كۆچی مرۆڤی باڵا لەئاوابوونی خۆر دەچێت
ئیدریس بارزانی بۆ ئێستا چیمان پێدەڵێت؟

كۆچی مرۆڤی باڵا لەئاوابوونی خۆر دەچێت <br /> ئیدریس بارزانی بۆ ئێستا چیمان پێدەڵێت؟


یادكردنەوەی پیاوە گەورەكانی قۆناخی ڕزگاری نیشتمانی، بۆنەیەكە بۆ هێنانەوە گۆی ئەو فیكر و هەڵوێست و پەیڤە شۆڕشگێڕ و گرنگانە كە ئازادی نەتەوەیان لەسەر بونیادنراوە یان نەخشەی ڕێگەن بۆ گەیشتن بەئازادی، هەربۆیە یادكردنەوەی گەورە پیاوانی نەتەوە، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە فیكر و ڕەفتاری ئەوان بۆ ئێستا بخوێنینەوە، هێندە گێڕانەوەی مێژووی ژیانیان نییە، بەڵكو یادكرنەوەیان بۆ ئەوەیە لەكاتی بیركردنەوە و هەنگاو هەڵگرتنمان بۆ ئاییندە بەزیندوویی بمێننەوە، بەزیندوویی هێشتنەوە بەمانای دووبارە پیادەكردنەوەی پەیڤ و فیكری ئەوان نییە، بەڵكو بەمانای دووبارە خوێندنەوەیەكی دیكەیە بۆ ئێستایەك نەك لەرابردوودا چی وتووە، ڕاشكاوانەتر یادكردنەوەی گەورە پیاوان بۆ ئەوەیە پرسیار لەخۆمان بكەین، ئەوان پێشتر بەمجۆرە بیریان كردۆتەوە و بەمجۆرە ڕەفتاریان كردووە، ئایا ئەگەر ئێستا لەگەڵمان بوونایە بۆ ئێستا چیان دەگووت و چۆن بیریان لەداهاتوو دەكردەوە؟ كەواتە ئەم میتۆدە باس لەوە ناكات ئەم پیاوە گەورەیە، لەساڵی ئەوەندە لەدایك بووە و لەوەندە كۆچی دوایی كردووە، بەڵكو بۆ درێژەپێدانی ئەو مێژووەیە، بۆ نوێكردنەوەی ئەو فیكر و پەیڤ و ڕەفتارانەیە كە دەبنە چوارچێوەیەكی ئەخلاقی و ڕەفتاری ئێستامانی پێ ڕاست دەكەینەوە، ئەم نووسینە بەو ئاڕاستەیە خۆی دەخاتە نێو یادكردنەوەی ئیدریس بارزانی بەوەی جارێكی دیكە موناقەشە لەگەڵ گیانی ئەم پیاوە گەورەیە بكات و هەوڵبدات سەرلەنوێ فیكر و پەیڤەكانی دووبارە بەدیدێكی هاوچەرخانە بخوێنێتەوە، بۆیە كاتێك یادی دەكەینەوە لەهاوسەنگەرانی ناپرسین ئیدریس چۆن بووە و چی كردووە؟ بەڵكو پەیڤەكانی بیركردنەوەی دەخەینە بەردەمی نەوەی نوێ، بۆئەوەی ئەوان ئێستا جارێكی دیكە لەسەری ڕابمێنن و مانای تازەی بۆ ئێستا لێ هەڵهێنجێنن، مەبەستمان ئەوەیە ئەو خەونە قووڵەی ئیدریس بۆ نەوەی داهاتوو لەكۆڵی نابوو، ئێستا ئەو نەوەیە پێگەیشتووە، ئایا تاچەند ئەم نەوەیە خۆی لەنێو ئەو فیكرە دەدۆزێتەوە و تاچەند دەتوانێت ئەو فیكرەی ئیرادەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی بۆ بەگژداچوونەوەی هەموو داگیركاراندا بونیاد نا، ئێستا چۆن دەتوانین بەو فیكرە ئیرادەی بونیادنان و داهێنان و بڕینی ڕێگەی بەرەو سەرفرازی درێژە پێبدەین، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك یادی ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ئەم پیاوە گەورەیە كە چۆن لەبەردەستی بازرانی نەمر بووە، خزمەتكاری خەڵك و لەپێناوی ئازادی كورد و كوردستاندا چۆن خەباتی كردووەو لەقوربانیدان بێ منەت بووە، بێ منەتی بەو مانایەی ئەو بۆ ئەوە قوربانی نەداوە تا ئێستا ئێمە بێین پاداشتی بدەینەوە یان سوپاسی بكەین، ئەو خۆی كردبووە بەردەباز بۆئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لەبڕیاری سەپاوی داگیركارانەوە كە پێیان دەوتین ملكەچیی ئەركی سەرشانتانە، بپەڕنەوە بۆئەوەی بەسەربەرزی بڵێن ئەمە (داواكاریمانە)، ئەم وەرچەرخانەی كە ئیدریس ڕۆڵی كاریگەر و گرنگی تیا گێڕاوە، گۆڕینی (بەڵێ)ی گەلێكی زۆر لێكراوە، بە(نەخێر) بۆ زۆرداری و چەوسانەوەی گەلێكی ئازادیخواز.


