داوای لێبوردنی ئەردۆگان لەهاووڵاتیانی دەرسیمپیادەكردنی سیاسەتی سفركردنی كێشەكانە لەسەر ئاستی ناوخۆ
December 6, 2011
راپۆرتەکان
ئۆغلۆ وەك كاریگەری سیاسەتی ناوخۆی توركیا لەسەر ئەم سیاسەتی (سفر كردنی كێشەكان) لەگەڵ دراوسێكانی، ئاماژە بەوە دەكات پێكهاتەی دیموگرافی ئێستای توركیا كاریگەری لەسەر داڕشتنی ئەم ستراتیژە هەبووە، بەمجۆرە ئاماژەیان پێدەكات:
• ژمارەی ئەو بۆسناییانەی ئێستا لەتوركیا دەژین زۆر زیاترن لەوەی كە لەبۆسنە و هەرسك هەن.
• ژمارەی ئەو عەلەوییانەی لەناو توركیا دەژین، زۆرترن لەئەلبانەكانی كۆسۆڤۆ.
• ژمارەی چیچانیەكانی لەتوركیا دەژین زیاترن لەچیچانیەكانی ناو چیچان.
• ئەبخازییەكانی ناو توركیا زیاترن لەئەبخازییەكانی ناو هەرێمی ئەبخازیا لەجۆرجیا.
• ژمارەیەكی هێجگار زۆر لەخەڵكی ئازەربایجان و جۆرجیا لەناو توركیا دەژین.
ئۆغلۆ هۆكاری بوونی ئەم هەموو جالیەیەی وڵاتانی دەوروبەری توركیا لەناو توركیا، وەك ئەو ڕاستیە پیشاندەدات كە بەردەوام سیاسەتی ناوخۆی توركیا ڕووبەڕووی داوایەكی جەماوەریی فراوان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی سیاسەتێكی دەرەوەی چالاك و سەقامگیرمان هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێمان.
كەواتە ئەوەی ئۆغلۆ لەو وتارە دەیەوێت پیشانی ڕای گشتی جیهانی بدات، ئەوەیە كە توركیا وڵاتێكی دیموكراتیە و كە وڵاتێكیش دیموكراتی بوو، ئەوا دەبێت داواكارییەكانی كۆمەڵگە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیدا یەكبگرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا وەك ئاماژەكردنێك بەگەورەترین كێشەی ناوخۆی توركیا كە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كوردە، دەكرێت ئاماژە بەو ڕاستیە بكەین، ژمارەی ئەو كوردانەشی لەتوركیا دەژین زیاترن لەهەموو ئەو كوردانەی لەبەشەكانی دیكە دەژین، بۆیە لەبەر لەبەرچاوگرتنی خواستی كوردەكانیش ئەوە دەخوازێت كە توركیا یەكەمین جار لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەم كێشە چارەسەر بكات و دواتریش وەك گرێدانەوەی ئەم خواستە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی توركیا، توركیا دەیتوانی هاوپەیمانیەكی گەورە لەگەڵ سەرجەم كوردی ناوچەكە گرێبدات و ئەمەش هۆكارێكی دیكە بێت بۆ ئەوەی توركیا بتوانێت لەجیهانی دوای شەڕی ساردا ئەو ڕۆڵە محیوەرییە بەتەواوەتی بگێڕێت و هەموو نەتەوەكانیش وەك دەوڵەتێكی گەورەی ئیقلیمی ڕێزی لێ بگرن، بێگومان زەمینەش بۆ ئەم هەنگاوە لەبارە، بۆیە ئەگەر ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان گرێبدەینەوە بەتێڕوانینی تازەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا و سیاسەتی تازەی دەرەوەی توركیاش گرێدراوی خواستە كۆمەڵایەتییەكانی ناوخۆی وڵات بێت، ئەوا ئەم پێوەندیانە ئاماژەن بۆ ئەوەی توركیا تێڕوانینی خۆی بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەی كورد لەناو وڵاتی خۆی گۆڕیووە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی توركیا لەماوەی سێ هەڵبژاردندا كە پارتی داد و گەشەپێدان(AKP) هەڵبژاردنەكانی بردۆتەوە و حكومڕانی توركیا بووە، سیاسەتی خۆی بەرامبەر چارەسەری كورد گۆڕیوە؟ لەوەڵامدا دەڵێن لەماوەی ساڵانی 2002- 2010 ئەو وەرچەرخانەی لەماوەی ئەو 8 ساڵە لەسیاسەتی توركیا بەرامبەر كورد گۆڕانكاری بەسەردا هات و گەیشتە ئەوەی حكومەتی ئەردۆگان دەستپێشخەری كرانەوە و دیموكراتی ڕابگەیەنێت، ئەم گۆڕانكارییە لە80 ساڵی ڕابردووی پێش (AKP) بوونی نەبووە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر ئەو 8 ساڵە نییە، بەڵكو لەسەر دوای ساڵی 2010 و دوایین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەیە كە هەست دەكرا جۆرە پاشەكشەیەك لەو سیاسەتە كراوە. ئەمەش نەك ئێمەی وەك كورد نیگەران كردبوو، بەڵكو تەواوی دیموكراتخوازان و ئەوانەی توركیا وەك نموونەیەك بۆ دیموكراتی جیهانی ئیسلامی سەیر دەكەن لەسەر ئەو مەسەلەیە نیگەران بووبن، بۆیە لەماوەی پێشوو لەناوەندەكانی توێژینەوە و لەوتارەكانی ئەو نووسەرانەی بایەخ بەكێشەی توركیا دەدەن، ڕاشكاوانە ئاماژە بەوە دەكرا چۆن دەبێت توركیا لەسەر ئاستی دەرەوە سیاسەتی سفركردنی كێشە پیادە بكات و لەسەر ئاستی ناوخۆش ئامادە نەبێت سیاسەتەكانی خۆی بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكات، بەڵام هەنگاوی بوێرانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بەداوای لێبوردن لەكۆمەڵكوژی سییەكانی سەدەی ڕابردوو كە دژی هاووڵاتیانی كورد لەشاری دەرسیم كراوە، بووە جێگەی خۆشحاڵی كوردی توركیا و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو هەنگاوەی تەقدیر كرد و بەرز نرخاندی، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە حكومەتی ئێستای توركیا جارێكی دیكە ئامادەباشی ئەوەی تێدایە كێشەكانی بەزمانی دیالۆگ چارەسەر بكات. ئەمەش لەسەر ئاستی كورد و حكومەتی توركیا متمانە بونیاد دەنێتەوە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری كرانەوە و دیموكراتی بەردەوام بێت و كێشەكان بەرێگە چارەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.