پەیوەندییەكانی كەرتی گشتی و تایبەت پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە هەیە
July 24, 2011
راپۆرتەکان
سەبارەت بە كاریگەری بەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆك بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كاروباری ئابووری و بازرگانی دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان پێی وابوو: لەهەموو سیستەمەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو چاكسازی ڕۆڵی لە دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووری و چارەسەركردنی كەموكورییەكان هەبووە، ئەوەی ئەمڕۆش جەنابی سەرۆكی كوردستان دەستی پێكردووە ئومێدێكی گەورەی لێ چاوەڕوان دەكرێت، گەر ئەم پڕۆسە چاكسازییەی سەرۆكی كوردستان بەردەوام بێت ئەوا ڕۆڵی كاریگەرو ڕاستەوخۆی لە چارەسەركردنی زۆر كەموكوڕی ئابووری و یاسایی و رێنماییە پێوەندارەكان دەبێت كە ئێستا لەگەڵ واقیعی ئابووری و پێشكەوتنەكانی دنیادا ناگونجێت. هەر بۆیە چاكسازییەكانی سەرۆكی كوردستان لە قۆناغ و كاتێكی باشدا دەستی پێكردوو پێویستە هەموو لایەك پاڵپشتی لێبكەن و هەنگاوی گەورەتری بەدوادا بێت.
كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی (حكومەت) تێنەگەیشتن لەنێوانیاندا هەیە
چارەسەری كەموكورتیەكان و دەرهێنانی دەستی هەندێك لەو بەرپرسە حكومی و سیاسیانەی كە ڕوویان لە كاری بازرگانی و وەبەرهێنان كردووە، یان لە ڕێگەی كەسە نزیكەكان و خزمەكانیانەوە كاسبی لە بازاڕدا دەكەن و تێكەڵ بەتاوانی شوشتنەوەی پارە بوون، پێویست بەوە دەكات پەیكەرو پێوەندییەكانی ناو ئابووری و بازاڕی هەرێمەكە دووبارە ڕێك بخرێتەوەو لەو تێكەڵ و پێكەڵییە دەربهێنرێت كە تێی كەوتووە؛ لەمبارەیەوەو لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان ) هێرش محەمەد تەیار سەرۆكی خاوەن كارانی هەرێمی كوردستان وتی: ئەگەر باسی بازاڕی كوردستان بكەین ئەوا تێكەڵ و پێكەڵیەكی زۆری تێدایە، بەتایبەتی ئەمڕۆ كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی (حكومەت) تێنەگەیشتن لەنێوانیاندا هەیەو دژایەتی یەكتر دەكەن، هەرچەندە من بەرگری لە كەرتی تایبەت ناكەم، بەڵام دەبێت ئەو راستیە بووترێت كە كەرتی تایبەت ناتوانێت دژایەتی حكومەت بكات، بەڵكو گرفتەكە لەوەوە سەریهەڵداوە كەرتی گشتی دژایەتی كەرتی تایبەت دەكات و هەست بەوە ناكات كەرتی تایبەت تەواوكارە، هەر بۆیە پێویستە كەرتی گشتی هەست بەوە بكات كەرتی تایبەت بۆ بونیاتنانەوەو گەشەكردنی وڵات تەواوكاری ئەوە. لەهەموو وڵاتانی تر ئێمە باسی شۆڕشەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بكەین بۆنموونە باسی ئەڵمانیا بكەین كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم ئەو وڵاتە كەوتە بارودۆخێكی زۆر دژوارو ئابووری و وڵاتەكە داڕما، بەڵام حكومەت و دەوڵەت وڵاتی بونیات نەناوەو چاكی نەكردەوە بەڵكو كەرتی تایبەت و خاوەن كارانی دڵسۆزی و بەتوانا وڵاتەكەیان بونیات نایەوە، كاتێكیش باسی كۆریای باشوور بكەین كە لە قۆناغی هەڵسانەوەو شۆڕش رزگاریان بوو بەڵام شۆڕشی دووەم كە شۆڕشی خاوەن كاران و ئەو كەسانە بوو كە وڵاتیان بونیاتنایەوە، ئەوانەی كە شۆڕشیان كردوو لەدژی دوژمن دەجەنگان نامەكەیان كۆتایی پێهات و قۆناغێكی نوێی بووژانەوەو كەرتی تایبەت و خاوەن كاران هاتە پێشەوە.
جێی داخە لەكوردستان ناڕێكی و تێكەڵ و پێكەڵیەك هەیە، كەسانێك هاتنە ناو پرۆسەی ئابووری و بازاڕەوە پرۆسەی دووەمی شۆڕشی بونیادنانەوەیان تێكدا، ڕاستە بەشێك لەوانەی خزاندووەتە ناو پرۆسەی ئابوورییەوە كە ئیشی ئەوان نەبوو ئەمەش وایكرد بارودۆخێك دروست بكات كە ببێتە هۆی بەرەو پێشنەچوونی شۆڕشی بنیاتنانەوەو گەشەكردن.