ئیدرس بارزانی وەك قوتابی خەڵك

نێچیرڤان بارزانی لەدیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان كە ساڵی پار بڵاوبۆوە، سەبارەت بەم لایەنەی ژیانی ئیدریس بارزانی وەك باوك، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو لەگەنجیدا هەندێك بیروبۆچوونی هەبووە، ئیدریس بارزانی پێی خۆش نەبووە، بەڵام ئیدریس فەرزی نەكردووە بەسەریدا كە كوڕەكەی واز لەو فیكرە بهێنێت، بەڵكو موناقەشەی لەگەڵی كردووە و هەوڵیداوە بەموناقەشە كوڕەكەی خۆی تێبگەیەنێت، ئاماژەكردنمان بەم قسەیەی نێچیرڤان بارزانی، بۆ هەڵوەستەكردنە لەسەر گێڕانەوەكەی بەڕێزیان، كە دیمەنێكی هێجگار دەگمەنی ئیدریس بارزانیمان پیشاندەدا، كە بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:
1- گێڕانەوەكەی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیە بۆ هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، ئەمەش واتە تەمەنی ئەو لە15- 20 ساڵ بووە، واتە لەو تەمەنەدا نێچیرڤان بارزانی لاوێكی خوێن گەرم بووە، ئیدریس بارزانی مافی خۆی بووە وەك باوك كوڕە گەنجەكەی ناچار بكات لەو ڕێبازە دووربكەوێتەوە كە ئەو بەڕاستی نەزانیوە، بەپێچەوانەوە وەك هاوڕێ لەگەڵ كوڕەكەی نەك باوك، ڕەفتاری كردووە و هەوڵیداوە كوڕەكەی قەناعەت پێبكات.
2- ئەمە پێمان دەڵێت پرانسیپی لێكتێگەیشتن و دیالۆگ یەكێك بووە لەخەسڵەتەكانی ئەم پیاوە گەورەیە، ئەمە خەسڵەتی تێگەیشتنێكی قووڵ بووە لەڕێبازی بارزانی كە لەبنەڕەتدا ڕێبازی بارزانی واتە ڕێبازی خەڵك، واتە ملكەچكردن بۆ داوای خەڵك، بۆیە ڕەنگدانەوەی ئەم تێگەیشتنە (خۆی و ئەوی دی) لەفیكری ئیدریس-دا یەكسان كردووە، ئەوجا ئەوی دی هەر كەسێك بووبێت لەبەرامبەردا مامەڵەی هاوتای خۆی لەگەڵ كردووە، با ئەوی دی(نێچیرڤان)ی كوڕە گەورەی خۆشی بووبێت.
3- ئیدریس بارزانی وەك یاریدەدەرێكی نزیكی بارزانی نەمر و قوتابیەكی بەئەمەكی ڕێبازی بارزانی، لەوە تێگەیشتووە كە پێویستە سەركردە قوتابی گەل بێت، نەك گەل قوتابی سەركردە بێت، تێگەیشتنیشی بۆ ڕێبازی بارزانی هەر لەم ڕوانگەیەوە بووە، لەبەر ئەوەی بارزانی نەمر بڕیاری شەڕ و ئاشتی گێڕاوەتەوە بۆ ڕای گەل و ئەو وەك خزمەتكار بڕیاری گەلی جێبەجێ كردووە، سەرۆك مسعود بارزانی لەنووسینێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر بەپێی بەرنامەی بازرانی نەمر بوایە نەدەبوو شۆڕشی ئەیلوول لە11ی ئەیلوولی 1961 دەستی پێبكردایە، بەڵكو لانی كەم بەپێی بەرنامەی بارزانی نەمر چەند مانگێكی بۆ ئامادەباشی پێویست بوو، بەڵام كە گەل فەرمانی پێكرد، بارزانی نەمر وەك سەربازێكی دڵسۆز فەرمانی گەلی جێبەجێ كرد، هەروەها بۆ ئاشتی و گرێدانی وتووێژ لەگەڵ ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی عێراقیشدا، بارزانی نەمر خۆی بڕیاری نەداوە و گەل فەرمانی پێكردووە ئەو كارە بكات، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر سەیری ئاكار و ڕەفتاری ئیدریس بارزانی بكەین، دەبینین بەجۆرێك لەقووڵایی ڕێبازی بارزانی تێگەیشتووە، كە تەنانەت لەماڵەكەی خۆشیدا، وەك هاوڕێ و هاوتا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی ڕەفتاری كردووە و هەوڵینەداوە هێزی باوكایەتی خۆی فەرز بكات.
