنجەم تازە دەكەنەوە یان هەوڵدەدەن بەهەمان ڕێبازی دیگۆل كۆماری شەشەم بونیاد بنێنەوە كە لەگەڵ واقیعی ئێستا و پێگەی شكۆی فەرەنسا لەجیهاندا بگونجێت، هیندییەكان كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ گاندی بۆ ئەوە ناگەڕێنەوە بۆئەوەی لەسفرەوە دەست پێبكەنەوە و هەموو ئابووری هیندستان بە بەرهەمهێنانی خۆیەوە ببەستنەوە، بەڵكو لەگاندیەوە ئەوە فێربوونە چۆن پشت بەخۆبەستن و پەنابردن بۆ ئەقڵی خۆماڵی هیندستانیەكان دەتوانێت شەڕی ئەمڕۆی مەعریفە لەگەڵ جیهاندا بكات، گاندی بەئینگلیزەكانی وت گەلی من توانای ئەوەی هەیە بەئیمكانیەت و توانای خۆی پێشبكەوێت، بۆیە دەبێت هیندییەكان ئەوە لەگاندیەوە فێربن، كە گەلی هیندستان خاوەنی ئیرادەیە و دەتوانێت وێڕای هەژاریەكەشی ئیرادەی خۆی پیشانی جیهان بدات، ئێستای ئەمریكیەكان كە لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بەگەڕانەوەیە بۆ باوكانی دامەزرێنەر، هنتگتۆن گوتەنی پێویستیان بەوەیە هەیە لەخۆیان بپرسن: (ئێمە كێین؟ ?Who are we)، پرسیار كردن بەوەی ئێمە كێین، بەو مانایە نییە كە ئەمریكیەكان لەهەموو مرۆڤایەتی زیاترن و دەبێت سەروەریی هەموو مرۆڤایەتی بن، بەڵكو بەو مانایەی ئەمریكیەكان پەروەردەی كۆماری ئازادی ئەمریكان و پاراستنی ئازادیش پێویستی بەگێڕانەوەی شكۆ بۆ ئەو ئاڵایە هەیە كە جۆرج واشنتۆن و باوكانی دیكەی دامەزرێنەری ئەمریكا هەتا ئەمڕۆ نەوە دوای نەوە ڕایانگرتووە بۆ ئەوەی شەكاوەبێت و نەكەوێتە سەر زەوی، بۆیە هنتگتۆن لەو كتێبەدا داوا لەئەمركیەكان دەكات بگەڕێنەوە بۆ ژێر ئەو ئاڵایە و هەمووتان ئەو ئاڵایە بەدەستەوە بگرن، بۆ ئەوەی بەیەكڕیزی دژی تیرۆر بوەستنەوە، بۆ ئێمەش گەڕانەوەمان بۆ مێژووی بارزانی و ڕێبازی بارزانی، هەوڵدانێكی دیكەیە بۆ خوێندنەوەیەكی نوێ، بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فیكری نوێیە لەخوێندنەوەی تازەی ئەو مێژووە و هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو دروشمە بەرزەی كە دەڵێت (كوردستان یان نەمان)، هەر ئەمەش بووە هەوێنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و هەموو كوردستانیەكانی لەژێر چەتری ئەم دروشمە كۆكردەوە، بۆیە گەڕانەوەمان بۆ ئەم دروشمە هەڵوەستە كردنە لەسەر مانای كوردستان لەڕێبازی بارزانیدا، كە ئەویش مانای ئازادییە، بۆیە دروشمی كوردستان یان نەمان، دەقاو دەق واتە (ئازادی یان نەمان)، كەواتە ئەو كوردستانەی بارزانی نەمر باسی دەكات، مانای ئازادییە، بۆیە ئەگەر لەناو كوردستاندا ئازادی نەبوو ئەوە ژیان هیچ مانایەكی نییە، بەڵام ئەگەر ئەم هاوتاكردنەی كوردستان بەئازادی لەڕێبازی بارزانیدا زیاتر هەڵوەستەی لەسەر بكەین و بۆ ئێستا دووبارە بیكینەوە بەسەرچاوەی بیركردنەوە و بنەمایەكی ئەخلاقی بۆ هەنگاو هەڵگرتنمان بۆ ئاییندە، دەبیننن، ماناكانی ئازادی لەڕێبازی بارزانیدا بەمجۆرە بووە:
1. پرسی دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان دوا ئامانجی ڕێبازی بارزان بووە، بۆیە لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانیەوە، دروستكردن یان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان یەكێك لەئامانجە سەرەكیەكانی ئەم ڕێبازە بووە، وێڕای ئەوەی ئەم ئامانجە هەتا ئێستا نەهاتۆتەدی، بەڵام ئیرادەی دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان ئیرادەیەكی زیندووە و وەك بەڕێز مسعود بارزانی لەچەندین بۆنەدا ئاماژەی پێكردووە و لەدیمانەیەكی تایبەتیشدا بەگوڵانی ڕاگەیاند: (پشتیوان بەخوا ئەو ڕۆژە هەر دێت كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات)، بۆیە ڕێبازی بارزانی پێمان دەڵێت یەكەم وێستگەی مێژووی ئازادی خەڵكی كوردستان لەكۆماری ئازادی كوردستانەوە دەست پێدەكات، لەو ساتەی هاووڵاتیانی كوردستان هەست دەكەن ئەندامی ئەو كۆمارە ئازادەن و ئەو كۆمارە ئازادە ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی هەموو لایەكە.
