بەرپرسیاریەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قۆناخە ناسك و هەستیارەكاندا

بەرپرسیاریەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قۆناخە ناسك و هەستیارەكاندا

سەبارەت بە كاریگەری ئەم بڕیارانە لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان و دەسپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان، جەعفەر ئیمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم پرسە هاتە ئاخافتن: (جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە پەرۆشە بۆ ئەوەی دانوستاندن و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت و سەربكەون، بێگومان بۆ سەرخستنی دانوستاندنەكانیش دەبێ باس لەوە بكەین كە پێشتر كۆسپ لەبەردەم دانوستاندنەكان هەبوون، بۆ لابردنی ئەم كۆسپانەو دەست پێكردنەوەی دانوستاندنەكانیش، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووجار پەیامی خۆی ئاراستەی هەموو لایەنەكان كردووە و جەختی لەسەر ئەوەكردۆتەوە كە پێویستە شانسی زیاتر بە دیالۆگ و كۆبوونەوەكان بدرێت و كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن، بەڵام وەك هەموو لایەك دەزانن بەم دواییانە چەند ئاستەنگێگ هاتنە بەردەم بەردەوامی كۆبوونەوەكان و لە ئەنجامدا كۆبوونەوەكان ڕاگیران. دوای ئەمە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە نامەیەكیاندا چوار داواكارییان بەجەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیاند و جەنابی سەرۆك بارزانیش چوار داواكارییەكەی ئۆپۆزسیۆنی بەچوار بڕیاری گرنگ، وەڵامی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی دایەوە، ئەمەش لە واقیعدا وایكردووە گەشبینییەكی زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی كوردستان پەیدا بێت، ئەم گەشبینیەش بۆ ئەوەیە ئەو كۆسپەی كەلایەنی ئۆپۆزسیۆن وای تێدەڕوانێ كە ڕێگرە لەبەردەم كۆبوونەوەكاندا، بەڵام ئێستاكە وای بۆ دەچین بەهۆی دەرچوونی ئەم چوار بڕیارە گرنگەوە هیچ كۆسپێك نەماوە لە ڕێگای دانوستاندن و دەبێ كۆبوونەوەكان دەست پێ بكاتەوە، بەڵام كەی كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكاتەوە؟ بێگومان ئومێدی ئێمە ئەوەیە بەزووترین كات كۆبوونەوەكان دەست پێ بكەنەوە، پەلەكردنیش بۆ دانوستاندن و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەپێناوی ئەوەیە ئەو كەشوهەوایە ئارامەی كە لە كوردستاندا هەیە و یاسا سەروەرە ئارامتر ببێت و هیچ درز و كەلێنێك لەنێوانمان نەمێنێت، تاوەكو هیچ لایەن و كەسێك، چ لە ناوخۆ چ لە ناوەند چ لە دەرەوە نەیقۆزنەوەو ئارامی هەرێمی كوردستان تێك نەدەن، بەڵكو بە دانوستاندن و گەیشتن بە قۆناخی سەركەوتن ڕێگری دەكەین لە هەر لایەنێك كە بیەوێت پشێوی و نائارامی لە هەرێمی كوردستان دروست بكات).

