كەسایەتی جیاوازی نێچیرڤان بارزانی كابینەی حەوتەم دەكاتە حكومەتی خەڵك
January 30, 2012
راپۆرتەکان
ئایا مەبەستمان لەحكومەتی خەڵك چییە؟ یان ڕاشكاوانەتر، ئایا مەبەستمان چییە كاتێك دەڵێین كەسایەتی جیاوازی نێچیرڤان بارزانی كابینەی حەوتەم دەكاتە حكومەتی خەڵك؟ ئایا مەبەستمان ئەوەیە بەڕێزی بە بەرنامەیەكی جیاواز لەبەرنامەی كابینەی شەشەم ئیش دەكات؟ یان مەبەستمان ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی بەشێوازێكی تازە هەمان بەرنامە هەڵدەسوڕێنێت؟ یان بەواتایەكی دیكە ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی خەڵك نەبووەو كارو خزمەتگوزاری بۆ خەڵك نەكردووە؟ ئەم پرسیارانە كە پێش دەسپێكی ئەم ڕاپۆرتە ڕووبەڕووی خۆمانی دەكەینەوە، لەبەرئەوەیە خوێنەر لەناونیشانەكەی وا هەست نەكات، كە ئەمە بەراوردكردنە یان تەفزیڵكردنی كابینەی حەوتەمە(كەهێشتا پێكنەهاتووە)بەسەر كابینەكانی پێشوودا، كە لەسێ كابینەی پێشوودا(سێیەم و چوارەم و پێنجەم) بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی سەرەكی هەبووەو لەكابینەی سێیەم جێگری سەرۆك وەزیران بووەو لەكابینەی چوارەم و پێنجەمیش خۆی سەرۆك وەزیران بووە، بۆیە ئەگەر بەو دیوەدا ئەم ڕاپۆرتە بەراوردكردن بێت لەنێوان كابینەكاندا، ئەوا بەشی زۆری ئەو ماوەیە بەر خودی نێچیرڤان بارزانی دەكەوێتەوە، واتە ئەوەی ئێستا لە نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوان دەكرێت بەراوردكردنە بەوەی كە پێشتر كردویەتی و ئێستا ئومێدی كاری باشتری لێدەخوازین، بەڵام دیسان هەتا ئەگەر لەڕووی بەراوردكاریشەوە، بەراوردكاری بێت لەنێوان ئێستاو پێشتری ئەزموونی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەوا ڕاشكاوانە دەڵێین ئەم ڕاپۆرتە بەراوردكاریی نییە، بەڵكو هەڵوەستەكردنە لەسەر ئاستی ئەو بەرەوپێشەوەچوونانەی كە لەئەزموونی دیموكراتی هاتوونەتە ئاراوە، پەندو دەرس وەرگرتنە لەو هەڵەو كەموكورتیانەی كە لەدەسپێكی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستانەوە لەدوای ساڵی 2004و لەدەسپێكی كابینەی پێنجەمەوە لەكوردستان دەستی پێكردووە، بۆیە ئەوەندەی ئەم ڕاپۆرتە هەڵوەستەكردنە بۆ پێداویستیەكانی قۆناخی ئاییندە، هێندە گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، لەم چوارچێوەیەدا كاتێك ئاماژە بەوە دەكەین كابینەی حەوتەم دەبێتە حكومەتی خەڵك، ئەمە تەنیا ئاماژەیەك نییەو بەس، بەڵكو ئەمە پێداویستی قۆناخی ئێستایەو دەبێت و پێویستە حكومەت حكومەتی خەڵك بێت، ئەمەش دیسانەوە، دووبارەی دەكەینەوە مەبەست ئەوەنییە كابینەی پێنجەم یان كابینەی شەشەم حكومەتی خەڵك نەبوون، بەڵكو بەو مانایە زاراوەی(حكومەتی خەڵك) بەكار دێنین، كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان(هەر كابینەیەك بووبێت) بەئەركی سەرشانی خۆی زانیوەو هەوڵیداوە لەئاستی خواست و داواكانی خەڵكی بێت و وەڵامی داخوازییەكانی خەڵك بداتەوە، بەڵام لەقۆناخی ئێستا وا پێویست دەكات فراوانتر خەڵك بەشداری و كارلێك لەگەڵ حكومەتی خۆی بكات و پێشنیارەكانی خەڵك ئەندامێكی هەمیشەیی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، بەكردەیی خەڵك لەدروستكردنی بڕیاری حكومەت بەشدار بێت، ئەركی خەڵك تەنیا بریتی نەبێت لەداواكاری پێشكەشكردن، بەڵكو ئەركی خەڵك پێویستە بەشداری كردن بێت لەجێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكان و چۆنیەتی هەڵسوڕاندنی ئیمكانیەتەكانی بەردەست بۆ چارەسەركردنی كێشەو كەموكورتیەكان و چۆنیەتی پەرەپێدان بەشارەكان و ڕازاندنەوە و پێشخستنیان، كۆتایی هێنان بەقۆرخكاری بازاڕو جیاكردنەوەی