دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ گرەنتییەكە بۆ پاراستنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ
July 24, 2011
راپۆرتەکان
تایبەت بۆ گوڵانرەنگە راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی باشووری سودان یەكێك بێت لەو ڕووداوە پڕ بایەخانەی كە لەناوچەكەدا ڕوویداوە و لە دوای چەندین بەسەرهاتی دراماتیكیەوە ئەم هەواڵەی سەرخۆبوون سەرتاپای دنیای گرتەوە، ئەو دەوڵەتەی كە لە باشووری سودان لەدایك بووە، لای زۆربەی ناوەند و پێگەكانی دەسەڵاتی جیهانییەوە، بە ترس و وریایی و تەمومژەوە لێی دەڕوانرێت، ترس لەوەی نەوەك ببێتە دەوڵەتێكی دژكار بەوانی تر. وێڕای ئەوەی سەركردەكانی ئەم دەوڵەتە نوێیە بۆ چەندین جار دووپاتیان دەكردەوەو ڕایاندەگەیاند كە دەوڵەتە تازە لەدایك بووەكەیان، دەخوازێت ببێتە سەرچاوەیەكی ئاشتەوایی و سەقامگیری لەناوچەكەدا، ئەوان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە ناچار بوون لە سودانی دایك جیا ببنەوە، بەهۆی ئەو پەراوێزخستن و جینۆساید و لەناوبردنەی میللەتەكەیان كە بە دەست سیاسەتی زاڵمانەی دەسەڵاتە ناوەندییەكانی حوكم چێشتوویانە كە بە درێژایی مێژوو لە سودان دا زوڵم دەرهەق خەڵكی ئەو بەشەی ئەو وڵاتە كراوە، سودان لە بەڕێوەبردنی پلۆرالیزمی و فرەیی و هەمەجۆرییەتی كە خەڵكی ئەو وڵاتە لە ڕووی ئاستەكانی ئایینی و رۆشنبیری و ئیتنی و هۆزگەراییەوە پێكدێنێت، شكستی خوارد، شەقامی عەرەبیش زۆر بە سانایی لەو زوڵمانە تێدەگات كە بوونەتە فاكتەر لە هەندێ وڵاتی عەرەبیدا، هۆكاری ئەوە بوون هاووڵاتییان دەربچنە دەرەوە بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی فەرمانڕەوایی وڵاتەكانیان، بەڵام ئەم شەقامەی لە سودانە تا ئێستاش پێویستی بەكات و توانای زیاترە تاكو هەمووان تێبگەن لەوەی كە قەهر و زوڵمی لەوەی لە وڵاتانی عارەبی كراون خراپتر هەبوون، كە خەڵكی جوبای ئێستای هانداوە بۆ جیابوونەوە لە وڵاتەكەیان، هەروەكو چۆن ئێستا هەموو خەڵكی باشووری سوودان ئەو داخوازییەی بۆ جیابوونەوە دەخستەڕوو، لەمبارەیەوە «جوزیف لاقو» سەرۆكی بزاڤی یەكەمین بزووتنەوەی میللی ڕزگار لە باشووری سودان «ئەنیانیا» كە ئێستا راوێژكاری سەرۆكی دەوڵەتی باشووری سودان «سلفاكیر میاردیت»ە دەڵێت: ئەو سەركوتكردن و لەناوبردنەی باشوورییەكان لەلایەن حكومەتە نیشتمانییەكانی سۆدانەوە بە خۆیانەوە بینییان لەسەرهەموو ئاستەكان و بەدرێژایی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتە نیشتمانییەكانی كە لە دوای سەربەخۆیی سوودانەوە لە ساڵی 1956ەوەهاتبوونە سەر عەرش هاندەریان بوون بۆ ئەوەی شۆڕش بەرپا بكەن و خەبات لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ڕابگەیەنن. تا لەو دەوڵەتەدا ئازادی و كەرامەتیان وەك هاووڵاتی پلە یەك پارێزراو بێت، نەك هاووڵاتی پلە دوو كە پێشتر ئەو حیسابەیان بۆ دەكرا. هەروەها ئیدوارد دینۆ كە سەركردەیەكی دیاری بزاڤی میللی و سەرۆكی هەواڵگریی پێشووە دەڵێت، خەباتی گەلی باشوور و گەیشتنیان بە دروستكردنی دەوڵەت دەبێتە سەرچاوەی سرووش بۆ هەموو میللەتانی تری كە تاكو ئێستاش هەست بە غوبن و زوڵم و زۆری دەكەن لەسەر خۆیان، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەم چاخە چاخی گەلانە، هیچ كەسێك چەند هێزیشی بە دەست بێت بۆی نییەو ناتوانێ ویستی گەلان بشكێنێت، یان ڕۆحیان لەناوبەرێت، د.ریاك مشار بریكاری سەرۆكی حكومەتی باشووری سودان بەشێوەیەك وەسفی عومەر بەشیر دەكات كە ئازایەتی پێوەدیارە، هەروەها دەڵێت بە سەربەرزی دەچێتە ناو مێژووەوە لەبەر ئەوەی وەفای هەبووە بەرامبەر بەڵێنەكەی خۆی، كاتێ وتی بەڵێن دەدەم مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی باشووری سودان دابین بكەین، ئەم وەفایە بەرامبەر بەڵێنەكە ئاكامەكەی ئەوە بوو 99% گەلی باشوور لە پێناوی جیابوونەوە و سەربەخۆییدا دەنگیاندا، ئەوەی بەشیر كردی هەموو ئەو سەركردانەی پێشووی سودان بە درێژایی مێژوو پێیان نەكراوە، د. فرمینا مكویت منار نوێنەری حكومەتی باشوور لە میسر و كۆمكاری عەرەبی جەختی لەوە كردەوە كە سەربەخۆیی دەوڵەتی باشوور دەبێتە سەرچاوەیەك و رەگەزێكی هێوركردنەوەیە بۆ هەموو ناوچەكە، ئەگەر باكووری سودان پابەند بێت بە بەڵێنەكانی خۆیەوە ئەو كاتە هیچ هۆكارێك لە ئارادا نابێت بۆ هەڵگیرسانەوەی جەنگ و دروستكردنی كوشتار، ئەركە هەنووكەییەكانی دەوڵەتی باشووریش ئێستا وەدیهێنانی پەرەپێدان و سەقامگیری و ئەنجامدانی پرۆسەی خوێندن و تەندروستی و خۆراك و كار و رێگاوبانە بۆ هاووڵاتییەكانی، نەك كردنەوەی دەروازەی تازە بۆ جەنگ و كوشتار. بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونەوە، مەحبوب عەبدولسەلام، جێگری سەرۆكی حزبی كۆنگرەی میللی سودانی ئەو حزبەی كە حەسەن تورابی سەرۆكایەتی دەكات دەڵێت: باشووری سودان وایدەخواست كە بە فیدرالییەت حوكم بكرێت، تاكو لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی دووربكەوێتەوە، جیهانی عەرەبیش پێویستە هاوشێوە بە فیدرالی حوكمی خۆیان بكەن، تاكو لە دابەشبوون و بەش بەش كردنی وڵاتەكانیان دووربكەونەوە، بەمشێوەیە فیدرالییەت باشترین ڕێگەی چارەسەرە بۆ گرفتەكانی عێراق و لوبنان و وڵاتانی تری فرە ئیتنی، هەروەها دەڵێت جیابوونەوەی باشوور و دروستكردنی دەوڵەتەكەی خۆی، ئاواتێك نییە بەڵكو گوزارشتێكە لە شكستێك. عومەر بەشیریش روونی دەكاتەوە كە بۆچی پابەند بووە بە ئیعتراف كردن بەو دەوڵەتە تازەیەی باشوورەوە، چونكە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی «نیفاشا» هاندەری بووە تاكو ئەم پابەند بوونەی بپارێزێت، وێڕای ئەوەی ئامانجی رێككەوتننامە راگەیاندراوەكە، دروستكردنی یەكێتیەكی هاوئاهەنگ و كاریگەر بووە بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، دركی بەوەش كردووە كە ئەگەر سودانییەكان لە بەڕێوەبردنی فرەیی و هەمەجۆرییەتیدا سەربكەوتنایە كارنەدەگەیشتە سەر جیابوونەوە و سەربەخۆیی، هەروەها مەحبوب عەبدولسەلام هەر لەسەر هەمان بابەت پێداگیری دەكات و دەڵێت، كێشەی كوردەكانیش زۆر لە كێشەی باشووری سوودان گەورەترە، چونكە پێوەندی هەیە بە ستراتیژییەتی كۆمەڵێك دەوڵەتەوە، لەلایەكی ترەوە زۆر كەسیش پێداگیری دەكەن لەسەر ئەوەی كە لە فەلەستین دوو دەوڵەت دابمەزرێت یەكیان بۆ جولەكە، ئەویتریان بۆ فەلەستینیەكان، مەحبوب زیاتر جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە وێڕای سەربەخۆیی دەوڵەتی باشووری سوودان، بەڵام تۆوی جەنگ و كوشتار هێشتا زەمینەكەی سازو لەبارە بە تایبەتی لەو مەسەلە هەڵپەسێردراوانەی كە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی باشوور و باكووری سودان جێگەی دڵەراوكێ و گرژین، هەر لەناوچەكانی ئابییەوە تا باشووری كردفان و حەوزی نیلی شین، هەردوو دەوڵەتی سودانی بیروڕای جیاوازیان هەیە لەسەر ئەم مەسەلانە، تاكو ئێستاش دوو هاوڕێی تێگەیشتوو نین لەگەڵ یەكتردا، بۆیە سیماو بۆنی جەنگ هێشتا كاریگەری خۆی هەیە لە ئاسۆدا، ئەوەتا دەیان هەزار لە هێزەكانی فرە رەگەز بە درێژایی هێڵی سنووری نێوانیان، دانراون و بوونیان هەیە، كەواتە هەمووان لە ئاكامەكانی جەنگێكی چاوەڕوانكراو دەترسن، چەندە ژمارەی ئەم هێزانە لە داهاتوودا زیاتر بن، هیچ ئاشتەواییەكی حەقیقی لەسەر زەوی بەدی نایەت، مەحبوب لەمبارەیەوە دەڵێت، بارودۆخ لە ئەوروپا تەواو جیاوازە، لەوێ واتا ئەوروپا تەقالید و بنەماكانی دیموكراتییەت و دەزگاكانی چاودێری و لێپرسینەوە پتەو و بەهێزن، بەڵام لە باشووری سودان بەپێی راوبۆچوونی مەحبوب گوایە هیچ كۆمەڵگەیەكی سیاسی و حزبی تێدا نییە كە لەسەر ئاستی هۆزگەرایی دانەمەزرابێت، هەموو ئەو تێبینیانەی كە لە ئاسۆدا سیمایان دیارە وا دەردەكەون گەر بێت و تەقالیدی دیموكراتی توندوتۆڵ نەكرێت، ئەم دەوڵەتەش هەر دەبێتە دەوڵەتێكی ئەفریقایی گەندەڵ، چونكە نەوتێكی پڕوچڕی تێدایە، ئەم نەوتەش بەدرێژایی شەش ساڵی ڕابردوو لەنێوان باشوورو باكووردا پێشتر دابەش دەكرا، هەروەها دەڵێت: دامەزراندنی دەوڵەت لە باشووری سودان بەشێك بووە لە ستراتیژیەتی جیهانی و حەزی ئەمەریكیەكان بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەسیحی لەناو كیشوەری ئەفریقیادا، هەروەها پێیوایە داهاتووی ئەم دەوڵەتە ئومێدی ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت كە بە فەرمانڕەوایەتی دیموكراتی پێوەندییەكی باشی لەگەڵ هەمووان هەبێت بەتایبەتی لەگەڵ باكووری سودان و میسر و جیهانی عەرەبیدا، تا ببێتە ڕەگەزێكی سەقامگیری لە ناوچەكەو جیهانیشدا.