كەواتە هەنگاوە چاكسازیەكەی سەرۆكی كوردستان لەم واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە كە دەبێت تێكەڵبوونی هەندێك كەسی ناشایستە لە ناو پرۆسەی ئابووری و بازاڕ دەربهێنرێن.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم دژایەتیكردنەی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت لەلایەك و تەنانەت لەنێوان خودی كەرتی تایبەتەكە نەبۆتە مونافەسە هەروەكو چۆن لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەم ڕێگایە كوالێتی بەرزدەبێت و نرخەكانیش گونجاو دەبن هێرش محەمەد تەیار وتی: دەبێت دەسەڵات و كەرتی گشتی ( حكومەت) ئەو راستیە بزانن كە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت تەواوكhری یەكترن، كاتێك كەرتی تایبەت پرۆژەیەك لە حكومەت وەردەگرێت بۆ ئەوە نییە بێت و حكومەت بڕوتێنێتەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت حكومەت پلان و بەرنامەی بۆ ئەوە بێت كە چۆن لەخەمی سەركەوتنی پرۆژەكەیدایە ئاواش مافی كەرتی تایبەت پێشێل نەكات و لەخەمی ئەوەدا بێت بیزنسكارەكە یا بەڵێندەرەكە زیان نەكات و كۆمپانیاكەی بەرەو پێشەوە بچێت.
چاكسازییەكان كاریگەری لەسەر بووژانەوەی ئابووری و بازاڕ دەبێت
سەبارەت بە ڕۆڵی پرۆسە چاكسازییەكەی سەرۆكی كوردستان لە دووبارە ڕێكخستنەوەی كەرتی تایبەت و بەرەو پێشبردنی كارو چالاكی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمەكەدا ئەیاد حەسەن سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك وتی: پرۆسەی چاكسازی سەرۆكی كوردستان رۆڵی گرنگی لە چارەسەركردنی زۆر كێشەو گرفتی وا هەیە كە كاریگەری لەسەر دووبارە رێكخستنەوەی كاری ئیكۆنۆمی و بازرگانی دەبێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان زۆر بواری ئیداری و یاسایی و رێنمایی پێوەندار هەیە پێویستی بەدووبارە چاوخشاندنەوەو هەمواركردنەوە هەیە، لەوانە یاساكانی كارو دامەزراندنی كۆمپانیاكان و گرووپەكانیان و پاراستنی مافی بەكارهێنەرو داهێنان و ماركەو یاساكانی تاریفەی گومرگی و باج و چۆنیەتی پاراستنی مافی كاركردن لەكەرتی تایبەت و ..تاد، بەرنامەی جەنابی سەرۆك زیاتر پێوەندی بەدووبارە رێكخستنەوەی ئەمبوارانە هەیە.
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان كەرتی تایبەت زۆر ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە چارەسەركردنی زۆر كەموكوڕی و ئەنجامدانی پرۆژەو بووژانەوەی هەرێمەكە هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە كاتی ئەوە هاتووە بەتایبەت لەگەڵ بەرنامەكەی چاكسازی سەرۆكی كوردستان كار بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفت و ئاستەنگانە بكرێت كە ڕووبەڕووی ئەم كەرتە بۆتەوە.
مونافەسە باشترین كوالێتی و گونجاوترین نرخ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت
سەبارەت بەخراپی كوالێتی كەرەستەو كەلوپەل و بەرزی نرخەكان كە دوو كێشەی مەترسیدارن لەبواری هەڵاوسانی نرخ و خراپی كوالێتی كاڵاكان كە رووبەڕووی هاووڵاتیان و ئابووری هەرێمەكە بۆتەوە، ئاستەنگیشە لەبەردەم چاكسازییەكان، دارا جەلیل خەیات وتی: یەكێك لەبنەماكانی باشتركردنی كارو بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی كاڵاو كەلوپەلەكان و تەنانەت دابەزینی نرخ و بەهاكان ئاڕاستەكردنی ئابووری و بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازییە لەهەرێمەكەدا بەرەو كێبركێكردن ( منافسە) بەڕاستی تاكو ئەمڕۆ ژمارەی بازرگان و كۆمپانیاو پیشەكاران لەئاستی كێبڕكێدا نین گەر بەراورد بكرێت بەو ژمارەیەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەمە هاوكێشەیەكی ئابوورییە تا بازرگان و پیشەسازیكاران و پیشەوەران زیاد بێت كێبڕكێ دروست دەبێت لەكاتی كێبڕكێشدا هەموو بازرگان و بیزنسكارو وەبەرهێنێك دەیەوێت زۆرترین كڕیارو بەكاربەرو بەكارهێنەر بۆ خۆی ڕاكێشێت تاوەكو زۆرترین قازانج بكات، لەبازاڕێكیشدا مونافەسە هەبێت ئەوا جگە لەباشتركردنی كوالێتی و ماركەو داشكاندنی نرخ ڕێگایەكی تر نییە بۆ راكێشانی كڕیارو بەكاربەر. لەلایەكی ترەوە ئەركی سەرشانی حكومەتە پشتگیری بەرهەمی ناوخۆیی بكات كە دۆخێكی وا دروست دەكات چەند پیشەسازیكارو بەرهەمهێنێك مونافەسە بكەن و لە قۆناغی یەكەمدا كە حكومەت دەعمیان دەكات ئاست و توانای خۆیان بەرز بكەنەوەو كوالێتیان بەرز دەبێتەوەو نرخەكانیش نزم دەكەنەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای خواست و خستنەروو لە بازاڕێك كە مونافەسە هەبێت.
