شابه‌نده‌ر: كورد ئاماده‌یه‌ ده‌ست به‌رداری سه‌رۆك كۆمار بێت

شابه‌نده‌ر: كورد ئاماده‌یه‌ ده‌ست به‌رداری سه‌رۆك كۆمار بێت
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا عیززه‌ت شابه‌نده‌ر ئاشكرای كرد كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ سازش كردن له‌ سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ مه‌رجێك ئه‌گه‌ر ئه‌و سازش كردنه‌ هاوكار بێت بۆ باوه‌رِهێنانی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ به‌ به‌شداریكردنی له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق، گوتیشی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌ڵگه‌ له‌ سه‌ر ئاره‌زووی ته‌واوی كوتله‌كان بۆ به‌شداری كردنی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌ حكومه‌تی نوێدا، روونیشی كرده‌وه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشكی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌یه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو پۆسته‌ش مافی هه‌ردوو كوتله‌كه‌یه‌.

یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ پێشكه‌ش به‌ كوتله‌ عێراقییه‌كانی كردووه‌، دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌ بۆ كاندیدی كوردی، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ مافێكی ده‌ستووری ده‌زانێ به‌و پێیه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌ی دووه‌می عێراقه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار.

پێشتریش جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاریق هاشمی رایگه‌یاند به‌و پێیه‌ی عێراق ولاَتێكی عه‌ره‌بییه‌ بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكی عه‌ره‌ب بێت.
Top