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەی و سەبارەت بە پێشوازی ئۆپۆزسیۆن لە بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: (تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن زۆر بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان كردووەو ئەم ئارامیەی ئێستا كە لە كوردستان هەیە بە تێگەیشتنێكی هاوبەش بووە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و وای بۆ دەچین ئێستاكە كەشوهەوای سیاسی زۆر لەبارە نەك تەنیا بۆ دەست پێكردن بە دانوستاندن، بەڵكو دانوستاندن بەرەو سەركەوتن ببەین، بێگومان چوار بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش فاكتەری گرنگە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە یەكتر و گەیشتن بە باوەڕێك بەوەی تەنیا لە ڕێگای دانوستاندنەوە دەتوانین بگەینە ئەنجامی دڵخۆشكەر، بۆ ئەم قۆناخە هەر چوار بڕیارەكەی سەرۆك لە ڕووی ناوەڕۆكەوە گرنگی تایبەتی بۆ گشت خەڵكی كوردستان هەیە، نەك تەنیا بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كە تێیدا چەسپاندنی یاسا و سەروەریی یاسایی ئامانجی سەرەكی ئەم چوار بڕیارەیە. هاوكات سیستەمی دادوەری بەرەو پێشەوە دەبات و كاریگەری زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی سەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، ئەمەش لەم واقیعەوە سەری هەڵداوە ژیانی هاووڵاتیان لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. هەربۆیە دەبێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و گشت دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ئاستە دابێت كە خزمەت بە ژیانی هاووڵاتیان بگەیەنێت، هەر بۆیە رێز لە هەموو داواكاری و بڕیارێك دەگرین كە لە خزمەت هاووڵاتیانی كوردستان دابێت. لەلایەكی دیكەش ئەوەی جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە ئەوەیە كە هەموو كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان متمانەیان بە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی هەبووەو ئێستاش متمانەیان هەیەو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش درێخی نەكردووە كە زەمینە خۆش بكات بۆ هەموولایەن و هێزە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی سیاسی خۆیان بە چالاكی و بەكارایی ببینن و پێشتریش داوایەكی واهەبوو كە زەمینەیەكی لەبار دروست بكرێت بۆ ڕەواندنەوەی ئەو لایەنە دەروونییەی كە دروست بووەو هەمووكات جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەوڵی ئەوەدابووە كە زەمینەیەكی لەبار بۆ هەموو لایەنەكان بڕەخسێنێت، بۆیە جارێكی تر مەزندە دەكرێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان میوانداری سەركردەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بكات و هەموو ئەو گرژی و دووركەوتنانەی هەبووە لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە بەئاسایی وەرگیراوەو دەیەوێت بە زووترین كاتیش زۆر بە ئاسایی هەموو لایەنەكان گرژی لەنێوانیان نەمێنێت و لێك نزیك ببنەوە بۆ هێمنی و ئاسایشی كوردستان و بەرقەراری و سەروەریی یاسا، هەر بۆیەش لەهەموو كات و ساتێكدا جەنابیان هەوڵیداوە بەزووترین كات و بە باشترین شێوە كۆسپ و ناخۆشی لەنێوان لایەنەكان نەهێڵێت و دانوستانەكان ئەنجام بدرێت و دەرئەنجامی سەركەوتووانەیان هەبێت و هەوڵیداوە هەموو كاتێك هەموو لایەنەكان لەكاری سیاسی و پاراستنی هەرێم و بەرقەراری ئاسایشی ڕۆڵی خۆیان بەباشی ببینن، لەلایەكی ترەوە هێزی سیاسی بۆ ئەوەیە خزمەت بە سیستەم بكات لە ڕێگای سیستەمەوەش خزمەت بە هاووڵاتیان بكرێت، دەبێت ئەوەش بزانین ئەزموونی ئەم دەسكەوتەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی دیالۆگ و گفتوگۆ و چالاكییە مەدەنییەكانەوە بونیاد نراوە).


جێبەجێكردنی چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەروازە بۆ چارەسەری كێشەكان دەكاتەوە
هەنگاو هەڵگرتن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا، ئومێدیكی دیكە بە خەڵكی كوردستان دەبەخشێت، سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری سێهەم كە تایبەتە بە گێڕانەوەی بودجەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم مەسەلەیە هاتە ئاخاوتن: (ئێمە وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووری راستەوخۆ ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە تایبەت بوو بە خەرجكردنی سولفەی دارایی حزبەكانی بەشداربووی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا جێبەجێمان كردووە و ئامادەیی وەزارەتیشمان هەیە هەر بڕیارێك لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەربچێت راستەوخۆ جێبەجێی بكەین. بێگومان دەركردنی چوار بڕیاری گرنگ لەمەڕ رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێم لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵ و هەنگاوێكی ترە بۆ نزیكبوونەوەی بیروبۆچوون و پێوەندییەكانی نێوان حزبە كوردستانیەكان لەپێناو پێشخستنی هەرێمی كوردستان و بوژانەوەی زیاتری ئابووری و كۆمەڵایەتی لەهەرێمەكەدا، كە وا دەكات دووبارە حزبە كوردستانیەكان بە حزبە فەرمانڕەواكانی ناو حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیشەوە بە پاڵپشتی و پشتگیرییەكی زیاتر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، تاوەكو بەهەموو لایەك و لە ڕێگای پرۆژە چاكسازییەكانەوە بتوانرێت هەموو گرفت و كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێت).
