هێشتا بوار لەبەردەم حكومەتی بەغدا هەیە رێككەوتنەكان جێبەجێ بكات

هێشتا بوار لەبەردەم حكومەتی بەغدا هەیە رێككەوتنەكان جێبەجێ بكات
هێشتا بوار لەبەردەم حكومەتی بەغدا هەیە رێككەوتنەكان جێبەجێ بكات
كێشەی پرۆسەی سیاسی عێراق تەنیا كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا نییە، بەڵكو حكومەتی ئێستای بەغدا كێشەی لەگەڵ هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق هەیە بە هەندێك پێكهاتەی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقیشەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەر بەو هاوپەیمانیەیە، كەواتە لێرەوە گرنگە پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق بە پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننەوە جارێكی دیكە پێكەوە دابنیشنەوە بۆ ئەوەی لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان كۆببنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق پێویستیان بەوەیە كە ئەو تەمومژەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنەكانی ئەم دواییە لەسەر هەقیقەتی كێشەكان دروستی كردوون بڕەوێتەوە و بە ڕوونتر لەسەر مەسەلەكان هەڵوەستە بكەن و بۆ ئەوەی هەموو لایەك پابەندی ئەو ئیمزایانە بن كە لەسەر ڕێككەوتنەكان كردوویانە.
لەم چوارچێوەیەدا و بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەفتەی ڕابردوو شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و د.فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەر یەك لە یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشان و حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەگەڵ زۆربەری زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیان كرد، لەم شاندەی هەرێمی كوردستاندا كە وەك سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەكان نەبوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكانی شاندی كوردستان پیشانداوە، ئەمەش نیشانەی یەكڕیزی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.
بێگومان ئەم شاندەی هەرێمی كوردستان كە بەرەنجامی كۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بوو لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمانگی ڕابردوو، لە بەغداش هەموو پرسیار و ڕایەكیان لەگەڵ بەڕێز مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بووە و پێش ئەوەی دەست بە كۆبوونەوەكانیان بكەن لەگەڵ بەڕێز مام جەلال كۆبوونەتەوە و هەروەها لەبەغدا هەردوو بەڕێزان د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و د. فوئاد مەعسوم سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق بەشداری كۆبوونەوەكە بوون، بڕیاریشە لە ئاییندەیەكی دیكە شاندێكی دیكەی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە وەك كاری حكومەتی عێراق سەردانی بەغدا بكەن و لەسەر وردەكارییەكان وتووێژ لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكەن.
ئەوەی دەكرێت لێرەدا ئاماژەی پێبكەین، سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی بۆ بەغدا جێگەی سەرنجی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بووە و پەیامێك بووە بۆ حكومەتی عێراق كە بەبێ كورد حكومڕانی لەبەغدا ناكرێت و ئەو ڕاستیە دووبارە كراوەتەوە كە كورد لە حكومەتی عێراقدا هاوبەشە نەك بەشدار بۆیە دەبێت ئەم هاوبەشی نیشتمانییە لەهەموو بڕیارەكانی حكومەتی عێراقدا ڕەنگبداتەوە، لایەنێكی دیكە كە بەڕێز د.