2. ئەم كۆمارە ئازادە بەئیرادەی خێر دروست دەبێت كە ڕەنگدانەوەی خواستی كۆدەنگی و یەكڕیزی سەرجەم تاك و گرووپ و حزبە سیاسییەكانی كوردستان بێت، بۆیە هەر لەسەر ئەم بنەمایە بارزانی نەمر لەدەسپێكی شۆڕشی دووەمی بارزاندا لیژنەی ئازادی وەك ڕەشماڵێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان دروستكرد، ئەمەش پێمان دەڵێت بارزانی مستەفا لەیەكەم هەنگاویدا شۆڕشی بەمانای ئازادی بەكارهێناوە و سەركردایەتی شۆڕشەكەی بەلیژنەی ئازادی ناوبردووە و كاری ئەو لیژنەیەش سەركردایەتی هەوڵەكان بووە بۆ ئەو ئازادییەی كە ئامانجی شۆڕشەكەبووە، هەربۆیە دوای شۆڕشی دووەمی (بارزان)، ئەم لیژنەیە كارەكانی تەواو نابێت، بەڵكو دەچێت بۆ هاریكاری كۆماری كوردستان و پاراستن و ڕێكخستنی ئازادی لەو كۆمارە ساوایەدا، هەر ئەمەش بنەمای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت دامەزراندنی پارتی قۆناخێكی پێگەیشتووترە لەفیكری بارزانیدا، بەوەی پاراستنی ئازادی بەدیموكراتیەوە گرێدەداتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ڕێبازی بارزانی لەگەڵ دامەزراندنی پارتی پێمان دەڵێت ئازادی بەدیموكراتی دەپارێزرێت، بۆیە لەشێوازی دامەزراندنی پارتیدا، پێناسەی دیموكراتیمان بۆ دەكات و پێمان دەڵێت، دیموكراتی واتە دروستكردنی زەمینەیەك بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و هەروەها هاریكاری و هەماهەنگی خەڵك و كۆی بیروبۆچوونە جیاوازەكاندا، هەربۆیە ئەگەر سەیری دامەزراندنی پارتی بكەین لەسەر دەستی مستەفا بارزانی، پارتی هێندەی بەرەیەك بووە بۆ كۆكردنەوەی خەڵك و بیروبۆچوونە سیاسیە جیاوازەكان لەناو یەك بازنەدا، هەر ئەم ڕێكخستنەوەی كۆی تواناكانیش بوو كە توانی شۆڕشی ئەیلوول بەرپا بكات و لەناو شۆڕشی ئەیلوویشدا، ڕەشماڵی شۆڕش و ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش زیاتر فراوان بوو بەئاستێك كە مەرج نەبووە ئەوەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بێت ئەندام یان هەواداری پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، بەڵكو بێجگە لەوەی خەڵكانێكی زۆر بێلایەن پێشمەرگە بوون، لەهەمانكاندا حزبەكانی دیكەش وەك حزبی شیوعی عێراق و كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد و لایەنی دیكەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوون ئەندامی حزبی دیكە بوون، هەروەها بەشێك لەداستان و سەروەرییەكانی شۆڕشی ئەیلوول چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی پێوە دەكات، بەهەمان شێوە حزبەكانی دیكەش شانازی پێوە دەكەن و بەسەربەرزییەوە بەمێژووی خۆیانی لەقەڵەمدەدەن، بۆیە بۆ ئێستاش كە لەقۆناخێكی دیكەداین پێویستە ئەم ئەزموونە وەك شۆڕشی ئەیلوول هی هەموومان بێت و هەموومان شانازی پێوە بكەین و هەمووشمان قوربانی بدەین بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە زیاتر سەركەتوو بێت.
