لیوا مەلا فایەق چوچانی فەرماندەی لیوای 1ی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكان بۆ گوڵان:بەرنامەو پلانەكانی سەرۆك بارزانی شەڕەكەی لە بەرگرییەوە گۆڕی بۆ هێڕشكردن
February 12, 2015
دیمانەی تایبەت
تیرۆریستانی داعش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لەبەردەم هێزی پێشمەرگە تێكدەشكێن، تەنانەت سەرجەم هەوڵەكانیان بۆ كۆمەڵكوژی كورد و وێرانكردنی ژێرخانی كوردستان شكستی هێناو ئێستاكە بێ ئومێدیيەكی زۆریان پێوە دیارە، دوای دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، لەچوارچێوەی ئەو دووبارە رێكخستنەوەیەدا چەندین لیوای تری تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ بەشدارییان لەو شەڕەدا كردووە، میحوەری دوبزیش یەكێكە لەو میحوەرە گرنگانەی كە جگە لەوەی ناوچەیەكی گرنگی كوردستانییە، هاوكات بەناوچەیەكی دەوڵەمەندیش دادەنرێت، كە ژمارەیەكی زۆری كێڵگەی نەوتی و دامەزراوە نەوتیەكانی تێدایە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە تیمی گوڵان سەردانی میحوەری دوبزیان كردو لەدیمانەیەكدا لەگەڵ لیوا فایەق قادر حەمە ڕەشید ناسراو بە مەلا فایەق چوچانی فەرماندەی لیوای 1ی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.تا ئێمە لەم ناوچە كوردستانیانە بین جارێكی تر رێگا نادەین تیرۆريستان بێنەوە ئەم ناوچەیەو زیان بەگەلی كورد بگەیەنن
* میحوەری دوبز یەكێكە لەمیحوەرە گرنگەكانی بەرەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەڕی داعش، هاوكات ژمارەیەكی زۆری كێڵگەی نەوت و دامەزراوە نەوتیەكانی تێدایە، ئایا سنووری ئەم میحوەرە كوێ دەگرێتەوە؟
- ئەم میحوەرە (80 تا 90) كیلۆمەتر چوارگۆشە پێك دەهێنێت لەبن چیای قەرەچوغ درێژ دەبێتەوە تا حەفری بای حەسەنی باشوور كە عێراق پێی دەڵێت (جسری قائید)، كە ژمارەیەك ناوچەو پێگەی گرنگ لەخۆدەگرێت كە لێكتر دوورن وەكو(بای حەسەنی باشوور، بای حەسەنی باكور، سارەلوە، سەربەشاخ، داسانە، ئاڤانە، نمرە8)، هەروەها لەرۆژئاوای زێی دوبزەوە ژمارەیەك گوندی ئاوەدانی تێدایە دانیشتووانی بەشی هەرە زۆریان خەڵكی كوردی رەسەنی ناوچەكەن، بەڵام لە بەشی رۆژهەڵاتی رووبارەكە كە بۆ خوارووی دوبز دەگرێتەوە، ژمارەیەك گوندی تێدایە كە زۆربەیان عەرەبن و هاوكارو پاڵپشتی تیرۆریستانی داعش دەكەن رق و كینێكی زۆریان بەرامبەر كورد هەیە، چونكە ئەوان خاكی كوردیان تاڵان كردووەو دەترسن رۆژێك بێت خاكەكە بگەڕێتەوە دەستی دانیشتووانە رەسەنەكەی كە كوردن.
* وەكو بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا ناوچەكەو میحوەری دوبز پێگەیەكی گرنگی هەیە، ئایا جگە لە پێگە جوگرافیا كوردستانیەكەی چی گرنگیەكی تری هەیە؟
- ئەم ناوچەیە بۆ كوردستان لە رووی جوگرافیاو ئابوورییەوە زۆر گرنگە، بە بەردەواميش دوژمنانی كورد هەوڵی تەعریب و دەربەدەركردنی دانیشتووانە رەسەنەكەیان داوە، تاكو ئەمڕۆش بە ناو و ناونیشانی جۆراوجۆرەوە لەهەوڵی پەلاماردانی ئەم ناوچەیەدان، هێرشەكانی داعش باشترین بەڵگەن بۆ قسەكانم. ناوچەی دوبز پێگەیەكی گرنگە بۆ نەوت و دامەزراوە نەوتیەكان لەدوارۆژدا داهات و ئابوورییەكی باش بۆ كوردستان دابین دەكات، بەتایبەتی كە لە60%ی داهاتی كەركوك لە دوبزە.
