ئه‌ندامێكی ده‌وڵه‌تی یاسا: نیمچه‌ رێككه‌وتنێكی كۆتایی له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان هاتۆته‌ ئاراوه‌

ئه‌ندامێكی ده‌وڵه‌تی یاسا: نیمچه‌ رێككه‌وتنێكی كۆتایی له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان هاتۆته‌ ئاراوه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا فوئاد دوركی دووپاتی كرده‌وه‌ نیمچه‌ رێككه‌وتنێكی كۆتایی له‌ نێوان ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق هاتۆته‌ ئاراوه‌.

دوركی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌ فه‌رمی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق كاندید، رێككه‌وتنێك له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق دروست بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زووترین ماوه‌دا بتوانرێ ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت كۆتایی پێبێت.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی كوتله‌ی كوردی، دوركی روونی كرده‌وه‌ داواكارییه‌كانی كورد ده‌ستوورین بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌شیان پێویسته‌ هه‌وڵێكی نیشتمانی بۆ بدرێت، گوتیشی ماده‌ی 140 هه‌ر ته‌نیا په‌یوه‌ند نییه‌ به‌ پرسی شاری كه‌ركوك، به‌ڵكو زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌گرێته‌وه‌.

كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان وه‌ره‌قه‌یه‌كی 19 خاڵی پێشكه‌ش به‌ كوتله‌ عێراقییه‌كان كردووه‌ بۆ به‌شداریكردنی كورد له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا، گرنگترینیان وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمارو جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی، تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كانی دیكه‌یه‌.
Top