سیاسەت و بزنس لەیەكتری، هەموو ئەمانە پێویستی بەدۆزینەوەی میكانیزمێكە كە لێكتێگەیشتنێكی فراوان لەنێوان خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەتدا هەبێت، نەك تەنیا خەڵك و دامەزراوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵكو خەڵك و تەواوی دامەزراوەكانی حكومەت، هەر بۆ نموونە ئەگەر حكومەت بەرنامەی ئەوەی هەبێت سەیرانگایەكی گەورە كە چەند هۆڵێكی سینەما لەهەولێر بگرێتە خۆی دروست بكات، گرنگە بەڕێگەی شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر لەگەڵ خەڵكی هەولێر ئەم باسە وتووێژی لەسەر بكرێت و تەنانەت دەكرێت ڕای كۆلێژی ئەندازیاری و سەندیكای ئەندازیارانی ئەو شارەش لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە گەورەیەی دەكرێت بۆ هەولێر بەدڵی خەڵكی هەولێر بێت، ئەمە بۆ سلێمانی و دهۆكیش بەهەمان شێوەیە، یان با دیوە سلبیەكەی وەربگرین، خەڵكی هەولێر ناڕەزایی و داواكارییان لەحكومەتی خۆیان هەیە، ناكرێت خەڵكی هەولێر چاوەڕێی ئەوە بكات حكومەت هەموو داواكارییەكانی بەتەنیا بۆ جێبەجێ بكات، بەڵكو پێویستە میكانیزمێك هەبێت بۆ ئەوەی خەڵكیش هاوكاری حكومەت بكات بۆ ئەوەی داواكاری و خواستەكانی بەپێی ئەو ئیمكانیەتانەی لەناو كۆمەڵگە هەن و لەبەردەستی حكومەتن پێكەوە جێبەجێیان بكەن، ئەم ئاڕاستەیە كە پێشبینی دەكرێت لەكابینەی حەوتەم و لەماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو كابینەیە بێتە ئاراوە، هەنگاوێكی دیكەی بەرەو پێشەوەچوونە لەچۆنیەتی پرۆسەی بەڕێوەبردنی حكومڕانی لەچوارچێوەی سیستمی دیموكراتیدا.
تایبەتمەندییەكانی نێچیرڤان بارزانی هێزێكە بۆ ڕێكخستنەوەی سیستمی دامەزراوەیی
لەپرۆسەی بونیادی دیموكراتی بەگشتی و لەقۆناخی ڕاگواستندا بەتایبەتی، گرنگە كەسایەتیەك كە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت كاندید دەكرێت ڕەزامەندی هەموو لایەنەكان و خەڵكی لەسەر بێت، ئەم كۆدەنگیە یان ئەم ڕەزامەندییە لەسەر كەسێكی دیاریكراو، هێزێك دروست دەكات، كە ئەو هێزە بۆ بونیادی سیستمی دامەزراوەیی و ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكان و چەسپاندنی هێزی دامەزراوەكان زۆر گرنگ دەبێت، بەڵام لێرەدا ناكرێت ئەو جیاوازییە فەرامۆش بكەین كە لەنێوان پرۆسەی بونیادو ڕێكخستنی سیستمی دامەزراوەیی لەگەڵ پرۆسەی هەڵسوڕانی دەوڵەت بەشێوازی دامەزراوەیی هەیە، ڕاشكاوانەتر لەپرۆسەی بونیادو ڕێكخستن و چەسپاندنی سیستمی دامەزراوەیی، پێویستمان بەهێزێكە بتوانێت سیستمی دامەزراوەیی و سەروەریی یاسا لەكۆمەڵگە بچەسپێنێت، بەڵام لەپرۆسەی هەڵسوڕانی دامەزراوەكاندا هێزیك پێكدێت كە هێزەكانی دیكە سنووردار دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە پێویستمان بەكەسایەتی جیاوازی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەیە، بۆئەوەی هەموو تواناكان پێكەوە كۆبكاتەوەو سیستمی دامەزراوەیی لەكوردستان بچەسپێت، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی لەئاییندە دامەزراوەكان خۆیان ببنە ئەو هێزەی كە توانای ئەوەی هەبێت ئەو هێزەی دامەزراوەكانی بونیاد ناوە سنوورداری بكات، كەواتە ئەو كۆدەنگیەی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی نێچیرڤان بارزانی هەیانەو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش(ئەگەر بەشداری حكومەتیش نەبن) لەكاندیدكردنەكە ناڕازی نین، ئەوا ئەمە نیشانەی ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی ئەو كەسایەتیە جیاوازەیە كە ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت میكانیزمی جیاواز بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت پیادە بكات، لێرەدا گرنگە لەسەر جیاواز كە بۆ كەسێتی نێچیرڤان بارزانی بەكارمان هێناوە هەڵوەستە بكەین، بەوەی جیاواز بەمانای باشتر لەهەمووان بەكار نەهاتووە، بەڵكو بەمانای ئەوەی ئەم كەسایەتیە توانای ئەوەی هەیە لەیەك كاتدا لە مانای چەمكی حزب و حكومەت تێبگات و تێكەڵاوی یەكتریان نەكات، بەواتایەكی دیكە كاریگەری كەسێتی ئەم پیاوە دەوڵەتمەدارە بەو ئاستەیە كە دەتوانێت ناوەندی بڕیار دروستكردن لەكۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیەوە بگوازێتەوە بۆ ناو تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارە حزبییەكان بەكردەیی وەربگێڕێت بۆ بڕیاری حكومەت، ئەمەش تەنیا بۆ ئەو متمانەیە ناگەڕێتەوە كە مەكتەبی سیاسی پارتی بە نێچیرڤان بارزانی هەیەتی، بەڵكو پێش هەمووان سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی و دوای ئەوانیش هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی ئەو متمانەیان بەشەخسی نێچیرڤان بارزانی هەیە كە بەو شێوازە لێی ڕادەبینن بتوانێت ئەم كارە بكات، ئەمەش واتە (نێچیرڤان بارزانی) سەلماندویەتی پێش هەموو شت لەئاستی متمانەی سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانیدایە، هەروەك چۆن گەلێكجار لەسەرۆك تاڵەبانیمان بیستووە كە وتوویەتی (نێچیرڤان) كاندیدی منە نەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئاستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنیش نێچیرڤان بارزانی دوای سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی، تەنیا كەسایەتیە كە توانای دیپلۆماتی و سیاسی لەو ئاستەدایە كە بتوانێت بەهێزی نەرم و لەچوارچێوەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ئاڕاستەی پێوەندییەكان لەئاڕاستەی گرژی و ئاڵۆزییەوە بەرەو ئاڕاستەی زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ببات، ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییەی نێچیرڤان بارزانی كە بۆ ئەم قۆناخەو بۆ پێوەندییەكانی نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لەڕاددەبەدەر گرنگە، ئەركێكی گەورە لەسەر شانی هەردوو بەڕێز سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی لادەبات و بواری ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت كە هەردوو سەرۆك زیاتر بەكێشە چارەنووسسازەكانی كوردستان و عێراقەوە سەرقاڵ بن و جارێكی دیكە ڕۆڵی مێژوویی و شایستەیی خۆیان لەم قۆناخە هەستیارەی كوردستان و عێراقدا بگێڕن.
خەسڵەتەكانی نێچیرڤان بارزانی و ڕەهەندەكانی كابینەی حەوتەم
مەزندەو مەزندەكاری لەسەر كابینەی حەوتەم لەو ڕوانگەیەوە ناكەین، كە نێچیرڤان بارزانی دارێكی سیحری پێیەو هەرهێندە بووە سەرۆك وەزیران ئیدی كێشە لەكوردستاندا نامێنێت، بەڵكو مەزندەكان لەو جیاوازییەی كەسایەتی نێچیرڤان بارزانیەوە دەست پێدەكەن، بەوەی ئەو دووخاڵی گرنگ لەبەرچاو دەگرێت:
1- نێچیرڤان بارزانی بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ واقیع دەكات، بەوەی ڕاستە ئەو وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام كە ئەو دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا كار بۆ پارتی و یەكێتی ناكات و تەنیا كێشەكانی پارتی و یەكێتی ڕووبەڕووی نابنەوە، بەڵكو حكومەت نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هەموو چین و توێژ و ئایین و نەتەوەو بۆچوونە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەكات و حكومەتیش پێویستە خۆی پابەند بكات و لەخزمەتی هەموواندا بێت و وەڵامی پێویستی بۆ خواستی هەموو لایەك هەبێت.