یاساكانی پیشەسازی و كارو دڵنیایی و وەبەرهێنان پێویستی بەدووبارە هەمواركردنەوە هەیە
خاڵێكی تری گرنگی بەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆكی كوردستان پێوەندی بەسەر لەنوێ پێداچوونەوە بەو یاسایانەوە هەیە كە پێویستیان بەهەمواركردنەوە دەبێت، بەمەش رێنمایی نوێ و یاسای تازە بەرهەم دەهێنرێت و واقیعێكی وای لێدەكەوێتەوە كە بیزنسكارو وەبەرهێنەرەكان لە ڕێگای كێبركێوە هەلی كاری باش و گونجاویان دەست دەكەوێت سەبارەت بەو یاساو رێنماییانەی كە وەبەرهێنەرو بازرگان و پیشەسازیكاران كاری پێ دەكەن و بارودۆخی بازاڕو ئابووری رێك دەخات و دەیبات بەڕێوە، سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم وتی: زۆر یاسای وەكو یاساكانی پیشەسازی و یاسای كارو دڵنیایی و كووژانەوەی زەوی كشتوكاڵی و یاسای وەبەرهێنان و چەندین یاسای تر پێویستی بەدووبارە هەمواركردنەوە هەیە، تەنانەت تاكو ئێستا زۆر یاساو ڕێنمایی هەیە كە لەسەردەمی بلۆكی سۆشیالیستی دانراون و ئێمە لەسەری دەڕۆین لەكاتێكدا باس لە ئابووری بازاڕو فراوانكردنی كەرتی تایبەت و كەمكردنەوەی قەبارەی حكومەت دەكرێت. هەربۆیە دەبێت ئەو یاساو رێنماییانە داڕێژرێتەوەو جێبەجێبكرێت كە لەگەڵ واقیعی گەشەسەندنی وڵاتانی دنیاو بەرەو پێشبردنی هەرێمەكەمان بگونجێت.
سەرۆكی خاوەنكارانی كوردستایش لەمبارەیەوە وتی: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو یاساو رێنماییانەی هەیە باشتر بكرێن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت بێ یاساییەو بارودۆخەكەی تێكداوە، خۆ ئەگەر بەپێی یاسا بڕۆین بارودۆخەكە تێك ناچێت و بەشێوەیەكی باش و گونجاو كاروبارەكان بەڕێوەدەچێت و هەمووانیش پیادەی دەكەن. زۆرجار كەسانێكی سیاسەتمەدار یا كەسە نزیكەكانی هەندێك لەبەرپرسە حكومیەكان لە ڕێگای ئیستغلالكردنی نزیكەكانیانەوە بارودۆخەكەیان بە ئاقارێكی تردا بردووەو هەر ئەوانە وایانكردووە ئەم قۆناغە بەرەو دواوە بچێت یا لەشوێنی خۆی راوەستێت.چارەسەركردنەكەشی لە ڕێگای سێ خاڵەوە ئەنجام دەدرێت كە دوو خاڵی سەرۆكی كوردستان تەئكیدی لەسەر كردۆتەوەو داوای چارەسەركردنی بۆ كردووە یەكێكیش لەم خاڵانە بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكانی حكومەتە و ئەوی تر سەروەری یاسایە كە دەبێت یاسا لەسەرووی هەموومانەوە بێت، ئەمەش كاتێك دەچەسپێت كە ئێمە زانیمان ئەرك و مافەكانمان لەچوارچێوەی ئەو یاسایەدا چییە تا پابەندی بین.
سەرۆكی خاوەن كارانی هەرێمی كوردستان وتی : داوام لەحكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كەرتی تایبەت دانیپێدا بنێن و پاڵپشت و هاوكاری كەرتی تایبەت بن تاوەكو بتوانرێت سوود لە تواناو ئیمكاناتیان وەربگیرێت و كۆمپانیاكانی كوردستانیش رۆڵیان زیاتر پێ بدرێت لە بونیاتنانەوەی هەرێمەكە.