* ئاماژەت بەوەدا كە ئێوە ئەركی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكانتان پێدراوە دەتوانیت زیاتر باس لەهێزەكەی خۆتان بكەیت، ئایا چۆن پارێزگاری لەناوچەیەك دەكەن كە ژمارەیەك گوندی عەرەبی تێدایەو ئەگەری پاڵپشتی كردنی داعشیان لێدەكرێت؟
- هێزی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەكان كە لە2 لیوا پێكهاتووە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیەو كار بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی كوردستان دەكەین، لیوای 1 كە ئێمەین بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی كوردستان هاتووین بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان و ئەركی پاراستنی سامانە سروشتیەكانمان لە ئەستۆیە لە دوبز تا دەگاتە زاخۆ، لیوای 2 ش لە رۆژهەڵاتی ئێمەوە لەو دیوی حەفری بای حەسەنی شیمالی دەست پێدەكات تا دەگاتە ناوچەی مەندەلی. راستە ئەو ناوچەیەی ئێمە ئەركی پاراستنمان لە ئەستۆ گرتووە لە رووی نەتەوەوە تێكەڵاوە كە جگە لە كورد نەتەوەی عەرەب و توركمانیشی تێدا نیشتەجێیە، گەرچی ناوچەكە بەگشتی كوردستانییەو خاوەنە رەسەنەكەی كوردە، بەڵام پرۆسەی تەعریب و تەرحیلكردنی دانیشتووانەكەی كە لەهەشتاكانەوە لەسەر دەستی سوپای عێراق ئەنجامدراوە، وایكردووە ژمارەیەكی زۆری گوندنشینی عەرەبی تێدابێت وەكو ئەو گوندانەی كەوتوونەتە دیوی رۆژهەڵاتی رووبارەكە، بەداخەوە هەمان هەڵوێست و ئامانجی تیرۆریستانی داعشیان هەیە تەنانەت بەشێكی زۆری ئەو گوندنشینانە سەر بە داعش و سەلەفییە ئیسلامییە توندڕەوەكانن و گەنجەكانیان دوای داعش كەوتون.
* كەواتە لەو گوندانەوە ئێوە بەبەردەوامی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشن بۆ سەر هێزەكانتان؟
- گوندە عەرەبەكان بە پێچەوانەی گوندە كوردییەكان هاوكاریی و پاڵپشتی داعش دەكەن وەكو وتم لەتوندڕەوە سەلەفیەكانن تەنانەت لە هێڕشەكانی داعش بۆ سەر گوندەكانی تەللوەردو مەلاعەبدوڵڵا داعشەكان لەم گوندانەوە هاوكارییەكی باش دەكرێن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە زیان بەئێمە بگەیەنن، ئەم شەڕەی داعش هەمان شەڕی سوپای عێراق بوو لەدژی كورد كە پرۆسەی ئەنفال و كیمیاباران و تەرحیلی دەرهەق بەگەلی كوردستان جێبەجێ دەكرد، هەربۆیە گرنگ نییە بەلای دانیشتووانی گوندە عەرەبەكانەوە تیرۆریستێكی وەكو داعش كە لەهەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقیەكان داڕماوە بێتە ئەم ناوچەیە، گرنگ ئەوەیە كورد جارێكی تر تەرحیل بكات و قەتڵوعامی خەڵكی بێ گوناه و مەدەنی كورد بكەن. بەڵام داعشەكان و گرووپە چەكدارەكانی ترو هێزە قەومچیەكان ئەو راستیەیان لەیادچووە كە تا ئێمە لەم ناوچەیە بین جارێكی تر رێگا نادەین تیرۆریستان بێنەوە ئەم ناوچەیەو زیان بەگەلی كورد بگەیەنن تا دوا هەناسەمان بەرگری لەم ناوچەیە دەكەین. ئێمە بە وردی چاودێری هەموو جموجوڵێكی سەربازی تیرۆریستان دەكەین بەتایبەتی لەو شەوانەی تەمومژە كە ئەوان هەوڵ دەدەن سوودی لێببینن و لە هێزەكانی پێشمەرگە نزیك ببنەوە هەروەكو چۆن لە شەڕەكانی ئەم دواییەی لە میحوەری كەركوك روویاندا، گەرچی ئێمە پۆلێك لە ئەفسەرو پێشمەرگەمان شەهید بووە، بەڵام بەدەیان لاشەی داعشەكان كەوتە بەردەستی پێشمەرگەو شكستێكی گەورەیان بەركەوت. ئێمە گومان دەكەین هەمان پلان لەم میحوەرە دووبارە بكەنەوە، چونكە گوندە عەرەبەكان هاوكاری و پاڵپشتیان دەكەن و ناوچەكەشمان كەشوهەوایەكی ئاڵۆزی هەیەو هەندێكجار تەمومژاوییە، هەر بۆیە دەستمان كردووە بەتوندكردنی ئەو دەروازەو رێگایانەی كە ئەگەری دزەكردنیان لێوەدەكرێت، هێزەكانیشمان لەو پێگە سەربازیانە چڕتر كردۆتەوە ئەگەر پەلامارمان بدەن زۆر بە توندی تێك دەشكێن.