كەواتە هەنگاو هەڵگرتن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەدوای دەرچوونیەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەر لەگەڵ تەواوبوونی پشووی جەژنی رەمەزان هەرسێ بڕیارەكەی دیكە دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە، سەبارەت بەم لایەنە محەمەد تۆفیق رەحیم وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەسپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان و چارەسەری كێشەكان و لەمبارەوە وتی: (ئێمە پشتیوانی لە 4 بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین و ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە 5 قۆڵییەكان و لەبنەڕەتیشدا لەبەر ئەو 4 خاڵە كۆبوونەوەكان راوەستابوو، هەر بۆیە پێش هەفتەیەك كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو چوار بڕیارەی دەركرد، ئێمەش مەوقیفمان ئیجابی بوو وتمان ئەگەر وابێت و ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەبێتە ڕێگا خۆشكردن بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان. سەبارەت بەبڕیارەكانیش ئەوەی تایبەت بووە بەگەڕانەوەی بودجەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن كە بڕیاری 3یەمە، ئەوا جێبەجێ كراوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەكانی تر جێبەجێ نەكراوە)).
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان هێڕشكردنە سەر ئاسۆس هەردی بە پێشێلكردنی یەكێك لەبڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قەڵەمدا و لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتی: (پێمان سەیرە هەر دوای 48 كاتژمێر لە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێڕشكراوەتە سەر ئاسۆس هەردی ئەمەش خەرقی یەكێكە لەبڕیارەكان)).
بێگومان هەڵكوتانە سەر رۆژنامەنووس كارێكی ناشایستەیە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئیدانەی كردووەو لەمبارەوە د.فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە: (سەرۆكایەتی‌ هەرێم بە هیچ شێوەیەك ئەو دەستدرێژییە قبوڵ ناكات، ئێمە نیگەرانی‌ خۆمان دەردەبڕین بەهۆی‌ هێڕشكردنە سەر رۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی.. سەرۆكایەتی‌ هەرێم چاوەڕێی‌ دەرئەنجامی‌ لێكۆڵینەوەی‌ ئەو لیژنەیە دەكات كە پێشتر لەبارەی‌ ئەو رووداوەوە پێكهێنراوە...دوای‌ دەركەوتنی‌ دەرئەنجامەكان ئێمە خەمساردی‌ ناكەین لە سزادانی‌ كەسانی‌ تۆمەتبار، بۆ ئەوەی‌ ببنە پەند بۆ ئەو كەسانەی‌ كە بەنیازن ئەو جۆرە دەستدرێژیانە دووبارە بكەنەوە)).
ئەگەر بەوردی سەرنج لە وتەكانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بدەین، هەست دەكەین هەڵوێستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە توندە و هۆشداری تێدایە بۆ ئەو كەسانەشی كە بەنیازن كەشوهەوای ئاشتی لە هەرێمی كوردستان بشێوێنن، ئەمەش دڵنیاییەكی دیكەیە بۆ خەڵكی كوردستان، كە بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت بەزووترین كات جێبەجێ بكرێن. لەمبارەیەوە و سەبارەت بە گرنگی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە و وتی: (بەتەئكید گەر بێتوو ئەم 4 بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ڕێگا خۆش دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان و ئەوكات هیچ گرفتێك نامێنێت كە بۆچی كۆبوونەوە نەكرێت، لەلایەكی ترەوە من پێموایە گەر بێتو دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە پێنچ قۆڵیەكان بكرێت و بەئەنجامێكی ئیجابی بگات و پرۆسەی چاكسازیش لەهەرێمی كوردستان دەست پێبكات، بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت و ئەو بارودۆخە دەرەكیانەش لاواز دەكات، واتا بەهێزی هەرێمی كوردستان لەوەدایە سیستەمێكی تەندروست و بەهێز و شەفافمان هەبێت، ئەمانە وادەكات هەرێم بەهێز بێت لەبەرامبەر هەموو هێزەكانی ناوەندو وڵاتانی دەوروبەر و یەكڕیزی لەناو هەرێمەكە دروست دەكات و دەبێتە مایەی بەهێزی كوردستان. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە و هەمەلایەنەیە و پێویستە جێبەجێ بكرێت ئەو پرۆژەیەیە كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن پێشكەشی كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو پرۆژەیە لەبواری سەربازی و ئاسایش و ئیداری و ئابووری، هەرێمی كوردستان بەهێز دەكات)).