لەلایەكی ترەوە من پێم وانییە كەرتی تایبەت هەر هەمووی كەمتەرخەم بێت بەڵكو بەهۆی بوونی خەڵكێكی خاوەن نفووز یا خاوەن دەسەڵات لە پشت هەندێك كۆمپانیاوە وایكردووە هەندێك كۆمپانیا بووچەڵ بێتەوە، لەكوردستانی ئێمەدا زیاتر لە 10 دەهەزار كۆمپانیا بوونیان هەیە ئەگەر لەم ژمارەیە تەنیا 200 كۆمپانیای بەفیعلی هەبێت كە بەتەئكید هەیە ئەوا دەكرێت لەنێوان ئەم ژمارەیەدا كێبركێ هەبێت، بەڵام كاتێك كێبركێ دەبێت كە بەراست و دروستی و بەپێی مەرج و رێنماییەكان پۆلێنی كۆمپانیاكان بكرێت. بەتایبەتی لەبواری پرۆژەكانی وەبەرهێنان و تەندەرات و ئەنجامدانی پرۆژەكان. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیژنەی شارەزاو بەتوانای دامەزراندووە كە ئەركی دۆزینەوەی كەموكوری و گرفتەكان و دانانی رێوشوێن و میكانیزمی چارەسەركردنیشیان لە ئەستۆیە. من وەكو بیزنسكارێكی بێلایەن دەڵێم لیژنەكان بەتوانان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان.
لەڕێگای یاساوە دەتوانرێت دووبارە بازاڕو ئابووری ڕێكبخرێتەوە
سەبارەت بە تێكەڵبوونی كەرتی تایبەتی و حكومی لە بەڕێوەچوونی سیاسەتی ئابووری و ئەنجامدانی پرۆژەكان و نزمی ئاستی كەرتەكە سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك پێی وابوو: لەڕێگای یاساوە دەتوانرێت دووبارە بازاڕو ئابووری ڕێك بخرێتەوەو ڕێگا نەدرێت بەم تێكەڵ و پێكەڵییەی كە ئێستا هەیە، بەتایبەتی ڕێگا نەدرێت هەندێك كۆمپانیاو بیزنسكاری خاوەن نفووزو مەحسوبیەت بەكار بهێنن لە بری كێبركێ و بەدەستهێنانی قازانجی شەرعی ڕێگای تر بگرنە بەرەو رەوشەكە بەئاقارێكی تردا بەرن. كاتی ئەوە هاتووە لەڕێگای دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی گەورەوە هەل و فرسەتی كار بۆ هەموو بیزنسكارو پیشەسازیكارێك وەكو یەك بڕەخسێنرێت و پاڵپشتی و هاوكاری حكومەت بە پێوەری زانستی و شەفاف بێت، بەمەش دەبینە خاوەنی بازاڕو ئابوورییەك كە كێبركێی تێدا دەبێت و پیشەسازیكاران و خاوەن كارەكان لە پرۆژەو كارەكانیاندا سەركەوتوو دەبن .
بەهۆی نەبوونی ئەو كێبركێیەوە نەمانتوانیوە هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین بكەین، بەڵام كاتێك كێبركێ لەنێوان كۆمپانیاكان كەوتەوەو حكومەتیش رۆڵی پاڵپشتی و هاوكاری پێشكەش بەكەرتی تایبەت كرد ئەو كات كەرتەكە دەبووژێتەوەو توانای بەرز دەبێتەوەو زۆرترین هەلی كاریش بۆ گەنجەكان دەستەبەر دەبێت .
سەبارەت بەنەبوونی كێبركێ سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك وتی : من پێم وانییە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك بەو شێوە فراوانە قۆرخكاری هەبێت، بەڵكو كێبركێ هەیە رەنگە بەو رادەیە نەبێت، كە پێویستە بەڵام بوونی دەیان بیزنسكارو كۆمپانیا لە یەك بوارو بوونی كاڵاو كەلوپەل لە دەیان ماركە ئەمە وادەكات كێبركێ لە نرخ و جۆر دروست بێت، بارودۆخەكە ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو باشتر دەڕوات بەتایبەتی پێشبینی دەكەم گەر بێتوو بەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆكی كوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات و بەهەموو پارتە سیاسی و لایەنەكان و هاووڵاتیان پاڵپشتی بكەن ئەو كات زۆر بوار ڕوو لە چارەسەركردن دەچێت، رەنگە زۆر كێشەو گرفت هەبێت بەشەوو رۆژێك چارەسەر نەكرێت، بەڵام هەنگاوی عەمەلی بۆ دەنرێت و وابزانم بوارەكانیش هەمووی بەیەكەوە بەستراوەو كاریگەری لەسەر یەكتر هەیە.