3. بارزانی مستەفا ئایینی بەكۆڵەگەی كۆمەڵگە دەزانی و بەسەرچاوەی خواناسی و ئەخلاق لەكۆمەڵگە دایدەنا، بۆیە هەموو كات ڕێزی هەموو ئایینە جیاوازەكانی دەگرت و جیاوازی لەنێوان پێڕەوانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نەدەكرد، لەمەش گرنگتر لەبەر ئەوەی بەشی زۆری خەڵكی كوردستان موسڵمانە و بۆئەوەی زانایانی ئایینی كوردستان بتوانن بەباشترین شێوە ڕۆڵی خۆیان لەبوارەكانی كۆمەڵگە بگێڕن، بارزانی مستەفا وەك دەستپێشخەریەك بۆ یەكەمین جار لەمێژووی كوردستاندا، یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانی دروستكرد، دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە بۆ زانایانی ئایینی ئیسلام، ئاماژە بوو بۆ پێگەو مەقامی زانایانی ئایینی لەكۆمەڵگەی كوردستان و پیشاندانی ئەوەبوو كە پێگە و مەقامی زانایانی ئیسلامی بۆ دروستكردنی بنەمایەكی ئەخلاقی لەكوردستاندا هەنگاوێكی گرنگە بۆ هێشتنەوەی ئەو پێگە و مەقامە و تێكەڵنەكردنی بووە لەگەڵ سیاسەتدا.
4. بارزانی مستەفا، پێش هەمووان لەسەر ئاستی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەستی كرد كە شۆڕش بۆ ئازادی و بونیادی دیموكراتی بەبێ بەشداری خانمان و ئافرەتانی كوردستان سەركەتوو نابێت، بۆیە لەساڵی 1959 و لەگەڵ گەڕانەوەی لەسۆڤیەتی پێشانەوە بۆ كوردستان دەستپێشخەری كرد بۆ دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە تەنیا بۆ ئەوە نەبوو پیشانبدرێت ئافرەت بایەخی پێدەدرێت، بەڵكو بۆ ئەوەبوو كە ئافرەت بچێتە سەركردایەتی پارتی و بەشدار بێت لەدەركردنی بڕیارەكاندا، بۆ ئێستامان لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی ئافرەت و خانمانی كوردستان لەسەركردایەتی پارتی و پەرلەمان زیادی كردووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەحكومەتدا هێشتا كەمە و پێویستی بە چاوپێداخشانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی خانمان و ئافرەتانی كوردستان لەوە زیاترن بە وەزارەتێك یان دووان لەحكومەتدا بەشداری بكەن.