كەواتە ئەم تێگەیشتنە و ئەم ڕامان و قووڵبوونەوە فیكرییەی ئیدریس بارزانی خوێندنەوەیەكی تازەیە بۆ ڕێبازی بارزانی، بەوەی پێویستە ئەم ڕێبازە خەسڵەت و ڕەفتارمان نەك هەر لەناو كۆمەڵگە، بەڵكو لەناو خێزانەكانیشماندا دەبێت بگۆڕێت و ڕێز لەبەرامبەر بگرین، كەواتە كاتێك یادی ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، یادی ئەوە ناكەینەوە ئەو چی پێگوتین، بەڵكو یادی ئەوە دەكەینەوە گەل چی بەو گوتووە، چۆن ئەوەی گەل پێیگوتووە بۆتە بەرنامەی ئەو لەكاتی جێبەجێكردندا،(لەبەر ئەوەی ئیدریس سەربازێكی جێبەجێكار بووە) ئێستا وەك گوتە و ڕەفتار و فیكری ئەو دەیخوێنینەوە، ئەوەی بەرەو لایەنێكی دیكەی ژیانی ئیدریس بارزانیمان دەبات، ئەوەیە كاتێك لاپەڕەكانی مێژووی ئەم پیاوە گەورەیە هەڵدەدەینەوە، هەست ناكەیت مێژوو یان ڕابردوو دەخوێنیتەوە، بەڵكو هەست دەكەیت لەئێستادایت و هەنگاو بۆ ئاییندە هەڵدەگریت، نهێنی ئەم تێكەڵاوبوونەوەی ڕابردوو و ئێستا لەناو گیانی ئیدریس بارزانیدا، بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیدریس فێری كردوین گوێمان لێبگرێت چیمان دەوێت، نەك گوێی لێبگرین ئەركی سەرشانمان بۆ دیاری بكات، بۆیە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ جیهانی ئیدریس بارزانی لەناخەوە دەنگێك دەبیستین پێمان دەڵێت (چیتان دەوێ و چی بكەین باشە؟) ئەو لەئاڕاستەكردنی ئەم پرسیارەدا دەزانێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی نەوەیەك لەزەمەنێكی دیكەدا دەكات، ئەو چاوەڕێی وەڵامی ئێستایە، بۆیە ئێمەش كاتێك لەوپەڕی ڕامان و بیركردنەوەدا دێینە گۆ و بەدەنگی بەرز داواكارییەكانمان دەڵێین، ڕادەچەڵەكێین، ئەم ڕاچڵەكاندنە داوای ئیدریسێكی دیكە دەكات گوێمان لێبگرێت و فەرمانەكانمان جێبەجێ بكات، چاوەڕێ دەكەین ئیدریس بەپێوە ڕاوەستابێت و پێمان بڵێت ئەمر دەكەن بەسەرچاو، ئەم ڕۆحەی ئیدریس كە لەناخی هەریەك لەوانەی بەدیداری ئیدریس شادنەبووبن، لەناخماندا ئیدریس دەبێتە ئەو مرۆڤە باڵایەی كە هەر یەكەمان بەجۆرێك وێنای دەكەین و بەڕەفتارەكانی دەیناسینەوە، كە دەچینە بەردەم سندوقی دەنگدان تەنیا ئەو وێنایە دەبینین كە ڕەفتاری ئێستای بەرپرسان كەم تا زۆر، هاوتای وێنای ئیدریسی ناخمان دەبن، بۆیە لەو كاتە دەنگ بەئیدرس دەدەین و دەنگ بەوانە دەدەین كە لەئیدریس دەچن.