هەموو لایەك پێشوازی لەبڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن
چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێجگە لەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی دڵخۆشكرد، لەهەمانكاتدا جێبەجێكردنی ئەم چوار بڕیارە دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ سەروەریی یاسا لە كوردستان و دەیسەلمێنێت هیچ كەسێك لە كوردستاندا لە یاسا بەرزتر نییە، بۆ گرنگی ئەم بڕیارە لەرووی یاساییەوە، حاكم ئازاد مەلا ئەفەندی راوێژكاری یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربارەی ئەم لایەنە لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی و وتی: (دەرچوونی ئەم چوار بڕیارە گرنگە لەلایەن جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیەو لە چوارچێوەی بڕیارێكی یەكلاكەرەوەدایە، پێشتریش جەنابی سەرۆك بە بەردەوامی تەئكیدی لەسەر ئەم بوارانە كردۆتەوە، كە هەر كەسێك لە دادگا داوا بكرێت پێویستە پابەندی بڕیارەكانی دادگا بێت و ئامادە بێت لەبەردەم دادوەر و هیچ كەسێك داڵدەی ئەو كەسانە نەدا، لەلای جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەس لەیاسا گەورەتر نییەو هەموو كەسێك دەبێت لەچوارچێوەی یاسادا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. پێشتریش لەسەر ئەم بوارانە زۆر راوبۆچوونی جیاجیا هەبوو بۆ نموونە لەبڕیاری یەكەم دەیانوت «ئەو كەسانە داڵدە دەدرێن و لەبەردەم دادگا ئامادە نابن» ئەم بڕیارە كۆتایی بەو قسانە دەهێنێت و یەكلادەكرێتەوە.
سەبارەت بەبڕیاری دووەم مەبەست ئەوەیە هیچ دەزگایەك و لایەنێك لە دەرەوەی دادگاو بەبێ بڕیاری دادوەر نابێت كەس دەستگیر بكرێت، هەركەسێكیش كە دەستگیر كرا بەتۆمەتێكی بینراو یا بیستراو، ئەوە دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێر رەوانەی بەردەمی دادوەری لێكۆڵینەوە بكرێت، سەبارەت بەبڕیاری سێیەم كە تایبەتە بە سلفەی حزبەكانی بەشداربوو لە پەرلەمانی كوردستان پێویستە ئەو راستییە بووترێت، لەپشووی جەژندا بڕیاری خەرجكردنی سلفەی حزبە بەشداربووەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ كرا بێ ئەوەی چاوەڕێی دەرچوونی یاسای ئەحزاب بكرێت. بۆ ئەوەی كێشەكان یەكلابێتەوەو لایەنەكان زیاتر لێكتر نزیك بنەوە.

سەبارەت بەبڕیاری چوارەم كە باس لە پێكهێنانی لیژنەیەك دەكات دەربارەی سزادراوە سیاسییەكانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن، پێش ئێستاش لەكاتی خۆی جەنابی سەرۆكی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لەو كەس و شوێنانەی كە گوایە سزای سیاسی دراون و كاری باشیش ئەنجامدراو كارەكانیش بەردەوامی هەیە، بەڵام تا ئێستاش گوایە سزای سیاسی بەرامبەر هەندێك كەس دەكرێت، بۆیە ئەم بڕیارە كە دەرچوو لیژنەیەك لە ئاستێكی بەرزدا پێك دەهێنرێت بۆ بەدواداچوونی راستیەكان و چارەسەركردنی یەكجارەكی. بەبۆچوونی من راوبۆچوونی جیاجیا لەمبارەیەوە هەیە، بۆیە دەبێت بەرەزامەندی هەموو لایەك پێناسەیەكی تەواو و شیاو بۆ سزای سیاسی دابنرێت، بۆ ئەوەی لەكاتی گۆڕینی پۆستێكدا یا گۆڕانكارییەك لەئیدارەی دامودەزگایەكدا وا خوێندنەوەی بۆ نەكرێت كە هەر كەسێك پۆستەكەی گۆڕدرا كە ئەمە سزای سیاسییە. لێرەدا جیاوازی را دەردەكەوێت، هەیە دەڵێت ئەمە سزای سیاسی نییەو گۆڕانكاری و پێداویستی ئیدارییە، لەبەرامبەردا كەسانێك هەن دەڵێن ئەمە سزای سیاسییە.
ئەو چوار بڕیارە دەنگۆ و كاریگەرییەكی زۆر ئیجابی هەبوو، پێشوازیكردنی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پێش پێشوازیكردنی حزبەكانی ناو حكومەت شاهێدی ئەو راستیەن كە بڕیارەكان لەچ ئاست و گرنگییەكدایە. تەنانەت ئەم بڕیارانە لە دەرەوەو ناوەوەی هەرێم زۆر بە پێویست و گرنگ هەڵسەنگێندرا. هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی كۆبوونەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن ئیجابیەو كاریگەری باشی لەسەر یەكلاكردنەوەی هەموو كێشەو ئاستەنگەكان دەبێت و كۆبوونەوەكان بە ئاقارێكی باشتر دەچێت بۆ بەدیهێنانی دەرئەنجامێك كە بەدڵ و ویست و خواستی هەموو دانیشتووانی هەرێمەكەماندا بێت)).


بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات
بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئومێدی بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان گێڕاوەتەوە و بەهۆكارێك سەیر دەكرێت كە جارێكی دیكە یەكڕیزی لەناو هێزە سیاسییەكانی كوردستان دروست بكاتەوە و ببێتە هێزێك بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هەموو ئەو تەحددیانە ببێتەوە كە لەچەندین لاوە رووبەڕووی بۆتەوە، لەمبارەوە محەمەد فەرەج ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە لەسەر بایەخ و گرنگی ئەم بڕیارە هەڵوێستەی كرد و وتی: (دەركردنی ئەو چوار بڕیارە لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو كە پێشتر داوامان كردووە، خۆشبەختانە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو بەرپرسیارێتیەی لەئەستۆیەتی بەدەم ئەم داواكارییانەوە هاتووە و كردوویەتی بە4 بڕیاری جیا جیای گرنگ تاوەكو بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمەش داوامانكردووە حكومەت ئەو بڕیارانە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم 4 بڕیارە رۆڵێكی بنەڕەتی و گرنگ و كاریگەر دەبینێت وەكو كلیلێكە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان. ئەو كۆبوونەوەی مەزەندە دەكرێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی 5 لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئەنجامی بدات پاڵپشتی و هۆكارێكی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی بارودۆخەكەو تێڕوانینی واقیعیانەیە. ئەم كۆبوونەوەیە بۆ هەموو لایەكمان رۆحێكی زیاتر دەبەخشێت بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە 5 قۆڵیەكەو پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد، هەروەها كارێكی وا دەكات ئێمە لە هەرێمی كوردستان كێشەو گرفتەكانی نێوخۆمان چارەسەر بكەین بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەو گرفتانە ببینەوە كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان روومان تێدەكات چ لە حكومەتی ناوەندییەوە یا لەلایەن وڵاتانی دەرودراوسێوە، ئەگەر ئێمە لەنێوخۆ كێشەو گرفتەكانی خۆمان چارەسەر نەكەین، ئەوا ناتوانین رووبەڕووی ئەو هێرش و دەستێوەردانە ببینەوە. ئەمەش بەعەمەلی سەلمێندراوە كە لەماوەی 8 ساڵی رابردوو نەمانتوانیوە ماددەی 140ی دەستوور بەرەو پێشەوە ببەین، نەمانتوانیوە ئەو كێشەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندو ئەوەی لەسەر سنوورەكان هەمانە چارەسەری بكەین. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو ئەوەندە سەرقاڵی كێشە نێوخۆییەكان بووین نەمانتوانیوە ئەو كێشانەی تر چارەسەر بكەین، پێویست بوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی كاری جددی بكات بۆ هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی كە لەنێوخۆ هەیە، بۆ نموونە گەندەڵی یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە رووی لەتەواوی جومگە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەكان كردووە، ئێمە وەكو ئۆپۆزسیۆن بڕیارماندا لەگەڵ دەسەڵات بەپێچەوانەی هەموو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتێك كە لەوڵاتانی دەوروبەر هەیە وتمان پێكەوە كارێكی هاوبەش دەكەین بۆ بنبڕكردنی ئەو گەندەڵییە بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتی خۆمان بپارێزین و بیچەسپێنین كە ئەتوانین ئەو داواكارییە گرنگانەی كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەمانە بەئەنجامیان بگەیەنین.

لەم قۆناغەدا هەموو شتێك كاریگەری لەسەرمان هەیە، ئێمە وەكو دەوڵەتان نین كە هەر دەوڵەتێك ئەگەر زۆر لاوازیش بێت هەر دەمێنێت، چونكە سەروەریی خۆیی و سنووری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام واقیعی ئێمە ئەزموونێكە هێشتا نەمانتوانیوە بگەینە ئەو ئاستەی كە دڵنیاین ئەگەر چی روومان تێبكات وەكو خۆی دەمێنینەوە، گەر خوانەخواستە هەر كاریگەرییەكی دەرەكی یا ناوخۆیی ترسناك روومان تێبكات دوور نییە ئەو شێوازەی كە هەمانە لێمان تێكبدات، لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت لە هەموو كەس زیاتر بەدەم ئەوەوە بین كە كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین و بەجددی بتوانین هەموومان وەكو هێز و تیمێك بۆ پاراستنی ئەزموونەكە كار بكەین و رووبەڕووی ئەو كێشەو گرفتانە ببینەوە كە لە دەرەوە بۆمان دروست بێت. نەیارەكانمان هەمیشە بەدوای فرسەتێكەوەن كە هەركاتێك ناكۆكییەك هەبێت رۆڵ ببینن بۆ گەورەكردنی، بۆ ئەوەی ئەو مەرامانەی هەیانە جێبەجێی بكەن. لەبەر ئەوە ئێمە هەمیشە داوامان كردووە كە ئاڵۆزی نێوخۆیی پێویستی بە زەمینەیەكی باش و گەڕانەوەی متمانە هەیە، ئیشی حكومەت لەسەرەتادا بۆ ئەوەیە هێزەكان بەجددی كار بكەن، چونكە حكومەت بەرپرسیارە لە باشكردنی بارودۆخەكە بۆ هەموو لایەك بە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە.
دەرچوونی ئەم چوار بڕیارە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەك تەنیا پاڵپشتیەكە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان، بەڵكو بۆ راگرتن و بەهێزكردنی ئەزموونەكە پێویست و گرنگە، ئەو چوار بڕیارە یەكەمیان بریتییە لە رێزگرتن لەسەروەریی یاسا، ئەمە خۆی لەخۆیدا زۆر گرنگە واتا یاسا سەروەری یەكێكە لەو خاڵانەی كە ئێمە دەتوانین لەم ڕێگایەوە هەموو كێشەو گرفتەكانمان بەپێی پێویست و یاسا چارەسەر بكەین، رێزگرتن لە دیموكراسی و بنەماكانی و گەیشتن بەئامانجەكانمان لەم قۆناغەدا بەبێ سەروەریی یاسا جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش پێموایە باشترین خاڵە كە دەتوانین لە ڕێگایەوە ئامانجە نەتەوەییەكان و پێگەكانی دیموكراتی ببەین بۆ پێشەوە، ئەم چوار بڕیارە باشترین ئەو خاڵانەیە كە دەتوانین بەدڵنیاییەوە كار لەگەڵ یەكتر بكەین، ئەتوانین بۆ خەڵكی بسەلمێنین ئەگەر هاتوو لەگەڵ دەسەڵاتیش جیاواز بین، بەڵام پێكەوە دەتوانین یاسا بپارێزین و یاسا سەروەری بكەین بە بنەمایەكی سەرەكی كە هەموومان دەتوانین ڕێزی لێبگرین، هەر كەسێك سەرپێچی لەیاسا بكات ببرێتە بەردەم دادگا و دەبێت هیچ لایەنێكیش ئەمانە داڵدە نەدات، وەكو لەبڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمیشدا هاتووە دەبێت هەر هەموومان هاوكاری یاسا بكەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كەبەتەنیا سەروەریی یاسا مەسەلەیەكی گرنگە و دەبێت بیسەلمێنین بۆ خەڵكانێك كە حەزیان لەسەروەریی یاسا نییە ئەگەر هەر كارێك لەهەر جێگەیەك بكەن بێگومان لەدەست یاسا رزگاریان نابێت.
من ئەوەی لام گرنگە ئێمە بەهەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە نەكەین، ئێمە نەتەوەیەكین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەرتاسەری جیهاندا كە بەو ژمارە زۆرەی كورد كە خودان سەروەر نەبێت و خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین. بۆیە پێویستە بەهەموو لایەكمانەوە هەوڵ بدەین ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان بپارێزین و بیكەین بە پێگەیەكی مەحكەم بۆ داهاتوویەكی باشتر و رۆشنتر و بۆ دنیای بسەلمێنین ئێمە هەین، بەڵام ماف و حەقمان زەوتكراوە. ئەمڕۆ دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێشەوەو پێویستە سەرەتا ناوخۆی خۆمان رێك بخەین و خۆمان رێكبخەینەوەو رێز لە ئیرادەی یەكتر بگرین و پاڵپشتی لەیەكتر بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو داواكارییە گەورانەی هەمانە جێبەجێی بكەین و ئەو لەمپەرانەی لەبەردەمماندایە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و وڵاتانی دەوروبەر بەشێوەیەكی رێكوپێك چارەسەری بكەین).


بە یەكڕیزی دەتوانین رووبەڕووی هەڕەشەكانی سەر هەرێم ببینەوە
لەم بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان لەیەك كاتدا رووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێتەوە و هەروەها كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێراو لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا هەیە، بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەبار بۆ یەكڕیزی نێوان هێزە سیاسییەكان دەڕەخسێنیت و هەروەها دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە لەم قۆناخە ناسكە رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە بینەوە كەدەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، سەبارەت لەم لایەنە و كاریگەری بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی وتی:(من پێموایە هەرێمی كوردستان ئێستاكە بە بارودۆخ و واقیعێكی دژوار و نالەبار تێپەڕ دەبێت، كە تووشی هەڕەشەو فشارێكی ناخۆش بۆتەوە، بەتایبەتی لەناوچەكانی سەعدیەو جەلەولاو مەندەلی و خانەقین بەگشتی، بارودۆخی ئەو ناوچانەش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزتر و ناخۆشتر دەچێت، هەندێك كێشەمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەهەڵواسراوەیی و بێ چارەسەركردن ماوە، نەك چارەسەری ئەم كێشانە نەكراون، بەڵكو هەندێك بابەت و كێشە هەیە دوایان خستووەو جێبەجێكردنی راگیراوەو ئاستەنگیان بۆ دروست كردووە. لەلایەكی ترەوە كێشەكانی سەرسنوور و بۆردومانكردنی گوندو ناوچە سەر سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆتە كێشەیەكی پڕ لەمەترسی بۆ هەموو لایەكمان، هەروەها خەڵك و جەماوەر و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوانیش كێشەی خۆیان هەیە و ئەمەش گرفت و كێشەیەكی ترەو پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، چونكە ئەو حزبانە پرۆژەو بۆچوونیان هەیە لەمەڕ كێشە ناوخۆییەكان، بۆیە وا باشە بەهەموو لایەك دەستبكەین بەچاكسازی باش و فیعلی تا رووبەڕووی هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان ببینەوە. ئەمەش وا دەكات زیاتر تەبا بین و هەنگاوی فیعلی بەیەكەوە بەرەو جێبەجێكردنی چاكسازی بنێین بۆ ئەوەی چاكسازییەكان باشتر ببرێت بەڕێوە، بۆیە لێرەدا دەڵێم بەهەموومانەوە دەتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین و بەرەنگاری هەموو هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان ببینەوە. ئەمەش تەنیا بەقسە نابێت بەڵكو دەبێت بەكار و كردەوە ئەنجامی بدەین، لەو كاتەدا دەبێت پەنجە بخەینە سەر كێشەكان و چارەسەریان بكەین و لێكتر نزیك ببینەوەو پرۆژەو بڕیارەكانی هەیە جێبەجێی بكەین. ئەو مەزەندەیەی كە دەكرێت و جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدەستپێشخەرییەكدا لەگەڵ سەركردەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن كۆببێتەوە كارێكی گرنگ و كاریگەر و زۆر باشە، بەڵام پێویستە بۆ ئەم كۆبوونەوەیەش ڕێخۆشكردن و پرۆژە هەبێت كە لەسەری نەك تەنیا قسە بكرێت، بەڵكو بەكردار بچێتە بواری جێبەجێكردن، كۆبوونەوە بۆ كۆبوونەوە نەبێت، بەڵكو بڕیار لەسەر بەرنامەو پرۆژەكان بدرێت و كاریان لەسەر بكرێت. ئەو دۆخەی كە ئێستا هەیە بەرەو باشتر و پێشەوە تر ببات، چونكە ئێستا لەكوردستان تاراددەیەكی باش هێمنی و ئارامی و ئاسایش هەیەو لەبارە، بەڵام پێویستە ئەم دۆخە بەهەموولایەكمانەوە بیپارێزین و بەرەو پێشەوەی بەرین و متمانەش زیاتر لەلایەن خەڵكەوە بۆ هێزە كوردستانیەكان دروست بێتەوە. كاتی ئەوەهاتووە هەموومان باشتر گوێ لەیەكتر رابگرین و بارودۆخەكە بەرەو باشتر ببەین و بەیەكەوە كێشەكان بەرەو چارەسەركردن ببەین. هەروەها خەڵك زۆر ئومێدی بەكۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنە، ئەگەر بەرنامەو پرۆژەی بۆ دانرێت ئەم كۆبوونەوەیە بەهەنگاوی كردەیی زۆر ئیجابیدا دەڕوات، چونكە ئەم كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوە لەئاستی زۆر باڵا دەبێت)).

سەبارەت بە چوار بڕیاری گرنگ لەمەڕ رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێم كە لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەرچوو عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی وتی: من بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئەم چوار بڕیارەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێم – هەر چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ و گەورە بوون و بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە 5 قۆڵیەكان و ڕێگاخۆشكەرێكی ئیجابی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و كۆبوونەوەكان. دوو لە بڕیارەكان بڕیاری خەرجكردنی سولفەی دارایی حزبە بەشداربووەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەستگیرنەكردنی هیچ كەسێك لە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاساییەكان راستەوخۆ جێبەجێكراو كارێكی باش و كاریگەر بوو، بەڵام دوو بڕیارەكەی تر كە تایبەت بوون بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی ڕێككارە نایاساییە كارگێڕییەكان دەربارەی سزا دراوە سیاسییەكانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بڕیاری یەكەم سەبارەت بەو كەسانەی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە لەسەر رووداوەكانی مانگی شوبات – ئاداری رابردوو، پێویستە رادەستی دادگا بكرێن و ئەم دوو بڕیارە ماوە دەست بەكار بێت لەسەریان و ئێمەش پشتگیری ئەم دوو بڕیارە دەكەین و داوا دەكەین بەپێی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت و ئەوەی لەدادگا داوا كراون ببردرێنە بەردەمی یاساو لێكۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵ بكرێت. هەروەها لەكاتێكدا ئەم دوو بڕیارەی دوایی كە ئاماژەم پێدا كەوتە بواری جێبەجێكردن و بەپێی بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا گرنگی و كاریگەری ئەم بڕیارانە زۆر زیاتر و باشتر دەبێت لەسەر لێك نزیكبوونەوەو هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، چونكە بەجێبەجێبوونی ئەم بڕیارانە هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ بڕیاری یاساو دادگا خەڵك بگرێت و هەڵبكوتێتە سەرماڵان و تەقە لەخەڵك بكات لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر دەبێت و كاری خۆی دەكات. لەم كاتەشدا بەتەئكید خەڵك هەست بە ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خۆی دەكات. بەدەستپێكردنی ئەو دوو بڕیارەی ئاماژەم پێكردوو جێبەجێكردنیان وا دەكات ئێمە دەست بەكۆبوونەوە پێنچ قۆڵییەكە بكەین و ئومێدیش دەخوازم لە كۆبوونەوەكان بەئەنجامی باش بگەین)).
Top