5. بارزانی مستەفا لەگەڵ ئەوە نەبوو لاوان و قوتابیان ڕاستەوخۆ پێوەندی بەحزبەوە بكەن و وەك كادری حزب پەیڕەو و پرۆگرامی حزبێكی دیاریكراو (با ئەو حزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بێت) پەروەردە بن، بۆیە هەر زوو بیر لەوە كرایەوە یەكێتی قوتابیان و لاوان و لەتاراوگەش كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بونیان هەبێت، ئامانج لەم هەنگاوانە تەنیا بۆ ئەوەنەبوو لاوان و قوتابیان بەڕێگەی ناڕاستەوخۆ بكرێنە پارتی، بەڵكو ڕێكخراوی قوتابیان و لاوان، وێستگەی پەروەردەی كوردایەتی و نیشتمان پەروەری بووە بۆ هەموو لاوەكان، بۆئەوەی فراوانتر لەكادرێكی حزب بیر بكەنەوە و بەردەوام ئەم خوێنە تازەیە بڕژێتە ناو پارتیەوە بۆ ئەوەی پارتی بەرەو حزبێكی ئایدیۆلۆژی داخراو هەنگاو هەڵنەگرێت، ئەمانەشی بەسەری ڕمی هەموو شۆڕش و ڕاپەرینێك دانابوو، بۆیە ئەگەر ئەم لایەنەش خوێندنەوەی بۆ بكەین، بارزانی مستەفا، دروست بوونی گیانی شۆڕش و ڕاپەڕین بەجۆشدانی گیانی كوردایەتی و نیشتمان پەروەری گرێداوەتەوە نەك بەگیانی جۆشدانی حزبایەتی و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی، بۆ ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر لاوەكانمان پێویستیان بەو بازنەیە هەیە كە دوور لەكاریگەری و ئایدلۆژیەتی حزبە سیاسییەكان بەچاوێكی گەش سەیری ئاییندەی ئەو وڵاتە بكەن كە خۆیان سبەی سەركردایەتی دەكەن.
6. بارزانی مستەفا، یاسا و سەروەریی یاسای بەكۆڵەگەی هەموو پێشكەوتنێك و سەركەوتنێك و سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەقەڵەمدەدا، ئەو بەوجۆرە سەیری یاسایی دەكرد، بۆیە وێڕای بایەخدانی بەهەموو چین و توێژەكان و هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بنەمای ئەخلاقی و عەدالەت لەناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا، ئەمانەی گرێنەدابووەوە بەئیرادەی شۆڕشگێڕی یان دەسەڵاتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە، بەڵكو شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەكار هێنا بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای شۆڕش وەك بەرزترین دەسەڵات و بەرزترین مەرجەع لەناوچە ئازادكراوەكاندا بۆ ئەوەی كاروباری خەڵك بەیاسا ڕێكبخرێت، سەرۆكایەتی ئەم دادگایەشی بەپارێزەر و پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلوول سپاردبوو كە برایەكی كریستیان بووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە لەناو شۆڕشدا مانای هاووڵاتیبوون بەمانای وشە جێبەجێ كراوە و جیاوازی لەگەڵ ئەوە نەكراوە ئەمە كوردە و ئەو كلد و ئاشورییە یان موسڵمانە یان كریستیانە، هەروەها ئەمە مانای ئەوەیە كە بارزانی مستەفا مەبەستی بووە بەكردەیی یاسا سەروەر بێت بۆیە بەو برا كریستیانەی سپاردووە، بۆئەوەی هەمووان لەبەردەم یاسا یەكسان بن و بەسەر هەموواندا وەك یەك جێبەجێ بكرێت، ئایا چی لەم وانەیە بەسوودترە كە لەڕێبازی بارزانیەوە فێری دەبین، دەبێت هەموو ئیرادەیەك بۆ یاسا بگەڕێتەوە و هەموومان لەخوار سەروەریی یاسایەوە ڕەفتار بكەین و هەنگاو بۆ ئاییندە هەڵبگرین.
مەملەكەتی هیواو ئامانجەكان لەناو ڕێبازی بارزانیدا
ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شتێكی ئەوتۆی لەو ناوچانە كەمتر نەبووە كە ئێستا بەناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوزەد دەكرێت، ڕاستە ئێستا ناوەندی سێ شارە گەورەكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەبەردەستی حكومەتی هەرێمن و لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ناوەندی شارە گەورەكان لەبەر دەستی شۆڕش نەبوون، بەڵام ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش زۆر شوێنی دەگرتەوە كە ئێستا بەناوچەی دابڕێنراو لەحكومەتی هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دەدرێن، بۆیە لێرەدا ئەگەر مەبەست لەم ئاماژەیە بەراوردكردنیش نەبێت، ئەوا مەبەست پیشاندانی فراوانی ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان بوو لەزاخۆ تا خانەقین، لەم ناوچە بەرفراوانەدا، كە نەتەنیا گەمارۆی ئابووری لەسەر ئەو ناوچانە هەبووە، لەهەمانكاتدا ئاسمانی ئەو ناوچانەش هەموو كات ئاسمانێكی كراوە بوون بۆ هاتنی مەترسی لەپڕ و لەناكاو بەڕێگەی تۆپ و تەیارە، بەڵام ئەوەی لەناو ئەو مەملەكەتە لەسەر ئەرزی واقیع دەبینراو هەستی پێدەكرا، دوو مەسەلەبوو، یەكەمیان ئەو مەسەلانەی كە بوونە توخمی ناو مەملەكەتی شۆڕش، دووەم ئەو مەسەلانەی بوونە توخمی دەرەوەی ناوچەكانی ئەو مەملەكەتە، ئەمەش واتە بەردەوام هێزێكی دەرەكی سەربازی و ئابووری لەهەوڵداندا بووە بۆئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە تێكبدات و سەقامگیری كۆمەڵایەتی تێدا بشێوێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ئیرادەیەی ئیدارەی ئەو ناوچانەی هەڵدەسوڕان، نەك توانای هەبوو بەرپەرچی ئەو توخمە نامۆ و دەركیانە بداتەوە، بەڵكو جۆرێك لەسەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەو ناوچانە دروست كردبوو، كە خەڵك هەستی بەئارامی و ئاسوودەیی و دڵنیایی دەكرد، بێگومان ئەم ئارامی و دڵنیاییە هۆكارەكەی ئەوەنەبوو كە خەڵك هەمووی پارتی بووە و لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونی جیاواز نەبووە بۆیە ئەم ئارامی و سەقامگیرییە بوونی هەبووە، نەخێر لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا نەك تەنیا بیروبۆچوونی جیاواز وەك گرووپ و حزبی سیاسیی بوونی هەبووە، بەڵكو بیركردنەوەی جیاوازیش بوونی هەبووە، چەندین ڕێكخراوی سەربەخۆش وەك پێشتر ئاماژەمان پێكردووە بوونی هەبووە، بەڵام وەك ئەو خەڵكانەی لەو سەردەمەدا ژیاون بۆمان دەگێڕنەوە لەناو ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا بەئاستێك هەست بەدادپەروەری و سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی كراوە، وەك دەڵێن ئەگەر بارێك زێڕت لەزاخۆەوە ببردیایە بۆ خانەقین ترسی ئەوە نەبووە كەس دەستدرێژیت بكاتە سەر، لەسەر ئاستی كێشە كۆمەڵایەتیەكانیش بێجگە لەوەی دادگا و یاساكان كاری خۆیان كردووە، لەهەمانكاتدا لەبەر ئەوەشی بنەمایەكی ئەخلاقی پتەو لەناو كۆمەڵگە ڕەگی داكوتابوو، زۆربەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بەئاسانی چارەسەر دەكران و یاسا یەكلایی دەكردنەوە.
كەواتە ئەو ناوچە ئازادكراوانەی شۆڕش كە ئێستاش خەڵك شاهیدی بۆ دەدات، بەڕێوەبردنی پێوەندی بەئیمكانیەتی ئەو سەردەمەی شۆڕشەوە نەبووە، لەبەر ئەوەی شۆڕش نەك هەر ئیمكانیەتی نەبوو خۆی بەڕێوەبەرێت، بەڵكو خەڵك بەزەكات پێشمەرگەی بەخێو دەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیرادەیەكی خێر هەبوو هەموو خواست و ئاواتەكانی كۆكردبۆوە، ئەوا ئەم ئیرادە خێرە هیوایەكی لەناخی هەموواندا دروست كردبوو، كە شایستەی ئەوەیە پێی بگوترێت مەملەكەتی هیواو ئامانجەكان لەناو ڕێبازی بارزانیدا.