چۆن فیكری ئیدریس و خواستی خەڵك تێكەڵاو دەبێت

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆئەوەی كە ئیدریس بێجگە لەجێبەجێكردنی داوای خەڵك، خۆی شتێكی دیكەی نەبووە، ئەوا پرسیار ئەوەیە ئایا مەبەستمان لەفیكری ئیدریس و پەیڤەكانی ئیدریس چین؟ ئایا كە ئیدریس خۆی قوتابی گەل بووە، ئێستا بۆ دەمانەوێت بیكەینە مامۆستای خۆمان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە قورسانە ئاسانن، لەبەر ئەوەی ئێمە كاتێك باسی فیكری ئیدریس دەكەین، باسی ئەو فیكرە دەكەین كە بۆ خزمەتكاری گەل داهێنانی كردووە، ڕێگەی جۆراوجۆری تاقیكردۆتەوە بۆئەوەی بەجوانترین شێوە (داوای خەڵك) لەداوایەكی زارەكیەوە بگۆڕێت بۆ كردار و جێبەجێ كردن، دروست ئەم نموونەیە وەك ئەوەیە سەردارێك خزمەتكارێكی زیرەكی هەبێت، ڕاستە سەردارەكە خواستی هەیە و بەخزمەتكارەكەی دەسپێرێت جێبەجێی بكات، بەڵام هەتا سەردارەكەی پێی نەڵێت خزمەتكارەكە بیری لەو شتە نەكردۆتەوە، بۆیە كاتێك پێی ڕادەگەیەنن دەبێت ئەوكارە بكەیت، ئەوكاتە زیرەكی و لێهاتوویی خزمەتكارەكە دەردەكەوێت چۆن ئەو كارە بۆ سەردارەكەی جێبەجێ دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا داواكاریی هەر داواكاری سەردارەكەیە، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێكردنی داواكارییەكە دەبێتە فیكر و زیرەكی و لێهاتوویی خزمەتكارەكە، ئەمە بۆ بارزانی نەمریش بەو شێوەیە بووە، بارزانی نەمر داوای لێكرابوو دەبێت شۆڕش دەست پێبكات، بەڵام كاتی دەستپێكردنەكەی پێنەوترابوو، بەڵام كاتێك گەل ئەمری كرد دەست پێبكات، بارزانی نەمر دوو دڵ نەبوو، بۆیە لەم حاڵەتە ڕاستە شۆڕش ئیرادەی گەلە، بەڵام هەڵسوڕانی شۆڕشەكە و گۆڕێنی شۆڕشەكە بۆ شۆڕشێكی سەرتاسەری كوردستانی، فیكر و لێهاتوویی ئەو خزمەتكارە زیرەكەیە كە ناوی مستەفا بارزانی نەمر بوو، ئەگەر لەم خاڵەوە ئیدریس بخوێنینەوە، دەبینین فیكر و لێهاتوویی ئیدریس بارزانی لەدرێژەپێدانی ئەم ڕێبازەیە، واتە بەردەوامیدان بەخزمەتكاری خەڵك، واتە بەردەوامیدان بەگوێ هەڵخستن بۆئەوەی گوێبیستی داوای خەڵك بێت، واتە بەردەوامی دان بەوەی چۆن بیر بكاتەوە بۆئەوەی داواكانی خەڵك بەكەمترین قوربانی و زیان بۆ خەڵك جێبەجێیان بكات، بۆیە زۆرجار كە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی ئەم پیاوە گەورەیە چەردەیەك لەلێهاتوویی و زیرەكی ئیدریس بارزانیمان بۆ دەگێڕنەوە، سەرسامیان بە ڕەفتار و ئاكارە بەرزەكانی ئەم پیاوە وایان لێدەكات لەبری ئەوەی وەك خزمەتكارێكی لێهاتوو و زیرەكی گەلی خۆی پیشانمان بدەن، هەست دەكەین وەك ئەوەی لەئیدریسدا مێژوو كۆتایی بێت، بێگومان ئەم وێناكردنەی ئیدریس بارزانی وەك كۆتایی مێژوو لەگەڵ ئەوەی لەدڵسۆزییەوەیە بۆ ڕێبازی بارزانی و درێژەپێدەرانی ئەو ڕێبازە، بەڵام ڕاستیەك هەیە پێویستە هەموومان بیزانین لەناو ڕێبازی بارزانیدا كۆتایی مێژوو نییە، بەڵكو بەردەوامی مێژوو هەیە، هەتا ئەگەر بۆ ئەم چەمكەی (كۆتایی مێژوو) بگەڕێینەوە بۆ مانا فەلسەفیەكەی كە هیگڵ بۆ شۆڕشی فەرەنسا و فۆكۆیاما بۆ جیهانی دوای ڕووخانی دیواری بەرلین بەكاری هێناوە و لەو چوارچێوەیەدا كۆتایی مێژوو وەك گەیشتن بەئازادی ڕاڤە بكەین، ئەوا هێشتا ئازادی تەواو و بونیادنانی دەوڵەت و ڕێكخستنی ئازادییەكان لەناو ئەو دەوڵەتە، ئێمە زۆرمان ماوە، هەتا ئەگەر بگەینە ئەم ئاستەش ئێمە هەر پێویستمان بەئیدریسەكانە بۆ ئەوەی ئەو ئازادییە بپارێزن، لەبەر ئەوەی پاراستنی ئەو ئازادییەش خواستی خەڵكە و دەبێت ئیدریسێك گوێی لێبگرێت و بەرنامەی بۆ دابنێت بیپارێزێت.