* دوای داگیركردنی ناوچەكانی دەشتی نەینەواو شنگال و كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، سەرۆك بارزانی خۆی بووە سەرپەرشتیارو پلانداڕێژەری بەرەكانی شەڕەكە، ئایا ئەمە تاچەند كاریگەری لەسەر ئێوە هەبووە.؟
- ئەگەر جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی لەبەرەكانی جەنگ نەبووایەو سەرپەرشتی و پلانی سەربازی دانەنایە، ئەوا نەدەتوانرا رووبەڕووی پێشڕەوی تیرۆریستانی داعش ببینەوە، ئەو تیرۆریستانەی هێندەی دەوڵەتێك چەكی پێشكەوتووی ئەمەریكای لە سوپای عێراق دەستكەوتووەو هەموو هێزە تیرۆریستیەكانی جیهان و قەومچیەكانی عەرەب پاڵپشتی دەكەن، تەنانەت بەرنامەو پلانەكانی سەرۆك بارزانی هۆكارێكی بنەڕەتی بووە كە پێشڕەوی لە تیرۆریستان گرت و شەڕەكەی لە بەرگری كردنەوە گۆڕی بۆ هێرشكردن، ئەمەش شتێكی ئاساییە بۆ سەرۆكێك كە خۆی پێشمەرگەو فەرماندە بووەو شارەزایی و ئەزموونی لە شەڕو پلانی سەربازی هەیە، ئەم پاڵپشتیەیە وا لە پێشمەرگەیەك دەكات بەدرێژایی 14 كاتژمێری شەو لەبەردەم باران و سەرمای زستان كە زۆر زەحمەتە هیچ كەس بتوانێت بەرگەی بكرێت لە واجبدا بێت بۆ پارێزگاریكردن لەخەڵكی كوردستان. وەكو بەرپرسێكی سەربازی بەگرنگییەوە دەڕوانمە رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ بەرزكردنەوەی ورەی هێزی پێشمەرگەو رێگرتن لە دووبارە بوونەوەی كۆمەڵكوژی و ئەنفالێكی تر، جەنابی سەرۆك بارزانی هێزو توانای بە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەخشی شەڕو ئاڕاستەی شەڕەكەی لە بەرگرییەوە گۆڕی بۆ ئازادكردن و رزگاركردنی هەموو ناوچە كوردستانیەكان، هەربۆیە بوونی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە هیواو ئومێدێكی گەورەیە جەنابی سەرۆك بارزانی بە بێ جیاوازی لەهەموو بەرەكانی شەڕ ئامادەیی تێدابووەو پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كردووە، هەربۆیە پێمان خۆشە شەهید بین لەژێر سایەی رابەڕایەتی سەرۆك بارزانی، كە ئەمڕۆ پارێزگاری لەهەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكات بێ ئەوەی جیاوازی لەنێوان نەتەوەكان بكات، ئەوەتا بینیمان چۆن پارێزگاری لە كریستیانەكان و ئێزیدییەكان و تەنانەت ئەو عەرەبە سوننەو شیعانەش بكات كە هانایان بردە بەردەم كوردستان. تا سەرۆك بارزانی بمێنێت پاراستنی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی زامنە.
