مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال، بۆ گوڵان: پەكەكە كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی و داگیركردنی چیای شنگال بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی بەكار دەهێنێت
December 30, 2020
دیمانەی تایبەت
ئەنجامدانی رێككەوتنی شنگال هەنگاوێكی گرنگ و پێویست بوو بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و زەمینەسازكردن بۆ ئەوەی خەڵكی ئاوارەی ئەو دەڤەرە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەش خاڵێكی جەوهەرییە و ئاسانكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە دەكات. ئەو رێككەوتنە و بەربەست و ئاستەنگەكانی بەردەمی و چەند تەوەری دیكە ناوەرۆكی ئەم گفتوگۆیەی گوڵان لەگەڵ مەحما خەلیل قائیقامی شنگال پێكدەهێنن.* دیارە رێككەوتنی شنگال رێككەوتنێكی گرنگە كە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بە سەرپەرشتیی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام درا. ئایا دەكرێت ئەم رێككەوتنە وەك سەرەتایەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال هەژمار بكرێت؟
- رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی (عێراق) دەستووری و یاساییە و داواكاریی خەڵكی شنگالیشە، كە وەك نەخشەڕێگایەكە و چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، وەك ئاسایشی دەڤەرەكە و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزراییەكان و گەڕانەوەی خەڵكەكە بۆ شارەكە، هەروەها ئەم رێككەوتنە تەنیا بۆ شنگال گرنگ نییە كە رووبەڕووی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بووەتەوە، بەڵكو سەركەوتنی ئەم رێككەوتنە دەبێتە نموونە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق كە ناوچەی كێشە لەسەرن و كاریگەریی پۆزەتیڤیش لەسەر خەڵك و ئاوارەكانی شنگال دروست دەكات، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە بەو رێككەوتنە بارودۆخی ئەمنی دەستەبەر دەبێت و خەڵك متمانەی لادروست دەبێت، كە بگەڕیتەوە، لەلایەكی دیكەوە بەم رێككەوتنە هێزی پەكەكە و هەر هێزێكی دیكەی بیانی لە شار و ناوچەكە دەبێت نەمێنن و بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی رێككەوتنەكەش خەڵك بۆ شارەكە دەگەڕێتەوە.
* دیارە رێككەوتنەكە كەوتووەتە واری جێبەجێكردن، وەك رووكەش بەشێك لە هێزەكانی پەكەكە و بارەگەكانیان لە شنگال نەماون، بەڵام وەك گوێبیست دەبین، باس لەوە دەكرێت كە چەكدارانی پەكەكە تەنیا جلەكانیان گۆڕیوەو ئێستا گەڕاونەتەوە شنگال، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە گرنگە، هەر لەسەرەتاوە بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت؟
- بێگومان رێككەوتنی شنگال گرنگە و چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت:
1- دەبێت هێزی پەكەكە لە شنگال بچنەدەرەوە، پەكەكە نەك تەنیا لە شنگال نەمێنێت، بەڵكو دەبێت لەهەموو ناوچەكە و لە سنووری هەرێمی كوردستان نەمێنن.
2- گرنگیی رێككەوتنەكە لەوەدایە كە لە جێگای ئەو هێزە ناشەرعییانەی هەیە، هێزی عێراقی سنووری نێوان سووریا و عێراق بپارێزی و كۆنتڕۆڵی بكات.
3- پێویستە ئەو بارەگا حكوومی و كارگێڕییەی كە لەژێر دەستی پەكەكە و لایەنگرانی پەكەكەدایە، رادەستی حكومەتی مەحەلی بكرێت، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە.
لەلایەكی دیكەوە لەلایەن هەندێ میدیا و راگەیاندنەوە باس لەوە كرا كە پەكەكە و لایانگرانی پەكەكە بارەگاكانیان چۆڵ كردووە، بەڵام لە هەقیقەتدا پەكەكە ئەو بارەگایانەی چۆڵ نەكردووە، بەڵكو لەناو شارو شاخەكەشدا تەنیا جلوبەرگ و ئاڵای خۆیان گۆڕیوە و ئاڵای دیكەیان هەڵداوە، ئەگەرچی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دەیانەوێت ئەو رێككەوتنەی كراوە، جێبەجێ بكرێت، بەڵام مخابن تا ئێستا هیچ لە خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەبووە.
* وێڕای ئەو هەموو كارەسات و ژینۆسایدەی بەسەر كوردانی ئێزدی هات، بەڵام بوونی پەكەكە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە یەكڕیزی و یەكگرتوویی لەناو كوردانی ئێزدی نەمێنێت و ببن بە چەند بەشێكەوە، ئایا تاچەند ئەم دابەشكردنەی پەكەكە لەناو كوردانی ئێزدی دروستی كردووە، كاریگەریی لەسەر سۆزی نێودەوڵەتی بۆ كوردانی ئێزدی هەیە؟
- رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و UN زۆر كەمتەرخەمن لە ئاستی خەڵكی شنگال و ئەو جینۆسایدەی بەرامبەر خەڵكی شنگال كراوە و بەرامبەر ئاوەدانكردنەوەو قەرەبووكردنەوەی خەڵكی شنگال، هاوكات حكومەتی فیدڕاڵیش زۆر كەمتەرخەمە بەرامبەر شنگال و خەڵكی شنگال، بەتایبەتی لە بوونی پەكەكە و هێزی دیكەی ناشەرعی لەو دەڤەرو شارەدا، كە ئەم هێزانە نامۆن بە جوگرافیاو دەڤەرەكە، كارو رەفتارەكانی پەكەكە و لایانگرانیان بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵك بۆ شنگال نەگەڕێنەوە و ئاوەدان نەبێتەوە، بۆتە هۆكاری سەرەكی كە جڤاتی ئێزدیان دابەش ببن لە بەرامبەر ئامانج و پلانی خۆیان و ناوچەكە. شنگال بۆ پەكەكە دەڤەرێكی گرنگە لە رووی ستراتیژی و ئابووری و بەرژەوەندیی خۆیانەوە، ئەوان جینۆسایدی شنگال و چیای شنگال بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەهێنن. پەكەكە زوڵم لە هەموو پێكهاتەكان دەكات لە شنگالدا و كچ و كوڕی ئێزدی زیندانی دەكات، حكومەتی عێراقیش چاوپۆشیی لێ دەكات.
* زۆر لە شارەزایان دەڵێن تا پەكەكە لە شنگال بێت، شارەكە ئاوەدان ناكرێتەوەو ئاوارەكانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئەو كارە خراپانە چین كە پەكەكە دەیانكات و بوونەتە رێگر لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان؟
- پەكەكە لە شوێن و دەرفەتێك دەگەڕێت كە یاسا نەبێت، چونكە یاسا هەبێت، پەكەكە ناتوانێت ژیانی خۆی بەڕێوەببات، دەیەوێت لەهەر شوێنێك ئەوانی لێ بێت، یاسا نەبێت و رفاندن و ترس و تۆقاندن و زیندانیكردن هەبێت، هەر بۆیە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەم كارو رەفتارانەی پەكەكە دەبینن، ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ناوچەكە بكەن، چونكە رێكخراوی نێودەوڵەتی دەتوانێت هەڵسوكەوت لەگەڵ ئیدارەیەكی شەرعی و یاسایی بكات نەك ئەوەی كە پەكەكە لە شنگال دەیكات، كە هەر هەمووی پێچەوانەی شەرعییەت و یاسایە و ئیداریەك پیادە دەكات كە بەتەنیا لە بەرژەوەندیی خۆیدایە، پەكەكە بازرگانیی ناشەرعی ئەنجام دەدات و كچ و كوڕی خەڵك دەڕفێنن، تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆر كچی ئێزدییان رفاندووە و بردوویانەتە چیای قەندیل و چارەنووسیان نادیارە، ئەمنییەتی شارو ناوچەكەش ناپارێزن، هەر بۆیە بە بوونی پەكەكە لە شنگال، خەڵك ناتوانێت بگەڕێتەوە.
* دیسان باس لەوە دەكەن، ئەو كوڕ و كچە كوردە ئێزدییانەی بۆ بەرگری لە شنگال پەیوەندییان بە پەكەكەوە كردووە و بوونە چەكداری پەكەكە، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان، چونكە پەكەكە ئەوەی واز بهێنێت، زیندانی دەكات، وەك قایمقامی شنگال چۆن سەیری ئەم رەفتارەی پەكەكە دەكەیت؟
- رەفتار و توندوتیژیی پەكەكە كاریگەریی زۆر خراپی لە سەر سایكۆلۆژیای ئێزدییەكان لە شنگال دروست كردووە، هەر ئەمەش وای كردووە كە جڤاتی ئێزدی هیچ باوەڕ و ئومێد و متمانەیەكی بە پەكەكە نەمێنێت، ئەگەرچی پێشتر رێزگرتنێك لەنێوان پەكەكە و خەڵك هەبوو، بەڵام ئێستا بەو رەفتار و خراپەكارییانەی پەكەكە دەیكات، هیچ ئومێدێك بە پەكەكە نەماوە. تەنیا بە نەمانی پەكەكە لە شنگال ئەمنییەت بۆ شنگال دەگەڕێتەوە، ئەمەش وادەكات جڤات و خەڵكی ئێزدی بۆ شنگال بگەڕێنەوە و رێزگرتن و متمانە و ئاوەدانكردنەوە لە نێوان خەڵك و پێكهاتەكان دروست ببێتەوە. رەفتارە خراپ و توندوتیژییەكانی پەكەكە كاریگەری لەسەر دابەشبوونی جڤاتی ئێزدی و ئایینی ئێزدی دروست كردووە و، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە جڤاتی ئێزدی ببنە دوو سێ بەش، ئەمەش كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن دروست دەكات، كە وایكردووە ئێزدی یەكگرتوو نەبن. پەكەكە خەڵكیان تووشی كاری بازرگانیی ناشەرعی و قەدەغەكراو كردووە، هەر ئەمەش وای كردووە كە رۆشنبیرو بنەماڵەكان و خاوەن عەشیرەتە دیار و گەورەكانی كوردی ئێزدی متمانەیان بە پەكەكە نەبێت و رازی نین تا پەكەكە لەوێ بمێنێت، بۆ شنگال بگەڕینەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە هێزێكی پۆلیس لە كوردانی ئێزدی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی شنگال دروست دەكرێت، پێكهاتەی ئەو هێزە چۆن دەبێت؟ ئایا مەترسی ئەوەتان نییە چەكدارانی پەكەكە خۆیان بخزێننە ناو ئەو هێزەش؟
- نەخێر، مەترسیی ئەوە نییە كە پەكەكە بتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ئەو هێزی پۆلیسەی كە بۆ پاراستنی شنگال دروست دەبێت، چونكە بەپێی رێككەوتنی شنگال 2500 پۆلیس دادەمەزرێن لە كوڕ و كچانی شار و دەڤەرەكە، كە هەزار كەس لەوانە دەبێت خەڵكی شارەكە بن، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ ئەو كەسەی لەم هێزە دادەمەزرێت، ناو و تەمەن و بڕوانامە و قەیدی تۆمار و شوێنی نیشتەجێبوونی داوا دەكرێت و بەپێی بەڵگەنامەی راست و دروست مامەڵەكان ئەنجام دەدرێت، هێزەكە 1000 كەسیان بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق خەڵكی شنگالە و 1500 كەسیش لەو كەسانە دەبێت كە نیشتەجێی كەمپەكانن لە هەرێمی كوردستان، بەدڵنیایەوە كەسی پەكەكە ناتوانێت خۆیان بخزێننە ناو ئەو هێزی پۆلیسەی كە بۆ پاراستن و ئەمنییەتی شنگال بەپێی رێككەوتنەكە دادەمەزرێت.