فیكر و ئاكاری ئیدریس بۆ هەموو سەردەمێك

ئەم دێڕانە پێدا هەڵدان نییە بۆ مرۆڤێك كە ناوی ئیدریس بارزانی-یە، لەبەر ئەوەی ئیدریس خۆی فێری كردوین، مرۆڤی باڵا پێویستی بەستایش و سوپاس نییە، بەڵكو ئەگەر ئاستی بیستنی گوێیەكانمان لەو ئاستە بێت ئەو دەنگە ببیستێت و لێی تێبگات، ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە سوود لەلۆژیك و شێوازی خەبات و قوربانیدانی ئەم مرۆڤە باڵایە بكەینەوە، ئەمەش واتە دووبارە بەدەنگ هێنانەوەی پەیڤەكانی ئیدریس بازرانی كە بۆ ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستمانە، هەروەك چۆن ئەمریكا لەسەر زاری ئەبراهام لنكۆڵنەوە دوای چوار بیست و حەوت ساڵ (ئەم دەستەواژەیە دەربڕینی لنكۆڵنە بۆ ئاماژەكردنی بۆ 87 ساڵ)، لەسەربەخۆیی، پێویستی بەوەبوو بگەڕێینەوە بۆ بەیانی سەربەخۆیی(نەك دەستووری ئەمریكا) بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو بەیانە ببێتە ڕێگە پیشاندەر بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕی ناوخۆی نێوان باشوور و باكوور و دووبارە ڕێكخستنەوەی كۆماری ئازادی ئەمریكا، كەواتە دووبارە گەڕانەوەی لنكۆڵن بۆئەوەی جارێكی دیكە بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا بخوێنێتەوە، ئەمە ئاماژەیەكی ڕاشكاوانەیە بۆ ئەوەی دوای 87 ساڵ جارێكی دیكە ئەمریكا پێویستی بەجۆرج واشنتۆن و تۆماس جیفرسۆنە بۆئەوەی مانا بەئازادی نەتەوەی ئەمریكا ببەخشێتەوە، ئەمە ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە دووبارە لنكۆڵن داوای هاتنەوەی ئەو سەركردانە دەكات كە ئەو كۆمارە ئازادەیان بونیاد ناوە، كەواتە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ تێپەڕاندنی ئێستا و هەنگاو هەڵگرتن بۆ ئاییندە، نەریتێكی جیهانیە و هەموو نەتەوەكانی جیهان شانازی بەمێژووی خۆیان و سەركردە مەزنەكانی خۆیانەوە دەكەنەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بۆ مێژوو و یادكردنەوەی سەركردەكانیان بۆ ئەوە نییە قسەكانی ڕابردوویان دووبارە بكەینەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە تێبگەین بۆ ئەمڕۆ چیمان پێدەڵێن، هەربۆنموونە كاتێك دوای 87 ساڵ ئەبراهام لنكۆڵن دەگەڕێتەوە بۆ جیفرسۆن و جۆرج واشنتۆن، ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵكو تێگەیشتنە لەمانای ئازادی بۆ ئەمریكیەكان، لەبەر ئەوەی لەبەیانی سەربەخۆیی ئەمریكادا هاتووە دەبێت ئەمریكیەكان ئازادبن، ئەم ئازادییە بەتەنیا مانای ئەوە نییە كە لەژێر دەستی بەریتانیا ئازاد بن، بەڵكو پێویستە لەكۆماری ئازادی ئەمریكا كۆیلایەتی نەبێت، سەرنج بدەن كاتی بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا، هەموو نەتەوەیەك داگیركراو بوون، بۆیە مانای ئازادی تەنیا ڕزگاربوون بوو لەدەستی بەریتانیا، بەڵام كاتێك لەو وڵاتە ئازادە كۆیلایەتی بوونی هەبێت پێویستە جارێكی دیكە مانای ئازادی پێناسە بكرێتەوە بۆئەوەی بزانیت بۆ ئەو سەردەمە چی پێدەڵێیت، لەمەش گرنگتر ئۆباما كە لە20/1/2009 سوێندی سەرۆكایەتی خوارد وەك سەرۆكی چل و چوارهەمینی ئەمریكا، بەو ئینجیلە سوێندی خواردووە كە لنكۆڵن وەك سەرۆكی شانزەهەمین سوێندی پێخواردووە، هەروەها لە12/2/2002، واتە دوای تێپەڕبوونی تەنیا 22 ڕۆژ بەسەر ماوەی سەرۆكایەتیەكەی بەشداری ئاهەنگی یادی 200 ساڵەی لەدایك بوونی لنكۆڵنی كرد، تیایدا داوای كرد پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئیرادەیەی كە 159 ساڵ لەم كەبیتەڵ هۆڵە كە ئەوكات سەقفەكەی تەواو نەبووە، بڕیاری داوە، مەبەستیش بڕیاری پاراستنی ئازادی و لێبوردەییە، بۆیە لەوتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە (دوای ئەوەی ئەبراهام لنكۆڵن شەڕی ئازادی بردەوە، زۆر كەس هەستی دەكرد تۆڵە لەدوژمنەكانی دەكاتەوە، بەڵام ئەو ئەسپ و چەكەكانی لەدوژمنەكانی سەند، بەڵكو پێی گووتن، بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆتان، لەمەودوا ئەسپەكانتان بۆ زەوی كێڵان و كشتوكاڵ بەكاربهێنن و تفەنگەكانتان بۆ ڕاو)، ئۆباما لەخوێندنەوەی نوێی بۆ فیكر و پەیڤەكانی لنكۆڵن مەبەستی ئەوە نییە كە ئێستا و لەم سەردەمە بەئەمریكیەكان هەمان شت دووبارە بكاتەوە، بەڵكو دەیەویت پێیان بڵێت پاراستنی ئازادی بڕیاری بەئاستی ئیرادەی لنكۆڵن دەوێت و لێبوردنیشی بەئاستی دڵفراوانی لنكۆڵن دەوێت.

لێرەوە ئێمەش كاتێك یادی ئیدریس دەكەینەوە زۆرجار نازناوی هەمیشە زیندووی بۆ بەكار دەهێنین، ئەوا پێویست دەبێت لەسەرمان وەك ئۆباما چۆن لنكۆڵن دەخوێنێتەوە ئێمەش بەهەمان ئاست ئیدریس بخوێنینەوە و لەخۆمان بپرسین چۆن دەتوانین وشەی هەمیشە زیندوو وەك كاڵا بەقەد و باڵای ئیدریس بارزانی بەكاربهێنین، بێگومان ئەو كاتە ئیدریس لەناوماندا زیندوو دەبێت كە بزانین ئەم قۆناخەشمان پێویستی بەبڕیاری بوێرانە بەئاستی ئیرادەی ئیدریس هەیە، دەبێت بزانین قوربانیدان بۆ یەكڕیزی و كۆكردنەوەی تواناكان و جۆشدانیان بۆ ئێستا لۆژیكی بەئاستی لۆژیكی ئیدرس دەوێت، دەبێت بزانین بوون بەخزمەتكاری میللەت و گوێگرتنمان لەداواكانی خەڵك و هەوڵدان بۆ داهێنان لەچۆنیەتی جێبەجێكردنی داواكانی خەڵك، ئەوە بەئاستی ئیدریس سادەیی و كەسێتی جیاوازی دەوێت، لێرەوە ئەگەر لەگەڵ زەردەشت لەخۆمان بپرسین چ لەو كارە مەزنترە بتوانین دەستبەرداری غرور و فیزی خۆمان بین، بۆ ڕۆحی شادی ئیدریس هەموو ئەم هەنگاوە هەڵگرین.


Top