فوئاد حوسێن لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا جەختی لەسەر كردۆتەوە و لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە بڵاودەبێتەوە، ئەوەیە كە پرۆسەی سیاسیی عێراق پێویستی بە تێگەیشتنی هەمەلایەنە هەیە و دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەن كە دواكارییەكانی كورد بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان داواكارییەكی عێراقیانەیە و پێوەندی بەسەرجەم پێكهاتەكانی عێراقەوە هەیە و كوردیش بەشێكە لەعێراق بۆیە لەم چوارچێوەیەشدا ئەگەر كورد داواكاری هەبێت داوای جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە دەكات كە لەنێو ڕێككەوتنەكە هاتوون و هەموویان لەو داواكارییە چڕدەبنەوە كە پێوەندی بەعێراق و كوردیشەوە هەیە كە داواكردنە بۆ ئەوەی بەدەستووری عێراقەوە پابەند بن، لەلایەكی دیكە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەشی بۆ گوڵان ڕوونكردەوە كە كێشەكە تەنیا ئەوەنییە كورد لەم بارودۆخە نیگەران بێت، بەڵكو پێكهاتەكانی دیكەش لەم بارودۆخە نیگەرانن و ئەگەر ئەو ڕێككەوتننانەی ئیمزایان لەسەر كراوە جێبەجێ نەكرێن، ئەوا عێراق ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
دوای سەردانەكەی شاندی كوردستان بۆ بەغدا هەست دەكرێت جۆرە لێكحاڵیبوونێك لەلێدوانی پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق گۆڕدراوە ئەو كێشەیەی كە پێشتر وەك تەنگژەیەك لەنێوان هەرێم و بەغدا باسی لێوە دەكرا، ئێستا وەك جیاوازی بیروبۆچوونەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئاماژەی پێدەكرێت، سەبارەت بەم لایەنە پرسیارمان لە عەلی شەلا پەرلەمانتاری عێراقی لەلیستی دەوڵەتی یاسا كرد و ئەو لەمبارەوە بە گوڵانی ڕاگەیاند كە هیچ كێشەیەك لەنێوان هاوپەیمانی كوردستان و لیستی دەوڵەتی یاسا نییە و ئەو جیاوازییەی كە هەبووە سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز هەردوولا گەیشتووینە ئەوەی ڕێز لە جیاوازی بۆچوونەكانی یەكتری بگرین و لەمبارەوە بە مجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن: (نەخێر، ئێمە كێشەمان لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستانی نییە، مەسەلەكە پەیوەست بوو بە یاسای نەوت و گاز، كە لەلایەن هەردوولاوە لە ڕاگەیاندنەكاندا كاردانەوەی لەسەرهەبوو، بەڵام هاوكات هەردوو لامان لەسەر ئەوە كۆكین كە ڕای هەردوو لایەن ڕێزی لێ بگیرێت، ڕای هەرێم و ڕای ناوەند پێكەوە، لەبارەی هەموو پڕۆژە یاساكان، ئەم هێبوربوونەوەیەش بەرەنجامی ئەو كۆبوونەوانەیە كە لەگەڵ شاندی هەرێم ئەنجامانداوە، بۆیە بەڕای من ئەوە هەڵە نییە كە لەشوێنێكدا ڕاوبۆچوونی جیاواز هەبێت و گفتوگۆ لەسەر بۆچوونە جیاوازەكانمان بكەین، بەڵكو هەڵەكە لەوەدایە كە بگەینە قۆناغێك لە دابڕان و بایكۆت و ئەم شتە نە ڕوویداوە و نەیش ڕوودەدات لەنێوان هەردووك هاوپەیمانێتییەكان)).
سەبارەت بە كەمتەرخەمی حكومەتی عێراق لە چارەسەركردنی كێشە ناوچە دابڕینراوەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بەكەمتەرخەم دەزانێت، عەلی شەلا لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بە گوڵانی ڕاگەیاند: (هەندێك جار هاووڵاتیان پێیانوایە كە حكومەت تەنیا بە یەك ڕۆژ دەتوانێت بڕیارێك دەربكات و هەموو كێشەكان چارەسەربكات. ئەم مەسەلانە پێویستییان بە كۆدەنگیی نیشتمانی هەیە، نموونەیەكتان بۆ دێنمەوە، بۆنموونە لەبارەی ناوچە ناكۆكی لەسەركراوەكان، بەڕێز «مالیكی» یان من تەنانەت تۆش ناتوانین بڕیارێك لەوبارەیەوە دەربكەین بەبێ ئەوەی تەوافوقێكی نیشتمانیی لەسەر هەبێت، ئێمە ناتوانین بەبێ تەوافوقی نیشتمانی وەزیرێك دەستنیشان بكەین، كەواتە چۆن دەتوانین بگەینە چارەسەر بۆ ناوچەی ناكۆكی لەسەركراو لەڕێگەی ڕێككەوتن یان تێگەیشتنی حكومەت لەمبارەیەوە؟ ئەم جۆرە مەسەلانە پێویستییان بە كۆدەنگیی نیشتمانی هەیە، هەروەك كە ئێوەیش دەزانن ئەوە شتێكی «مەنتقی» نییە كە لایەنێك هەموو شتێك بباتەوە و لایەنی بەرامبەر هەموو شتێك بدۆڕێت، بەڕای من ئێمە لە «عێراق» پێویستیمان هەیە بە فێربوون لە كەلتوری لێبوردەیی و كەلتوری «چارەسەری مامناوەندی»، بۆیە لە وڵاتێكی یەكپارچەدا و لەڕێگەی چارەسەری مامناوەندی كەس نادۆڕێت، بەڵكو ئەگەر بێت و لایەنێك بباتەوە ئەوكات هەمووان براوە دەبن، پێموایە كە ئەمڕۆ دانوستانی گرنگ لەئارادا ڕوویداوە لەنێوان هەردووك لە هاوپەیمانێتییەكانی «نیشتمانی» و «كوردستانی» بۆیە هیوادارم بۆچوونەكان ئەگەر گونجاویش نەبن بە لایەنی كەمەوە لێك نزیك بن لەسەر زۆربەی ئەم خاڵانە، بەڵام گۆڕینی بۆ واقعێك لەسەر زەوی پێویستیی هەیە بە قەناعەت پێهێنانی لایەنەكانی دیكە، بەپشتیوانی خودا -یش ئێمە بەردەوامین لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەپێناو قەناعەت پێهێنانیان لەسەر ئەو پرەنسیپەی كە دەڵێت ئەگەر «عێراق»مان بردەوە ئەوكات هیچ كەسێك دۆڕاو نابێت. هەروەها نابێت ئەوەمان لەیادبچێت كە ئێمە لە ڕژێمێكی دیكتاتۆریی دەرچووینە كە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئەزموونی هاوشێوەی ئێمەیان هەبووە بە قۆناغی گواستنەوە تێپەڕیون و تیایدا جیاوازی و مشتومڕ و تێڕوانینی جۆراوجۆر هاتوونەتەكایەوە، بۆیە ئێمەیش بەو قۆناغە تێدەپەڕین، زۆر زەحمەتە ئێش و برینەكانی ئەم هەموو ساڵانە بەئاسانی بسڕێتەوە لە ئەنفال و شەڕ و گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئەو گۆڕانكارییەی دەسەڵات كە لە «عێراق» ڕوویدا وەرچەرخانێكی ڕیشەییە، بۆیە ناتوانرێت ئەو هەموو شتانە بە قۆناغێكی گواستنەوەی كورت چارەسەربكرێت)).
جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان
لەبەرژەوەندی هەموو عێراقە
دواخستنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، بارودۆخێكی بەسەر عێراقدا هێناوە، كە پێش هەر شتێك حكومەتی عێراقی لاواز كردووە و بۆتە هۆكاری ئەوەی نەتوانێت تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیش بۆ عێراقیەكان دابین بكات، ئەم ڕاستیە لای هەموو پێكهاتەكانی عێراق ئاشكرایەو تەنانەت حكومەتی عێراقیش ناتوانێت چاوی لێ بپۆشێت، بۆیە تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەی بارودۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق باشتر بێت و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ هاووڵاتی دابین بكرێت، ئەوەیە هەموو لایەنەكان هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنەی لەهەولێر و لە ئاكامی دەستپێشخەریەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتە كایەوە و بووە هۆكاری ئەوەی كە حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێكبهێنریت، ئەمڕۆ لەبەر هەر هۆكارێك كەمتەرخەمی تێدا بكرێت، دەبێت هاووڵاتیانی عێراق باجەكەی بدەن، سەبارەت بەم لایەنە پەیامنێرانی گوڵان لەناو پەرلەمانی بەغدا ئەم پرسەیان لەگەڵ د.عیتاب دوری پەرلەمانتاری عێراقی لەلیستی عێراقیە باسكرد، د.عیتاب وێڕای هەڵسەنگاندنی ئیجابیانەی بۆ ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە ئاكامی دەستپێشخەریەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتە ئاراوە، جەختی لەسەر ئەوەكردۆتەوە كە شەرمەزراییە بۆ عێراقیەكان كە ڕێككەوتنێك بە چاودێری بەڕێز مسعود بارزانی ئیمزا بكرێت و كەمتەرخەمی لەجێبەجێكردنی بكرێت، لەمبارەوە بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستۆتەڕوو: (بەشی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆكین لەسەر ئەوەی دەبێت ڕێككەوتنەكەی هەولێر وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوەش ڕاستیەكی ئاشكرایە كە ئەم ڕێككەوتنە گرنگە بەهۆی دەستپێشخەریەكەی بەڕێز مسعود بارزانی هاتە ئاراوە، بۆیە مایەی شەرمەزارییە كە بەڕێز «مەسعود بەرزانی» سپۆنسەری ڕێككەوتنەكە بێت و بەندەكانی ڕێككەوتنەكەی «هەولێر» جێبەجێنەكرێ، ئەمە لە كاتێكدا حكومەتی ئێستا لەسەر بناخەی ئەو ڕێككەوتنە پێكهێنرا، ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان یەكێك بوو لە بەندەكانی ئەم ڕێككەوتنە، پێویستە هەمووان دەنگی لەسەر بدەن و پەسەندی بكەن لەبەرئەوەی مەسەلەیەكی دەستووریە، ئەگەر بێت و بەندەكانی ڕێككەوتنەكانی «هەولێر» جێبەجێ نەكرێت ئەوكات ئێمە خاوەن بناغەیەكی جەماوەرین، ئایا ئێمە چی پێشكەشی جەماوەرەكەمان دەكەین؟ پێموایە كە لیستی «عێراقیە» هەڵدەستێت بە داواكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و كێشانەوەی متمانە لە حكومەت. بۆیە ئەوەی ئێمە داوای دەكەین ئەوەیە هەموو ڕێكبكەوین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی گەلی خۆمان بكەین، ئێمە حكومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانی ڕاستەقینەمان دەوێ لەبەرئەوەی تەحەددای گەورە، دەمانەوێت هاوپەیمانێتییەكی نیشتمانیمان هەبێت بۆ بونیادنانەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان، لەبری گرژی و ئاڵۆزی و موهاتەراتی سیاسی، گەل پێویستییەكی زۆری بە ئێمە هەیە، گەل پێویستییەكی زۆری هەیە بە یەكڕیزی و یەك وتار، گەل لەسەر مەرگە و ئێمە هێشتا لە ململانێین بۆ فڵان پۆست و فیسار كورسی)).
بێگومان ئەو قسانەی د.عیتاب كاردانەوەی لیستی ئەلعراقیە نییە بەرامبەر بە لیستی دەوڵەتی یاسا كە ئێستا ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵكو ئەمە ڕای عەبدولمەهدی خەفاجی پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاساشە كە لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان ڕاشكاوانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەكات كە حكومەتی عێراق نەیتوانیووە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و شكستی هێناوە، لەمبارەوە خەفاجی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخافتن: (با سەرەتا شتێك بڵێم، حكومەت تەنیا نوێنەرایەتیی لایەنێك یان هاوپەیمانێتییەك یانیش ئاڕاستەیەكی دیاریكراو ناكات، بەڵكو حكومەت بریتییە لەو هەموو پێكهاتانەی كە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی-ن، «عێراقیە»ی لەخۆگرتووە هەروەها «هاوپەیمانی كوردستانی» و لەگەڵ «هاوپەیمانی نیشتمانی»ش، بۆیە سەركەوتنی حكومەت سەركەوتنە بۆ هەموو بەشدرابووانی پرۆسەی سیاسی و هاوكات شكستەكەشی، هەروەك كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد، شكستی هەموو بەشداربووانی پرۆسە سیاسییەكەیە. ئەو شكستەی ئەمڕۆ كە لە حكومەت هەیە، خودی خۆشم دان بەو ڕاستیە دەنێم كە شكستی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی پرەنسیپی بێمتمانەییە كە بەربڵاوەیكردووە لەنێو لایەنە سیاسییە هاوبەشەكانی پرۆسەی سیاسی و هەروەها لەنێوان هەموو قەوارە سیاسییەكان، ئەمەیە كە بۆتە هۆكاری شكستەكە و ئێستا هەمووان بەرپرسیارن)).
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان و سەبارەت بە دواكەوتنی ئەنجومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان كەبەپێی ڕێككەوتنەكان ئەم ئەنجوومەنە بۆ لیستی ئەلعراقیە، عەبدولمەهدی خەفاجی وتی: (ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان، هەمان كێشەیە و لەچوارچێوەی هەمان ناكۆكییە، جیاوازییەك لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیە لەنێوان ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت لەگەڵ ئەوەی دەنگی لەسەر نەدرێت، هەروەك ئێوەیش دەزانن ئەم مەسەلەیە لە ئەجێندای كارەكانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو، بەڵام بەپێی داواكاریی زۆرینە ئەو مەسەلەیەیان كێشایەوە، ئێمە پێمانوایە كە ئەم مەسەلەیە لەسەر بنەمای تەوافوقێكی سیاسی بونیادنراوە لەنێوان قەوارە سیاسییەكان، بۆیە پێویستە بەپێی ئەو تەوافوقە سیاسییە پەسەند بكرێت، بەڵام بێت و شەرعییەتی هەبێت و ببێت بە دامەزراوەیەكی چوارەم زیاد بەسەر سێ دامەزراوە دەستوورییە جێگیرەكان ئەوە من بەش بەحاڵی خۆم دەنگم لەسەر ئەو یاسایە نەداوە و هاوكات پێموایە كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بۆ ئەو ئەنجوومەنە نادەن لەبەرئەوەی ئەو ئەنجوومەنە دامەزراوەیەكی نادەستوورییە و ناكرێ دامەزراوەیەك تەشریع بكرێت كە ڕكابەربێت لەگەڵ سێ دامەزراوەكان بەو ئیعتوبارەی كە ئەگەر هات و كێشەیەكی تەشریعی-مان هەبوو ئەوكات ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی-مان هەیە بۆ چارەسەركردنی و ئەگەر هات و كێشەیەكی جێبەجێكاریمان هەبوو ئەوە ئەنجوومەنی وەزیران-مان هەیە و ئەگەریش هات و كێشەیەكی دادوەری-مان هەبوو ئەوە ئەنجوومەنی دادوەری-مان هەیە، بۆیە من پێموایە كە ئەنجوومەنی سیاسی دامەزراوەیەكی زیادە و مەبەستەكەی تەنیا بۆ ڕازیكردنی كەسێكە نەك بۆ كامڵكردنی پرۆسە سیاسییەكە)).
ماوەی ساڵێكە حكومەت متمانەی پێدراوە هێشتا پێكهاتەكەی تەواو نەبووە
لایەنێكی دیكەی كێشەكانی حكومەتی عێراق ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی ساڵێكە ئەو حكومەتە لە پەرلەمان متمانەی پێدراوە، بەڵام تائێستا پێكهاتەی ئەم حكومەتە تەواو نەبووە و هێشتا پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان بە وەكالەت پڕكراونەتەوە، ئەم لایەنەش هۆكارێكی دیكەی شكستی حكومەتی عێراقە، لەمبارەوە جەمال بەتیخ پەلەمانتاری عێراق لەلیستی ئەلعراقیە لەسەر ئەم پرسە بەمجۆرە بۆ گوڵانی ڕاگەیاند وتی: (سەبارەت بە مەسەلەی وەزارەتە ئەمنییەكان ئاڵۆزییەكی لە بارودۆخی سیاسی حكومەتدا خوڵقاندووە، بارودۆخە سیاسییەكان بەڕێژەی %100 درووست نییە، بەڵكو چەندین ئاڵۆزیی تێكەوتووە و ئەمە یەكێكە لە دەرهاوێشتەكانی شكستهێنان لە پێكهێنانی وەزارەتە ئەمنییەكان پاش تێپەڕبوونی نزیكەی زیاتر لە دوو ساڵ، بەڵام دووبارە ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە، بۆنموونە ئێمە ئەمڕۆ بەحساب حكومەتێكی هاوبەشی نیشتمانیمان هەیە، بەڵام تەنیا بەناو حكومەتی هاوبەشی نیشتمانییە، لەڕاستیدا حكومەتی موحاسەسەیە، هەروەها لەبەرئەوەی زۆرینەیەكی سیاسیی ڕاستەقینە لە هەڵبژاردنەكان وەدینەهاتووە بۆئەوەی كەشوهەوایەكی ئارام و سەقامگیر بخوڵقێنێت، بۆنموونە وەكو ئەوەی كە لە «توركیا» هەیە، بەڵكو ئەنجامەكان لێكنزیك بوون و كاتێك كە ئەنجامەكان لەهەموو وڵاتەكاندا لێك نزیك بن، ئەوە ئەو لیكنزیكیە خۆی دەبێتە گرێی سیاسیی لەناو پرۆسە سیاسیەكەدا، یان لەنێو ئەو لایەنە سیاسییانەی كە حكومەت پێكدەهێنن، ئەم بارودۆخەش كاریگەری لەسەر ئەدای حكومەت كردووە، بۆنموونە ئەگەر هەستتان كردبێت حكومەت تاكو ئێستایش لەڕووی خزمەتگوزارییەكانەوە تاڕاددەیەك هیچ نییە، ئەمڕۆ هاووڵاتی دەناڵێنێت بەدەستی پسوولەی خۆراك و بێكاری و كارەبا و هەروەها دەناڵێنێت لەدەستی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستی، ئەگەر بهاتبا و نییەتی سیاسی ڕاستگۆ هەبوایە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی مامەڵەیان لەگەڵ یەكتری بكردایە، ئەوكات دەمانبینی كارەبا چارەسەردەبێت و پەروەردە و تەندروستیش پێشدەكەوتن)).
Top