2- ئەم تێڕوانینەی ڕاستیەكی دیكەمان پێدەڵێت، بەوەی پێویستە حكومەت، حكومەتی هەمووان بێت(ئەوجا هەمووان بەشداربن یان بەشدار نەبن)، ئەگەر حكومەت ئەركی بێت هەموو كێشەكانی ڕووبەڕوو بكرێتەوە، ئەوا ئەو كێشانە بەتەنیا بەپارتی و یەكێتی چارەسەر ناكرێن و كێشەكان لەتوانای پارتی و یەكێتی گەورەترن، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویستە حكومەت بۆ وەڵامدانەوەی كێشەكان داوای هاریكاری لەهەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان بكات بۆ ئەوەی هاوكاری بن لەچارەسەركردنی كێشەكاندا، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشداربن لەحكومەت یان لەدەرەوەی حكومەت بن، ئەركی سەرشانیانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هاوكاری حكومەت بكەن.
ئاماژەكردن بەم دووخاڵە، خاڵێكی گرنگتر دەوروژێنێت ئەویش ئەوەیە، ڕاستە بەرنامەی كابینەی حەوتەمیش هەمان بەرنامەیە، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، شێوازی كاركردنی نێچیرڤان بارزانی بەو جۆرەیە بەرنامەی بەدیلی ئۆپۆزسیۆن یان پێشنیار و ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران فەرامۆش ناكات و وەك میكانیزمێكی سەرەكی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی سوودی لێوەردەگرێت، یان چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ ڕاسپاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حەوتەم، نێچیرڤان بارزانی جیا لەوەی بەفەرمی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەشداربوون لەحكومەت یان بۆ چۆنیەتی پێوەندیی نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن ڕاشكاوانە قسە دەكات، لەهەمانكاتدا چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و كەسایەتیە دیارو كۆمەڵایەتی و ئایینیەكانی كوردستان دیدارو چاوپێكەوتن بكات و لەنزیكەوە هێڵە گشتیەكانی سەرخستنی بەرنامەی حكومەتیان لەگەڵ باس بكات و لەهەمانكاتدا داوای هاریكاری و یارمەتیشیان بۆ سەرخستنی ئەم بەرنامەیە لێبكات، ئەم شەفافیەتە كە چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی بۆ كابینەی حەوتەم سەرەتاكانی دەربكەوێت، زەمینەیەك دەڕەخسێنێت بەوەی كابینەی حەوتەمدا، حكومەت لەلایەك نابێت و ئۆپۆزسیۆن لەلایەكی دیكە، یان ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران لەلایەكی دیكە، بەڵكو ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وەك توخمە سەرەكیەكانی حكومڕانی كە ئەركیان چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت دەبێت، پرۆسەی حكومڕانی لەم وڵاتە تەواو دەكەن، ڕاشكاوانەتر چاوەڕێ دەكرێت لەكابینەی حەوتەم حكومڕانی تەنیا بریتی نەبێت لەدەركردنی بڕیار لەلایەن حكومەتەوە، بەڵكو بریتی دەبێت لەدەركردنی بڕیارو چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەلایەن ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە، ئەم بارودۆخەی كەسایەتی جیاوازی نێچیرڤان بارزانی لەچۆنیەتی حكومڕانی وڵاتدا دروستی دەكات، ئەوەمان پێدەڵێت قەناعەتی ئەو بەوجۆرەیە ئەگەر بەرنامەی حكومەت وەك بەرنامەیەكی سیاسیی پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی تیۆری هیچ كەموكورتیەكی نەبێت، ئەوا ئەمە مانای ئەوە نییە كاتێك ئەم بەرنامەیە دەكەوێتە واری جێبەجێكردن، هەڵە یان خەمساردی لەجێبەجێكردنی ڕوونەدات، یان ئەمە مانای ئەوە نییە لەكاتی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەدا، خودی بەرنامەكە كۆمەڵێك كێشە لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتە ئاراوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا خەسەڵەتی مامەڵەی پارتی و یەكێتی لەگەڵ حكومەت بەوجۆرە بووە كەمتر میدیا یان ڕۆژنامەنووسانی ئەم دوو حزبە ڕەخنەی جددی لەحكومەت بگرن و زیاتر دەسكەوت و كارە باشەكانیان بڵاوكردۆتەوە، بۆیە هەتا ئەگەر لەم حاڵەتەدا میدیاكانی پارتی و یەكێتی وەك نەریتی سیاسیی خودسانسۆری بكەن و ڕەخنەی جددی لەحكومەت نەگرن، ئەوا بەو كەشوهەوا تازەیەی نێچیرڤان بارزانی دەیخوڵقێنێت، سوودێكی گەورە لەڕەخنە جددییەكانی میدیاكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و ڕەخنە جددییەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ كاراكردنی بەرنامەی كابینەی حەوتەم وەردەگرێت، بۆیە ئەم كۆكردنەوەیەی حكومەت و میدیا و ڕۆشنبیران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، وەك تیمێك بۆ سەركەوتنی حكومڕانی ئەو كەشە ئاڵۆزە دەڕەوێنێتەوە كە پێشتر نەدەتوانرا پێكەوە كۆبكرێنەوە، كەواتە لێرەدا دیسان جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەكەینەوە، كە بوونی ئومێد بۆ ئەوەی كابینەی حەوتەم ژینگەیەكی لەبارتر بۆ حكومڕانی بێنێتە ئاراوە، جیاوازی بەرنامەكە نییە، بەڵكو جیاوازی میكانیزمی هەڵسوڕانی تواناكانە بۆ جێبەجێكردنی هەمان بەرنامە، هەروەها ئەمە بەو مانایەش نییە پێشتر میكانیزمی هەڵسوڕانی تواناكان كەموكورتی هەبووە یان وەك پێویست نەبووە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە ئەو بوارەی لەجیاوازی كەسێتی نێچیرڤان بارزانی بۆ میكانیزمی هەڵسوڕانی تواناكان چاوەڕێ دەكرێت بێتە ئاراوە، قەبارەو مەودای لەتواناكانی پارتی و یەكێتی زیاتر دەبێت، ڕاشكاوانەتر هەموو بۆچوونەكان لەسەر چاوەڕوانیەكان لەكەسێتی نێچیرڤان بارزانی و ئەدای كابینەی حەوتەم لەو خاڵەدا چڕدەبێتەوە، كە ئەو دەتوانێت مەودای هاریكاری بۆ جێبەجێكردن فراوانتر بكات، یان هێندەی تواناكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بەدەنگی نێچیرڤان بارزانیەوە دێن، لەوانەیە پێشتر بەو ئاستە نەبووبێت.
ئەم ئاڕاستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، یان ئەو وانەیەمان فێردەكات، حكومڕانی لەسیستمی دیموكراتی لەتوانای حزبی حاكم یان هاوپەیمانی حاكم گەورەترە، ئەركی حزبی حاكم یان هاوپەیمانی حاكم ئەوەیە كە هەموو توخمەكانی حكومڕانی بە(دامەزراوە گشتیەكانی دەوڵەت و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و ڕۆشنبیرو خەڵكەوە) وەك بەشێك لەپرۆسەی حكومڕانی سەیر بكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی حكومەت وەك دامەزراوەی جێبەجێكردن لەناو پرۆسەی حكومڕانیدا، ڕۆڵی كاپتنی فڕۆكە دەگێڕێت، ئەوا دەبێت ڕاستەوخۆ كارلێكی لەگەڵ هەموو توخمەكانی دیكەش هەبێت و لەهەمانكاتیشدا وەڵامدانەوەی بۆ هەموویان هەبێت، ئەمەش دروست وەك كاپتنی فڕۆكەكە كە لەفڕگەیەكەوە دەفڕێت بۆ فڕگەیەكی دیكە، تا دەگاتە شوێنی خۆی ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك پێوەندییان لەگەڵ كاپتەنەكە هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو كەس و دامەزراوانەی پێوەندییان بەكاپتنەكەوە هەیە، خۆیان لەناو خۆیاندا پێوەندی ڕاستەوخۆیان پێكەوە هەبێت، بەهەمان شێوە لەوانەیە توخمەكانی كۆمەڵگەو دەوڵەت كە هەموویان پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكومەت هەیە، مەرج نییە هەموو توخمەكان پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەكتری هەبێت، بۆیە لەم پرۆسەیەدا ئەگەر بەدیوێك هەموو توخمەكان گوشار لەسەر حكومەت دروست بكەن، ئەوا بەدیوێكی دیكەدا دەبنە هاریكار بۆ سەركەوتنی حكومەت و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی لەبەر ئەوەی بەرنامەكەی لەبەرژەوەندی كۆی خەڵكدایە.
بونیاد و ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكان بونیاد و ڕێكخستنی هاندانە بۆ تواناكان
ئەگەر هەتا ئێستا مرۆڤایەتی لەچوارچێوەی حكومڕانی، سیستمی لیبرالی وەك باشترین سیستم بەرهەم هێنابێت، ئەوا سیستمی لیبرالی بریتییە لەبونیادی دامەزراوەكان بەپێی یاساو ڕۆڵی دامەزراوەكان لەپەرەپێدانی ئابووریدا، ئەم ئاڕاستەیەی لیبرالیزمیش كە وەك بەشداری ئەم سیستمە لەخۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی مێژوو لەقەڵەمیداوە، جەختكردنەوە بووە لەسەر یاساو پشتگیری ئەو یاسایانەی دامەزراوەكانی پێ هەڵدەسوڕێت، ئەوجا بۆ ئەوەی زیاتر لەپێوەندی نێوان كارایی دامەزراوەیی و سیستمی لیبرالی تێبگەین، ئەوا هەموو كات سیستمی لیبرالی ئەو دووپرسیارە بەرهەم دەهێنێت:
یەكەم: ئایا ئێمە لەگەڵ ئەوەین حكومەت هەموو دەسەڵاتێكی هەبێت؟
دووەم: یان لەگەڵ ئەوەدابین حكومەت دەسەڵاتێكی دیاریكراوی هەبێت و كۆمەڵێك ئەركی دیاریكراوو چالاكانە جێبەجێ بكات؟
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ حكومەتەكانی نێو سیستمە لیبرالیەكان هەتا ئێستا جۆرێك لەئیشكالیەت دروست دەكات، لەبەر ئەوەی زۆرجار فراوانكردنی مەودای كاری حكومەت لەگەڵ سنوورداركردنی تێكەڵ بەیەكتری دەبن، تەنانەت لەوڵاتانی ڕۆژئاواشدا زۆرجار حكومەت خۆی تێكەڵاوی هەندێك كاروبار دەكات كە لەوانەیە كاری ڕێكخراوێكی NGOs بێت، بۆیە ئەگەر ئیشكالیەتەكە لەڕۆژئاوا سنوورداریش بێت بەشێوەیەك لەشێوەكان هەر بوونی هەیە، بەڵام لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو یان ڕۆژهەڵات بۆچوونەكە تەواو پێچەوانەیەو زیاتر بڕوایان بەوە هەیە پێویستە دەسەڵاتی حكومەت تا ئەوپەڕی فراوان بێت و بەهیچ جۆرێك دیاری نەكرێت، هۆكاری ئەم جیاوازییە بۆ خەسڵەتی بیركردنەوەی سەركردەكان دەگەڕێتەوە، ئەوجا لەبەرئەوەی زۆربەی سەركردەكانی ڕۆژهەڵات پێیانوایە كۆمەڵگە بەوشەی سیحری و گوتاری بریقەدار دەگۆڕێت، ئەوا ڕێگە نادەن دامەزراوەكان سنوور بۆ دەسەڵاتەكانیان دابنێت، لەبەر ئەوەی ئامانج لەبونیادی دامەزراوەی بەهێز ئەوەیە، دەسەڵاتەكان سنووردار بكات و كارلێكی سیاسی و ئابووری كۆمەڵایەتی ڕێكبخات، بەدرێژایی مێژووش تەنیا ئەو كەسانە توانیویانە دامەزراوەكان بونیاد بنێن كە ئیرادەی بونیادنانی سیستەمیان هەیەو، لەمامەڵەكرندا بڕوایان بەوە هەیە كە هەموو هەقیقەتەكان لای خۆی نییەو بۆیە لەسەر بنەمای ئەو سنوورانەی دامەزراوەكان دیاری دەكەن، سیستمەكە ڕێگەچارەی دیاریكراوی خۆی بۆ كێشەكان راگەیاندووە، ئەم ڕێگەچارەیەش هاوبەشی پێكردنی تەواوی توخمەكانی كۆمەڵگە بووە، هەربۆیە سیستمی دامەزراوەیی چ بۆ چارەسەری كێشە سیاسیەكان و چ بۆ پێشخستنی پەرەپێدانی ئابووری پشت بەهاریكاری تاك و گرووپەكان دەبەستێت، لەمبارەیەوە پرۆفیسۆر تۆم جی پالمەر لەئامۆژگای كاتۆ سەبارەت بە ڕۆڵی یاساو دامەزراوەكان لەپەرەپێدانی ئابووری ئەو پرسیارە دەكات: بۆچی دامەزراوەكان گرنگن؟ لەوەڵامدا دەڵێت لەبەرئەوەی هاندان(حافز) گرنگەو دامەزراوەكان سەرچاوەی هاندانی تاك و گرووپەكانن بۆ ئەوەی پێكەوە هاریكارو هەمانگ بن و لەتوندوتیژی دوور بكەونەوە، لەمبارەوە ئاماژە بەدامەزراوەكانی كۆریای باشوور دەكات كە توانیویەتی توانای تاكەكانی كۆریای باشوور بەئاستێك هەڵبسوڕێنرێت كە ئەو وڵاتەی كردۆتە چراخان و لەكۆریای باكووریش لەبەر ئەوەی نەتوانراوە تواناكان وەك پێویست پەرەیان پێبدرێت، دەبینین تاریكستانە.
كەواتە لێرەوە ئەوەی لەكابینەی حەوتەم چاوەڕێ دەكرێت، بەهێزكردنی دامەزراوەكانە بۆئەوەی هاندانی بەهێز دروست بێت و تواناكان پەرەیان پێبدرێت و بەئاستی پێویست بتوانرێت تواناكان بخرێنەگەڕ بۆئەوەی باشتر ئیمكانیەتەكانی حكومەت هەڵبسوڕێن و خزمەتگوزاریی شایستە پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت.
لەم چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی جیا لەوەی ئەو خۆی یەكێكە لەدامەزرێنەرانی سیستمی دامەزراوەیی لەكوردستان و بڕوای بەوە هەیە بەهێزكردنی دامەزراوەكان باشترین ڕێگەچارەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەركردنی كەموكورتییەكان، لەهەمانكاتدا بڕوای بەشەفافیەت و حكومڕانی ڕاستگۆیانە هەیە، بۆیە ئەمانە ئەو فاكتەرانەن كە چاوەڕێ دەكرێت هەنگاوی گەورە لەبورای پێداچوونەوە بەهەیكەلی دامەزراوەیی و بەهێزكردنیان بگێڕدرێت، ئەو قەناعەتی بەوە هەیە، ناكرێت لەسەر بونیادی دامەزراوەی بەهێز جیاوازیمان هەبێت، بەڵام ئاساییە لەسەر میكانیزمی هەڵسوڕاندنی دامەزراوەكان جیاوازی و میتۆدی جیاوازی ئیشكردن هەبێت، كەواتە نێچیرڤان بارزانی چۆن كەسایەتیەكی جیاوازە، ئەوا خەمەكانیشی بۆ ئاییندەی ئەم وڵاتە جیاوازن، ئەو لەكابینەی پێنجەم هەموو خەمەكانی ئەوەبوو كوردستان بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و بەلایەوە گرنگ بوو كوردستان ببێتە سەرچاوەی وزە، بۆیە لەوەڵامی ئەوانەی پێیان وابوو كۆنتراكتەكانی نەوت شەفاف نین، ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوەكرد(ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە ئەم پرۆسەیە سەربگرێت، ئەم كۆنتراكتانە ئەگەر شەفاف نەبن، ئێمە ناتوانین ئەم پرۆسەیە سەربخەین، بۆیە لەم قۆناخەدا نەك كۆنتراكتەكان لەسەر ئەنتەرێت بڵاو دەكەینەوە، بەڵكو كردومانە بەكتێب و لەبەردەستی هەموو كەسدایە..) لەدرێژەی قسەكانیداو بەزەردەخەنەیەكەوە وتی(خوا دەكات كوردستان لەم پرۆسەیە سەردەكەوێت و دەبێتە خاوەنی سەرچاوەی وزە. ئەوكاتە بواری ئەوەش دەبێت شەفافیش نەبێت. بەڵام ئێستا ناكرێت شەفاف نەبین) ئەم قسانەی بەڕێزی كە لەدەرەوەی چاوی كامیراو میدیا كراون، ئاماژەیە بۆ جیاوازی خەمەكانی ئەم كەسایەتیە كە لەهەوڵی ئەوەدایە هەموو سەرچاوە مرۆییەكان و سەرچاوە سروشتیەكان بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئاییندەیەكی خۆشگوزەران بۆ گەلی كوردستان دابین بكات، هەروەها لەبواری كاری حكومڕانی و مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دیسان كەسایەتیەكی جیاوازی هەیەو بەڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان چەند ناهەقیشی تێدابێت، نیگەران نابێت و ئامادەیە لەگەڵ هەمان ڕۆژنامەنووس یان هەمان میدیا چاوپێكەوتن یان لێدوان بدات، ئەمەش مانای ئەوەیە تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی بۆ كاری ڕۆژنامەگەری بەوجۆرەیە، بەبێ ڕۆژنامەگەری ئازاد و ڕەخنەی جددی مەحاڵە حوكمڕانی دیموكراتی بكرێت، بۆیە وەك دۆستێكی ڕۆژنامەنووسان، بەردەوام لەناو حكومەت و سەركردایەتی، ئەو بەوە ناسراوە داكۆكی لەڕۆژنامەنووسان دەكات و پێیان دەڵێت ئێوە خۆتان زانیارییەكانیان لێدەشارنەوەو لەسەر ئەو زانیاریانەشی دەستیان دەكەوێت لێیان توڕە دەبن، بۆیە ئەو ماف دەداتە ڕۆژنامەنووسەكەو سەركۆنەی بەرپرسان دەكات كە زانیاری لەڕۆژنامەنووسان دەشارنەوە، كەواتە ئەمە بایەخی ڕۆژنامەگەریمان لای نێچیرڤان بارزانی پیشاندەدات كە ئەو ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لەپرۆسەی دیموكراتی لەسەر چەند ڕەخنەیەك با ڕەخنەكانیش لەجێگەی خۆی نەبێت بەراورد ناكات، ئەو بەوجۆرە سەیری ڕۆژنامەگەری ناكات، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن گوشاری ئابووری بكرێتە سەریان بۆ ئەوەی دەنگەكان بێدەنگ بن، ئەو خۆی هاوكاری ڕۆژنامەكانە بۆ ئەوەی ڕەخنەی بوێرانەتر بگرن، ئەو زانیاری لەڕۆژنامەنووسان ناشارێتەوە، بەڵكو بۆ چارەسەری كێشەكان وەك (ئەو كێشەیەی لەبۆرسەی ئۆسلۆ لەسەر یەكێك لەكۆمپانیاكانی نەوت دروست بوو و بەهەڵە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتە ناوەوە، یان وەك ئەو هێرشەی توركیا كە لەساڵی 2008 بۆسنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردی...و تاد) ئەو خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان كۆدەبێتەوەو زانیاری تەواویان پێدەدا بۆئەوەی لەبەر ڕۆشنایی زانیارییە ڕاستەكان ڕۆژنامەنووسان مامەڵە لەگەڵ ڕووداوو كێشەكان بكەن، یان لەبواری مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆشنبیران و بڕوابوونی بەڕێزیان بەڕەخنەی توندی ڕۆشنبیران، نێچیرڤان بارزانی بەو جۆرە سەیری ڕۆشنبیر دەكات، كە ڕەخنەی ڕۆشنبیران هەڵقوڵاوی بیرێكی دڵسۆزە بۆ ئێستاو ئاییندەی ئەم وڵاتە و پێویستە گوێی لێبگیرێت و ڕێزی لێ بگیرێت، هەتا ئەگەر ئەو ڕەخنەیە وەك ڕامانێكی فیكری ڕۆشنبیرەكە لەهەندێك زانیاری سیاسی و ئیمكانیەتی حكومڕانیشەوە دووربێت، ئەو بەهیچ جۆرێك ڕەخنەی ڕۆشنبیران ڕەتناكاتەوە، بەڵكو لای ئەو ڕەخنەی ڕۆشنبیران هێندە بەڕێزە، ئەگەر پێویست بێت زانیاری زیاتری پێدەدات بۆ ئەوەی باشتر بیربكاتەوەو ڕەخنەی باشتر بەرهەم بهێنێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا جێگەی سەرسوڕمان نییە كە ڕۆشنبیران لەگەڵ ئەوەی دانوویان لەگەڵ دەسەڵات ناكوڵێت، بەڵام پێوەندییان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەردەوامە، هەروەها زۆربەی هونەرمەندانیش بەهەموو بوارە جیاوازەكانیانەوەو لەهەرچوار پارچەی كوردستان و ئەوانەشی وەك ڕەهەندی كوردی لەدەرەوەن، زۆربەیان بەشێوەیەك لەشێوەكان پێوەندییان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە جیاوازی كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، توانای ئەوەی هەیە لایەنە جیاوازەكان و بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە پێكەوە گرێبداتەوە، ئەمە نهێنی سەركەوتن و جیاوازی شێوازی نێچیرڤان بارزانی-یە.