* كەواتە پلان و بەرنامەی سەربازی كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی دەكات رۆڵی گرنگی لەگۆڕینی ئاڕاستەی شەڕەكەو ئازادكردنەوەی ناوچە كوردستانیەكان هەبوو؟
- بەڵێ ئەزموونی پێشمەرگایەتی و فەرماندەیی و دیپلۆماسیەتی سەرۆك بارزانی وایكرد رێگا نەدرێت جارێكی تر كورد كۆمەڵكوژ بكرێتەوە، ئەمە قسەی سەرجەم سەرۆك و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی هاوپەیمانانن كە سەرسامن بە خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، پلانەكانی سەرۆك بارزانی و سەرپەرشتیكردنی بەرەكانی شەڕو رێكخستنی میحوەرەكانی بەرەی شەڕ وایكرد تیرۆریستانی داعش تووشی شۆك بن، هەربۆیە هەرچی پلانێك سەرۆك بارزانی دایڕێژێت راستەوخۆ جێبەجێی دەكەین، چونكە دوای دیراسەو توێژینەوەی ورد هاتووە، ئەوەتا بەشی هەرە زۆری ئەو شوێنانەی تیرۆریستانی داعش داگیریان كردبوو، ئێستا ئازادكراوە، ئەو بەشە كەمەی كە ماویشە ستراتیژییەت و پلانی سەربازی شەڕ وادەخوازێت كە پەلە نەكەین. بەمشێوەیە پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان پشتگیریی لە سەرۆكەكەیان دەكەن كە لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕ سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگەو پاراستنی كوردستان دەكات.
نامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە كە بۆ بەدامەزراوەیی كردن و یەكگرتنی تەواویی یەكەو هێزەكانی ناردبوونی بەڵگەیە بۆ خەمخۆری سەرۆك بۆ ئەوەی نەتەوەی كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی تری دنیا خاوەنی هێزێكی دامەزراوەیی نیشتمانی بێت و بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی بكات، ئێمە چاوەڕوانین خاڵ بەخاڵی نامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی جێبەجێ بكرێت كە دەبێتە بنەمایەك بۆ هێنانەدی خەونی مێژوویی كوردستان كە دەوڵەتی كوردستانە.
* ئەگەر فەرمانتان پێ بدرێت دەتوانن پێشڕەوی بكەن و ناوچەیەكی فراوانی تر ئازاد بكەن؟
- دڵنیام كە داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە لەناو دەچێت، چونكە ئێمە بەرگری لە خاك و نیشتمان و نەتەوەیەكی خۆڕاگر دەكەین كە لەقۆناغە مێژووییەكاندا كۆمەڵكوژ كراوە، تیرۆریستانی داعشیش كە بە وەحشیگەریی ناسراون لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگایان نابێتەوە رۆژ لە دوای رۆژ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە زیاتر دەبێت و بەپێچەوانەوە داعشەكان بەرەو شكست دەچن. راستە ئەوان چەك و ئالیاتی دوو دەوڵەتیان لەبەردەستدایەو رەنگە چەندین دەوڵەتیش پاڵپشتیان بكات، بەڵام ئەگەر بەراوردی نێوان ئەو كاتە بكەین كە داعش لە پێشڕەویدا بوو بەرەو كوردستان لەگەڵ ئێستادا دەبینین جگە لە چەند ناوچەیەكی كەم نەبێت هەموو ناوچە كوردستانیەكانیان لێسەنراوەتەوە، ئێمەش ئامادەین بۆ جێبەجێكردنی هەموو فەرمانێكی سەروو خۆمان بە گیانی خۆمان پارێزگاری لەو سنوورە دەكەین كە خاكی كوردستانە، لە دەرەوەی سنووری كوردستانیش جەنابی سەرۆك بارزانی چی فەرمانێكمان پێ بكات جێبەجێی دەكەین.
* هێزی هاوپەیمانان بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە گرنگ بوو، ئایا ئەم رۆڵەی ئەوان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- رۆڵی هاوپەیمانان بەتایبەتی لە بۆردومانكردنی داعشەكان بەرز هەڵدەسەنگێنین، بەڵام ئێمە دوو داواكاری ترمان هەیە كە بە تەئكید سەركردایەتی كوردستان بە هاوپەیمانانی راگەیاندووە، ئەویش پڕچەك كردنی هێزی پێشمەرگەیە بەچەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو بەتایبەت لە رووی چەكی قورس و پێشكەوتووەوە وەكو زرێپۆش و تۆپ و تانك و مووشەكی پێشكەوتوو، چونكە داعشەكان چەكە پێشكەوتووەكانی ئەمەریكاو وڵاتانی تری پێشكەوتووی جیهانیان دەستكەوتووە كە پێشتر لەبەردەستی سوپای عێراق بوو، لەلایەكی ترەوە ئەم شەڕە تەنیا شەڕی ئێمە نییە، بەڵكو شەڕێكی جیهانیەو تیرۆر هەڕەشەیە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان، هەربۆیە كاتی ئەوە هاتووە هێزەكانی هاوپەیمانان بەهێزی وشكانی یارمەتیمان بدەن و كار بۆ ئازادكردنی تەواویی ئەو ناوچانە بكرێت كە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە.